ناو: ئازاد
نازناو: ئازاد قەرەداغی
ناوی باوک: عەبدولقادر سەعید
ساڵی لەدایکبوون: #1947#
ڕۆژی کۆچی دوایی: #10-02-2000#
شوێنی لەدایکبوون: شارۆچکەی #قەرەداغ#
شوێنی کۆچی دوایی: وڵاتی سوید
$ژیاننامە$
ئازاد عەبدولقادر سەعید لە ساڵی 1947 لە ناوچەی قەرەداغ سەر بە پارێزگای #سلێمانی# لە دایکبووە، دەرچووی ئامادەیی کشتوکاڵە، ساڵی 1975 لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی شانشینی ئێران بووە وەک پەنابەر لەوێ ژیانی بەسەر بردووە و بە کارکردن لە کارگەکان بژێوی خۆی و خێزانی پەیدا کردووە، ساڵی 1977 ماڵی شوێنی حەوانەوەی ئەوانەی کە پەیامی سەرکردایەتی کاتی #پارتی دیموکراتی کوردستانی#یان بۆ بە #ئیدریس بارزانى# (1944 - 1987) دەهێنا بووە، ساڵی 2000 کوچی دوایی کردووە.
$خەباتنامە$
ئازاد قەرەداغی ساڵی 1960 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، ساڵی 1964 ئەندامی لێژنەی ڕێکخراوی قەرەداغی سەر بە لێژنە ناوچەی سلێمانی سەر بە لێژنە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، لە مانگی نیسانی 1969دا لەگەڵ سی و یەک قوتابی لە خولی دووەمی فێرگەی پێگەیاندنی کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی #ناوپردان# ی سەر بە پارێزگای #هەولێر# وەرگیراوە و لە مانگی ئابی 1969 بە سەرکەوتوو دەرچووە، ساڵی 1971 بەرپرسی لێژنەی ناوچەی دوکانی سەر بە لێژنەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، ساڵانی 1972 1974 هەڵبژێردراوە بە بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ڕانیەی سەر بە لێژنەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵی 1974 هەڵبژێردراوە بە کارگێڕی لێژنەی لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بارەگاکەی لە گوندی ناوپردانی سەر بە پارێزگای هەولێر بوو، ساڵی 1974 لە بەرەی پڵنگان سەر بە پارێزگای سلێمانی شەڕی دژ بە هێزی زەمینی سوپای ئێڕاقی دەکرد و بریندار بووە، ساڵی 1979 ئەندامی لێژنەی خۆڕێکخستنەوەی سەرکردایەتی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لەنێو پەنابەرانی باشووری کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ساڵی 1979 ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی ڕاژانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، ساڵی 1979 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی نۆیەم بە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە، ساڵی 1979 کراوەتە کارگێڕی لێژنەی لقی چوار، لە هاوینی ساڵی 1982 بەشداری ئازادکردنی جادەی هەڵەبجە سەیدسادقی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەی کردووە، ساڵی 1986 کراوەتە بەرپرسی لێژنەی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵی 1987 پلەی بۆ بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرز کراوەتەوە، ساڵی 1989 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی دەیەم بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە، لە ڕێکەوتی 28ی شوباتی 1991 پێش ڕاپەڕینی باشووری کوردستان وەک بەرپرسی لێژنەی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هێزێکی پێشمەرگە گەیشتووەتە چیای بەمۆ و بنکەیەکی پێشمەرگەی تێدا دامەزراندووە، ساڵی 1991 و لە کاتی ڕاپەڕینی باشووری کوردستاندا لە بەرەی کوردستانی بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندامی سەرکردایەتی میحوەری سلێمانی کەرکووک بووە و بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەی چەمچەماڵی بەرەی کوردستانی بۆ ئازادکردنی شاری کەرکووک کردووە، هەمانساڵ وەک سەرکردە و فەرماندە بەشداری ئازادکردنی شاری کەرکووکی کردووە، لە ڕێکەوتی 12ی نیسانی 1991 لە دوای کۆڕە و لە شەڕی چیای ئەزمڕ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دژ بە هەڵمەتی سوپای زەمینی ئێڕاق بەشداری کردووە و بریندار بووە، لە ناوەڕاستی ساڵی 1992 پاڵێوراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان بووە، ساڵی 1992 لەلایەن دەنگدەران بە ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان لەسەر لیستی زەردی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە، لە کۆتایی ساڵی 1992 لە ستافی بیست و شەشەمی لێژنەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەرپرس لێژنەی لق دەستنیشان کراوە، لە کۆتایی ساڵی 1992دا لە ستافی بیست و حەوتەمی لێژنەی لقی دوو بە بەرپرسی لێژنەی لق دەستنیشان کراوە، ساڵی 1993 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی یازدەیەم بە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکگرتوو لە شاری هەولێر هەڵبژێردراوە، لە مانگی ئابی 1993 لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکگرتووەوە بە یەکەمین بەرپرسی لێژنەی لقی یانزەی ڕانیە دەستنیشان کراوە و تا مانگی ئایاری 1994 لەسەر کار بووە، لە ڕێکەوتی 23ی کانونی یەکەمی 1994 تا 28ی ئاداری1995 لەگەڵ 58 پەڕڵەمانتاری ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستاندا لە گشت لیستەکان بۆ شەرمەزارکردنی شەڕی ناوخۆ لە هۆڵی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان پەناگیر بووە، لە ڕێکەوتی 19ی کانونی یەکەمی 1996 و لە خولی یەکەم ئەندامی لێژنەی کاروباری پێشمەرگەی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان بووە، لە ڕێکەوتی 9ی ئەیلوولی1998 هەر لە خولی یەکەم ئەندامی لێژنەی مافەکانی مرۆڤ و سکاڵاکان و ئەندامی لێژنەی کاروباری پێشمەرگە بووە لە ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان، ساڵی 1999 ئەندامی کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، هەمانساڵ بەرپرسی مەکتەبی کۆمەڵایەتی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، لە شەوی 11ی کانونی دووەمی 2000 لە نەخۆشخانەی کارۆلینسکا لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی شانشینی سوید بە نەخۆشییەکی کوشندە کۆچی دوایی کردووه، ڕۆژی پێنجشەمەی 10ی شوباتی 2000 تەرمەکەی لە مەراسیمێکی گەورەدا لە گۆڕستانی #پیرمام# سەر بە پارێزگای هەولێر بە خاک سپێردراوە، شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و سویدی بووە.
[1]