$جیهانێکی نوێ دەستی پێکرد بەڵام چۆن؟$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
لە پێرێکەوە کە ڕوسیا پەلاماری سەربازی بۆ سەر ئۆکرانیا دەست پێکردووە و پیدەچێ ئەم پەلامارە سەربازیە هەفتەیەک یان دوان بخایەنێت و ئۆکرانیا بخاتە ژێر نفوزی سیاسی خۆیەوە، جیهانێکی نوێ نەک هەر لە سیستەمی سیاسیدا وادەستی پێکردووە بەڵکوو جیهانێکی نوێ لە سیستەمی ئەخلاقی/مۆراڵی مرۆڤایەتی دەستی پێکردووە.
ئەخلاق بە مانا ویژدانی و مرۆیی و مانا عەدالەتخوازی و بەرپرسیارێتی و هاوخەمیە مرۆییەکەی دەڵێم. وەک سیاسی تا ئێستا دیار نییە چۆن دەبێ یاخود خراپتر دەبێ لەمەی کە هەیە بەڵام لە ئاستە مرۆییەکەیەوە، جیهانێک وادێتە ئاراوە کە مرۆڤەکانی دنیا دەیبینن لە هەموو ڕوویەکەوە و ڕەنگدانەوە و کاریگەریان دەبێ لەسەر یەکتر کە پێشتر سیستەمە سیاسیە نێودەوڵەتیەکەیان ئەم ئەرکەی دەکێشا. لە ساڵی پارەوە بە تەواوی ئەو جیهانە وا بەرجەستە دەبێ و کێشەی ئۆکرانیا پێکهاتەیەکی سەرەکی دەبێت.
بەشێکی زۆر لە دنیا لە مێژە دەزانێ غەرب (ئەمریکا و ئەوروپا) وەک قوتبێکی سەرداری دنیا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، چەندە خاڵیە لە هەر مۆراڵێکی سیاسی و ئینسانی بەڵام ئەم بابەتی بێ مۆراڵیە بە شوێنێک گەیشتووە یاخود ڕێژەکەی هێندە زیاد بووە کە جیهان چیتر باوەڕی بە هیچ مەسەلەیەکی ئەخلاقی نەماوە کە بلۆکی ڕۆژاوا زیاتر لە حەوت دەیەیە خۆیانی پێ جوان دەکەن و جیهانیش ناشیرین.
هەموو توێژەرە مێژوویی و بیریارەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە هۆکاری نابود بوون و کەوتنی هەر جیهانێک لەسەر چەند ڕەگەزێک وەستاوە لەوانە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سەربازی و هۆکارە ناوەکیەکان بەڵام بۆ دنیای ئێستا ڕەگەزێکی تر دێتە ئاراوە ئەویش ڕەگەزی ئەخلاقیە کە مێژووناس خەزعەل ماجیدی جوان بەرجەستەی کردووە. ئەم ڕەگەزە پامانی خۆی پەیداکردووە کاتێک مانا جیهانییەکان خەریکە یەک پەیام و یەک ئاڕاستەی یەکانگیری بەرانبەر کێشەکانی دنیا درووست بوون و لە هەر جێگەیەک ناعەدالەتیەک یاخود بزاوتێکی کۆمەڵایەتی یان خۆپیشاندانێک درووست ببێ لە هەموو کونجێکی دنیاوە پشتیوان و هەوادار و جەماوەر و لاسایی کەرەوەشی بۆ پەیدا دەبێت.
کشانەوەی لە پڕی ئەمریکا لە ئەفغناستان هاوینی پارەکە و پاڵپێوەنانی ئۆکرانیا دژ بە ڕوسیا و دواتر پشتیوانی نەکردنی بەرانبەر پەلاماری سەربازی ڕوسیا بێ ئەخلاقی سیاسی و ئینسانی ئەمریکا و ئەوروپای زیاد لە هەر کاتێکی تر بۆ جیهان دەرخست و ئەو جیهانەی کە ئەوروپا و ئەمریکای بە نموونە دادەنا چیتر بوونی نەما و جیهانێکی تر وا درووست دەبێ کە لە سیستەمەکەیدا گەر ئەخلاق وەک یەکێکە لە ڕەگەزەکانی بنیادنانی خۆی تەماشا نەکات ئەوا بەرەو فەنابوون یاخود نابوود بوون دەچێ وەک ئێستای ئەمریکا و ئەوروپا.
ئەم بێ ئەخلاقیە سیاسیەی ڕۆژاوا کارێکی کرد کە خەڵک و زۆرێکی تر لە وڵاتان و تەنانەت چاودێران و شیکارکارانی سیاسی نەپرژێنە سەر ئەوەی پەلاماری سەربازی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراین زۆر بە توندی مەحکوم نەکەن چونکە: لە مێژە ڕوسیا بە ئۆکرانیا و ئەوروپا و ئەمریکا دەڵێ ئەو کارە مەکەن، واتە ئۆکرانیا مەکەن بە جبەخانەی سەربازی دژی من چونکە ئەوە ئاساییشی وڵاتی من دەخاتە بەر مەترسیەوە و ئەوە ڕێکەوتنامەی مینسک هەیە و گەر کار بەو ڕێکەوتنە بکرایە ئەوا ڕوسیا ئاوها پەلاماری سەربازی بۆ سەر ئۆکرانیا نەدەدا. ڕوسیا دەزانێ ئەوەی دەیکات چەندە لەسەری دەکەوێت لە زۆر ڕووەوە بەڵام گەر نەیکات ئەوا بەرەبەرە ئەو پلانەی ئەمریکا دایڕشتووە ئەوا ڕوسیای فیدراڵیش بە دەردی یەکێتی سۆڤیەت و یۆگسلافیا و ئەفغانستان و عێرق و سووریا و ئێران دەبات.
ئەم دیدە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەڵوێستانەی وڵاتانی وەک چین و هند و ئیمارات کە ئامادە نەبوون دەنگ بدەن بە بڕیارەکەی پێرێکەی ئەمریکا دژ بە ڕوسیا لە ئەنجومەنی ئاساییشی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها چەندان وڵاتی تری دنیا تاکو ئێستا مەحکومی ڕوسیایان نەکردووە و لەوانەشە هەر نەیکەن. لەمەش واوەتر، ئەو سیستەمی سویفت بانکیەی کە ئەمریکا و ئەوروپا بە چەکی ماڵی ئەتۆمی ناوزەدیان کرد دژ بە ڕوسیان ناتوانێ زۆر کارا بێ و بگرە بە ڕای زۆرێک لە ئابووری ناسان و چاودێرانی ماڵی ئەو سزایە سەرکوتوو نابێت چونکە خودی ئەو وڵاتانەی ئیمزایان لەسەر کردووە زەرەرمەند دەبن وەک ڕوسیا ئەمە لە کاتێکدا ئەڵمانیا و فەرەنسا ئیمزای تەواویان لەسەر سزای سیستەمی سویفت بانکی نەکردووە چونکە لە هەندێ بڕگەدا خۆیان زەرەمەندتر دەبن لە ڕوسیا.
من وەک هاووڵاتیەکی سادەی ئۆکرانی ئاوها باسی بێ ئەخلاقی سیاسەتی ڕۆژاوا دەکەم: (ئێوە چەند ساڵە ئێمە هان دەدەن دژ بە ڕوسیا و بەڵینمان پێ دەدەن بمانکەن بە بەشێک لە خۆتان. من کاتێک وڵاتەکەم لەژێر داگیرکاری و وێرانەییدا بێ و دەیان و سەدان کوژراو هەبن و ملیۆنان هاووڵاتی ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر ببن و وڵات بە تەواوی بچێتە ژێر ڕکێفی دەوڵەتێکی ترەوە ئاوخۆ گەمارۆی ئابووری و سزای سیستەمی سویفت کۆدی ئێوە چ سوودێکی هەیە بۆ من ئەگەر سیاسەتێکی لە پێشتری خۆتان نەبێ دژ بە ڕوسیا) [1]