سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار ڕەزامەندی #مەسرور بارزانی# سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پۆستی 5 وەزیر لە ئەنجوومەنی وەزیران.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، کە گۆڕانکارییەکانی حکومەت لە دوای پشووەکانی سەری ساڵ ئەنجامدەدرێت و وەزیرەکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و #پارتی دیموکراتی کوردستان#یش دەگرێتەوە.
لەنێو ئەو وەزارەتانەی گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت وەزیری پێشمەرگە و چەند وەزیر و بریکارێکی وەزیر دەگرێتەوە و وەزیرێکیش بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دیاریدەکرێت، کە ماوەیەکە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت.
مەسرور بارزانی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پڕکردنەوەی تەواوی ئەو پۆستانەش دەربڕیووە، کە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن و پشکی یەکێتی نیشتمانین، لەوانەش پۆستەکانی ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم، هەروەها پۆستەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە مەرجێک پێشوەخت یەکێتی کاندیدەکانی بۆ بخاتەڕوو.
هەروەها سەرچاوەکە جەختیکردووەتەوە، ئەم ڕێ و شوێنانە هەنگاوی یەکەمن بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکی نێوان هەردوو لایەنەکە، کە ماوەیەکی زۆرە کێشە و ئاڵۆزی لەنێوانیان هەیە.
کێشەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات، لە دوای ناکۆکی لەسەر هەڵوێستی سەرۆکی کۆمار و شێوازی ئیدارەدانی هەرێم و ئاڵوگۆڕی تۆمەتەکان سەبارەت بە پاوانخوازی لە حوکمڕانی، تا گەیشتە ئەو ئاستەی کە هەڕەشە لە جیاکردنەوەی #سلێمانی# و #هەڵەبجە# لە حکومەتی #هەولێر# بکرێت. [1]