ناوی شوێنەوار: ئەشکەوتی ئاکۆیان
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
ئەشکەوتی ئاکۆیان، یان ئەشکەوتی #پاشای گەورە#ی #ڕواندز#، دەکەوێتە دامێنی شاخێکی #دۆڵی ئاکۆیان# لە سنووری شارۆچکەی ڕواندز. دەروازەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە و ڕووبەری ئەم ئەشکەوتە دەستکردە نزیکەی 15 مەتر دەبێت و مێژووەکەی بۆ سەردەمی میرنشینی #سۆران# دەگەڕێتەوە.
م. ئومێد قادر، لێکۆڵەر و مامۆستای مێژوو، لە سنووری ئیدارەی سۆران، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: پێش زیاتر لە 200 ساڵ لەمەوبەر، بەتایبەتیش لەسەردەمی فەرمانڕەوایی میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز، بایەخی زۆری بە درووستکردنی قەڵا و قوللە و پرد و تۆپ و چەک و تەقەمەنی داوە، لەپێناو زیاتر پارێزگاریکردن لە میرنشینەکەی، بەمەش دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە تا ئێستا، شوێنەوارەکانیان ماوە و ئەرکە بۆ داهاتووش زیاتر پارێزگارییان لێ بکرێت، بۆ ئەوەی بە یەکجاری دووچاری لەناوچوون نەبنەوە، چونکە شوێنەوار بە مێژووی گەلان دادەنرێت. ئاماژەی بەوەش کرد: یەکێک لەو شوێنەوارە مێژووییانەش بریتییە لە ئەشکەوتی ئاکۆیان، کە یەکێک بووە لە بارەگاکانی پاشای گەورە، کە دەکەوێتە دامێنی شاخی زێڕینە لە دۆڵی ئاکۆیان لە سنووری شارۆچکەی ڕواندز، دەروازەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە و ڕووبەری ئەم ئەشکەوتە دەستکردە نزیکەی 15 مەتر دەبێت، مێژووی درووستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ 200 ساڵ لەمەوبەر، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، لەسەر دەستی وەستا برایمی ماویلی درووست کراوە، کە شارەزاییەکی زۆری هەبووە لە درووستکردن و سەرپەرشتیکردنی قەڵاو پرد و کۆشک و تەلارەکان، بەمەش لەلای میر محەمەد، پاشای گەورەی ڕواندز، زۆر بایەخی پێ دراوە. ئەو لێکۆڵەرە دەشڵێت: بەهۆی سەرنجراکێشی و هەڵکەوتەی شوێنی ئەشکەوتی پاشای گەورە، زۆربەی جاران میر محەمەد، بۆ پشوو و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، ڕووی لەم ئەشکەوتە دەستکردە کردووە، هەروەها دەستەڵاتدارانی دیکەی میرنشینەکەش بەهەمانشێوە، چوونەتە شوێنەکە، ئێستاش هەندێ لە دیوارەکانی ڕووخاون، بەڵام وەک شوێنەوارێکی گرنگ لە ناوچەکە ماوەتەوە، زۆربەی جاران شوێنەوارناسان و شارەزایانی مێژوو بۆ ئاشنابوون بە شوێنەکە ڕووی تێدەکەن، گرنگە ئەم جۆرە شوێنەوارانە بخرێنە پلانی گەشتوگوزاری، بۆ ڕاَکێشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ ناوچەکە. هەر لەبارەی ئەم ئەشکەوتەوە، ڕێکان وەلید، چالاکوان و خەڵکی گوندی ئاکۆیان سەربە شارۆچکەی ڕواندز، بۆ (باسکورد) دەڵێت: ”لەسەردەمی پاشای گەورەی ڕواندز، میر محەمەد، میرنشینی سۆران، ئەشکەوتی گەلیی ئاکۆیان درووست کراوە، مێژووەکەی بۆ زیاتر لە دوو سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لەنزیکەوە چەند جارێک سەردانمان کردووە، ئەم ئەشکەوتە ڕێڕەوی جۆگەی ئاوی بەسەردا دەڕوا، کە میرنشینی سۆران بۆ دابینکردنی ئاو، لە گەلیی ئاکۆیان بۆ گۆڕێ باغی چووە، کە دەکەوێتە دامێنی قەڵاتێ ئاکۆیان، ئەم ڕێڕەوە لە زۆر شوێن ئەکەوێتە ناوەڕاستی بەرزایی چیا، بە دانانی بەردێکی زۆر جۆگەلەکە درووست کراوە، کە جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانە، توانایەکی بەم شێوەیە لەو کاتەتدا هەبووبێت، لە پەنای چیادا ڕێڕەوی ئاوی پاک درووست بکرێ، ئەمەش یەکێکە لە دەسکەوتەکانی میرنشینەکە.“ چیایی محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بە (باسکورد) ی گوت: دەڤەری سۆران، بەتایبەتیش سنووری شارۆچکەی ڕواندز، بە چەندین شوێنی گەشتیاری و شوێنەواری بەناوبانگە، بەمەش ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی ڕووی تێدەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێت بایەخ بە بواری ئەوە بدرێت، کە بتوانین سەرنجی گەشتیاران لە ڕێگەی ناوچە شوێنەوارییەکان زیاتر ڕابکێشین بۆ ناوچەکە، بۆ نموونە، تۆپەکەی وەستا ڕەجەب و پەیکەری پاشای گەورە لە سەکۆیەکی سەنتەری شارۆچکەی ڕواندز داندراون، زۆربەی ئەو گەشتیار و کەسانەی ڕوو لە سنووری شارۆچکەی ڕواندز دەکەن، سەردانیان دەکەن بۆ ئاشنابوونی زیاتریان بە مێژوو و کولتووری دەڤەرەکە و گرتنی وێنە و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە شوێنەکە. ئەوەشی خستە ڕوو: لە دۆڵی ئاکۆیان شوێنەواری چەند قەڵا و ئەشکەوت و نۆینی گواستنەوەی ئاوی سەردەمی میرنشینی سۆران هەن، جێگەی بایەخی ئێمەن، بۆ ئەوەی بخرێنە پلانی گەشتیاری، تا ئەو کەسانەی سەردانی ئەم ناوچانە دەکەن، بە شوێن و مێژووەکەی زیاتر ئاشنا بن.“[1]