$ئایا ژیان لە دەمانی کۆمۆنیزمدا باشتر نەبوو؟$
#ئیدریس مستەفا#
ئەمە پرسیارێکی ڕێکخراوی سەربەخۆی میدیای جیهانییە بە ناوی Open Democracy یەوە کە لەو وڵاتانەی جاران ڕژێمی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی تێدا حوکمدار بوو کراوە، وەک ڕوسیا خۆی و وڵاتانی پێشووتری یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی ناوچەی بەڵکان و دەریای بەڵتیک و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا. وەک دەبینین وەڵامەکان زۆربەی پۆزەتیڤە و خوازیاری ژیانی ئەو دەمەی جارانن. ئەو پرسیارە بە بەڵگەیەکی ژمێریاری وردەوە ئەو بابەتەی بڵاو کردۆتەوە. بە پێی هەموو سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان وەک حکومەتەکان و ڕێکخراوەکانیان بەتایبەت لە دونیای ڕۆژاوا، جیهان لە دوای ڕووخانی مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی سۆڤیەتی و سەرکەوتنی مۆدێلی سەرمایەداری دیموکراسی و بازاڕی ئازادی ڕۆژاوا بەرەو خراپ و خراپتر دەچێ. هەژاری و دەربەدەری و تێکچوونی وڵاتان و سەرهەڵدانی تیرۆریزم لە چوارچێوەی ئاییندا و کۆنەپەرستی و گەڕانەوە بۆ کەلتوورەکانی سەدە تاریکەکان هەڕەشەیە بۆ ژیانکردنی ئینسانی ئەو ناوچانە. سەرچاوەکانی ڕێکخراوە جیهانییەکان وەک UN دەڵێن تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 83 ملیۆن کەس ئاوارەی ماڵ و حاڵی خۆیان بوون لە ناو وڵاتانی خۆیان و سنوورەکانی دەوروبەریاندا. زیاتر لە یەک ملیار و سێ سەد ملیۆن مرۆڤ لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. زیاتر لە 800 ملیۆن کەس ناتوانن تێر بە زگی خۆیان نان بخۆن. بێکاری یەکێکە لە پایە سەرەکیەکانی دونیای دوای ڕوخانی بلۆکی کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی کە تەنیا لە ئەوروپادا 50 ملیۆن کەس بەرەو ڕووی بێکاری بوونەتەوە. لە هیچ سەردەمێکدا دونیا ئاوها نا ئاساییشی و بێ ئارامی تێدا بەرقەرار نەبووە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی و سەرهەڵدان و درووستکردنی ڕێکخراوە تیرۆرستیەکان و جەنگی ساردی نوێی نێوان ئەمریکا و چین؛ ترس لە شەڕی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئەمریکا و ڕوسیا و کۆریای باکوورەوە کە گەر ڕووبدات گەر جیهان مەحف نەبێتەوە ئەوا نیوەی مرۆڤایەتی لە ناودەچن و ژیان کردن لەسەر گۆی زەوی مەحاڵ دەبێت. ڕێکخراوی تەندرووستی Hasting Center کە تایبەتە بە کاروچالاکییە تەندرووستی و زانستیەکان دەڵێ لە هیچ دەورەیەکدا مرۆڤایەتی ئەوەندە ترسی لەسەر نەبووە سەبارەت بە پەرەسەندنی نەخۆشیەکانی وەک دڵ و شێرپەنجە و ئازما بەهۆی تێکچوونی ژینگەوە. کوشت و بڕی ناوخۆیی لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا بەراورد ناکرێ بە هیچ دەورەیەکی تری دەورانی دوو قوتبی. ئەوەی جێگەی سەرنجی منە لە وڵاتانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی باشووری ئاسیا بە تەواوی ڕێگە نادرێ ژمێریاری تەواو بکرێ ئەگەر نا ژمارەکان زۆر لەسەروو ترەوەن بەتایبەت لە بواری جیاوازیە چینایەتیەکان. لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەندەڵی لە دەسەلاتدارێتی و ئیداریدا جیاوازیە چینایەتیەکانی گەیاندۆتە لوتکە. لە خودی وڵاتانی بزنس؟! ئەو کارە دەکات. لە ڕۆژاوادا ئەوە بۆتە وێردی سەر زمان کە ڕۆژ بە ڕۆژ دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەبن و هەژارەکانیش هەژارتر. بۆ نموونە تەنیا لەم دەورانی کۆرۆنایەدا، ساڵی 2020، کۆمپانی ئەمازۆنی ئەمریکی نزیک بە 22 ملیار دۆلاری ئەمریکی قازانجی کردووە. [1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 676 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!