$عەرەبی ئیسرائیل، عەرەبی حەماس$
#ئیدریس مستەفا#
$یەکەم:$
لە کۆی نۆ ملیۆن و نیو دانشتوانی ئیسرائیل، نزیکەی دوو ملیۆنیان عەرەبن و هاووڵاتی ئیسرائیلین و وەک هەر جوولەکەیەکی ئیسرائیلی لە هەموو مافە قانونی و تەندرووستی و سیاسی و پەروەردەییەکانی ئەو وڵاتە بەهرەمەندن. پاسپۆرتی ئیسرائیلیان هەیە کە ئەمە بۆخۆی پیشانیدەدات ئیسرائیل وڵاتێکە لەسەر بنەمای هاووڵاتی بوون دامەزراوە هەرچەندە ناسنامەی وڵاتە بە ناوی جوولەکەوە بێت. داهاتی ساڵانەی هەر خێزانێک لە ئاستی داهاتی ساڵانەی هەر هاووڵاتیەکی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژاوا و ئەمریکا و کەنەدا و ئوستراڵیایە. لە ناو ئیسرائیلدا تەلەڤزیۆنی زمانی عەرەبی هەیە و بە ئاشکرا ڕەخنە و قسە بە ئیسرائیل دەڵێن. قوتابخانە و مزگەوت و شوێنی کلتووری خۆیان هەیە و زمانی عەرەبی، گەرچی لە دەستوری وڵاتدا زمانی دووەم نیە، زمانی دووەمی ئیسرائیلە کە لەسەر ئەرزی واقع دانی پێدانراوە و لە هەموو شوێنێک قسەی پێدەکرێ. لە هەموو شارێکی ئیسرائیلی مزگەوتگەلی جۆراوجۆر هەیە و ئیمام و خەتیبی خۆی هەیە و مانگانە پارە لە حکومەتی ئیسرائیلی وەردەگرن. تەنیا لە شاری تەلئەبیب هەشت مزگەوتی گەورە هەیە. ئەندام پەڕڵەمان و حزبی نەک هەر عەرەبی بەڵکوو ئیسلامیش هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی ئیسرائیلدا کە مانگی ڕابردوو بوو، چوار کورسیان بەدەستهێنا. هەر لەم ڕاستایەوەیە کە بەختەوەرترین عەرەب عەرەبەکانی وڵاتی ئیسرائیلن و ئەمە لە زمانی خۆیانەوە و بە بەڵگەنەویستی ژمێریاری و دەنگدانی چەندان ڕێکخراو و وێبسایت لەوانە وێبساتی فۆرۆرد وخودی گوگڵ.
باشە کام لە کەمە نەتەوایەتی و ئایینیەکانی بن دەستی عەرەب، کام لەو نەتەوانەی عەرەب و وڵاتی ئیسلامی داگیری کردوون لەوانە کورد و ئامەزیغی و بەربەر هیچ یەکێک لە مافەکانی عەرەبی ئیسرائیلیان هەیە؟
پێرێ شەو هەندێ لەو شارانەی عەرەب و جوولەکە دەژین بە هاوبەشی تێیدا لەوانە شاری لەد و تیبەریاس، عەرەبەکان هێرشیان کردۆتە سەر گەرەکە جوولەکەکان و چەندان ماڵ و موڵکی جوولەکەیان سووتاندووە. هەندێ لەو پیرانەی لەو گەرەکانە دەژین کە ڕزگاربووی کەمپی ئاشڤیتزی سەردەمی هیتلەرن، دەڵێن وامانزانیوە هەمان سەردەم و ڕۆژگارە چونکە گەلێک ترسناک بووە. بگرە لە هەموو شوێنێک ئاڵای ئیسرائیلیان داگرتووە و هی فەلەستینیان لە جێگەدا هەڵکردووە. لە بەرانبەر ئەمەدا، جوولەکەکانیش دەستیان لێ کردوونەتەوە و شەڕیان لەگەڵدا کردوون. دۆخێکی ئاوها دەرفەتێکی باش دەدات بە جوولەکە ڕاستڕەو و توندڕەوەکان تاکو کینەی خۆیان هەڵرێژن لەوێدا. هەر یەکەم شەو کە حەماس ڕۆکێتەکانی دەنا بە ئیسرائیلەوە عەرەبەکانی ئیسرائیل هاتبوونە دەرەوە بە هەڵهەڵە لێدان و دەستیان کردبوو بە شایی و لۆغان. ئەوەی سەیروسەمەرەیە یەکێک لە ڕۆکێتەکانی ئەو شەوە بەر ماڵێکی عەرەب دەکەوێ و باوکە و دوو منداڵی دەکوژرێن.
ئێستاکانێ خەڵکی ئیسرائیل دەپرسن: ئاخۆ ئەو عەرەبانە تاکو چەند هاووڵاتی ئیسرائیلین و گەر هاووڵاتی ئیسرائیلین ئاخۆ دەبێ پارێزگاری لەو جێگەیە بکەی کە لێی دەژین یاخود تێکی بدەن و ئاژاوای تێدا درووست بکەن و تا چەند ئێمە متمانە بەوانە بکەین و چیان لەگەڵدا بکرێ لە داهاتوودا؟
$دووەم:$
تاکو ئەم ساتە کە من ئەم چەند وشەیە دەنووسم زیاتر لە 1600 ڕۆکێت لە غەزەوە نێردراوە بە ئیسرائیلەوە و هەموو شارەکانی گرتۆتەوە. هەر لە یەکەم شەویدا خیزانێکی عەرەب بوونە قوربانی ئەو ڕۆکێتانەی حەماس. وەک هەمووان دەزانین ئیسرائیل دەوڵەتێکە و زۆربەی وڵاتەکانی جیهان دانیان پێداناوە و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانیشە. یەکێک لە بەهێزترین وڵاتە سەربازیەکانی دنیایە و تەنیا وڵاتی دیموکراسی ڕۆژهەڵاتی نێوەراستە کە هەڵبژاردنی ئازادانەی تێدا دەکرێ و ئازادی ڕادەربڕین و نووسین تێیدا بەرقەرارە. بە بەراورد بە وڵاتەکانی تری ناوچەکە ئەمە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە جا پێمان خۆش بێ یان ناخۆش بێ.
ئیسرائیل وڵاتێکە وەک هەر یەکێک لە وڵاتەکانی تری عەرەبی و ئیسلامی دامەزراوە. هیچ یەکێک لەو وڵاتە عەرەبی ئسیلامیانەی ناوچەکە لە خۆوە درووست نەبوون بەڵکوو ڕاستەوخۆ دەستی ئیمپریالیزمی بەڕیتانی و فەڕەنسیان لە پشتەوە بووە. وڵاتێکە وەک هەر وڵاتێکی تر خاک و نەتەویەکی داگیرکردووە و مافەکانی بە تەواوی ناناسێ، بەڵام زۆر دیموکراتیانە و بە ئینسافانە دەجوڵێتەوە لەگەڵیاندا گەر بەرواردی بکەی بە وڵاتانی تری ناوچەکە. بۆ نموونە، پەکەکە تاکو ئێستا نەک هەر ڕۆکێت بەڵکوو ئاربیچییەکی نەناوە بە شارێکی تورکیاوە بە تایبەت شارە تورک نشینەکان ئینجا تورکیا ئەو هەموو هێرشە دەکاتە سەر ناوچە کوردییەکانی هەردوو وڵات و شەلم کوێرم کورد دەکوژێت. باشە گەر پەکەکە وەک حەماس ڕۆکێتی بنایە بە ئەنقەرەوە یان هەر شارێک تری تورکیاوە، تورکیا چی نەدەکرد! پرسیارێکە و هیچ پەیوەندی بە لاگیری بۆ ئیسرائیل نییە بەڵام ویژدانانە وەڵام بدەنەوە، دووبارە دەڵێم ئەردۆغان چی دەکات گەر بێتوو پەکەکە یان کوردانی ڕۆژاوا ڕۆکێتێک بنێن بە شارێکی تورکیاوە؟
ئەو شەڕەی حەماس لەگەڵ ئیسرائیل دەیکات هیچ پەیوەندی بە کێشەی فەڵەستین و خەڵکەکەی و ئیسلامەوە نییە بەڵکوو حەماس بە فیتی ئێران ئەمە دەکات بۆ مەرامی سیاسی خۆی و ئێرانیش و حەماس باش دەزانێ کۆڵەکەیەکی دەوڵەتی ئیسرائیلی پێ نالەرزێ. لە هەمان کاتدا، ئیسرائیل باش دەزانێ حەماس ئەو هێزە نییە و ساغ کردنەوەی ئەو کێشەیە عەسکەری نییە و گەر عەسکەری بێ ئەوا ئیسرائیل لە چەند ڕۆژێکدا حەماس دەسڕێتەوە. ئەمڕۆکە قسەکەرێکی ڕەسمی پێشووی حکومەتی ئیسرائیل دەیوت: ئێمە بە دوای نەمانی حەماسەوە نین بەڵکوو دەمانەوێ حەماس لە قاوغێکدا ڕابگرین. ئەم قسەیە زۆر درووستە. چ حەماس و چ ئیسرائیل هەردووک قازانجی سیاسی لەو هەراوبەزمە دەکەن و تەنیا زەرەرمەندیش خەڵکی هەردوولایە بە تایبەت خەڵکی مەدەنی غەززە کە ماڵەکانیان بووەتە بەرەی جەنگی حەماس و ئیتر لەویوە حەماسیش بە دوای ئەوەوەیە منداڵیک یا باوکێک یا دایکێک بکوژرێ و بیکەن بە هەرا.
دوێنێکە د. وەسیف یوسف بانگوازێکی ئیسلامی ئیماراتیە تویتەرێکی بڵاو کردۆتەوە و دەڵێ: (حەماس لەنێو ماڵەکانی خەڵکەوە ڕۆکێت دەگرێتە ئیسرائیل. کاتێک ئیسرائیل وەڵامیان دەداتەوە دەیکەن بە هەرا و فیغان و هاوار دەکەن کوان عەرەب و کوان موسڵمانان؟ غەزەتان کردووە بە گۆڕستانی خەڵکانی بێ تاوان و منداڵانی بێ گوناه. زەرەرتان لە میسر و سینا داوە و تاکو ئێستا ئاڵای چەندان وڵاتتان سووتاندووە. قسە بە هەموو وڵاتانی دنیا دەڵێن. ڕەحم بە هیچ منداڵ و پیرێک ناکەن لە غەززە. ئیخوان موسلمین نەخۆشیە.) [1]