شەبنەم فەنجانجە جارێکی تر لەناو دادگا داوای لێکۆڵینەوە لەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیا دژ بەکورد دەکات، سەرچاوەکانیش دەڵێن:دەسەڵاتى تورکیاش بە و پرسە تەنگەتاو بۆتەوە و فەنجانجە جارێکى تر گۆمەکەى شڵەقاندەوە.
بەگوێرەى هەواڵى میدیاکانی تورکیا، دادگایەکی ئێستانبوڵ بڕیاریداوە شەبنەم کۆرۆر فەنجانجە سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی تورکیا کە بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە و پشتیوانیکردن لێى دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆکراوەتەوە، تاوەکو پێنجشەممەی داهاتوو کە ڕۆژی دادگارییکردنێتى، بەدەستبەسەرکراوی بهێڵرێتەوە.
ڕۆژی 26ی تشرینی یەکەم/ واتە مانگى 10ى ئەمساڵ، فەنجانجە بەهۆی داواکاریی بۆ لێکۆڵینەوە لەو بانگەشانەی بەشێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن باسیان لەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیا دژ بەگەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کرد دەستگیرکرا.
دوێنێ هەینی، ئەو خانمە پزیشکە پسپۆڕەی بواری پزیشکی دادوەریی کە تەمەنی 63 ساڵە، لەناو هۆڵی دادگاو بەبەشداریی دەیان کەسی لایەنگریی کە دروشمیان بۆ پشتیوانیی دەوتەوە، جارێکی تر داوایکردەوە لێکۆڵینەوەیەکی کاراو بێلایەن ئەنجامبدرێت و سەردانی مەیدانی و توێکاریی تەرمی گەریلا کوژراوەکانی پەکەکە بکرێت و ڕاستیی ئەو بانگەشانە ئاشکرابکرێت.
فەنجانجە لەبەشێکی تری قسەکانیدا ڕوی دەمیکردۆتە دادوەرەکان و وتویەتی:بەوپێیەی من چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤم، بۆیە بەرپرسیارێتیی ئەوەم لەسەرشانە بەرگریی لەئازادی ڕادەربڕین و مافی بەدەستهێنانی زانیاریی لەلایەن هاووڵاتیانەوە بکەم.
لەماوەی ڕابردوودا پارتی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند، کە 17 گەریلایان بەهۆی هێرشی کیمیایی سوپای تورکیا لەچیاکانی هەرێمی کوردستان ژیانیان لەدەستداوە.
هەرچەندە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و هیومان ڕایتس وۆچ بانگەوازێکی هاوبەشیان لەگەڵ پێنج ڕێکخراوی دیکەدا بۆ ئازادکردنی فەنجانجە بڵاوکردەوە، بەڵام داواکاری گشتیی تورکیا، فەنجانجەى بەبەشداریی لەچالاکیی بانگەشەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان تۆمەتبارکردو داوایکرد دەستبەسەرکردنی بەردەوامبێت.
لای خۆیشییەوە فەنجانجە وتویەتی:کەس پێیوانەبێت دەستگیرکردن و زیندانیکردنم زۆر قورسە بەڵامەوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە وایدەبینم بۆ چالاکێکی بواری مافەکانی مرۆڤی وەکوو من ئەوە دەرفەتێکی زێڕینە. [1]