مەحموود ئێزدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، ڕایگەیاند بڕیارە دوای سەری ساڵ کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# هەبێت، کە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسیی دەبێت و ئەندامانی کۆبوونەوە دیاری دەکرێن، کە کێن و لای ئەوانیشەوە بە هەمان شێوه، چوار بابەتیش تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکەمان دەبێت کە ئەمانەن:
یەکەم: هاوبەشیکردنی کورد لە چوارچێوەی یەک سیاسەتی گشتی بۆ حکوومەتی ئێڕاق و مامەڵەکردن لەگەڵ ئێڕاق.
دووەم: پرسی هاوبەشیی لە حکوومەتی هەرێم و بایکۆتی یەکێتی و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
سێیەم: پرسی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە هاتوونەتە ئاراوە.
چوارەم: ئەو گرفتانەی لە ڕووی حزبییەوە لە کوردستان هەن، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، (قۆناغەکە ئەوە دەخوازێت پارتی و یەکێتی بەیەکەوە بن و پێکەوە ئیدارەی ئەم هەرێمە بکەین و یەک دەنگ و یەکڕیز بین لە هەمبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، تەنانەت چوارچێوەی نێودەوڵەتییش ئەوەمان لێ دەخوازێت، کە بەیەکەوە قۆناغەکە تێپەڕێنین). [1]