ناونیشانی بابەت: نەبوونی پلان لە پەروەردەدا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی
ئامادەکردن: #ڕەئوف ئالانی#
کێشەکانی پەروەردە ئەوەندە زۆرن، لە ژماردن نایەن، بە بۆچوونی من سەرچاوەی ئەو گرفتانە، نەبوونی پلانی زانستی و داڕێژراوی هەمەجۆرە.
لە ئەمڕۆی دنیای پڕ جەنجاڵی و زۆری هۆکارەکانی گەیشتن بە زانیاری وایکردووە هەموو تاکێک بتوانێت بە ئاسانی دەستی بەوەی مەبەستێتی پێی ڕابگات و بەدەستی بێنێت، پلاندانان هەمیشەو بۆ هەموو کار و پڕۆژەیەک بەردی بناخەی سەرخستنیەتی.
ئەوەی مەبەستی منە لەم وتارەمدا، باسی بکەم و لێی بدوێم، گرنگی پلانە لەناو پڕۆسەی پەروەردەدا، چونکە هەموومان دەزانین ئەگەر ویستی گۆڕانکاری و پێشکەوتن هەبێ لەهەر شوێنێک دەبێ لە پەروەردەوە دەست پێبکات.
زۆرجار دەبیستین کە دەڵێن پلانمان هەیە ئەو کارە بکەین، ئەوە سەرکەوتوو نییە و نابێتە جێی ئومێد (دوایت ئایزنهاوەر) دەڵێ: ( پلان گرنگ نییە، پلاندانان گرنگترینە).
لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە قسەکردن ناچێتە بواری پلاندانان، ئەم حاڵەتە زۆرجار لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکان لە دەمی بەرپرسان دەیبیستین، بەڵام دوای چاوەڕوانیەکی زۆر ئەو قسەیە نابینین لەناو پلانداناندا ڕەنگ بداتەوە،
هەموو بوارە کارگێڕی و داراییەکان، چەند هەنگاوێکی پێویستە، ئەرکەکانی بەڕێوەبردن بەگشتی دابەشکراون بەسەر پێنج توخمە سەرەکییەکاندا، تا بگاتە ئەنجام، ئەوانیش ئەمانەن:
1- پلاندانان: بریتییە لە نەخشەکێشان و دانانی بەرنامە و شێوازی کارکردن لەسەر پڕۆژەیەکی دیاریکراو.
2- ڕێکخستن وڕێنوێنی: ئەمەش بریتییە لە هەنگاونان بۆ ئەنجامدانی بەرنامەی نەخشەکە، کە ڕوونکردنەوە و دیاریکردنی ئەو ڕێوشوێنانەی نەخشەکەی تێدا ئەنجامدەدرێت.
3- سەرپەرشتیکردن: ئەو بەرنامە و نەخشەیە پێویستی بە سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردن هەیە، تا لە هێڵی گشتی پلانەکە لانەدات.
4- هەماهەنگی (نوێنەرايەتى): بریتییە لە هاوکاری و بیروڕا گۆڕینەوە، لە پێناو جێگیرکردن و سەرخستنی پلانەکە.
5- کۆنتڕۆڵکردن و ئەنجام: دواقۆناغی بینینی کار و هەنگاوەکانی پلانەکەیە.
ئەوەی لای زۆربەی چاودێران و پەروەردەکاران بۆتە جێی گومان و نیگەرانی، ئەوەیە پەروەردە و وەزارەتەکەی لەماوەی ئەم سێ دەیەی ڕابردوودا، پلانەکانی سەرکەوتوو نەبوون، ئەمەش بە ڕوونی لە شیوازی دەرئەنجامەکانی دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت.
نموونەیەک لە وتەکەی(هێنری فۆرد) - (1863-1947)دەهێنمەوە، کە ڕێک لەگەڵ دۆخی پەروەردەی هەرێمی کوردستان گونجاوە، دەڵێت:( هەرکاتێک سەرکەوتن لە ئەنجامی پلانی باش و کۆڵنەدانێکی بەردەوام و لەگەڵ دەرفەتێکی لەباردا دەرکەوت، خەڵک بە باشی دەزانن).
بەڵام ئایا ئەو دەرفەت و هەل و کار و ئەنجامە، لەم سیستەم و شێوازەی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بینراوە و بەدیکراوە؟ بێگومان وەڵامەکەی نەخێرە.
لەماوەی ئەم نۆ کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر گۆڕانکاریەک لە وەزارەتی پەروەردە کرابێت، وەزیری تازە کاری وەزارەتەکەی لەسەر بۆچوونی خۆی داناوە، کە ئەمە بۆ پەروەردە نەگونجاوە، بۆیە خەڵکانی دڵسۆز و خەمخۆر، نیگەرانن لەو دۆخەی لەناو پەروەردە هەیە و بەدیهاتووە.
بەبۆچوونی ئێمە دەبوایە سەرۆکی حکومەت لە هەموو کابینەکان، پێش کاروباری سیاسی، تا سێکتەری پەروەردە باش و چاکنەکرێت، نەدەبوو دەست بۆ هیچ سێکتەرێکیتر ببرێت، ئەمە پێی ئەوترێ چاکسازی و گەشەسەندن و پێشخستنی کۆمەڵگە.
لەلایەکیتر بۆ زۆربەی پرس و سێکتەرەکان، حکومەت پێویستی بەچەند جۆرێک لە پلاندانان هەیە،
پلاندانان لەهەموو بەش و بۆ هەموو کەسێک گرنگ و پێویستە، مامۆستایان، بەڕێوەبەرەکان، سەرپەرشتیاران، بەرپرسی بەش، بەڕێوەبەرەگشتییەکان، ڕاوێژکاران، تا دەگاتە وەزیر.
ئەوەی پێویستە بکرێت، چەند کار و هەنگاوێکی زانستی پڕ بایەخن بۆ ئەوەی قۆناغەکانی پلاندانان، بۆ هەموو پڕۆژەیەک ئەنجام بدرێن، ئەوانیش ئەمانەن:
1- پلانی خێرا: ئەو پلانەیە کە پێویستە بەخێرایی کاری لەسەر بکرێت.
2- پلانی مامنەوەند: ئەو پلانەیە کە مەوەیەکی درێژتری پێویستە بۆ ئەنجامدانی ماوەکەی لە(1ساڵ بۆ 3ساڵە).
4- پلانی دوورمەودا: ئەو پلانەیە کە ماوەیەکی پێویستە تا ئەنجامبدرێت، ماوەی (3بۆ 10)ساڵی دەوێت، نموونەی ئەو پڕۆژانەی کە نوێگەری دەکەن لە سیستمەکە، چونکە ئەوانە پێویستیان بە هەنگاوی جۆراوجۆر هەیە تا بخرێنە سەر ڕێگەی خۆیان.
ئەوەی کێشەوگرفتی بۆ وەزارەتی پەروەردە درووستکردووە، ئەم وەزارەتە لەناو کابینەی وەزاراتەکان، هەموو جارێ لەسفرەوە دەستپێدەکەنەوە، بەمەش ناتوانن هیچ پڕۆژەیەک سەربخەن.
ڕاستە ئەوانەی ئاماژەمان بۆ کردن زیاتر پەروەردە دەگرنەوە، بەڵام لە سەروو هەموو وەزارەتەکان دامەزراوەیەکی گەورەتر دەبێ بوونی هەبێت، کە هیچ حکۆمەتێک بەبێ ئەو وەزارەتە کارەکانی جێناگرێ، ئەویش وەزارەتی پلاندانانە، دەکرێ بزانرێ لەم هەرێمە ئەو وەزارەتە کاری هەیە یان تەنیا بەناو هەیە؟ یان ئەوان کاری خۆیان دەکەن و گوێیان لێناگیرێت؟ چونکە هەموو پڕۆژە و کار و بەرنامەی حکۆمەتەکە پێویستە لەوێوە پەخشبکرێت و ئینجا ئەنجامبدرێت.
تا حکۆمەت و وەزارەتی پەروەردە پلاندانان نەکەنە کاری لەپێشینەی هەموو شتەکان، چاوەڕوانی باشتر نابین، بەهیوام گوێ لە خواستە دڵسۆزانەکان بگرن، تا ئێمەش چاو و دڵمان بخەینە سەر دواڕۆژیکی باشتر و جوانتر بۆ ئایندەی هەرێمەکەمان. [1]