بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدان لە بانکی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، تا دێت پشت بەستن بە نەوت و غازی سرووشتی وەک سەرچاوەی وزە کەمتر دەبێتەوە و وزەی سەوز یان دۆستی ژینگە جێگەی دەگرێتەوە، بۆیە ئەگەر ئێڕاق تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت، چیتر دەرفەتی لەبەردەم نامێنێت.
(سەلیم ڕوحانا) ڕاشیگەیاند، بانکی نێودەوڵەتی زانیاری وردی سەبارەت بە داهاتووی نرخی نەوت لە بەردەست نییە کە هاوکات بێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهان، بەڵام لە دەرئەنجامدا جیهان بەرەو ئابوورییەک دەچێت کە کەمتر ژینگە پیس بکات و کاربۆنی کەمتر بخاتە ناو هەواوە.
وتیشی، لەگەڵ کەمبونەوەی خواست لەسەر نەوت نرخی نەوتیش دادەبەزێت، بۆیە وڵاتێکی وەک ئێڕاق کە ئابوورییەکەی پشت بە نەوت دەبەستێت داهاتەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکات.
بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدان لە بانکی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت ئێڕاق تاساڵی 2040 زیاتر لە سەدا 31ی بەرهەمهێنانی وزەی خۆی بۆ وزەی پاک بگۆڕێت، ئەوەش پێویستی بە وەبەرهێنان و کاری زۆر هەیە، بۆیە ئەگەر لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەی مامناوەند و درێژخایەن بوونی نەبێت، چیتر دەرفەت لەبەردەم ئێڕاق نامێنێت بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهان بگونجێنێت. [1]