نامەکە بۆ دڵدانەوە و ئاشتکردنەوەی #نەوشیروان مستەفا# نووسراوە پاش ئەوەی بە چەند هۆکارێک دڵی لە مام #جەلال تاڵەبانی# دەڕەنجێت.
مام جەلال لە بەشێکی نامەکەدا دەنووسێت؛ من بیستوومە تۆ چاوی لوتفت لە ئاستی من نوقاندووە، دەی من ئەوە ناکەم، من ئامادەم بێم بۆ لات، لە هەر شارێک تۆ دای دەنێیت، پێم خۆش نییە بێیت بۆ لام، چونکە دەمەوێ تاکو بە ڕاشکاوی هەموو قسەی خۆمت بۆ بڵێم، تۆ جێگە دانێ و من دێم بۆ لات، کاکە نەوە من لە پێناوی یەکێتیدا چوومە بۆ لای کەسانی وەها، کە کڵاشە کۆنەکەت تاجی سەریان دەهێنێت، ئیتر چۆن نایەم بۆ لای تۆ، حەز دەکەی زویربە، من دێم - بکل فخر و اعتزاز- چاکت دەکەمەوە و دێم بۆ لات.
بۆچی تۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەدام بکەی، لەگەڵ هەڤاڵ و برا و هاوڕێی دێرینی خۆت نایکەی؟ برا گیان کاکە نەوە، دەست بخەرە سەر ویژدانی خۆت، بیرێکی قوڵ لە وەزعی کورد و (ی. ن. ک) و برایەتی خۆم و خۆت بکەرەوە، ئەوسا بڕیار بدە.
لێم زویر مەبە، بە بیرت بخەمەوە من پیاوێکی ترسنۆک نیم، نە لە شەڕ ترساوم نە لە قسە، نە لەململانێ، بەڵام زۆر زۆر زۆرم پێ ناخۆش دەبێ هەرە سوکەکەیان لەگەڵ برایەکی وەک تۆ ببێ، کە بە درێژایی (هیچ نەبێ) 17 ساڵ بە جێگەی هیوای خۆم و گەلەکەمم داناوە و پێم وابووە ئەو لە من باشتر و چاکتر دەبێ بۆ کورد و کوردستان.
ئیتر چاوەڕوانی وەڵامم تا ئەوسا بە گەرمی ئەملا و ئەولات ماچ دەکەم. [1]
برای دڵسۆزتان مام جەلال
#21-01-1992#
#سەڵاح ڕەشید#
پەڕتووکی #بروسکەنامە#- نامە و بروسکەی نێوان مام جەلال، #مەسعود بارازانی#، نەوشیروان مستەفا. 1990-2009