سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ منداڵ و ژنی خانەکان دەربڕی کە لەسەر داوای وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە پێشکەش کرابوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە #04-01-2023#، پەیجی فەڕمی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوایەکی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد و ڕایگەیاند دوابەدوای ڕاگەیاندنی درووست کردنی یەکەی نیشتەجێ بوون بۆ ھاووڵاتییانی کەم دەرامەت، #کوێستان محەمەد# وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی داوایەکی بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێ بوون بۆ ئەو منداڵانەی لە خانەکانن و تەمەنیان دەگەتە سەروو ھەژدە ساڵ لە خانەکان نامێنن پێشکەش کرد.
ڕوونیشیکردەوە داواکارییەکە ئەو ژنانەش دەگرێتەوە کە لە ماڵەکانی داڵدەدانی ئافرەتانی ھەڕەشە لێکراون پاش چارەسەری کێشەکانیان کەسوکاریان وەریان ناگرنەوە.
وەزارەتەکە ڕایگەیاند سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا بە دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو کەسانە. [1]