$سەلماندنێکی مێژوویی ئێستا بۆ نیشتمانی سارا$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە لەم دوو سێ ڕۆژەدا لە کوردستان ڕوویداوە بەڵگەیەکە خۆی بە پای خۆی دەڕوا و هاوار دەکات ڕۆمانی #نیشتمانی سارا#ی میران ئەبراهام، ڕۆمانێکی کوردی پاراوی هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵگەی کوردییە بە خوێن و گۆشت و بەڵگە و کاغەز و وێنە و کەشکۆڵی نووسراوی مێژووییەوە.
هەواڵێک ئەمشەو گوێ بیستی بووم:
سایتی وشەنێت هەواڵێکی داگرتووە کە پێرێ شەو چوار کەس دەچنە سەر گۆڕستانێک لە گوندی ژاڵەناوی سەربە شارۆچکەی #دەربەندیخان#. ئەو کەسانە خاکەناز و بێڵ و کەرەستەی تریان پێ بووە بۆ هەڵدانەوەی هەندێ گۆڕ. ئەو کەسانە گومانیان هەبووە کە لەو گۆڕستانەدا گۆڕی جووە کوردەکانی سەدەی پێشووی لێیە و ویستویانە هەڵی بدەنەوە گوایە زێڕ و گەوهەر و توحفەی تێدایە. درۆکانی سەدەی ڕابردوو وا باو بوو کاتێک جووەکان کە دەمرن شتی گرانبەها لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە ژێر گڵەوە. ئەمە بۆ ئەو کەلتورە ئایینیەی کوردانی جوو، هەروەها جووی میللەتانی تریش، دەگەڕێتەوە کاتێک مردوویان لێ مردووە هەر بە جلوبەرگی خۆیەوە و بە هەموو شتێک کە هەیەتی یاخود کەسەکە خۆی دەیەوێ لە ڕۆژی ژیاناواییەکەیدا لەگەڵ لاشەکەیدا بخرێتە گۆڕەوە. لە ئێڕاق و لە کوردستانیش پڕوپاگەندەی عەرەبی قەومی و ئایینی پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە زێڕ و خشڵ و پارە هەیە لە ناو گۆڕی جووەکاندا و وایان لە خەڵک کرد کە گۆڕەکانیان هەڵبدەنەوە، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەبوو دەیانویست ئاسەواری هیچ شوێنێک نەهێڵنەوە کە هی جووەکان بێ و هەروەها شوێنی گۆڕە چۆڵ کراو و هەڵدراوەکان بکەن بە شتێکی تر بۆ چاوچنۆکی بزنسی بەکاربهێنن.
ئەم باسە میران ئەبراهام لە ڕۆمانی نیشتمانی سارادا بە وردەکاری باسی دەکات کە چۆن لە #سلێمانی# خەڵک بە کۆمەڵ شەوانان دەچوون گۆڕەکانی جووەکانیان هەڵدەدایەوە بۆ ئەوەی خشڵ و زێڕیان لێ دەست بکەوێ.
ئەم دیاردە دزێوە لە نیشتمانی سارادا لە ڕێگەی سارای یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکیەکانی ناو ڕۆمانە واقعیەکەی زۆر بە وردی وپڕ ئازارەوە لەگەڵ ناونیشانی گۆڕستان و گۆڕەکانەوە بە شێوەیەکی دراماتیکی ئەدەبی باس دەکات کە مرۆڤ ناتوانێ هەست و ویژدانی نەکەوێتە ژێر مەنگەنەی ئینسانی بوونیەوە. ئەو شوێنانەی کە گۆڕستانی کوردە جووەکان بوون و ئێستا کراون بە شەقام و خانوو و دوکان هەمان ئەو وتە بە ناوبانگەی سیاتڵی سەرکردەی نەتەوە بوومیەکانی کیشوەری ئەمریکامان دەهێنێتەوە یاد کە بە ئینگلیزەکان دەڵێت ئێوە تازە خاکەکەی ئێمەتان داگیر کرد بەڵام خۆتان و نەوەکانتان ئەوە باش بزانن کە ئەو خاکەی بەسەریدا دەڕۆن ئەوە خۆڵەمێشی ئیسک و پروسکی ئێمەی لە ژێردایە کە بەدەستی ئێوە لە ناوچوون!.
هەر بۆیە هەڵدانەوەی گۆڕەکانی جوولەکە لە لایەن موسڵمانەکانەوە ئەخلاقێکی ناشیرین و دژە مۆراڵی و ئینسانی تەنانەت دژە خوایی و ئایینی خۆشیان بووە کە گۆڕ نابێ هەڵبدرێتەوە گەر هی هەر کەس و ئایینزایەک بێت.
ئەم ڕووداوە تازەیەی کە ڕوویداوە لە شارۆچکەی دەربەندیخان جەخت لەسەر ڕاستی ئەو ڕووداوانە دەکاتەوە کە لە نیشتمانی سارادا ڕوویانداوە. ئەوانەشی کە قەڵس بوون بەو ڕۆمانە و ڕاستیەکانی ناوی یاخود ئەو کەسانەی گومانیان هەبووە لەوەی ئەو ڕۆمانە لە یەک دوو ڕۆمانی ترەوە وەرگیرابێ وەک ڕۆمانەکانی شلۆمۆ کوردی و کۆترباز ئەم ڕووداوە دەیسەلمێنێ نیشتمانی سارا لە نیشتمانی باپیر و داپیر و دایک و بابی میران ئەبراهامدا ڕوویداوە بێ ئەوەی هیچ یەکێ لەو بەڵگە و وێنە و نووسراوانە بخرێنە ڕوو کە نیشتمانی سارای پێ نووسراوە.
ئەم ڕووداوەی شارۆچکەی دەربەندیخان دووبارەبوونەوەی مێژوویەکە کە سەدەی ڕابردوو بەسەر کوردانی جوودا هات لە کوردستان، ئەم هەواڵە بە زیندوو ڕاگرتنی مێژوویەکی حاشا لێنەکراو و مۆری مێژووی لێدراوە وەک شوێنەواری ئەو قفڵ و کێلونە کۆنینەی بە دەرگای ماڵێکی جووە لێدراوە وەک لە وێنەی سەر بەرگی نیشتمانی سارادا دیارە، ئاماژەیەکی دێرۆکیە بۆ هەبوونی کوردانی جوو کە کوردی ڕەسەنی کوردستانن و بە زۆری زۆردارەکی کوردستانیان پێ بە جێهێشتوون و ڕوحی کوردبوونیان هێندە پاک و بەرزە ئێستەش نەوە دوای نەوەیان لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە بن، بە تایبەت لە ئیسرائیل، بە کوردی دەئاخڤن و بە کوردی ستران دەبێژن و کوردبوون بە ناسنامەی ڕەگەزی و نەتەوەیی خۆیان دەزانن. کورد ئاخاوتن لێرەدا لە دیدی منەوە بە مانا کلاسیکیە قەومیەکەی نییە بەڵکوو بریتی لە ناسنامەی بوونی، وجودی، مرۆیی کەسێک وەک ئەوەی هەبووە و ئێستا هەیە.
ئەوەی خوارە لینکی هەواڵەکەیە:
https://www.facebook.com/watch/live/?ref=watch_permalink&v=922627341714401
[1]