مووسیان شارەدێیەکە لە ناوچەی مووسیان لە شارستانی #دێلوڕان# لە پارێزگای #ئیلام#ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان. ناوەندی ناوچەی مووسیانە. [1]
ئەم شارەدێیە دەکەوێتە ناوچەی دێرینی مووسیان، تەنیشت سنووری ئێراق و دوورییەکەی لە شارۆچکەی دێلوڕان کەمترە لە 22 کیلۆمەتر. لەم ناوچەیەدا چەندین شوێنەواری دێرین لە شارستانیەتەکانی ئیلام و ماد و ھەخامەنی و ساسانی ھەن کە تا ئێستا سەرنجیان نەدراوە. ڕووبارێک بە ناوی دۆیرەج بەلای ئەم شارەدا تێدەپەڕێت و لە زستاندا کەش و ھەوای سووکە و لە ھاویندا زۆر گەرمە.
$ناو$
ناوی ئەم شارەدێیە لە ڕابردوودا موسائییان بووە کە بە تێپەڕبوونی کات بوو بە مووسیان.
$ئابووری$
دەڤەری مووسیان دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و گاز. زۆرێک لەو کێڵگە نەوتیانە لەگەڵ ئێراقدا ھاوبەشن. لە ئێستادا کارەکانی دەرھێنانی نەوت لە بەشێک لەو کێڵگانە ئەنجام دەدرێن، لەوانە کێڵگە نەوتییەکانی بەیات، دال پەری، دانان و کانی شیرین.
ناوچەی مووسیان لەڕووی کشتوکاڵیشەوە ناوچەیەکی بەپیتە. کەشوھەوای گەرمی ناوچەکە و بوونی سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی وایکردووە کە بتوانرێت بەرھەمی زۆر بچێنرێت. گرنگترین بەرھەمەکانی ئەم ھەرێمە بریتین لە گەنم، جۆ، گەنمەشامی، کونجی، سۆیا، تۆوی زەیتی، پەتاتە، پیاز، ھەموو جۆرە سەوزەیەک، خورما و میوەی لیمۆ.
$مێژوو$
لە ساڵانی 1972 و 1973 بەرپرسانی ئەو سەردەمە باڵەخانەیەکیان لە شوێنی ئێستای شارەکە درووست کرد و بەم کارەش ناوکی شارەکە درووست بوو. شارەوانی موسیان لە ساڵی 1966 دامەزراوە. ئەم ناوچەیە لە ساڵی 1980 لە کاتی شەڕی ئێران و ئێراقدا داگیرکرا، لە ئاکامدا شارەدێی مووسیان و گوندەکانی دەوروبەری وێران کران. کە بە کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن ئێراقەوە 100٪ لەناوچوو. دوای کۆتایی ھاتنی شەڕ، ناوچەکە دووبارە ئاوەدان کراوەتەوە و ئاوەدان بووەتەوە.