ناو: تەیمور
نازناو: تەیمور شکاک
ناوی باوک: جەعفەر موسا
ساڵی لەدایکبوون: 1930
ڕۆژی کۆچی دوایی: #18-11-2017#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #هەستەکوک# ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
شوێنی کۆچی دوایی: شاری #هەولێر#
$ژیاننامە$
تەیموور جەعفەر ساڵی 1930 لە گوندی هەستەکوک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە یەکێتی سۆڤێت خوێندوویەتی، هەر لەوێ ژیانی هاوسەری لەگەڵ ناتاشا پێکهێناوە، ساڵی 1959 بە فەرمانبەر لە شەریکەیەکى گواستنەوە لە بەغدا دامەزراوە، لەسەر ڕاسپاردەی#مەلا مستەفا بارزانی# بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئێڕاق ڕەگەزنامەى ئێڕاقییان پێداوە، لە ڕێکەوتی 5 تشرینی دووەمی 1960 لەسەر بانگهێشتی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمونیستی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵیادی شۆڕشی ئۆکتۆبەر یاوەری مستەفا بارزانی بوو بۆ یەکێتی سۆڤێت، لەوێ توانی خوێندن تەواو بکات و بڕوانامەی پەیمانگا وەربگرێت، بۆ جاری دووەم دەست بە خوێندن دەکاتەوە و توانی بڕوانامەی دکتورا لە بەشی کشتوکاڵ وەربگرێت، ساڵی 1968 بووە مامۆستا لە زانکۆی کوبان لە کراسنە، ساڵێک دواتر بووە مامۆستا لە زانکۆی یەنگی یۆڵ لە کۆماری ئۆزبەکستان.
ساڵی 1970 گەڕاوەتەوە کوردستان و بووەوە بە فەرمانبەر لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە ڕێکەوتی 29 ئەیلوولی 1971 کە ویستیان مەلا مستەفا تیرۆر بکەن لەگەڵ وەزیرە کوردەکان گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان و دوای پێکهینانی سەرکردایەتی شۆڕش و حکومەت، گەڕاوەتەوە سەر پیشەی خۆی، ساڵی 1974 گەڕایەوە حاجی ئومەران، ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر ڕوودەکاتە ئێران و لە نەغەدە نیشتەجێ دەبێت و دواتر دەچێتە یەزد، پاشان گەڕاوەتەوە قتور بۆ لای خزمەکانی خۆی، لەبەر ئەوەی بە ڕەگەز ئێرانی بوو و لە ترسی ساواک و کەڵک وەرگرتن لە لێبوردنى گشتی سەدام حسێن، ساڵی 1978 گەڕاوەتەوە کۆماری ئێڕاق و لە سەماوە نیشتەجێ دەبێت و لەگەڵ دکتورێکی میسری خەریکى پەمۆ چاندن دەبن، لەسەر ڕاسپاردەی شێخ ئەحمەد نەقشبەندی دەگەڕێتەوە هەولێر و دەبێتە فەرمانبەر لە ئیدارەی هەولێر.
ساڵی 1991 و دوای ڕاپەرین دەچێتە سارداو، ساڵی 1993 خانەنشین دەکرێت، لە ڕێکەوتی 16 ئابی 1996 لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی یۆبیلی زێڕیندا لەبەر خەبات و بەرخودانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان، ڕێڕەوی بەرەو یەکێتی سۆڤێت، لەلایەن سەرۆک #مەسعود بارزانی# میدالیای بارزانی نەمری پێبەخشراوە.
$خەباتنامە$
لە 31ی ئاداری 1946 لەگەڵ باوکى بووەتە پێشمەرگە لە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان و لە شەڕەکانی بەرەی #سەقز# لە کۆماری دیموکراتی کوردستان بەشداری کردووە، باوکی لە شەڕی ناوچەی #سەردەشت# شەهید بووە، لە ڕێکەوتی 3 حوزەیرانی 1947 لە گوندی سمایل ئاغا یاوەرى بارزانى کردووە بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لە ڕێکەوتی 9 حوزەیرانی 1947 تا 11 حوزەیرانی 1947 بەشداریی شەڕەکانی گەلی قتور و پردی ماکۆی کردووە، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
[1]