$ئەمریکا و بەڕیتانیا چۆن دنیا تێک دەدەن$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
$یەکەم ئۆکرانیا:$ ئەمڕۆکە ئەمریکا بڕیاریدا چەک و تەقەمەی ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات و دوێنێکەش بەڕیتانیا وەجبەیەکی گەورەی چەکی نارد بۆ ئۆکرانیا بە بیانووی وەستانەوەیان دژ بە پەلاماری ڕوسیا. لە ڕاستیدا گەر ڕوسیا نیازی هێرشی هەبێ، کە لەوانەیە بیکات، نە ئەو چەک و تەقەمەنیانە و نە خودی ئەمریکا و بەڕیتانیاش ناتوانن بەری پێ بگرن. ئەوەی لێرەدا گرنگە بوترێ کە ئەوروپا بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی یارمەتی و پشتیوانی نازیە ئۆکرانیەکان دەکەن، بگرە زۆر خۆشحاڵ نین بە سەرۆکی ئێستای ئۆکرانیا چونکە زۆر توند نییە لەگەڵ ڕوسیا و داوای چارەسەرێکی دوور لە شەڕ و دەمارگیری دەکات لە کاتێکدا ئەو هێز و گرووپە سیاسیە نازیانەی کە ستێپان باندێرا بە سەرکردەی ڕوحی خۆیان دادەنێن ئەمریکا یارمەتی ماڵی و لۆجیکیان پێشکەش دەکات و بگرە کۆمەڵێکی زۆریانی برد بۆ ئەمریکا و لەوێ مەشقی سەربازی پێکردن و لەم ماوانەی دواییدا هەموویانی ناردەوە بۆ سنوورەکانی ڕوسیا-ئۆکرانیا.
ستێپان باندێرا کە ساڵی 1959 لە ئەڵمانیا تیرۆرکرا، لەژێر کاریگەری ئایدیۆلۆجی هیتلەریدا هەمان کار و چالاکی و قەوارەی فاشستی درووستکرد و دۆستێکی هتلەر بوو. لە دوای نەمانی نفوزی ڕوسیاوە لە ئۆکرانیا وێنە و قسە و نووسینەکانی ستیپان باندێرایان بەرزکرۆدتەوە و کردوویانە بە دروشمی سەرەکی خۆیان و لۆگۆکەشیان هێمای نازیە هیتلەریەکانە. ئەمریکا گرووپێکی لەم کەسانە بردە ئەمریکا و مەشقی پێکردن و ئێستا لەسەر سنوورەکانی ڕوسیا-ئۆکرانیا جێگری کردوون بە چەک و تفاقی قورسەوە. غەرب ئۆکرانیا ئاوها دووبارە دەکەنەوە بە گۆڕەپانی جەنگێکی گەورە. ئەمە لە لایەک.
لە لایەکی ترەوە، ئەمریکا و بەڕیتانیا پڕوپاگەندەیەکی سیاسیان بڵاوکردۆتەوە گوایە ڕوسیا دەیەوێ وڵاتانی بەڵتیق و سویدیش داگیربکات و ئەمەش ترسێکی خستۆتە ناو دڵی ئەو وڵاتانەوە. ئەمە جگە لە درۆیەکی ژەهراوی هیچی تر نییە. ڕوسیا کاتێک خاوەنی یەکێتی سۆڤیەت بوو ئەمەی بۆ نەکرا تۆ بڵێی ئێستا بیکات لە کاتێکدا ئەوەندە ئاسان نییە و ڕوکەشترین چاودێری سیاسی دەزانێ شتی ئاوها مەحاڵە بۆ ڕوسیا. ڕوسیا لە ڕابردوودا نەیتوانی دەوڵەتە دۆستەکانی خۆی و ژێر نفوزی خۆی بپارێزێ وەک یوغسلافیا و سربیای ئێستا و قەزافی و نەجیب اللەی ئەفغانستان لە ساڵی 2006 ...هتد ئیتر ئێستا چۆن دەتوانێ ئەو هەموو دەوڵەتە پەلامار بدات. ئۆکرانیا مەسەلەیەکی جیۆسیاسیە بۆ ڕوسیا بۆیە ئامادەیی بەرەنگاربوونەوەی نیشان دەدات و هەڕەشە لە ئەوروپا و ئەمریکاش دەکات گەر بێتوو ئۆکرانیا بکەن بە ئەندام لە پەیمانی سەربازی ناتۆ.
$دووەم:$ گەر لەم دەورەیەی دنیای ئێستادا ئەمریکا و بەڕیتانیا پشتیوانی ماڵی و سەربازی نازیزم دەکەن لە ئۆکرانیا و وڵاتانی بەڵتیق، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە مێژە و لە ئێستاش لە هەر کات زیاتر پشتیوانی بەردەوامی ئیسلامی سیاسی بە تایبەت ئیخوانیەکان و کاراکتەرە گەندەڵکارەکانی خۆیان دەکەن وەک کارزاییەکان و غەنیەکان لە ئەفغانستان و سەرانی یەکێتی و پارتی و عەرەبەکانی ئێڕاق و ...هتد. دیارە، چ لە ئۆکرانیا و چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەک ئامانجیان هەیە ئەویش تێکدانی هەر شتێکی بە پاوە ڕاوەستاوە کە ژیانێکی ئاسایی و شارستانی و ئارامی بۆ هاووڵاتیانی ئەو دوو ناوچەیە پی بێت. بۆ نموونە لەوەتەی ڕوسیا لە یۆکرانیا نەماوە ناتۆ و ئەمریکا جگە لە پڕچەک کردنی ئەو وڵاتە و درووستکردنی پشێوی و ترسی کۆمەڵایەتی هیچ ئاستێکی باش لە ئابووری ئەو وڵاتەدا ڕووی نەداوە و بگرە بەرەو ڕوخانی زیاتر دەچێ. لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاستیش، لەوەتەی غەرب هەیە جگە لە درووستکردن و پشتیوانی کردنی دکتاتۆریەتی و کۆنەپەرستی و گەندەڵکاری و شەڕ و کوشتار و پڕچەکرکردن کە وڵاتانی ناوچەکەیان پێ نابودکردووە هیچی تریان نەکردووە. [1]