$ئایا قوربانی دەبێ وابێ؟!$
#ئیدریس مستەفا#
تیرۆرکردنی کوردانی سیاسی لە ئەوروپا یەکێکە لەو بابەتانەی کورد دەتوانێ بیکات بە ئاوێنەیەک و پیشانی جیهانی بدات کە چۆن قوربانی سیاسەتە فاشیەکانی دەوڵەتی تورک و فارس و بێ هەڵوێستی وڵاتە ئەوروپیەکانە، بەڵام ئایا قوربانی ئەوەیە کە ئێمە چەند ڕۆژێکە دەبینین؟ بێگومان نەخێر. ئەوەی کوردانی پاریس دەیکەن دەربڕینی توڕەیی نییە لەو کارە بەڵکوو پیشاندانی ئەو بێ دەسەڵاتیەیە کە گەر منیش دەسەڵام هەبێ ئەوا منیش توندوتیژم و دەست ناپارێزم. گوزارشت کردن لە توڕەیی لە حاڵەتێکی ئاوهادا دەبوو بە هێمنی و ڕێپێوانی دوورودرێژ بوایە تاکو جیهان بزانن کە قوربانییەکان ئەو کەسانەن لە دەست توندوتیژی ڕایان کردووە نەک خۆیان توندوتیژی بنوێنن بەتایبەت بۆ حاڵەتێکی وەک فەرەنسا و بوونی کورد لەوێ نەدەبوو هەرگیز پەرچەکرداریان ئەوەبوایە کە وا لەسەر جادەکان دەیانبینین. بۆ خۆشمان ئەو پرسیارە دێتە پێشێ باشە گەر ئەمانە دەسەڵات بگرنە دەست دەبێ شێوازی دەسەڵاتەکەیان چەندە توندوتیژی لەخۆ بگرێ. ئەم کەلتورە لەسەر جادەوە ئاوێتەی دەسەڵات ببێ ئێجگار خراپە. ئەو میتۆدە سیاسی و ئەو جۆرە لە ڕابەرایەتی کردن خزمەت نە بە ڕوحی ئەو قوربانیانە دەکات و نە دیمەنێکی جوانیش لە دەم و چاوی سیاسی کورد پیشان دەدات و نە هاوسۆزی و هاودەنگی زیاتر بۆ کورد و کێشەکەی زیاد دەکات .
مێژوو ئەوەمان پێدەڵێت کە قوربانی گەر ئاوها بێ ئەوا لە دووسبەی دەسەڵات وەرگرتنیدا ئەوا هەمان ئەو دەسەڵاتە سەرکوتکەرەی لێ دەردەچێ کە ئەوان دژی بوونە و لێی هەڵهاتوون. ئێمە دیتمان ئەوانەی شاخی ئێمە چۆن ئەخلاقیاتی شاخیان ڕەنگی دایەوە لە دەسەڵاتی شاریاندا.
بۆیە ئەوەی ڕوودەدات نەدەبوو ڕووبدات. ڕووداوی ئاوها دەبوو ببوایە بە دەرفەتێکی گرنگ بۆ پیشاندانی زیاتری دەموچاوی فاشستی تورکیا و ڕاسڕەوەکانی و هەم ئەو ئایدیایەیان بسەلماندایە کە قوربانی پەلاماردەر و توندوتیژکەر نیە. ئازایەتی و بوێری لەوەدا نییە شەقامەکان بسوتێنی لە کاتێکدا زێدی خۆتیش نیە. پێم سەیرە ئەوانەی ڕێکخەر و ڕێبەری ئەو ناڕەزایەتیانەن چۆن ئاوها وەڵام بەو دۆخە دەدەنەوە! [1]