$ویڵیام ئێم، تیرۆرستە فەرەنسیەکە چی دەڵێ و چی ناڵێ!$
#ئیدریس مستەفا#
(گەمەی فەرەنسا بە قسەکانی ویڵیام ئێمەوە و
نهێنیەکانی پشت ئەو کارە)
(ویڵیام ئێم گەورەبووی وڵاتێکە کە چاوگەی تیرۆر و کوشتارگەی جیهانیە) لەم وتارەدا ئەو دوو ڕاستیە دەخوێننەوە:
دوای ئەوەی چیرۆکی پۆلیس و لێکۆڵەریی فەرەنسی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا درۆ دەرچوو گوایە کابرا دەروون شێواوە. ئەمڕۆکە، ویڵیام ئێم، تیرۆرستە فەرەنسیەکە قسەی زیاتری کرد و وتی خۆم ڕقم لە پەنابەری بیانیە بەڵام بەتایبەت کە ڕقم لە کوردە و هێرشم کردۆتە سەریان چونکە کاتێک کە داعشەکانیان دەگرت بە دیل نەیاندەکوشتن. ئەمە جگە لەوەی بڕوبیانویەکی ڕەگەزپەرستانەی کوێرانەی لە پشتەوەیە بەڵام ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگری لەگەڵ خۆیدا هڵلگرتووە کە پێویست بە هیچ دۆکیومێنتێک ناکات تا بیسەلمێنی ئەویش ئەوەیە کە زیاتر ڕقی لە کورد بووە لە نێو ئەو هەموو کەمینە غەیرە-فەرەنسیانەی لەو وڵاتە دەژین. ئەم ڕقەی کە ئەو دەیڵێت گوایە کوردەکان بە بەزیی بوونە لەگەڵ داعشەکاندا ئەوە گەر ڕاستیشێ تێدا بێ ئەوا هەرگیز لەو ڕاستیە ڕەهایە کەم ناکاتەوە کە تورکیا بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستیان گەیشتووە بەو کابرایە و کۆمپیوتەرایز کراوە دژ بە کورد. ئاسانترین وەڵام بەو قسانەی ئەو کە ڕقی لە کوردە: ئەی بۆچی هێرشی نەکردە سەر ئەو مزگەوت و دەزگا بەناو خێرخوازییە ئیسلامییانەی لە پاریس داعش درووست دەکەن؟
ئاستی هزر-تێگەیشتن لە دنیای ئێستادا بە شوێنێک گەیشتووە گەر بتەوێ ڕاستیەک ببینی زۆر پیویستیت بە بەڵگە یاخود دۆکیومێنت نییە بەڵکوو میکانیزمی ڕووداوەکان، جوڵەی کاراکتەرەکان و دۆخە بابەتیەکە دەتگەێنێت بەو ڕاستیەی کە دەتوانی بیڵێی بێ دوو دڵی. ئەم دیدە بۆ هەموو ڕووداوێکی ئاینی و مێژووییش درووستە. ئێمە دەزانین لە ئێستادا ئەوروپا بە تایبەت فەرەنسا بۆتە قەیسەریەک بۆ میتی تورکی کە چەندان جار هەڵسوڕاوە سیاسیە کوردەکانیان تیرۆر کردووە بێ ئەوەی هیچ یەکێک لەو دەوڵەتە ئەوروپیانە لەنێویدا فەرەنسا قسەیەکی کاڵ بە تورکیا بڵێن. ئەوروپا هەر وەک چۆن بێدەنگی دەنوێنن لە کوشتنی کوردان لە تورکیا بە دەستی ئەردۆگانیەکان ئاوهاش بێ دەنگی دەنوێنن لەوەی لە ناو وڵاتەکانی خۆیاندا کوردان قەتڵوعام دەکات. کەسێک بە ئازادانە دەچتە سەر شوێنە کوردییەکان و بە دڵی خۆی فیشەک دەتەقێنێ و کەسانی دیاریکراو و ناوداریش دەکوژێ و دواتر یا نادۆزرێتەوە یاخود دەڵێن دەروون نەخۆشە ئەوە یانی چی یاخود، باشە گەر نەخۆشە بۆ بە تەنیا پەلاماری کوردان دەدات لە کاتێکدا گەر ئەدرەسی ماڵەکەی لەبەرچاو بگرن ئەوا بەسەر چەند گرووپێکی پەنابەردا تێپەڕیوە و هاتووە بۆ گیانی کورد. لاوازی و بێ هەڵوێستی ئەوروپا لە بەرانبەر کوشتنی کوردان لە لایەن تورکیاوە دەست ئاوەڵایی بە تورکیا داوە بە ئارەزووی خۆی کێی بوێ دەکوژێ و کێی بوێ دەیڕفێنێ. ئەو تیرۆرستە فەرەنسیە گەر خۆی میت نەبێ ئەوا میتی تورکی لێی نزیک بوونەتەوە و ئەو کارەیان پێ کردووە کە کردوویەتی.
لەگەڵ تەوابوونی ئەم نووسینەدا بووم کاتێک هاوڕێیەک لە فەیسبووک ئەم زانیاریەی پێدام (ئەم تاوانبارە دەرکەوتوە کە خۆی لە فەرەنسا لەدایک بووە، بەڵام باب و باپیری خەڵکی وڵاتانی بەلقانن، واتە بەئەسڵ تورک و پاشماوەی عوسمانیەکانە. ئەوش درۆیە کە گوایە سابیقەی هەیە و پێشتر دەستی لە کۆچبەرانی نەتەوەکانی تر وەشاندوە.) ئەمە نهێنیەکەی پشت ئەو کارەی ویڵیامە و حکومەتی فەرەنسا دەیەوێ بیشارێتەوە.
مێژووی فەرەنسا وەک هێزێکی کۆڵۆنیاڵیستی پڕە لە تیرۆر و کوشتن کە هەموان دەیزانین و پیویست بە باسکردن نیە؛ ئیستەش لە ئەفریقیا هێزێکی کۆڵۆنیاڵیستیە و ئەوەی دەیکات لە ڕاووڕووتی دارایی ئەو وڵاتانە و چەوسانەوەی خەڵک بە ژن و منداڵەوە بۆ هێزی کاری ئێجگار هەرزان یان خۆڕایی بێ وێنەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
وەک بابەتی پەنابەرێتی، فەرەنسا خۆی یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئێجگار دژە پەنابەرەو هەمان ئەو بێ مۆراڵییەی سوید کردی لەوەی پەنابەرە سیاسیەکان ڕادەستی وڵاتەکانیان بکەنەوە، ئەویش لە هەمان هەفتەی سویددا پەنابەرێکی سوورییان دەستگیرکرد و داگای پاریس بڕیاری ناردنەوەی دا بۆ سووریا. لەگەڵ ئەوەی فەرەنسا هیچ پەیوەندیەکی دپلۆماسی لەگەڵ سووریا نەماوە بەڵام پەیوەندی کردووە بە هەندێ سەفارەتی ترەوە تاکو لەو ڕێگەیەوە پەنابەرە سوورییەکە ڕادەستی دیمەشق بکەنەوە. بێگومان چارەنووسی ئەو پەنابەرە گەر سێدارە نەبێ ئەوا جاوەڕێی زیندانی هەتا هەتایی و سزای بەردەوامە. لە کاتێکدا گەورترین تاوانبارەکانی مێژوو، ئە وبەرپرس و سەرکردانەی جینۆسایدی ڕواندایان خوڵقاند لە ساڵی 1994 دا کە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا زیاتر لە پێنج سەد هەزار کەسی شەروان و مەدەنی و ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە کوژران، وا لە فەرەنسا دانیشتوون و مافی پەنابەرێتی نەک هەر سیاسی بەڵکوو بە هاووڵاتی فەرەنسیش حسابکراون و لەگەڵ ئەوەی چەندان جار ڕێکخراو و کەسێتیەکانی بواری جینۆساید داوایان لە فەرەنسا کردووە کە لێۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێ یاخود ڕادەستی ئەو داگای لاهای ئەوروپیەی خۆیانی بکەن کە تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان دامەزراوە، کەچی فەرەنسا هەموو هەوڵەکانی بلۆک کردووە تاکو ئێستا. بۆیە کورد نابێ دڵ بەو وشە درۆزنانەیەی ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا خۆ ش بکات گوایە هاوسۆزە لەگەڵ قوربانییەکان و کوردەکاندا.
ئەوەی ئەو تیرۆرستە فەرەنسیە نایڵێ ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرانەیە کە هەر کوردێک و هەر کەسێکی سیاسی دی دەزانن تورکیا ڕاستەوخۆ لە پشت ئەو ڕووداوەوەیە و دانی پێدا نانێت. گەر بیشیەوێت ڕاستیەکان بڵێ ئەوا دڵنیام لەوەی کە فەرەنسا دایدەپۆشێ و نایەوێ پەیوەندیە سیاسی و بازرگانیەکانی لە ئێستادا لەگەڵ تورکیا تێک بچێ؛ یاخود، ژێر بە ژێر سەفقەیەکی پێدەکات لەگەڵ تورکیادا و پێی دەڵێ ئەوەتا تاوانبارەکە دانی پیداناوە کە ئێوە لە پشت ئەم کارەوە بوون. [1]