دوای زیاتر لە سێ مانگ لە دابەشکردنی نەوت تا ئێستا تەنیا نزیکەی 17 لە سەدی هاووڵاتیانی هەرێم نەوتی سپییان وەرگرتووە، لە کۆی پتر لە یەک ملیۆن و 287 هەزار خێزان تەنیا 217 هەزار خێزان بڕی 200 لیتر نەوتی سپییان وەرگرتووە لەبەرانبەر هەر بەرمیلێکی 200 لیتری بڕی 100 هەزار دیناریان داوە.
بە پێچەوانەی هاووڵاتیانی هەرێم، هاووڵاتیانی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی ئێڕاق لە ئێستادا 2022 خەریکی وەرگرتنی دووەم بڕە نەوتن کە بریتییە لە 100 لیتر و لە مانگی ڕابردوو لە سەرجەم پارێزگاکان کۆتایی بە دابەشکردنی بڕی یەکەمی نەوت هات کە 100 لیتر بوو.
بەپێی کۆبۆن، تاوەکو بەهاری داهاتوو هاووڵاتیانی پارێزگاکانی ئێڕاق پێنج تا شەش جار نەوت وەردەگرن. لە بەرانبەر هەر 100 لیتر نەوت تەنیا بڕی 15 هەزار دینار وەردەگیرێت. کە بۆ هەر لیترێک دەکاتە 150 دینار، بەڵام نەوتی دابەشکراو لە هەرێم هەر لیترێکی بە بڕی 500 دینار دەدرێتە هاووڵاتیان و بەپێی نرخی بازاڕ هاووڵاتیان 50 لە سەدی تێچووەکەی دەدەن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان لە پارێزگای #سلێمانی# و #هەڵەبجە# و ئیدارەکانی #ڕاپەڕین# و #گەرمیان# تا ئێستا 94 هەزار خێزان لە کۆی 111 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکان نەوتیان وەرگرتووە. لە پارێزگای #هەولێر# و ئیدارەی #سۆران# 64 هەزار خێزان لە کۆی 124 هەزار خێزانی ناوچە شاخاویەکان نەوتیان وەرگرتووە. لە پارێزگای #دهۆک# و ئیدارەی #زاخۆ# 59 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە.
تەنیا لە پارێزگای #کەرکووک# مانگانە 330 هەزار خێزان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی نەوتی سپی. بڕیارە تا کۆتایی مانگی یەک بڕە نەوتی دووەم کۆتایی بێت و تا ئێستا بڕی 49 ملیۆن لیتر دابەشکراوە لە کاتێکدا لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم بڕی، 43 ملیۆن و 500 هەزار لیتر دابەشکراوە. [1]