ماوەی پێنج مانگە لە #سلێمانی# لە یەکێک لە زانکۆکانی دەخوێنم، نە پاسەوانم ھەیە و نە برام لەگەڵدایە، تا ئێستاش ھیچ ھاوڕێیەکم نییە، ھەموو ھاتووچۆ و دەرچوونەکانیشم بە تەنھایە، کەچی تا ئێستا کەس بەشێوەکی خراپ تەماشای نەکردووم، لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا ئەوەی لە سلێمانی بینم لە ھیچ شوێنێکدا نەمبینیوە چوون خەڵکی بۆ خۆیان دەژین و لە ژیانی تۆش هەڵنادەنێ، وەسفم بۆ لایەنە جوانەکانی سلێمانی و خەڵکەکەی زۆرە، بەڵام ئەوەی ئەمشەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینیم کاتێک سەدان گەنجی ماتۆڕسوار هێرش دەکەنە سەر کچێکی گەنج وێڕای دەیان جنێوی نا ئاکاری، بە شەق و بۆکس بەربوونەتە گیانی تاقانە کچێک و پاشانیش بە بەرد، ئەمە یەکێک لە قێزەونترین ئەو دیمەنانە بوو کە لە ماوەی ئەمساڵدا بینیبم.
بەڕاستی ئەمە دیمەنێکی باوەڕپێنەکراوە و واقیعێکی قێزەون و ئەوپەڕی نا ئاکارییە.
چۆن دەکرێت ئەمە ڕەفتارو کردەوەی گەنجانی ئەم وڵاتە بن لە کاتێکدا هەریەکەیان خاوەنی خوشک و دایکن، ئاخر ئەمە ئاماژەیەکی زەقی داڕوخانی پەروەردە و ئاکارێ کۆمەڵگەی کوردی پیشاندەدات، ئاخر کوانێ پەروەردەی خێزان، خوێندنگە و زانکۆ ئەبێت نەوەی وا بێ کەڵک و زیانبەخشی لێ بەرهەم بێت!
گەر ئەمانەبن گەنجی دواڕۆژ، پێویستە لە داهاتووی کۆمەڵگە بترسین کە بەزەلکاوێکی گەورە چاوەڕوانی نقومبوونمان ئەکات و سەلامەتیی کچ و خوشک و دایکی هەریەکێکمان لەدەرەوەی ماڵ لە مەترسیدایە، بەڵام یاخوا ئەمەشیان دەستێک نەبێت بۆ ناشرینکردنی سلێمانی و بە بەرنامە کاری بۆ نەکرابێت.
بێدەنگیی لایەنی پەیوەندیداریش بەشداربوونە لەم تاوانە قێزەونە، پێویستە بکەرانی بە تووندترین شێوە و لە زووترین کاتدا سزا بدرێن.
بەپێی ئەوەی پۆلیس وتی گەر کچەکە سکاڵا تۆمار بکات، ئەوا کاری خۆمان دەکەین، پێم وا نییە ئەم کارە بەدڕەوشتانەیە پێویست بە سکاڵا بکات، کاتێک هەزاران چاوی لەسەرە و ڕووی دەیان کامێرای لێکراوە، ئەوەش بۆ خۆی بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە و تۆمارکردن و نەکردنی سکاڵا هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و کەم ناکاتەوە.
قێز لە مێگەلی وا ئەکەمەوە، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار و پۆلیس و دەزگاکانی ئەمنیی سلێمانی بەزووترین کات بکەر و ئەنجامدەرانی بخاتە کونجی زیندانەوە و بییانکات بە پەند و عیبرەت بۆ کەسانێک کە لە داهاتوودا نییەتی وەها کارێکیان هەبێت، بەڕاستی ئەمڕۆ قێزم لەبینینی ئەم دیمەنانە دەکردەوە، تا ئێستاش تاساوم، بۆچی ئەبێت هەموو جوانییەکانمان بۆ گڵ چووبن و ئەم کارە نا ئاکارییانە ببنە پێناس و ناسنامەمان و ئەمانە نەوەی پێگەیشتووی ئەم چاخ و سەردەمەمان بن! [1]
#نێرگز قادر#