ئەو دەستدرێژییەی دوێنێ #31-12-2022# لە #سلێمانی# کرایە سەر ئافرەتێک ئەو ڕۆژانەی ساڵانی کۆتایی نەوەدەکانی بە بیرهێنامەوە کە توندڕۆکان شانازییان بە بن لادن و تالیبان دەکرد و بۆ کەشخە لێدانیش هەندێکیان کڵاوی ئەفغانییان لەسەر دەکرد. لەو کاتدا لەناو بازاڕ و ئارایشگاکان و سەیرانگاکان پەلاماری ئافرەتی بێ عەبایان دەدا و تێزابیان بە قاچی ژنانی مۆدە و سفوردا دەکرد.
ئەو پەلامارە پێشێل کردنی شکۆی مرۆڤە و ئافرەت وەک مرۆڤێکی ئازاد بۆی هەیە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو یارییەک بەشدار بێ. هەر ئافرەتە خۆی خاوەنی چارەنووسی خۆیەتی و بە دەستی خۆی و لە مێشکی خۆیدا دەینووسێتەوە. هیچ پیاوێک بە هیچ ناو و پێگەیەک بۆی نییە ڕێگری لێ بکات.
من لە هۆکارە کۆمەڵایەتی و قوڵی تەنگژە و کێشەی سیاسی و بێکاری و نا پەروەردەیی ڕەسمی ئەو ئاپۆڕانە تێدەگەم کە دەبن بە دڕندە نەک هەر ژن بەڵکوو پیاویش تێکدەهاڕن بەڵام پرسیار لەوەدایە بۆچی لەم دۆخەدا ئەو دیاردە ناشیرینانە ڕوودەدەن؟
من لە هەندێکی وەڵامی ئەم پرسیارەدا شارەزاییم هەیە و هۆکارەکان لەوەدا دەبینم:
1- لە هەر وڵاتێک حکومەت بەبێ یاسا دابەش بکرێ شیرازەی ژیانی کۆمەڵ لێکهەڵدەوەشێ. لە کوردستان لێکهەڵوەشان هەیە.
2- باسکردنی کێشەی ژنان و مافە یاساییە یەکسانەکانیان لە باسێکی نوێی چەندەردا زانیاری پێویست لە لایەن دەزگا قانونییەکان نەدرایە خەڵک و باری مناقەشە بە نەزانی و لایەنگیری بۆ بەهای لێکەوتوو و بواردان بە کەسانی سیاسی خۆپارێزی پابەند بە بەها نامرۆڤییەکان، کەشی وڵاتیان دژی ئافرەت قانگ دا. بۆیە ئاپۆڕەی پیاوانی نەزان دژی ئافرەتان بەڕێکەوتون. ئەوەش خەتەرێکە تەنیا یاسای لێبڕاوی بە دەستی حکومەت دەتوانێ پێشیان پێ بگرێ.
3- دەستێوەردانی سەرۆکی حزب لە ژیانی کۆمەڵ بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و هەیبەتی حکومەت قانون شکاندنی درووستکردووە. ئەوە هاندانی میلیشیایی و خراپکاری ئاپۆڕەییە.
4- بێدەنگ بوونی حکومەت لەم بەرەڵاییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بۆ مەرامی حزبی تەنگ بارەکەی پەرێشانتر کردووە.
5- ئەم پەلامارە کارەساتییە دەبێتە مایەی ئابڕوو چوونی کورد و حکومەتەکەی لە ئاستی جیهاندا. کاتییەتی و درەنگیشە دەبێ حکومەت ڕێگا لە توندڕۆکان بگرێ ئەویش بە قانون جا وتاریان بێ یان کرداری ئاپۆڕەیی.
ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵ بە قانونی مەدەنی دەکرێ نەک بە باوەڕی بەهاکان و ئیمانداری جیاجیای کەسانی پاشکەوتوو. ئەو تاوانانە پەیوەندی بە دینەوە نییە بەڵکوو کرداری باوەڕدارانی بەهای پاشکەوتوە کە ژیری و زانستی تیا نییە. [1]
#سەرۆ قادر#