بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زایینی، گەرمترین پیرۆزبایی لەسەرجەم کوردستانییانی ئازیز لەسەر تاسەری جیهان دەکەین و، پیرۆزبایی تایبەتمان ئاڕاستەی خانەوادەی بەڕێز و سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتیمان و جەماوەری دڵسۆزی گەلەکەمان دەکەین.
هەل و مەرجی سیاسیی ئێڕاق پاش پێکهێنانی کابینەی نوێ دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، ئەو قۆناغەش پێویستی بە یەکڕیزی و یەک گووتاریی سیاسیی حزب و هێزە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە، کە ئەجێندایەکی تێر و تەسەل لەخۆ بگرێ بۆ دانووستان و گفتوگۆ لەگەڵ #بەغدا# بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکیی کێشە و پرسە هەڵواسراوە درێژخایەنەکان، بەجۆرێک کە لە خزمەتی دۆز و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بێت، لەوانەش جێبەجێکردنی ماددەی (140)ی دەستوور و دابینکردنی شایستە داراییەکان و چەسپاندنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئیستیحقاقی دەستووریی.
بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی (2023)ی زایینییەوە جارێکی دیکە بەڵێن بۆ گەلەکەمان نوێ دەکەینەوە، کە وەک هەمیشە لە ئاست خواست و ویستی گەلە خۆڕاگر و سەربەرزەکەمان بین و سووربین لەسەر پتەوکردنی سەقامگیری و ئاسوودەیی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و باشترکردنی بژێوی هاووڵاتیان و برەودان بە فەرهەنگی نەتەوەییمان و ڕەوتی ئاشتەوایی و گیانی فرە ڕەنگی و، پاراستنی دەستکەوتەکانمان و قەوارە سیاسی و یاساییەکەی هەرێمی کوردستان.
هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی بنبڕکردنی کێشە و گرفت و ئاریشە و دەردەسەرییەکان بێت.. ساڵێکی بە هات و هیوابەخش بێت بۆ گەلەکەمان و، هەموو لایەک لە دەرد و بەڵا و ناخۆشی بەدوور بن. [1]
مەکتەبی سیاسیی
#پارتی دیموکراتی کوردستان#
31ی12ی2022
تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!