$سلێمانی یادی قاسم سولەیمانی دەکاتەوە (درەو): $
بۆ جاری دووەم لە #سلێمانی# یادی کوژرانی #قاسم سلێمانی# دەکرێتەوە، ژمارەیەک کەسایەتی بانگهێشتکراون.
بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، کونسوڵگەری ئێران لە سلێمانی نامەی بۆ ژمارەیەک کەسایەتی شاری سلێمانی ناردووە، بانگهێشتی کردوون بۆ ئامادەبوون لە سێیەمین ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران.
مەراسیمەکە ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە لە هۆڵی تەلاری هونەر بەڕێوەدەچێت.
ڕۆژی 3ی کانونی دووەمی 2020 قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکادا لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.
ساڵی ڕابردوو لە دووەم ساڵیادی کوژرانی سولەیمانیدا، بە هەمان شێوەی ئێستا لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی یادی سولەیمانی کرایەوە، لە یادەکەدا #بافڵ تاڵەبانی# و ژمارەیەکی زۆر لەسەرکردەکانی یەکێتی و حزبەکانی تریش بەشداربوون، #هەڤاڵ ئەبوبەکر# پارێزگاری سلێمانی قسەی کرد، لە وتارەکەیدا پێشنیازی ئەوەی کرد ڕۆژی کوژرانی سولەیمانی بکرێت بە ڕۆژی جیهانی ئاشتی و دیالۆگی گەردوونی.
مەراسیمەکەی ساڵی ڕابردووی تەلاری هونەر لە سلێمانی ناڕەزایەتی ناوەندی هاوکاری حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەو کات لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەندی هاوکاری حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕایگەیاند:
• قاسم سولەیمانی ڕووی لە هەر کوێ کرد بێ، کوشتار، کارەسات، وێرانی و کاولکاریی لەگەڵ خۆی بردووە و قەیرانەکانی سووریا، لوبنان، یەمەن، ئێڕاق و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاکامی ڕاستەوخۆی کاریگەری و سیاسەت و کردەوەکانی ئەون.
• هێرشی موشەکی ئێران بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی #حیزبی دیموکرات# لە #08-09-2017# و هەڕەشە ئەمنییەکانی سەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا بە بڕیاری قاسم سولەیمانی ئەنجامدراون.
• ئەم جۆرە ڕێوڕەسمانە تۆوی بێ هیوایی لە دڵی خەڵکی کوردستاندا دەچێنێت و بە پشت تێکردن لە ئاڕمانە نەتەوەییەکانی کورد لێکدەدرێتەوە.
سازدانی مەراسیمێکی نوێ بۆ قاسم سولەیمانی لە سلێمانی، ڕەنگە ئەم جارە ناڕەزایەتی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بکات، بەتایبەتیش کە ئێستا ئێران لەناو شەپۆلێکی بێ پێشینەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدایە، ناڕەزایەتییەک کە گەیشتوەتە ئاستی سووتاندن و لێکردنەوەی پۆستەرەکانی قاسم سولەیمانی لەناو تاران و شارەکانی تری ئێراندا.
قاسم سولەیمانی یەکێک لە دیارترین ئەو فەرماندە سەربازییانەی ئێران بوو کە لە زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ سەرۆکی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە، ئەو لەناو سیاسییەکانی هەرێمدا بە حاجی بەناوبانگ بوو، ئەندازیاری شەڕ و ئاشتی نێوان لایەنەکان و تەنانەت ڕێککەوتنە سیاسییەکانیش بوو لەگەڵ #بەغدا#.
قاسم وەکوو چۆن خۆی کە لەژیاندا بوو کاریگەری گەورەی لەسەر سیاسەت هەبوو لە هەرێمی کوردستان، دوای مردنیشی جێ پەنجەی خۆی بەجێهێشت، چونکە لەدوای کوژرانی ئەوەوە ئیتر هێرشی موشەکی بۆسەر #هەولێر# دەستیپێکرد، ئەوانەی دوای حاجی قاسم هاتوون زمانی دیپلۆماسییان خراپترەو زیاتر لەرێگەی موشەکەکانەوە پەیامی خۆیان دەنێرن.
دوای کوژرانی حاجی کاتێک لایەنە شیعەکانی ئێڕاق لەژێر کاریگەری هەست و سۆزی شەقامدا لە پەڕڵەمان کۆبونەوە و بەبێ بەشداری (کورد و سوننە) بڕیاریاندا هێزەکانی ئەمریکا لە ئێڕاق بکرێتە دەرەوە، لەدوای ئەم بڕیارەوە ئێران فشاری خستە سەر حکومەتی هەرێم و داوای لێکردن لە حاڵەتی کردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکادا نابێت لە هەرێم پێشوازی لە بنکە و بارەگاکانیان بکرێت.
بەرپرسانی ئێران بەردەوام ساڵانە ئەوە بە ڕووی #مەسعود بارزانی# سەرۆکی پارتی و هەرێمی کوردستاندا دەدەنەوە کە قاسم سولەیمانی ڕێگری کردووە لەوەی چەکدارانی داعش شاری هەولێر کۆنترۆڵ بکەن، لەسەر ئەم بابەتەش فیلمێکیان بەرهەم هێناوە، لەبەرانبەردا بەرپرسانی هەرێم بەردەوام باس لە ڕۆڵی خراپی حاجی قاسم و تیمەکەی دەکەن لە ڕووداوەکانی ڕیفراندۆم و 16ی ئۆکتۆبەردا.
ئەم ڕۆژانە کە ئێرانییەکان بەچڕی لەناو ئێڕاقدا یادی قاسم سولەیمانی دەکەنەوە، حکومەتێکی نوێ لە ئێڕاق دەستبەکاربووە کە بە لایەنگری ئێران ناودەبرێت، ئەم حکومەتە (پارتی و یەکێتی) وەکوو کورد و سوننەش تێیدا بەشدارن، حکومەتەکە هێشتا بە تەواوەتی لەسەر پێی خۆی ڕانەوەستاوە ڕووبەڕووی قەیرانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بووەوە، چەندین کێشەی هەڵپەسێردراون لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە چاوەڕێی ئەم حکومەتە دەکەن و هەندێک گرەوی کۆتایی هاتنی حکومەتی شیعە لەسەر دەستی ئەم کابینەیە دەکەن، بەتایبەتیش کە ئەم ساڵانەی دوایی ناڕەزایەتیی دژی حوکمی شیعەکان تەنانەت لەناو شەقامی شیعەی ئێڕاقیشدا بەرزبووەتەوە. [1]