ڕووداوی هێرش و توندوتیژی بە کۆمەڵی دەیان گەنج دژ بە کچێک لە #سلێمانی# کە لە ڤیدیۆیەکدا بڵاو بووەتەوە مایەی ئەوپەڕی نیگەرانی و تووڕەیی و ناڕەزاییە.
ئەو تاوانە کە لە شوێنێکی گشتی ڕووی داوە، ڕاستییەکی تاڵی کۆمەڵگەیە، ئەم جارە ئەنجامدەری کردەی توندوتیژی تاک نییە و چوارچێوەی خێزان نییە؛ بەڵکوو ڕووبەری گشتی و گرووپێکی فراوانن لە چەند خێزانێکی جیاواز، ئەمەش ئاستی نیگەرانیمان قووڵتر دەکات.
ئەو دیمەنە ڕووداوێکی نامۆیە بە کولتووری ڕەسەنی کۆمەڵگەکەمان و سەرەتایەکی پڕ مەترسی جۆرێکە لە توندوتیژی بە کۆمەڵ کە هی ئەوەیە لە کۆمەڵگە بەربەریی و دواکەوتووەکان ڕوو بدات؛ نەک لە کۆمەڵگەی ئێمە کە خاوەن دامودەزگای یاسایی و دیموکراسی و سەدان ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنین.
هاوکات دەبێت ئەوەش بڵێین کە ئەو ڕووداوە بەرهەمی یاخود بە کرداربوونی ئەو شەپۆلە توندوتیژییەیە کە بە تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاڕاستەیەک سپۆنسەری دەکات کە دەمێکە کار بۆ تێکدانی ڕەوشی یاسایی و دیموکراسی و ئارامی کۆمەڵگەکەمان دەکات، بە تایبەت لە دەڤەری سلێمانی زەمینەی تەواوی بۆ ڕەخساوە؛ کە هەموومان دڵنیاین و مێژووش پێمان دەڵێت ئەو جۆرە بیرکردنەوە و ڕەفتارە دژ بە سرووشت و تایبەتمەندی کولتووری سلێمانییە؛ بەڵکوو پەیوەندی بە بەڕێوەبردنەوە هەیە.
بەو پێیەی هەموو توندوتیژییەک لە هزردا جێگیر دەکرێت و لە زمانەوە گوزارشتی لێ دەکرێت و پاشان دەبێت بە کردار؛ دەبێت لە هەر سێ ئەو ڕەهەندەوە بەرەنگاری توندوتیژی ببینەوە و خەباتی مەدەنیمان بۆ پاراستنی دەستکەوتە مەدەنی و دیموکراسییەکان پەرە پێ بدەین. [1]
دکتۆر #ڤیان سلێمان#