سامیە شێروانی
ئەگەر بەدرێژای مێژوو وردبینەوە #بارزان#یەکان هەمیشە وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی شۆڕشەکانی گەلی کوردستان زۆرترین قوربانیان داوە، دەڤەری بارزان بەگشتی زۆرترین جار تووشی ویرانکردن و پاکتاوکردن بۆتەوە، ئەوەی جێگەی داخە تائەمڕۆ وەک پێویست توێژینەوەی ورد لەمبارەیەوە ئەنجام نەدراوە، نەوەیەی ئێستا هیچ جۆرە شارەزاییەکی لەسەر ئەم ڕووداوە تراتیژدییە نیە، ئەمەش بۆ کەموکوری ڕاگەیاندنەکان و سیستەمی پەروەردەیی دەگەڕیتەوە کەهیچ جۆرە وردبوونەوەیەکیان بۆ ئەنفالی بارزانیەکان نەکردووە.
ئاوردانەوەیەک لەمێژوو
پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژی بارزانیەکان مێژوویەکی دووری هەیە، چونکە ئەوان هەمیشە هەڵگری مەشخەلی شۆڕش و ڕاپەرین بوون، بەدرێژای مێژوو دەڤەری بارزان لانکەی شۆڕشەکان بووە و هیچ کام لەدەستەلاتە داگیرکەران نەیانتوانیوەی ئەم ناوچەیە داگیربکەن، ئەگەر کەمێک لەمێژوو وردینەوە یەکەم قۆناغی پاکتاوی بارزانیەکان بۆ سەردەمی عوسمانیەکان بەتایبەتی ساڵی 1907 دەگەڕیتەوە ئەوکات بارزانیەکان ئامادە نەبوون سەر بۆ دەستەلانی عوسمانی دابنەوێنن بۆیە عوسمانی پەنای بردە بەر ڕاگواستن و دوورخستنەوەی بارزانیەکان لە ئێڕاق و تورکیا و زینداکردنی کەسایەتیەکانیان.
ئینگلیز و فەرمانڕوایەتی پاشایەتی
شۆڕشەکان و ڕاپەرینەکان لەبارزان بەردەوامبوون، ئەوەبوو لەسەردەمی دەستەڵاتی داگیرکەری بەریتانی جارێکی تر بارزانیەکان ڕاپەرین و ئامادەنەبوون مل بۆ دەستەلاکەیان بدەن لەبەر ئەوەی لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی بەریتانی، لەسالی 1920 دا پەلاماری بارزان دراو کۆمەلکوری دژی بارزانیەکان ئەنجامدرا.
دوای درووستبوونی دەوڵەتی عێرق و هاتنە سەرکاری فەرمانڕوایەتی پاشایەتی، جارێکی تر دەڤەری بارزان بوو بەلانکەی شۆڕش ئەمەش وایکرد هێزە چەکدارەکانی فەرمانڕوایەتی پاشایەتی بەهاوکاری هێزە داگیرکەرەکانی بەریتانی پەلاماری دەڤەری بارزانیان داو تەواوی گوندەکان و ناوچەکەیان خاپوور کرد، بەتایبەتی لەساڵانی نێوان 19201945 بە پاساوی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکانی ناوچەی بارزان جارێکی تر ناوچەکە دەکەوێتە بەردەم پەلامارو شاڵاوی دڕندانەی فەرمانڕەوایانی ئێڕاق، ئەمەش بووبەهۆی دەربەدەربوونی دانیشتووانی ناوچەکە بۆ سنووری دەوڵەتی ئێران.
دەڤەری بارزان لەسەردەمی دەستەلاتی کۆماری ئێڕاقدا چەندینجار تووشی مالوێرانی و پاکتاوکردن و ڕاگواستن بۆوە، بەتایبەتی لەسالانی (1960 بۆ 1974) جارێکی هێزەکانی ئێڕاق بەهاوکاری چەکداری خێلەکانی سەر بەدەستەلاتی بەغدا پەلاماری ناوچەکەیان دا، کوشتن و ڕاگواستنێکی زۆر دەرهەق بە دەڤەری بارزان کرا.
ڕاگواستن و کۆچپێکردنی زۆرە ملێ
وەک لەپیشەوە لێی دواین بارزانیەکان بەدرێژای سەد ساڵی ڕابردوو قوربانی زۆرییان دا، بەڵام ئەمجارەیان بەتایبەتی لەدوای ڕێککەوتنامەی شومەکەی جەزائیر لەسالی 1975، قۆناغێکی زۆر بەرنامە بۆ دارێژراو بۆ پاکتاوکردنی بارزانیەکان دەستی پێکرد، لەراگواستن کۆچپێکردنی زۆرە ملێ جێبەجێکرا، ئەوەبوو لە ساڵی 1975 دانیشتووانی نزارو بەرۆژ بۆخوارووی ئێڕاق دوورخرانەوە، هەنگاوی دووەمیش دانیشتووانی ناوچەکانی مزووری، شێروانی بۆ ئۆردگاکانی (هەریر، بەحرکە، دیانا، کۆرەتوو) لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە ساڵی 1978دا دوورخرانەوە، دواتریش دانیشتووانی شێروان مەزن بۆ ئۆردگای زۆرەملێی سێبیرانلە ساڵی 1982 نیشتەجێکران.
ئەنفالی بارزان
بێگومان پڕۆسەی ئەنفالی بارزانیەکان لەکۆتایی تەمموزی 1983دا دەستی پێکرد، زیاتر لە 8000 بارزانی جینۆساید کران، بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە سەرجەم پیاوان و کوڕان بەشیوەیەکی زۆر نامرۆڤانە لەخیزانەکانیان جوداکرانەوە و دوای گرتنیان بۆ خوارووی ئێڕاق گواستراونەتەوە و شەهید کران، . ئەوەی شایەنی باسە ڕژێمی چەندین پیلانی گڵاوی داڕشتبوو، لەوانە پاکتاوکردنی بارزانیەکان بوو، هۆکارێکی تری سەرەکی سووکایەتی کردن بوو ئافرەتانی کورد، خودی پیلانەکە جیاکردنەوەی پیاوان و ئافرەتان، لەناوبردنی پیاوەکان و کوڕەکانیان و سووکایەتی کردن بوو بەئافرەتە سەربەرزەکانی بارزان.
خۆڕاگری و کۆڵنەدان
ئافرەتانی بارزان، نموونەیەکی پاڵەوانێتیان پێشکەش بەمێژوو کرد، بەخۆراگری شکستیان بەپیلانی گلاوی بەعسیەکان هێنا، ئافرەتانی بارزان هەتاهەتایە جێگەی شانازیین بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، چونکە ئەرکیان زۆر قورس بوو، ئەوان لەلایەک قوربانی بوون، خەمێکی سامناکی لەدەستدانی ئازیزانیان هەبوو، لەلایەکی تر بەرپرسیارێتی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکان و خانەوادەکانیان بەبێ هاوسەر و باوک و برا کەوتە سەرشانانیان، لەلایەک لەترسی پیاوانی دڕندەی ڕژێم دەبوو ئاگاداری خۆیان و کچە هەرزەکارەکانیان بن، لەلایەکی تر دەبوو لەپێناوی بژێوی خێزانەکانیان کار بکەن، ئەمە بێجگە لەپەروەردەکردنی منداڵ لەو کات و ساتە سەختەدا، بۆیە ئافرەتانی بارزان وەک شێرە ژنێک پەروەردەی نەوەیەکی کوردپەروەرو نیشتمان دۆستیان کرد، ئەوان لەمێژوودا بوونە هێمایەک بۆ خۆڕاگری و تێکۆشان.
بەجینۆسایدکردن
ئەگەر ئێمە باسلەوە بکەین چۆن هەوڵی بەجینۆسایدناساندنی ئەم کەیسە بدەین، سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین لە یاساکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا ئاماژە بەوە کراوە جینۆساید بریتییە لە ئامانجی وێرانکردن و لەناوبردنی سەرجەم یان بەشێکی نەتەوەیەک، کەمایەتیەک، ڕەگەزێک یان گرووپێکی کۆمەلایەتی و ئایینی ئەنجام بدرێت بە شێوەیەکی نەخشەکێشراو، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. لەوانە: (ئەنجامدانی زیانی گیانی و ڕۆحی، کوشتنی ئەندامانی کۆمەلگا، گواستنەوەی بە زۆری مندالان لە گرووپێکەوە بۆ یەکێکی ترن سەپاندنی ژیانێکی نامۆ بەسەر کۆمەڵگەدا. ئەگەر وردبینەوە تەواوی ئەم خالانە لەئەنفالی بارزانیەکان جێبەجێکراوە، هەر لەپاکتاوکردن و کوشتن تادەگاتە جیاکردنەوەی مندالان لەباوانیان، دوورخستنەوەیان بۆ شوێنیکی تر، سەپاندنی ژیانی کۆمەلگەی زۆرەملێ، واتا لەرووی یاسایی نێودەوڵەتیەوە تەواوی خالەکان دیاریکراوە، ئەوەی تر دەکەوێتە سەرشانی نوێنەرانی کورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێڕاق بتوانن هەنگاوەکانی بەجینۆساید ناسانی ئەنفالی بارزان جێبەجی بکەن، هەروەها پێویستە لەلایەن هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی بالا بابەتی جینۆسایدی بارزانیەکان بچێتە ناو بەرنامەی خوێندنی قوتابخانە و زانکۆکانەوە و چەندین سەنتەری لێکۆڵینەوە و مۆزەخانە بۆ بواری جینۆساید دامەزرێنرێن و ڕوداوی جینۆسایدکردنەکان و دۆکومێنتەکان بکرێتە فیلمی سینەمایی.
گرنگی دۆسیەی جینۆساید
جینۆساید دۆسیەیەکی سیاسی و یاسایی گەورە و گرنگە بەدەست گەلی کوردەوە بۆ بەهێزکردنی ئاساییشی نەتەوەیی لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی، گەلی کورد دەتوانێت گوشارەکانی بۆسەر بەغدا زیاد بکات، لەلایەکی تریشەوە دەکرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەم پرسە کاری لەسەر بکرێت بۆ سەرخستنی پڕۆسە هەستیارەکانی وەک سەربەخۆبوون و دامەزراندنی دەوڵەت، بۆیە ئەرکی هەموانە وەک لەپێشەوە باسمکرد هەنگاوەکان خێرا بکرێت بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەم تاوانە.
لەکۆتایدا هیوادارم یادی ئەنفالی بارزان بکرێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەنفال، بۆ هەولدان بۆ ئەوەی ڕووداوی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە، پێویستە ڕێزگرتن لەکەسووکاری ئەنفالکراوان بکرێتە کەلتوورێکی نەتەوەیی و نیشتمانی . [1]