ئامادەکردن: پۆڵا مەحمود تۆفیق عەزیز ئاغای خەزنەدار
هه ميشە نەنکم (حەمدیە خان) دایکی باوکم
کە لە ساڵی 1978 دا کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی 85 ساڵیدا باسی شەڕی (سەفەر بەلەک)ی بۆ ئەکردین زۆر باش ڕووداوەکانی بیر بوو چونکە باپیریشم تۆفیق عەزیز ئاغای خەزندار ئه فسەری سوپای عوسمانی بوو....
$سەفەر بەلەک وشەیەک کە لەکۆنەست و یادەوری مرۆڤی کوردا پانتاییەکی گەورەی داگیرکردووە..$
ڕەنگە دەستەواژەیەکی نامۆ بێت بۆ ئەوانەی نەوەی نوێن یان لە خوێندنەوەی مێژووەوە بەدوور بن، بەگشتی یەکێکە لەو دەستەواژانەی بە یادەوەری نەوەکانی پێشووترەوە بەستراوەتەوە و مەگەر لە ئەدەبیات و مێژووەوە بۆ نەوەی نوێ باسەکانی بکرێتەوە، سەفەر بەلەک کە بریتی بوو لە کردنە سەربازی بەزۆر لەلایەن سوپای عوسمانییەکان لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانیدا.
ڕەنگە کردنە سەربازی بەزۆر لەلایەن سوپای دەوڵەتی عوسمانی لای زۆرێک مانای ڕۆیشتنێکی بێ گەڕانەوە بێ تا ئەو ڕادەی خەڵکانێکی زۆر لەو ناوچانەی لەژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی بوون، لێی هەڵدەهاتن و ئەوەیش سەربازانی عوسمانی ناچار کردبوو کە بەدوایاندا بگەڕێن و بیانگرن، بۆیە ئەو بەزۆر بردنە جەنگە پێی گوترا سەفەر بەلەک.
ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهانی لە1914-1918 بە ڕۆژانی سەفەر بەلەک دەناسرا، دەستەواژەی سەفەر بەلەک لە دەستەواژەی (سافاس الک)ی تورکی وەرگیراوە و مانای یەکەم جەنگە و مەبەستیش سەرەتای هەڵمەتی یەکەمی کەناڵی سوێس بووە لە ساڵی 1915 کە یەکەم هەڵمەتی سوپای عوسمانی بووە لە میانی جەنگی یەکەمی جیهانی کە هێزەکانی بەریتانیای لە میسڕ کردە ئامانج، بەڵام دوای شکستخواردنی هەڵمەتەکە سەربازانی بەزۆر هێنراو بەرەو ئەوروپا ڕەوانەکران بەرەو بەرەی جەنگی قەوقاس بۆ بەردەوامبوون لە جەنگ بەدرێژایی ساڵانی جەنگەکە و بەو شێوەیە سەفەر بەلەک تا 1918 بەردەوام بوو.
لە جەنگی یەکەمی جیهانی دەوڵەتی عوسمانی بڕیاری دا لەپاڵ هەردوو ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانی و نەمسایی بچێتە ناو جەنگەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای هەریەک لە فڕەنسا و بەریتانیا و ڕووسیا، ئەوەیش وای کرد کە دەسەڵاتدارانی عوسمانی (تورکیا) سەربازی بەزۆر بەسەر خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان بسەپێنن بۆ دابینکردنی ژمارەیەکی زۆری سەرباز بۆ جەنگەکە کە زۆرینەیان لە گەلانی ناتورکی بوون بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی، ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی عوسمانی فەرمانی تایبەت بە خزمەتی سەربازیان دەرکرد. ئەوەیش جیا لە وەرگرتنی باج و دەستگرتن بەسەر بەرووبوومی جووتیاران بۆ دابینکردنی خەرجی و خۆراکی پێویست بۆ سوپای عوسمانی کە بەرەو بەرەکانی جەنگ دەچوون.
لەو هەڵمەتەدا هێزەکانی دەوڵەتی عوسمانی گەمارۆی گوند و شار و شارۆچکەکانیان دەدا و ئەوان بەدوای پیاو و گەنجاندا دەگەڕان و کەسیان بەدەر نەدەکرد تەنیا ئەوانە نەبێت کە پارەیان هەبوو و پارەیەکی زۆریان لە بەرانبەر بەدەرکردنیان لە سەفەر بەلەک دەدا کە ئەوەیش تەنیا لای کەمینە لە پیاو ماقووڵ و موختارەکان هەبوو، بۆیە ئەوانەی کۆ دەکرانەوە ڕەوانەی بەرەکانی جەنگیان دەکردن دوور لە ناوچەکانی خۆیان، بەو شێوەیە ژمارەیەکی زۆریان لە خەڵک و خێزانی خۆیان بەرەو چارەنووسێکی نادیار ڕۆیشتن و زۆرینەیان نەگەڕانەوە و کەسیش نازانێت ئەوان چیان بەسەر هات و چۆن مردن و لەکوێ نێژران.
بۆ خەڵکی ناوچەکان بەشداریکردن لە سەربازی بەزۆر واتە دوا ماڵاوایی و ڕۆیشتنێکی بێ گەڕانەوە، بۆیە زۆرێک لەوان خۆیان لەو هەڵمەتە و لەو چارەنووسە دەشاردەوە و لێی هەڵدەهاتن، لەو کاتەی هێزەکانی دەوڵەتی عوسمانی ڕاوەدوویان دەنان و دەیانگرتن، بۆیە ئەو هەڵمەتە بە سەفەر بەلەک دەناسرا.
بەو هۆیەی ئەو هەڵمەتە زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی گرتەوە لە زۆرێک لە ئەدەبیانی ئەوکاتی ئەو ناوچانە ڕەنگی دایەوە بەتایبەتی بەهۆی ئازاربەخشیی ئەو گەشتە سەربازییە کە گەنجانی بێ گەڕانەوە بەرەو چارەنووسێکی نادیارەوە دەبرد و ئەوان بە ناچاری دوا ماڵاواییان لە خێزان و کەسوکاریان دەکرد، لەوانە لە گۆڕانییەکی (سەنا مووسا) خاتوو گۆرانیبێژی فەڵەستینی لە 2011 گۆرانی فۆلکلۆری ئەو کاتی کۆ کردەوە لەوانە گۆڕانییەک باسی نەهامەتی ئەو هەڵمەتە و چیڕۆکی گەنجێکی دەگێڕایەوە کە ماڵاوایی لە دایکی دەکات.
مشعەل گەنجێکی فەڵەستینی بوو و ڕەتی کردەوە بەشداری لە سەفەر بەلەک بکات، بۆیە لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوەڵانی لە دەستی سەربازانی عوسمانی هەڵدێن کە گوندی ئەوانیان گەمارۆ داوە، بەڵام مشعەل خۆی حەشاردابوو تا کاتی سەربازێکی عوسمانی دەیگرێت بۆ ئەوەی بیبات بۆ سەربازی بەزۆر، بەڵام مشعەل کە خۆی لە نزیک کانیاوێک شاردبووەوە ئەو کاتەی سەربازەکە داوای ناسنامەی لێ کردووە، ئەو لیرەیەکی زێڕی لەبری ناسنامەکەی دەرهێناوە بۆ ئەوەی وازی لێ بێنێت، بەڵام سەربازەکە لیرەکەی بردووە و ئەویشی گرتووە، بۆیە چیڕۆکی ئەو کوڕە لەلایەن خۆشەویستەکەیەوە کراوە بە گۆرانی..
$شەڕی سەفەر بەلەک (نفیرالعام ) و گرانی گەورە وبڵاوبونەوەی نەخۆشی تاعون$
کاتێک تورکە عوسمانییەکان بەناوی ( سەفەر بەلەک)وە و لەدوای ساڵانی 1850 بەزۆرەملێ بە ناوچە کوردنشینەکاندا دەگەڕان و لەهەر خێزانێک بەلایەنی کەمەوە نەفەرێکیان لەگەڵ خۆیان دەبرد دەیان کردە سەرباز تا دژی دەوڵەتی سەفەوی ئێران و شەڕی ناوخۆ بەکاریان بهێنن بەتایبەتی لەدەسپێکی جەنگی جیهانیدا زیاتر کەوتنە گرتنی لاوان و مێردمناڵی کوردستان و ئێڕاق. جگە لە بردنی گەنجان و لاوان گەنم وجۆو زەخیرەی ماڵانیشیان بەتاڵان دەبرد. هەر ئەوکاتە باوکان کەوتنە شاردنەوەی کوڕەکانیان تاوای لێ دەهات خەڵک واز لە جوتیاری و کارکردن بهێنێت پاشان بەدوایدا برسیەتی و هەژاری و گرانی بەتەواوەتی باڵی بەسەر ناوچەکەدا دەکێشا و نەخۆشی تاعون و ڕشانەوە ڕوی لەوگەلە هەژارە دەکرد و بەسەدان هەزار مرۆڤ ژیانیان لەدەستدا. ئەوەی شایەنی باسە لە شاری #سلێمانی# کەسێکی بەخشندە بەناوی (#کەریمی ئەلەکە#) ناوی تەواوی عەبدولکەریم ئەلیاس کوری پۆلیس کوڕی ئیبراھیمە، ساڵی 1867 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە خێزانێکی کریستیان کلدانی لەدایکبووە، بازرگانێکی بەتواناو لێهاتوو بووەو ئەم پیشەیەشی لەباوکییەوە بۆ ماوەتەوە و لەکاتی گرانی و جەنگی جەنگی جیهانی یەکەمدا خزمەتێکی گەورەی مرۆیی پێشکەش بە دانیشتوانی شاری سلێمانی کردووە و لە کابینەکەی حکومەتی شێخ مەحمودی حەفید پۆستی وەزارەتی دارایی (مالیە)ی پێ بەخشرا.
کەمنداڵ بووم هەمیشە نەنکم بەسەرهاتی گرانییەکەی بۆ دەگیرامەوە و هەستم دەکرد بیرەوەرییەکی زۆر سەخت و ناخۆشی لەگەڵ ئەوڕوداوەدا تێپەڕاندووە و فرمێسکەکانی شایەتحاڵی ئەوڕوداوانەبوون. هەمیشە دەیگوت پۆرە ئامان واتە (ئامینە)ی دایکم ژنێکی زۆر مرۆڤ دۆست و بەبەزەیی بووە خاوەنی چەند مانگا و مەڕ و بزن بووە لەگرانییەکەدا خەڵکێکی زۆر هەژاروبرسی کە زوربەیان تووشی نەخۆشی (تاعون) ببوون لەدوورەوە دەهاتن و ڕوویان لە ماڵی ئێمەدەکرد. کەسانی وایان تیابوو چەند ڕۆژێکبوو دەمی لەزەوای خوا نەدابوو بۆیە کە ئامانی دایکم خواردنی پێ دەدان پاش تۆزێک (تووشی ڕشانەوە) دەبوون و خواردنەکەیان دەهێنایەوە پاشان (دەمردن) و گیانیان لەدەست دەدا.. ناچار باوکم و دایکم و خەڵکی ئاوایی کونجرین و شیوەکوێر هەر لەنزیک ماڵەکەمانەوە گۆڕیان بۆ هەڵدەکەن و بەخاکیان دەسپاردن، هەندێ جار دوای ناشتنی ئەو کەسانە کەدەگەڕاینەوە دەمان بینی ئەوانەی تریش مردون تاوای لێهات زیاتر مرۆڤە برسییەکان ڕویان تێ دەکردین. دایکم ناچاردەبوو خواردنەکەی بۆ دەپێچانەوە دەیگوت بڕۆن لەدەرەوەی دێکە بیخۆن چونکە نەدەکرا گۆڕ بۆ ئەم خەڵکە هەڵکەنین.
$ئەوانەی تەمەنیان 15 ساڵ بۆ 45 ساڵ بووە ڕەشبگیری کراون و براون بۆ جەنگ.. محەمەد ڕەئوف بەغدادی لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت:$
لە بەغدا نزیکەی 20 هەزار کەس بران بۆ سنوورەکانی باکووری باکووری کوردستان بەهۆی کەم توانایی لۆجیستی و دەرکەوتنی شەپۆلێکی سەرماو شەختە ژمارەیەکی زۆری بەغداییەکان ڕەق بوونەوە، هەروەها بەهۆی سەرماوە دەریاچەی وان ببووە شەختەی سەهۆڵ و هێزەکە بەخۆی و وڵاخەوە بەسەر دەریاچەکەدا پەڕینەوە بۆ شەڕی ڕووسەکان بەڵام لەناوەندی دەریاکەدا کە باش نەیبەستبوو تەواوی هێزەکە نقوم بوو.. بۆ هەتاهەتایە نەگەڕانەوە. [1]