$سەبارەت بە وشەی خوێڕی$
#ئیدریس مستەفا#
کورتە باسێکە و تەنیا ڕای خۆمە لەسەر بنەمای هەندێ بەڵگەی مێژوویی وشەگەلی تر کە ئێستا لەنێو ئێمە و گەلانی تردا بەکاردێت.
لە زانستی نوێی زماندا، گەڕان بە دوای سەرچاوەی وشەدا هەر بە تەنیا بە بەڵگەی بەردەست یاخود شوێنەوار ناسیدا نییە بەڵکوو بە کۆششێکی مێژوویی بۆ وشەکە دەتوانرێت سەرچاوەکەی دیاری بکرێت. وشەی خوێڕی یەکێکە لەو وشانەی کە ئێمە دەتوانین لە دەرئەنجامی هەندێ بەرکەوتەی مێژووییەوە بگەین بە سەرچاوەی وشەکە. دیارە ئەو وشانەی بۆ ئاست نزمی کۆمەڵایەتی وەک جوێن و سوکایەتی بەکاردێت زۆربەیان لە بنەڕەتدا وشەی شکۆدار بوون بەڵام کە وشەکە لێ دەکەوێت ئیدی بێ شکۆ دەبێت. ئەو وشانەی ئاوهان چیرۆکی سەرگەردانی میللەتێ، نەتەوەیەک یان خەڵکانێک دەگێڕنەوە کە بوونتە قوربانی دەستی مێژوو. بۆ نموونە لە میسر، کاتێک یەکێک بیەوێ کڵاو بنێتە سەر کەسێکی تر ئەوەی بەرانبەر پیی دەڵێ چییە بە کوردمان دەزانیت. ئەم وتەیە لەوەوە هاتووە کاتێک کوردەکان لەو وڵاتە بێ پشت و پەنا دەمێننەوە و دەبن بە کەمایەتیەکی کۆمەڵایەتی و پەراوێزخراو ئیتر دەبنە بنێشتە خۆشەی سەر زمانی ئاخێوەرانی میللەتانی سەردەست. بۆ نموونە تورکیا چەندان ساڵ ئیشی فەرهەنگی و سیاسی لەسەر ئەوە کرد کە وشەی کرمانج بکات بە وشەیەک کە مانای گوندی و ناشارستانی و نەخوێدنەواری بگەێنیت. لە نێوخۆی خودی نەوەیەکیشیدا ئەم کەم نرخکردنە هەیە کە زیاتر جیاوازیە چینایەتی و مەزهەبی و ناوچەیی و کۆمەڵایەتییەکان درووستی دەکەن. وشەکانی قەرەج و لەک و مسکێن و جوولەکە و بەدوی نیمچە دورگەی عەرەبی و بگرە چەمچەماڵی و هەولێری و. . . هتد ئەوانەن کە لە کاتی ئاخاوتندا بۆ ئاست نزمی شتێک جا ئەو شتە کەس بێ یا ڕووداوێک بێ یان بۆ دەربڕینی مەقوەلەیەک بەکاردەبرێت. (سەبارەت بەو چەمچەماڵی بوونە باسێک دەکەم چونکە لەوێ لە دایکبووم و زۆر جاران برینداریان کردووم بەو وشەیە.)
نموونەیەکی تر کە زۆر گرنگە لای من بێ نرخکردنی کەسایەتیەکانی نەتەوەی بن دەستە لە لایەن میللەتی سەردەستەوە و دواتر کردنی بە فەرهەنگی گۆرانی و قسەکردن. لەوانە حەمەتاڵی بانە، کەسێتیەکی بەرەنگاری خوازی دژ بە ڕژێمی شای ئێرانی بووە و ناو و نازناوی باش دەردەکەوێ لە نێو کوردانی ڕۆژهەڵاتدا بەڵام هەر زوو ئەمە پێچەوانە دەبێتەوە و دەکرێ بە ڕێگر وەک چۆن سمکۆ دەکەن بە ڕێگر و چەتە ئاوهاش حەمە تاڵی بانە کە سەرەرێ ناوی گردێکە لەوێوە بەرگری کردووە کەچی دەکرێ بە حەمەتاڵی بانەی سەر ڕێگر و ئێستاش لە گۆرانیەکانی کوردانی ڕۆژهەڵاتدا بەتایبەتی ئەو گۆرانیانە بە ناوبانگن کە دەڵێ: سەرە ڕێیەکەت لێدەگرم وەک حەمەتاڵی بانە. وەک دەڵێن بە دەستکیسەی شاعیرێکی جاشکورد ئەمە کراوە و لێرەدا ناچمە سەر ئەو چیرۆکە.
وشەی خوێڕی، دووبارە وەک ئیجتیهادێکی شەخسی خۆم، و بە پشت بەستن بەو نموونگەلە مێژووییەی باسمان کرد سەرچاوەکەی لە 'خۆرییەکانەوە یان حۆرییەکانەوە یان هۆرییەکانەوە هاتووە. حۆری وەک هەر وشەیەکی تر ئاڵوگۆڕی بەسەر دادێ و دەبێتە خۆری. هەر وەک چۆن پێدەچێ وشەی کرمانج لە کوردمادەوە هاتبێ ئاوهاش وشەی خوێڕی لە وشەی خۆریەکانەوە دێت.
خۆریەکان یان حۆریەکان یان هۆریەکان ئەو خەڵکە مێژووییانەی ناوچەکەی ئێمەن و لەوەش دەچێ یەکێک بن لە باپیرە و داپیرەکانی ئێمە وەک کورد. لە هەزارەی دووەمی پێش زاینەوە دەسەڵاتێکی فراوانیان هەبووە و وەک هەر پاوانخوازێکی تری مێژوویی لێدەکەون و پاشماوەکانیان دەمێنێتەوە و ئیدی گەر خاوەنیان بۆ پەیدا ببێتەوە ئەوا مانای مێژوویی خۆیان لە دەست نادەن و ئەگەریش نا ئەوا دەبن بە گەمەوشەی سەرزاری میللەتانی سەردەست. دیارە لە هەندێ بڕگەدا شکۆی خۆی لە دەست نادات وەک وشەی خۆر یاخود حۆری لە ئایینی ئیسلامدا کە بە ئافرەتە هەرە قەشەنگەکانی بەهەشتەکەی خۆیانی ناودەبەن و هۆکارەکەش دیارە کە لەوەدەچێ ژن و کچی ئەم ناوچەیە ڕەنگی پێست و قژ و چاویان جیاوازتر بووبێ وەک لە مرۆڤی بیابان و ئیدی بووە بە ئەفسانەی نێو ئایینەکەیان. بەڵام کاتێک خۆریەکان دەکەون و پێدەچی پشماوەکانیان هەر وەک ئێستا بێ ئەرزش مابێتنەوە و بووبێتن بە پەندی زەمانەی دەورانی خۆیان و ئیدی کەسێک بێ دەربەست بکرێ و داببڕدرێ لە جێگە و ڕێگەی خۆی و لە کۆمەڵگەدا بێ کەس بکری و نەتوانێ داکۆکی لە شوناسی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و وڵات ئامێزی خۆی بکات دەڵێن ئەوە خۆریە، خوێڕیە کە بە مروری زەمەن بووە بەم خوێڕیەی ئێستا کە ئێمە بەکاری دەهێنین بۆ نامەردی و ترسنۆکی.
من لە ڕوانگەیەکی تریشەوە بۆ ئەم وشەیە دەچم کە ئاوهای هاتبێ چونکە کورد جیا لەهەر میللەتێکی تر یاخود بڵێم وەک هەر میللەتێکی ژێر دەست یاخود دووەم پلە خۆیان شکۆداریەکانی خۆیان بێ نرخ دەکەن و بە پێچەوانەشەوە بێ شکۆییەکان شکۆدار دەکەن.
لە ئاستە هاوچەرخیەکەشیدا ئەم پرۆسیسی بە کەم تەماشاکردن و بە وشەکردنی ناوەکان بۆ بە ماناکردنیان ئێستاش هەر برەوی هەیە، بەڵام ئەمەیان بۆ باسێکی تر هەڵدەگرم. [1]