سەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# ستایشی بڕیارەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێڕاق دەکات سەبارەت بەتەملیک کردنی ئەو زەوی، موڵک و خانووانەی ئێزدییەکان لە شەنگال لە ساڵی (1975)ەوە تێیدا نیشتەجێن و لە لایەن حکومەتی بەعسی ڕووخاوەوە لێی بێ بەشکرابوون.
#بافڵ تاڵەبانی# لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە: ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم بڕیارە بە گێڕانەوەی ماف بۆ خوشک و برا ئێزدییەکان دادەنێین پاش بێ بەشکردن و پەراوێز خستنیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆک وەزیران دەکەین بۆ ئەم بڕیارە بوێرانەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەم ڕێ و شوێن و بڕیارانە لە چوارچێوەی داواکاری و بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو بۆ گێڕانەوەی مافی ئێزدییەکان لە ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتدا کە بە سوپاسەوە حکومەت وەڵامی دایەوە.
ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی کارا یارمەتیدەر دەبێت لە گێڕانەوەی ماف بۆ خوشک و برا ئێزدییەکانمان و هەڵگرتنی ئەو زوڵمەی کە چەندین ساڵە لەسەریانە. هەنگاوێکیشە بە ئاڕاستەی دووبارە ئاوەدان کردنەوەی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، سەقامگیری ئارامی و ئاساییش لە شەنگال و ئەو سنوورانەی دیکە کە نەهامەتی زۆریان چەشت بەهۆی داگیرکردنیان لەلایەن تیرۆریستانی داعش و کۆتایی هێنان بەو ئازار و نەهامەتییانەی دووچاری کەسوکارەکانمان بووەوە. [1]