وەرگێڕ: عیسا بۆتانی
سەرهەڵدان و دامەزراندنی قوتابخانەی سۆمەری لە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی داهێنانی شێوازی نووسینی مێخی (بزماری) بوو، کە بووە هۆی پێشکەوتنی شارستانییەت لەو وڵاتەیە دا.
یەکەمین دیکۆمێنتی نووسرای پەیوەست بە قوتابخانە لە شاری (ئۆرۆک/وارۆک) دۆزرایەوە و لەمیانی هەزار خشتی بچووکی قوڕین کە بەشێوازی ڕێنووسی وێنەدار نووسرا بوو؛ بەشێکیان تایبەت بوون بە وانەوتنەوە و ڕاهێنان و مێژوویان بۆ بەر لە 3000 ساڵی پێش زایین دەگەڕێتەوە. لەو سەردەمەدا بیر لە خوێندن و شێوازەکانی وانەوتنەوە کراوەتەوە و چەند سەدەیەک لەپاش ئەوە پێشکەوتنی بواری پەروەردەیی بەهێواشی بەڕێوەچووە، تاکوو پاش ئەو قۆناغە ژمارەیەک قوتابخانەلە سەرتاسەری وڵاتی سۆمەردا دەرکەوتن و لە شاری شرۆباک کە دەکەوتە نزیک ئۆرۆک وانەی نووسین بەشێوازێکی ڕێکخراو گوتراوەتەوە.
لە ساڵی 1902 و 1903 کاری کنە و پشکنین لەو ناوچەیە کرا و ژمارەیەک لە گلەنووسی قوتابخانە دۆزرانەوە کە مێژوویان بۆ 2500 ساڵی پ.ز دەگەڕایەوە و لەو سەردەمەدا بۆ فێرکردنی قوتابییان بەکار هێنراون، لە ئەنجامی پشکنینەکان بەهەزاران تابلۆی قوڕین دۆزرانەوە کە پەیوەندییان بە لایەنی کارگێڕی و ئابووری و هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان هەبووە و لەنێو ئەو گلەنووسانەشدا بەشێکیان بە مەبەستی خوێندن و قوتابخانە نووسراونەتەوە و ئەوەیە کە هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە لەوەی قوتابخانەکانلە سەرتاسەری ئەو وڵاتە جێی بایەخ بوونە و کاریان بۆ پێشخستنی بواری خوێندن و فێرکردن کردووە.
سەرەڕای ئەوەی ئەو گڵەنووسە قوڕییانە بەس نین بۆ ئەوەی سیستەمی قوتابخانە سۆمەرییەکان و شێوازی بەڕێوەبردنی بزانرێت کەوا چۆن و بە چ شێوەیەک بووە، بەڵام دۆزینەوەی ئەو ژمارە زۆرەی تابلۆکان کە چەندین جۆر ڕاهێنانی قوتابخانەییان لەخۆوە گرتووە و لەمیانی وەرگێڕانی بۆ زمانی ئەمڕۆ ئاشکرا بووە کە خشتەکان وەکوو ئەرکی ماڵەوە لە لایەن قوتابییەکانەوە نووسراونەتەوە و بەشێکیان بە دەستخەتی جوان و هەندێکیشیان بە دەستخەتی ناڕێک و ناشرین نووسراون کە ئەمەش بۆ ئاستی زیرەکی و لاوزای قوتابییەکان دەگەڕێتەوە. تەنانەت باس لەوەش دەکرێت کە مامۆستایانی سۆمەریی وتار و نووسینەوەیان لەبارەی شێوازی وانەوتنەوەی ئەو سەردەمە هەیە، بە هۆی ئەمەوە لە ئێستادا ئەگەر زانیارییەکان کەمیش بن بەڵام بیرۆکەیەکیان تۆمار کردووە کە مەبەست و ئامانج لە خوێندن و قوتابخانەکان چ بووە و لەبارەی قوتابی و دەستەی مامۆستایان و پرۆگرامی خوێندن و شێوازی وانەوتنەوەی ئەوسا و لە ڕێگەی نووسینەوە لەسەر خشتە قوڕییەکان ئەوەیان ڕوونکردووەتەوە.
شوێنەوارناسان بەدواداچوونیان کردووە و ئەوەیان لەلادا ئاشکرا بووە کە مەبەستی سەرەکی لە دامەزراندنی قوتابخانەی سۆمەری بۆ ئامادەکردنی پسپۆڕان و مەشقی پیشەیی بووە تاکوو لەو ڕێیەوە نووسەران بۆ کایەکانی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی وڵات و تەنانەت بۆ پەرستگا و کۆشک ئامادە بکرێن، وردەوردە ئەو قوتابخانانە گەشەیان کردووە تاکوو پرۆگرامی خوێندنیان فراوانتر بوو و بوونەتە مەڵبەندی زانست و ڕۆشنبیری لە وڵاتی سۆمەر دا.
لێکۆلەرەوەیەکی ئەڵمانی بە ناوی نیکۆڵاس شنایدەر کە پسپۆڕی بواری نووسینەوەی مێخییە باسی لەوە کردووە کە فێربوون لە قوتابخانەکانی سۆمەریدا نە تەوزیمی و نە ئارەزوومەندانەش بووە، و زۆرینەی قوتابییەکان لە خانەوادە دەوڵەمەندەکان بوونە و مووچەی مامۆستایان لە لایەن ئەو خانەوادانەوە دابین کراوە ... بۆیە خانەوادە هەژارەکان نەیانتوانیوە منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندن و شنایدەر ئەوەشی خسووەتە ڕوو کە ناوی هیچ نووسەرێکی ئافرەت لەو گلەنووسانەدا نەهاتووە و ئەوەش دەیسەڵمێنێت کە قوتابییانی ئەو قوتابخانانە تەنیا کوڕ بوونە.
کە دەگوترێت کورد لە ڕەچەڵەکی سۆمەرییەکانن بە هۆی بەڵگە و دیکۆمێنت و زانیارییە مێژووییەکانە کە لە تابلۆ قوڕییەکاندا هاتوون، سەبارەت بەمە د. مەهدی کاکەیی پسپۆڕی مێژوو و شاستانییەتە دێرینەکان، دەڵێت: ئەگەر تەنیا کەسێک ئەندامی ئەو تیمە بوایە کە گلەنووس و تابلۆکانی سۆمەرییان خوێندەوە کورد بوایە، ئەوسا بەبێ دوودڵی ئەو تیمە دەیوت سۆمەرییەکان کوردن، بەڵام لەبەر ئەوەی کوردیان لەگەڵ نەبووە بۆیە هەر کەسە و دێ دەڵێت سۆمەریەکان ئێمەین. هەروها لێکۆڵەرەوەیەکی دیکەی کورد دەڵێت: ئەگەر کەسێکی سۆمەری و کوردێکی ئێستا بەیەکەوە قسە بکەن، ئەوە بە ڕێژەی ٪70 لەیەکتری تێدەگەن، لەبەر ئەوەی هەردوو زمانی سۆمەری و کوردی بەو ڕێژەیە لەیەکترەوە نزیکن و بەشێک لەو وشە کوردییانەی کە ئەمڕۆ کورد بەکاری دێنن لەگەڵ وشە سۆمەرییەکانی ئەوسا نەک هەمان واتا دەدەن بەڵکوو دەقاودەق وەک یەکن.
بە نموونە ئەمانە هەندێک لەو وشە هاوبەشانەی نێوان سۆمەری و زمانی کوردین:
(ئار، ئور-وار/خاک و زێد و نیشتمان) ، (کار-کار/ئیش و کار) ، (بالا-باڵا/بڵند) ، (بالا-باڵ/قۆڵ، پەڕوباڵ) ، (ئا-ئاو/ئاو) ، (ئارابانا-عەرەبانە/عەرەبانە) ، (ئارەزو-ئارەزو/هیوا و داخواز و نزا و پاڕانەوە) ، (گا-گا/نێرەی چێل، گامێش) ، (کال-کال/پیاوی بەتەمەن) ، (کال-کەل/کەلەپیاو، کەلەگەت، گەورە) ، (گلگامش-کەلەگامێش/گامێشی قەبە، کەلەکێوی) ، (گەل-گەل/میللەت، نەتەوە) ، (گشتۆ-گشتی/گشت، هەمووان) ، (گۆت گۆ-گۆتەگۆت/قسەوباس) ، (دڤیسار-نڤیسار/نووسەر) ، (دد-دوو/ژمارە دوو) ، (دەست-دەست/دەست) ، (شەشا-شەش/ژمارە شەش) ، (هەشە-هەشت/ژمارە هەشت) ، (ڕاست-راست/پێچەوانەی خوار) ، (باران-باران/ئاوی باران) ، (سەرکار-سەرکار/سەرپەرشتیاری کار) ، (دار-دار/بنەدار) ، (بەند-بەند/بەندە) ، (جی-جێ/جێگا و شوێن) ، (موش-مێش/مێش و مەگەز) ، (نەنە-نەنە/داپیرە) ، (نەمۆ-نامە/نامە) ، (نەندا-ناندین/نان، خۆراک، لە هەولێر ناندین ماوە) ، (کور-کوور/قۆر، قووڵ) ، (کور-کۆر/کۆرت، قۆرت) ، (ڕا-رۆ/رۆژ) ، (شە-جە/جۆ) ، (دەپ-دەپە/تەپە دار، تابلۆی دار) ، (کو-کۆ-کێو/شاخ، چیا) ، (برا-برا/برا لە دایک و باوک) ، (باپیرا-باپیر/باوکی باوک یان دایک) ، (ئابزو-ئاوزێ/ئاوی زێ، ڕووبار) ، (چیاسۆر-چیای سوور/چیای سوور) ، (مر-مار/مار) ، (سلان-شێلان/شێلانی هەویر) ، (ئارێ-هاڕێ/هاڕین، هاڕینی گەنم) ، (بر-بڕ/بڕین) ، (نو زو-نەزان/نەزان) ، (دۆس-دۆست/دۆست) ، (وێسا-وەستا/شارەزا) .
لە لایەکی دیکەشەوە هەر لەبارەی نزیکی و هاوواتایی وشەکانی کوردی و سۆمەریی، (محەمەد بەکر) لە نووسینێکیدا دەڵێت: ئێمەی کورد بۆ ڕۆژەکانی هەفتە وشەی شەممە بەکاردێنین، ناشزانین و ناشپرسین ئەرێ واتای شەممە چییە؟ شەممە واتای ڕۆژ دەگەیەنێت، لە شەمش (ئوتو) خوداوەندی ڕۆژ خۆری سۆمەرییەوە ماوەتەوە...بابلییەکانیش بەکاریان هێناوە و عەرەب تا ئەمڕۆش بەخۆر دەڵێت شەمس، چۆن بزانین وایە، ئایا زمانی کوردی هێندە ڕەگی لە مێژوودا هەیە؟ تۆ سەرنج بدە لە وشەی شەمشەمەکوێرە ڕێک یانی بە ڕۆژ کوێرە...کەواتە شەمە واتا ڕۆژ و وەلی دێوانەش دەڵێت: (ئەی شەمی شەوان، ئەی شەمی شەوان، ئەی شەمی بەشەوق چل چرای شەوان) . شەمی شەوان....واتا خۆری شەوان، مەدحی یارەکەی بەزیادەوە کردووە و دەڵێت وەک خۆر لەشەودا دەردەکەوی. هەڵە نەبم دڵدارەکەی هەر ناوی شەمسە بووە، کورد بەزۆری واتای شەم بە مۆم بەکاردێنێت، ئەی چۆن بزانین لە کوردستانی کۆندا هەمان ناوی خودای ڕۆژ واتا شەمش بەکارهاتووە؟ بەڵگە چییە.... هیچ پێویست بە خۆماندوو کردن ناکات، لە نووسینی تابلۆکەی دەربەندی بێلولەدا هاتووە: هەر کەسێک ئەم یادگارە لەناوببات خوداوەند شەمش و ئەدەد تۆوی نەهێڵن و لەناوی ببەن.
ئەوەی پەیوەستە بە لایەنی خوێندن و قوتابخانە لە مێژووی سۆمەرییدا و جێ و پێگەی لەبەڕێوەبردنی قوتابخانەکانی ئەو سەردەمەدا هەبووە مامۆستایە، لەمڕووشەوە دوای وردبوونەوە و بەراوردکرنی زمانەوانی و وشەسازیی سەبارەت بە وشەی (مامۆستا) ی ئەمڕۆ و (ئاممیا) ی سۆمەری و پەیوەندییان بەیەکەوە، وەک دەرەنجام بەدیاردەکەوێت کە: ئاممیا لە سۆمەری مامۆستا و شارەزا و برای گەورەیە، (وستات) لە فەیلی بەمانای شارەزا و وەستایە، لە کوردستان بەربڵاوە و هەتا ئێستاش وەستا بەکاردێ، عەرەبیش وەک ئوستە و ٲستاذ بۆ خۆی بردووە؛ کەواتە لێکدانی هەردوو وشە سۆمەری و فەیلی پەهلەویەکە دەبێتە: براگەورەی شارەزا و فێرکەر، مامۆستا، بۆیە دەشێ هەردوو وشەکە دوای پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە پەرتووکی (لە گلەنووسەکانی سۆمەر) لە نووسینی (سامۆئیل کەریمەر) دا هاتووە و بە بەراوردکردنەوی لەگەڵ سەرچاوەی دیکە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە: پێدەچێت وشەی (مامۆستا) ی ئێستا لە وشەی (ئاممیا) ی کوردی سۆمەری و لێکدانی لەگەڵ وشەی (وستات) ی کوردی پەهلەوی فەیلی هاتبێ، کە هەردووکیان بۆ وشەی مامۆستا و شارەزا و خبیر و فێرکار بەکارهاتووە. کەواتە ئەگەر: (ئاممیاستات، ئاماستا، ماماستا و پاشان بۆ مامۆستا) گۆڕا بێ زۆر بەجێ و ڕێتێچووە، لە کوردی ئێستاش زۆر ئاساییە (ئا) و (ما) جێگۆڕکێ بکەن وەک دەنگ، بۆ نموونە (ئامۆژن و مامۆژن) کە یەک وشەن لە ڕووی مانا و ئاوەڵناوی کۆمەڵایەتییەوە، کە دەکەنە خێزانی مام. وەک ئەگەری یەکگرتنی هەردوو وشەکەش، بەڵگە ئەوەیە کە ئیلامییەکان (ئیلام شار و ناوچەیەکی فەیلی نشینە) لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتی سۆمەرەوە هێرشیان کردووەتە ناوچەی قەڵەمڕەوی سۆمەریەکان و دواتر زمانی سۆمەری وەک زمانی نووسین لە سەردەمی ئەکەدییەکانیش کە بە ڕەچەڵەک سامی بوون هەر کاری پێکراوە، تێکەڵاوی درووست بووە، وەکوو تر ڕەچەڵەکی سۆمەریەکان بۆ باشووری کوردستان و سنووری وڵاتی سۆبار دەگەڕێتەوە، بۆیە یەکەمین نشتیمان و سەرزەمین وشەی (ئاممیا) باشووری کوردستانە و سۆمەریەکان لەگەڵ خۆیان بردویانە بۆ خوارووی میزۆپۆتامیا.
سەبارەت بە پرۆگرامی خوێندن لە قوتابخانەکانی سۆمەریدا ڕوونکراوەتەوە کە بریتی بووە لەدوو بەش، بەشی یەکەمیان دەکرێت بە زانستی ناو ببرێت کە پشتی بە لێکۆڵینەوە بەستووە و بەشەکەی دیکەشی تایبەت بووە بە داهێنان و بەرهەمی وێژەیی.
زانا و شوێنەوارناسەکان لە ئێستادا گرینگی پرۆگرامەکانی خوێندنی ئەو سەردەمە دەزانن کە پەرتووک بووە لەشیوەی گلەنووس کە نەک تەنیا ناوی درەخت و چەندین جۆر گیانەوەر و ڕووەک و باڵندەی لەخۆوە گرتووە، بەڵکوو ناوی شار و وڵاتانی ئەوسا و بەرد و کانزاکان و جوگرافیا و هاوکێشەی درێژەی ماتماتیک و ئەنجامەکانیشی لەخۆوە گرتووە و زۆرترین بایەخ بە زمانی سۆمەریی دراوە. لەپاش لەناوچوونی شارستانییەتی سۆمەر لە لایەن ئەکەدییەکانەوەش زمان و دەستنووس و دەقە ئەدەبییە سۆمەرییەکان پشتی پێ بەستراوە و جێی گرینگیان بووە.
ئەگەر لە شێواز و ڕێگەکانی پەروەردەیی قوتابخانە سۆمەرییەکان ورد بینەوە و لەگەڵ ئەمڕۆدا بەراوردی بکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کەوا تاکوو هەتا ئەمڕۆ هەمان شێواز کاری پێ دەکرێت، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە سۆمەرییەکان لە ڕووی کاری پەروەردەییەوە تا چ ئەندازەیەک داهێنەر و بەتوانا بوونە. لە تابلۆ قوڕینەکاندا هاتووە کە قوتابی لە بەیانی قوتابی چووتە قوتابخانە لەسەری پێویست بووە وانەی ڕۆژی پێشتر بڵێتەوە و دواتر مامۆستا وانەی نوێی لەسەر گڵەنووسەکاندا بۆیان گوتووە و ئەوانیش گوازتوویانەتەوە بۆ سەر تابلۆکانیان.
لە یەکێک لە تابلۆ قوڕینەکان باس لە نموونەیەکی داڕشتن کراوە کە لە لایەن مامۆستا و نووسراوەتەوە و بە پرسیارێک دەست پێ دەکات و دەڵێت: (ئەی قوتابی ڕۆژانە بەیانیان بۆ کوێ دەچویت؟ قوتابی وەڵامی داوەتەوە: دەچوومە قوتابخانە. مامۆستا پرسیار دەکات و دەڵێت: چیت دەکرد لە قوتابخانە؟ قوتابی باس باس لە ماڵەوە دەکات و دەڵیت: سەیری گلەنووسەکانم دەکرد و چێشتەکەمم دەخوارد و تابلۆی نوێم دەردەهێنا تاکوو بینووسمەوە و تەواوی بکەم، پاشان بۆ وانەی زارەکی یارمەتییان دەدام و ئێوارەش وانەی نووسینم ئامادە دەکرد. کاتێک قوتابخانە تەواو دەبوو دەگەڕامەوە ماڵ و باوکم دەبینی لەوێ دانیشتووە و منیش ئەو وانانەم پیشانی دەدا کە نووسیبووم و باوکیشم پێی دڵخۆش دەبوو. بەیانیان کە لەخە و هەڵدەستام دەچوومە لای دایکم و پێم دەوت: خواردنەکەمم پێ بدە چونکە دەمەوێت بڕۆمە قوتابخانە و ئەویش دوو کولێرەی دەدامێ و منیش بەرەو قوتابخانە دەکەوتمە ڕێ. مامۆستا پێی دەگوتم بۆچی دواکەوتی؟ منیش چوومە ژوورەوە و لە حزووری مامۆستادا دڵم خورپەی دەکرد و بە ڕێزەوە سڵاوم لێی دەکرد) .
ئەمە نموونەیەکی نووسینەوەی داڕشتنە کە مێژووەکەی بۆ سێ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و کە سەیری شێوازی مامۆستا لە ڕاهێنانی قوتابی دەکەی کە چۆن ویستوویەتی وا لە قوتابی بکات بتوانێت گوزارشت بکات، دەبینی چەندە شێوازێکی سەرکەوتووە ... تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ئەم شێوازە لە لایەن زۆرینەی مامۆستایان کاری پێ دەکرێت و لە ڕووی زانستی فێرکردیشەوە بە ڕێگەیەکی ڕاست و سەرکەوتوو هەژمار دەکرێ.
سەرباری لایەنە باشەکانی بواری فێرکردن لە قوتابخانە سۆمەرییەکان دا، لەو دیکۆمێنت و تابلۆ قوڕییانە باس لە کەسایەتی مامۆستا کراوە کە نموونەی خراپیان تێدا بووە و باس لە حاڵەتی وا کراوە کە مامۆستا بە ڕەفتاری توند هەڵسوکەوتی لەگەڵ قوتابییاندا کردووە و بەدار لێی داون، لە گڵەنووسەکاندا باس کراوە کە لە بەرانبەر قسەکردنی قوتابی لە پۆل و یان ڕاکردنی لە قوتابخانە توندوتیژی لە بەرانبەر کراوە و تەنانەت کاتێک مامۆستا بە قوتابی گوتووە (دەستخەتت خراپە و لێی ڕازی نیم) و بەدار لێی داوە، قوتابییەکە نەیتوانیووە بەرگەی ئەمە بگرێت و بە باوکی گوتووە مامۆستاکەی بانگهێشتی ماڵ بکات و دیاری پێ بدا، لە گڵەنووسەکەدا وەها هاتووە کە: باوکەکە بە گوێی کوڕەکەی کرد و بانگهێشتی کرد و لە شوێنی باش داینا و قوتابییەکەی خزمەتی کرد، ئەو نووسینانەی فێری بووبوو لە تابلۆ قوڕینەکانی پیشانی باوکی دا و باوکەکەش مەی دایە مامۆستاکە و خواردنی باش و پۆشاکی نوێ و دیاری پێی دا و ئەموستیلەی خستە پەنجەی، مامۆستاکە بەو سەخاوەت و میواندارییە دڵخۆش بوو و دڵنیایی دایە قوتابییەکە و پێیوت: (ئەی گەنج، لەبەر ئەوی تو بە قسەکانمت کرد و ئامۆژگارییەکانمت پشتگوێ نەخست لەوانەیە لە هونەری نووسیندا بگەیتە لووتکە و زۆر باش فێری ببی و لەوانەشە لەنێو براکانتدا ببیتە سەرکردە و سەرۆکی هەموو هاوڕێکانت، خۆزیا لەنێو هاوڕێکانت ببیتە خاوەنی بڵندترین پایە... بەڕاستی لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی قوتابخانەدا زۆر باش بوویت و تۆ بوویتە پیاوی زانست) .
مامۆستای زانکۆیەکی ئەمریکایی لەبارەی ئەم نووسینەدا دەڵیت: بەم نامەیە ڕۆژانی قوتابخانە بە وشەی هاندان و ئومێدبەخشین کۆتایی دێت، ئەمە لە لایەن مامۆستاکەوە نووسراوەتەوە کە هەرگیز خەونی بەوە نەبینیووە کە ئەو دەقەی لەبارەی ڕۆژانی قوتابخانە نووسیوەتەوە و لە سەردەمی ئەودا خەڵک بینویانە لەپاش چوار هەزار ساڵ دووبارە لە لایەن مامۆستای زانکۆیەکی ئەمریکایییەوە گیانی دەخرێتەوە بەر و دەخوێنرێتەوە.[1]