$گەر ڕوسیا ئوکرانیا داگیربکات جیهان بەرەو کوێ دەڕوات؟!$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
بێ دەرئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان ڕوسیا و ناتۆ سەبارەت بە ئۆکرانیا پەیامێکی خراپی پێ دەبێ بۆ ساڵی 2022. ڕوسیا قسەی ڕەهای خۆی داوەتە ئەوروپا و ئەمریکا کە ناتۆ نابێ بەرەو ڕۆژهەڵات زیاتر بکشێ واتە ئوکرانیا نابێ ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ. ئەگەر ببێ ئەوا گلەیی خۆتان لەسەر خۆتان. ڕوسیا بە ناتۆی گووتوە کە وەرگرتنی ئۆکرانیا وەک ئەندامێکی هەمیشەیی لە هاوپەیمانی ناتۆ خەتی سوورە بۆ ئێمە و دەشمانەوێ بە نووسراوی ڕەسمی و مۆرکراو ئەو سۆزەمان پێ بدەن کە ئۆکرانیا نابێ بە ئەندامی ناتۆ لە ئاییندەدا و بۆ هەمیشەش. ڕوسیا لە مانگی ڕابردووەوە بە ڕەسمی و لە شێوەی نووسراودا ئەمەی داوەتە دەست ئەوروپا و ئەمریکا و پێی گوتوون (ئامادەیی هیچ سازشێکی تێدا نییە لەو بارەیەوە و کاتەکەش دیاریکراوە و تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێوەدایە ئێستا.) من لێرەدا باس لەوە ناکەم کە بۆچی ئۆکرانیا خەتی سوورە بۆ ڕوسیا، بەڵام ئەوەندە دەلێم گەر ڕوسیا پەلاماری ئۆکرانیا دا و وەک جاران بیخاتە ژێر نفوزی سیاسی و لەوانەشە جوگرافی خۆیەوە ئەوا ئەو ڕووداوە وەک تسۆنامیەک شەپۆلەکانی بەرەو کەناری چەند وڵاتێک دەروات کە بۆخۆی جیهان لە بەردەم چارەنووسێکی نادیارتردا و بگرە مەترسیدارتدا ڕادەگرێت.
دوو خاڵ لەم بارەیەوە.
$یەکەم:$ وەڵامی توندی ئەوروپا و ئەمریکا بۆ ڕوسیا ئەوەیە: (گەر بێتوو ڕوسیا ئۆکرانیا داگیر بکات ئەوا بەرەو ڕووی گەمارۆیەکی ئابووری توند دەبێتەوە کە قەد نەیدیبێ بە خۆیەوە.) دیارە ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە ڕۆژاوا ئامادە نییە لەسەر ئۆکرانیا جەنگ هەڵبگیرسێنی لەگەڵ ڕوسیادا و ڕوسیاش ئەمە دەزانێ بۆیە شولی هەڵکێشاوە و نمایشی سەربازی دەکات لەسەر سنوور و ناو خاکی ئۆکرانیاشدا بەوپەڕی چەکی قورس و ترسناکە وە. ڕوسیا لە مێژە دەستوپەنجەی نەرم کردووە لەگەڵ چەند گەمارۆیەکی ئابووری تر و ڕاهاتووە، بەڵام مەسەلەی کشانی ناتۆ بۆ سەر سنوورەکەی ئەوا ئیتر ئەوپەڕێتی و تەواو جوگرافیاکەی دەکەوێت مەترسیەوە بەتایبەت ئەمریکا لە هەموو لایەکەوە تەنگی پێ هەڵچنیوە و بەڵام هیچیان ئەوەندەی ئۆکرانیا هەستیار نین بۆ ڕوسیا. گەر کرا لە باسی تایبەتەدا ئاماژە بەم خاڵە دەکەم.
$خاڵی دووەم:$ داگیرکردنی ئۆکرانیا لە لایەن ڕوسیاوە شڵەقانێک لە سیستەمی هەنوکەیی نێودەوڵەتی و ململانێکانیدا درووست دەکات کە دەبێتە هۆی تەقینەوەی چەندان کێشەی هەڵواسراوی تر لە جیهاندا لە ئاستە جوگرافیەکەیدا.
لەوانە: خۆمەڵاسدانی چین بۆ دوورگەی تایوان لەوانەیە ببێتە ڕاستیەکی داگیرکاری. لەوانەیە تورکیا بە تەواوی پەلاماری ڕۆژاڤا بدات. لەوانەیە ئێران ناوچەی سلێمانی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. سعودیە لەوانەیە قەتەر پڕ چنگێک بکات. سڕبیا داخی چەند ساڵەی خۆی بە بۆسنە بڕێژێت و بیخاتە ژێر دەستی خۆیەوە. دیارە لەم نێوانەدا ئەمریکا هەر وا دەستەوئەژنۆ دانانیشێ بەڵام بەو پێودانگەی ئەمریکا سنووری جوگرافی بە هیچییانەوە نیە، زەحمەت دەبێ بۆی وەک ئەوان وەڵام بداتەوە جگە لە پڕ چەک کردنی ئەو شوێنانەی هێزەکانی تر پەلاماریان دەدەن. لەو نێوەدا ئەوەی بۆ ئەمریکا گرنگە تایوانە چونکە چین ڕکابەری سەرسەختی ئابووری ئەمریکایە و تایوان هەم وەک وڵات و هەم وەک ناوچەیەکی بازرگانی جیهانیش دەوڵەمەندە و داگیرکردنی لە لایەن چینی ئێستاوە ئەوا چین بە چەندان قات ئابووری ئەمریکا تێدەپەڕینێ جگە لە شکاندنی شکۆ سیاسیە جیهانیەکەی. [1]