$ئایا هەڵبژاردنی کوردستان، سازانێک بوو لە ئیمارات یاخود سزایەک بوو لە کوردستان؟!$
#ئیدریس مستەفا#
نووسینێک بڵاوبۆتەوە دەربارەی ئەوەی گوایە ئەم هەڵبژاردنەوەی دوایی کوردستان لە مێژە ژێربەژێر ئیشوکاری بۆ کراوە و ئەوەی ڕوویدا هیچ نەبوو جگە لە سیناریۆیەک. لە ڕاستیدا تێڕوانینی ئاوها دەچێتە خانەی تیۆری موئامەرەوە (کۆنسپیرەیسی تیۆری) یەوە؛ ئەمە جگە لەوەی نووسینەکە هیچ بنەمایەکی بەڵگەیی واتە سەرچاوەیی دیاریکراو یاخود باوەڕپێکراوی نییە و ئەو کەسە بە مەزەندەکانی خۆی کە هەر یەک لە ئێمە دەتوانێ لە شوێنێکەوە شتێکی بیستبێ بیکاتە نووسینێکی ئاوها. تەواوی هەڵبژاردنەکانی کوردستان سازانی تێدا بووە لەنێوان هێزە کوردییەکان خۆیان و ئەمە شتێکی نوێ نیە، بەڵام ئەوە سەیرە کە پێمان وابێ سازانی دەرەوەی کوردستان شتێکی عەجیب و غەریب بێ کە وانیە. پاشان، دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی وڵاتێکی بێ دەرگا و پەنجەرەی وەک ئێڕاق و هەرێمدا لە لایەن دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەمریکاوە ئەلفبێی سیاسیە لە فەرهەنگی ئەو وڵاتەدا.
خاسیەتێک لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەیە، کە ئێمەی کورد بەشێکین لێی، باوەڕکردن بە شت ئاسانترە وەک لە بیرکردنەوە لێی. دیارە ئەوە بۆخۆی دەرئەنجامی کۆمەڵێ هۆکاری سیاسی و مێژووییە کە هاووڵاتیانی بەو ئاستە گەیاندووە. کاتێک هەر ڕووداوێکی سیاسی دێتە پێش یاخود ڕوودەدات، ڕاستەوخۆ دەوترێت کورە ئەوە دەستێکی لە پشتە یاخود ئیشی خۆیانە و تەواو. لە کوردستان ڕاستەوخۆ و یەکەم لایەن ناوی بهێنرێت پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئەم تێگەیشتنە گەر لە لایەنێکیدا ڕاست بێت ئەوا لە لایەنێکی تردا هەڵەیەکی گەورەیە و بگرە بیر و دیدمان بەرەو ئاڕاستەیەکی ناڕێک دەبات.
لێرەوەیە زۆرێک لە هەڵسەنگاندن و شیکارکاریە سیاسیەکانی ئێمە بۆ ڕووداوە سیاسیەکان ناتوانێ بابەتی واتە مەوزوعی بێت. باوەڕهێنان بە تیۆری کودەتایی بۆیە خراپە چونکە حساب بۆ هاوکێشەکان و هاوسەنگی هێزەکان و ڕووداوەکانی بەردەممان ناکات لە کاتێکدا سیاسەت واتە هاوکێشەی سیاسی و هاوسەنگی هێز و ڕووداو کاتێ باس بێتە سەر لێکدانەوەی ڕووداو و پێشهاتەکان.
بۆ نموونە، هەلبژاردنی ئەم دواییە وەک هەر هەڵبژاردنێکی تر پێشبینی دەکرا بەڵام مەسەلەکە هەر بە پێشبینیەکان تەواو نابێت. واتە مەسەلەکە هەر ئەوە نییە کە پارتی هەر دەیباتەوە، بەڵکوو مەسەلەکە ئەوەیە پارتی (جا پێمان خۆش بێ یا ناخۆش، ڕازی بین پێی یان نا، باش یان خراپ) وەک هێزێکی ڕێکخراو ئیش بۆ کۆکردنەوەی دەنگدان دەکات. پارتی تەنزیمی هەیە، پارەی هەیە، هێزی هەیە، موچەخۆری هەیە و هەڕەشەی هەیە و ئیدی دەنگدانەکە دەباتەوە. ئەو دیدەی کە پێی وایە پارتی لەم هەڵبژاردنەدا سازانی کردووە لە وڵاتێکی تر، ئەوە دیدێکی ناڕاستە، گەر ڕاستیش بێت، پارتی ئەوەی کردبێ. بۆچی؟
لە کوردستان کێ هێزی هەبێ و سەرچاوەی دارایی لە لای بێت ئەوا دەیباتەوە و سی ساڵی ڕابردووش ئەمەی سەلماندووە. گەر بێتوو دەنگدانیش نەباتەوە ئەوا دەسەڵات هەر لە لای خۆیەتی و قسەی یەکەم ئەوە. ئایا دۆڕاندنی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکەی پێشووتر هیچی لە هاوسەنگی هێز گۆڕی لە ناوچەی سلێمانی؟ یەکێتی هەر تاکە دەسەڵاتداری ئەوەڵ و ئاخیری ناوچەی سلێمانی بوو. لەنێو ئەم واقعە تاڵەشدا، هەندێ ڕاستی تر هەن ناکرێ نەبینرێن وەک هێزی بایکۆت، دۆڕانی گۆڕان، کەمکردنەوەی دەنگەکانی پارتی و یەکێتی و ئەوانی تر. ئەوەی گۆڕانی لە گۆڕەپانی هەڵبژاردن کردە دەرەوە دەنگدان و دەنگنەدانی خەڵکی بوو بە گۆڕان واتە گۆڕان لە کوردستان سزا درا نەک سازان لە ئیمارات وای لێ بکات. ڕێژەیەکی دیاریکراوی کورسیەکانی پارتی هی ئەو ئیشکردنەی خۆی بووە کە هەمیشە هەر ئاوها ئیشی بۆ کردووە وەک پێشووتر ئاماژەم پێدا جا باش یا خراپ، جوان یا ناشیرین کە بەڕای من هەر هێزێکی تری سیاسی لە کوردستان هەر ئاوها ئیش دەکات وەک ئیستیغلالکردنی مووچە و پلە و پایە و دەم چەورکردن و فڕوفێڵ و تۆقاندن و ڕێکلامی مەزن وەک نمایشکردنی جەماوەری لە شار و شارۆچکەکان. ژمارەی کورسیەکانی یەکێتی پێش ئەوەی سازانی لە ئیمارات بۆ بکرێ، سزای بارودۆخی نێوخۆی یەکێتی بوو.
ئەم ڕاستیانە هەموان دەیزانین و پەنابردنە بەر تیۆری کۆنسپیرەیسن دید و بیری سیاسیمان لەنگ دەکات و ناچالاک دەیهێڵێتەوە. وەک گوتم منیش وەک هەر تاکێکی ئەو کۆمەڵەگەیە دەزانم هیچ جیهاز و تەکنۆلۆجیایەک ناتوانێ فرت و فێڵی دەنگدان بوەستێنێ بەڵام ناکرێ سەروبەری هەڵبژاردنێک هەموو بخرێتە ژێر مەنەگەنەوە بە بیانووی ئەوەی پێشوەختە ئیشی بۆ کراوە. زۆرێک لە ئێمە و مانان و خەڵکانی تری چاودێر پێشوەختە درکیان بەوە کردووە کە گۆڕان و یەکێتی سزا دەدرێن لە لایەن خەڵکەوە و نەوەی نوێ کورسی زیاتر دەهێنی و پارتیش کورسی خۆی زامن کردووە جا بەهەر شێوەیەک بێت.
لەم هەڵبژارنەدا خەڵک ئەوەیان گوت ناحەزەکەم یا دوژمنەکەی بەرانبەرم باشترە وەک لە ناحەزەکەی یا دوژمنەکەی تەنیشتم. پارتی، لەوەتەی هەیە ڕاستگۆ بووە لەگەڵ خۆی و خەڵکانی خۆیان و دەرەوەی خۆشیاندا. چۆن؟ پارتی لەوەتەی هەیە پڕوپاگەندەی شتێکی نەکردووە کە وانەبووبێ. بۆ نموونە، پارتی حزبی بنەماڵەیەکی دیاریکراوە و نەوە دوای نەوە دێنە سەر کورسی دەسەڵات؛ چارەنووسی سیاسی کوردستان پەیوەست دەکەن بە چارەنووسی دەسەڵاتی حزبی خۆیانەوە و ئەمەیان لە چەندان شوێن دووپاتکردۆتەوە؛ دەڵی ئەوەی لەگەڵم بێت بەشێکی هەر بەردەکەوێ؛ دەنگم پێ بدە پارەت پێدەدەم و . . . . هتد. هێزێکی وەک یەکێتی و گۆڕان بە تایبەت گۆڕان، درۆزنترین هێزی سیاسی دەرچوون بەوەی جگە لە سیاسەتی قسەی باق و بریق و درووستکردنی کاراکتەری توڕە و دەمپیس و هەڵەشە و گەندەڵی ئەندام پەڕڵەمانێتی شتێکی تری نەکرد. ئەو ئەندام پەڕڵەمانانەی خەمی گیرفانی خەڵک بوون دەرکەوت تەنیا خەمی گیرفانی خۆیان بوون و بەس، بگرە هەندێکیان ئێجگار بێ مانا و بێ کەڵک دەرچوون و بە ئاشکرا کەوتنە کڕینی باخ و ڤێلا و سەیارەی کەشخە. مردنی ڕێکخەری گشتی و وەسیەتەکەی کە جگە لە زیادکردنی بنەمالەیەکی تری سیاسی و داگیرکردنی ناوچەیەکی بەرزی جوگرافی و بەجێهێشتنی چەندان بزنسی ملیۆن دۆلاری بە ویراسە بۆ هەردوو کوڕەکەی، ناوی چجەکەی تیا نیە، هەموو ئەو ئیدعایانەی بەتاڵ کردەوە کە خۆی بە هەژار و بێ باک لە ماڵ و موڵک و بنەماڵەچێتی نیشان دەدا. ئەم وەزعانە دەرگای درۆیەکی گەورەی لە بەردەم خەڵکدا کردەوە و چ بە دەنگنەدان و چ بە دەنگدان خەڵک تەرمی گۆڕانیان بەرەو گردەکە بەڕیکرد. ئەوەی گۆڕانی سڕ کرد ئەو مێژووە پڕ درۆ و فێڵ و پشتکردنە خەڵکیە نەک سازانی ئیمارات. گۆڕان لەوەناچێ هەرگیز هەڵسێتەوە گەر بشبێ زۆر بە کزی. مانگا مرد و دۆ بڕا. جارێکی تر نە شیری ناڕەزایەتی خەڵک و نە شیری کەسێتی ڕێکخەری گشتی نادۆشرێ بۆ گۆڕان و گۆڕانەکان. [1]