$بای بای ئیخوان موسلمین$
#ئیدریس مستەفا#
لە دوو سێ ڕۆژی ڕابردوودا ئیخوانەکانی میسر لە تورکیا پێیان گوتراوە کە دەبێ هەرچی کار و چالاکی سیاسی و ڕاگەیاندنیان هەیە بوەستێنن، تەنانەت لە تورکیاوە بۆیان نییە هیچ سۆشیال میدیایەک یان هەر مینەرێکی تر بەکاربهێنن. لەوەش واوەتر دەبێ وڵات بەجێ بهێڵن. هەردوو کەناڵی تەلەڤزیۆنی و دوو بێژەر کە دوو بەرنامەی دوور و درێژیان دژ بە میسر و سیسی پەخش دەکرد، ڕاگیرا و وا خەریکی جانتا حازرکردنن بۆ ڕۆیشتن بۆ وڵاتێکی تر. لەو وڵاتانەشی کە چاوەڕوان دەکرێ ڕووی تێبکەن بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و ئەمریکا و کەنەدان. ئیخوانەکان وەکوو ماسی سەلەمۆنیان لێهاتووە کە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێوەی لەدایکبوون، غەرب/رۆژئاوا ئەو وڵاتانەیە کە ئیخوانەکانی لێوە لە دایکبووە و بۆیە بۆی دەگەڕێنەوە. ئیخوان موسلمین داشی دامەی دەستی ڕۆژاوایە دژ بە وڵاتە ڕۆژهەڵاتیەکان، ئەوانەی ئیسلام ئایینی زۆرایەتیانە، لە هەر کات و لەهەر شوێنێک بیانەوێ دەیاننێرنەوە. پارە و پاسپۆرت و زەخیرەی باشیان دەدەنێ و ڕەوانەیان دەکەن بۆ تێکدانی هەر وڵاتێک ڕووی تێبکەن. تەنیا ئەرکێکیش کە ڕۆژاوا داوای دەکات لە ئیخوانەکان بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی کۆنەپەرستی ئایینی و حجابی ژنان و وەستانەوە بەرەو ڕووی هەر کەس و لایەن و گرووپێک و دەسەڵاتێکی پێشکەوتووخواز و عەلمانی و ئازادیخواز. ئەم دوو شتە ناوجەرگی کۆمەڵگەکانی ناوچەکەی خواردووە و غەربیش ئەوەی دەوێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە ئایینزا ئیسلامیەکان هەر بە دواکەوتوویی بمێننەوە. (ئەمە دۆکیومێنت کراوە و لە نووسینێکی پێشووتردا باسم کردووە و ئاماژەم بە سەرچاوەکەش کردووە. ) دیارە غەرب هەڵبژاردەی تریشیان هەیە وەک دەسەڵاتە دکتاتۆری و ئەڵقە لە مستەکانی سەر بە خۆیان بەڵام هیچ کات ئەمە نەبوو یان نەما ئەوا ئیخوانەکان دەهێننە پێشەوە. وەک چۆن لە میسر ڕوویدا، حوسنی موبارەکی ئەڵقە لە گوێ و سەرکوتکەریان هەبوو بەڵام کاتێک خەڵک وەلایان خست ئیخوانیان هێنایە پێشەوە. کاتێکیش عەبدولفەتاح سیسی محەمەد مورسی ئیخوانی ڕووخاند غەرب شێتگیر بوون و بە ناوی دیموکراسیەوە هەرچی فشار و فێڵ و فەرەجە هەبوو کردیان دژ بە میسر تاکو ئیخوانەکان بگەڕێننەوە بەڵام هیچیان پێ نەکرا و بایکۆتی میسریان کرد تا ماوەیەکی زۆر. ئەوە بوو کاتێک میسر لە ڕوسیا و چین نزیک بۆیەوە ئینجا بە پەلە کەوتنە خۆیان و پەیوەندیان لەگەڵ میسردا درووست کردەوە.
ئێستا دوای ئەوەی تورکیا تا بۆی کرا بەکاریهێنان، دەریان دەکا و بگرە بەتەمایە هەندێکیان تەسلیمی میسر بکاتەوە. معتز مەتەری بێژەر و هاشم عەبدوڵڵا ئەکتەری ڕاکردووی میسری لە تورکیا بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاند کە پێیان گوتراوە چۆڵی بکەن و لەژێر لێوەوە وتیان تێدەگەین کە تورکیا بەرژەوەندی خۆی هەیە و ڕێز لەو بەرژەوەندیە دەگرین. هەوڵدنی تورکیا بۆ قبوڵکردنی لە ڕێکەوتننامە و پەیماننامەکانی وڵاتانی دەریای ناوەڕاست کە میسر و یۆنان و ئیسرائیل سێکوچکەی سەرەکین و مەسەلەی وزەی دەریاکە تێیدا دەچێتە پێشەوە بۆ تورکیا لە هەموو مەزهەب و ئایینێک لە پێشترە بۆیە هەر بە چەقەنەیەک برا ئیخوانیەکانی خۆی دەرپەڕاند لەو وڵاتەی ئیخوانەکانی دونیا بە دایەنگای ئیخوانیزم و سوڵتانی ئیسلامیان دادەنا؛ بەڵام لەوەش تێنەدەگەیشتن کە تورکیا و کەسی ئەردۆغان ئیسلام و ڕەوتی ئیخوانیان وەک شەمەندەنەفەرێک بەکارهێنا تا دەگەن بە دەسەڵات. تورکیزم دڵی ئەوانە و هەرچی عەرەب و کورد و ئویگوری موسڵمانی چین هەیە هەمووی بە فیدا دەکەن بۆی.
قەتەریش وەک بانکێک و شوێنی حەوانەوەی هەندێ وتاربێژ و بێژەری ڕاگەیاندنیان لە ڕێگەی کەناڵی الجزیرەوە خەریکە ئاستەنگیان بۆ درووست دەکات و پێدەچێ لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەر بە تەواوی مۆرکی ئیخوانیزم بەسەر الجزیرەوە نەمێنێت. لێرەدا نەک هەر میسر بەڵکوو وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی بەتایبەت سعودیە لە میسر بە داخترن لەوەی ئیخوانیزم لە قەتەر وەدەرنێن و کاڵیان بکەنەوە لەو کەناڵەدا.
ئەوەی جێی داخە ئەم بارودۆخە کەمتر کارتێکردنی بەسەر کوردستانەوە دەبێت چونکە تورکیای ئەردۆغانی کە بەرگی ئیسلامی پۆشیوە هەر بە نوێنەر و ڕابەر و سەرچاوەی ئایینی سیاسی خۆیانی دادەنێن و مرۆڤی کوردیش بیر ناکاتەوە کە ئایا ئیخوانیەکەی ئەو چ سوودێکی بۆ کورد و کوردستانەکەی و ژیانی ئەو وڵاتە هەبووە. بەهەرحاڵ، باری ئیخوان موسلمین لە لێژیە و خۆشیان باش تێگەیشتن کە جگە لە داشی دامەیەک بە دەست ئەم وڵات و ئەو وڵاتەوە هیچی ترنین و هەرواش دەمێننەوە گەر بە تەواوی بنەبڕنەبن. [1]