$تێکدانی زمانی کوردی بەردەوامە$
#ئیدریس مستەفا#
ئێستا لە یەکێک لە تەلەفیزۆنە کوردییەکان ئەم ناونیشانەم دیت: (ئەمڕۆکە سیمپۆزیۆمی هاوڕێ و دوژمن لە سیاسەتدا بەڕێوەدەچێ). مامۆستایەکی زانکۆش قسەی لەسەر دەکرد.
دەزانم چەند ساڵێکە وشەی ئینگلیزی بە لێشاو بەکاردەهێنرێ لە میدیاکان و ئاخاوتنی نێوان کەسەکاندا، بەڵام لەم دواییانەدا ئێجگار ناخۆشیان کردووە. ئەو وشانە کە بەکاردەهێنرێن نە چەمکن تاکو بڵێی مانایەکی تایبەتی هەیە و نە ئینگلزیش دراوسێمانن تاکو بڵێین وشەکانیان بەکاردەهێنین. بەکارهێنانی وشە گەلی عەرەبی و فارسی وتورکی بە ئاسایی تر دەزانم وەک لە ئینگلیزی چونکە ئێمە لەگەڵ ئەو زمانانەدا بەریەک کەوتنمان هەیە بۆ سەدان ساڵ. بەڵام ئەو وشە ئینگلیزیانە هیچ مانایەک و حیکمەتێکی تێدا نییە جگە لە بەکارهێنانی هەندێ دەستەواژەی سیاسی و فەلسەفی و تەندرووستی و تەکنۆلۆجی کە ماناکانیان لە کوردیدا و زمانەکانی تریشدا نین. باشە گەر ئینگلیزیەیەکی بەکاربهێنی و عەرەبیەکەی یان فارسیەکەی بەکارنەهێنی ئەوە بە مانای پلەباڵایی تۆ دەگەێنێ لە ڕووی ڕۆشنبیری و زانینیەوە؟ وشە کاتێک دێتە ناو زمانێکەوە کە پێویستی پێی بێ لە بوارێکدا نەک بۆ زەوق و خۆرادان بەکاربهێنرێ. ئەو وشانەی بەکاردێن، کە هەندێکیانم ڕیز کردووە لە خوارەوە، ئەو وشانە نین تاکو زمانی کوردی بەرانبەرەکەی نەبێ. بەڵکوو لە کوردی هەمانە و وشە کوردییەکان زۆر خۆشتر و پڕ بەپێستترن کەچی بەکارناهێنرێن. ئەم تەوژمە زۆر ترسناکە کە نێوەندی ڕۆشنبیری لە میدیاکان زۆرتر بەکاری دەهێنن. یەکێک لە خەباتە نەتەوەییەکانی کورد مەسەلەی زمان بوو کەچی ئێستا وا بەرەو تێکشکان دەچێ تاڕادەی داڕووخان و نابوت کردن. ئەو وشانە کە بەکاردەهێنرێن بۆ ئەوەیە بڵێن کەسەکە موسەقەفە، گوایە گەر وشەی ئینگلیزیت بەکارهێنا ئیتر تۆ گرنگی بەڵام ئەمە جگە لە خۆهەڵکێشان و فشە و نەزانین هیچی تر نییە ئەمە جگە لەوەی بە سەقەتی دەوترێن. وشەکان زۆرن بەڵام ئەمانە هەندێک لەو وشانەن کە گوێم لێ بوون لەم دواییانە: (ئیڤێنت، جۆین، فرێند، ڕپیت، شۆک، سیمپۆزیۆم، سوپیز، سپانسۆر، ئارتیکەڵ، کواڵیتیی، ئێکزستانسیالیستی، دیبەیت، سترێس، کۆنتاکت، ستراکچەر یان ستراکتۆر، وۆرک شۆپ، پاکەیج، تەندەر، ویکەند، ستەیج، وەت ذە فەک ئەم جنێوە پیسە لە تەلەڤزیۆنەکانەوە گوێم لێ بووە، کەڵەر، کافێ، کۆنەکشن، . . هتد. [1]