$خەمی مەستوورە بەڵام چ خەمێک!$
لەنێوان ڕۆمانی خەمی مەستوورەی میران ئەبراهام و شەوی ئێلی ویزەڵ
#ئیدریس مستەفا#
لەو ڕۆمان و چیرۆکانەی سەبارەت بە کۆمەڵکوژی خوێندبێتمەوە ڕۆمانی شەوی ئیڵی ویزەڵ بوو بەڵام خەمی مەستورەی میران ئەبراهام ئەم ڕایەی گۆڕیم، ڕوونتر بڵێم خەمەکەی زیاد کردم، نا ببورە دڵخۆشیەکی پڕ لە خەمی پێدام کە بە کوردی ڕۆمانێک بنووسرێ لەو ئاستە بەرزە سەبارەت بە ئەنفال و مانەوەکانی ئەنفال و لە هەمان کاتدا خوێنەری زوبانەکانی تر لێی بێ بەش بن. با تۆزێک باسی شەوی ئێڵی ویزەڵ بکەم کە وەرگێڕدراوەتە سەر چەندان زمانی جیهانی تر جگە لە کوردی و عەرەبی نەبێ. دیارە عەرەب هەرگیز ڕۆمانی حەسرەتەکانی جوولەکە تەرجومە ناکەن؟!. ئێڵی ویزەڵ خۆی یەکێک بووە لەو جولەکانەی لە کامپی ئاشڤیتزی نازیەکان بڕیاربووە بسوتێنری کە دوو سێ ڕۆژێکی مابوو بەڵام لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانی دووهەمدا لە لایەن هێزی هاوپەیمانانەوە کەمپەکە ئازادەکرێ و ئەمیش ڕزگاری دەبێ لە مانگی 4ی 1945دا. لەو کورتە ڕۆمانەیدا باس لە حاڵەتی کوشتن و چۆنێتی سووتاندنی خۆیان ناکات بەڵکوو باسی لەو حاڵەتە دەروونی و بارە ماتەمینیەی دەکات کە تێی کەوتوون. کە چۆن شەوێک بە هێمنی و بە بێ ئاگایی دەرودراوسێ و بە بێ چاوی شارەوە بەڕێیان دەکەن بەرەو چارەنووسێکی نادیار کە گوێت لە دەنگی وەڕینی سەگێکیش نابێت، ئەوەی گوێت لێ دەبێ تەنیا دەنگی هەنگاوەکانیان و هەناسە و ئاهی ناو سنگیان و سیمای زەندەقچوونیانە. دوایتر چۆن ئەو ڕووداوە لە بەردەم پرسیاری جارەنووسسازدا دایدەنێ. نووسینی ئەو ڕۆمانە وا لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەکات کە بیکەن بە سەرۆکی وڵاتی ئیسرائیل بەڵام ئێلی ویزەڵ ئەو پۆستە ڕەت دەکاتەوە لەگەڵ سوپاسی بێ پایانیدا بۆیان.
ڕۆمانی خەمی مەستورەی میران ئەبراهام چڕوپڕتر و بگرە تەنیا باسی حاڵەتەکانی ناوەوەی ئەنفال دەکات کە بە چەندان قات بە ئازارتر و کارەساتباراویترن لە حاڵەتەکانی دەرەوەی ئەنفال بە ڕادەیەک مەستوورە هاوار دەکات بۆ ئەمیش وەک ئەوان نەڕۆیشتووە. ئەوان یەک جار بە جەستە مردن بەڵام هەر چرکەی مردنێکە، بەڵام چ مردنێک مردنی ڕوح. بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە چەند شتێ باشتر تێگەیشتم و چەند شتێ درکیان زیاتر بزواندم. ئەنفال لە هەموو جینۆسایدەکانی تری مرۆڤایەتی جیاوازترە، نەک لە کوشتن و کاولکاریەکەی بەڵکوو لە بابەتەکەی. ئەنفال تەنیا کۆمەڵکوژیە کە هێزی سەربەستی نەتەوەییخوازی کوردی بە وێنەی هێزی داگیرکەری عەرەبی بەشێکی سەرەکی بێ لە درووستکردنی دۆخەکە و فتیلە لێدەر و ئەنجامدەر و بەشداریکەر و ئینجا بە قێزەوەن کردنی چ لە دەسەڵاتی شاخ و چ لە حوکمی شاریاندا. لە لایەک ئەو هێزەی بڕیارە بیانپارێزت، وەک باوکی لە دەنگی ڕادیۆکەوە گوێبسیتی دەبێت، پشت لە خەڵکەکە دەکەن و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن، واتە لە پشتەوە ئەنفال دەکرێن وڕادەست بە هێزێکی تری کوردی دەکرێن تاکو لە پێشەوە بۆ هەمیشەیی ئەنفالەکەیان تەواو بکات. بایزی مێردی دووەمی ئەنفالچی و نەوەکانی دوای ئەنفال کە پەلاماری دەدەن و ئەو حوکمە کوردییەی هیچی لە دۆخی نائارامی مەستورە نەگۆڕی بگرە نائارامتری کرد....... ئەمە ئەو خەمەی مەستوورەیە کە لە کاتی خوێندنەوەیدا یەک دوو جار ویستم لێی ڕابکەم بەڵام هەر ئارامم نەگرت و هاتمەوە سەری تا تەواوم کرد. خەمەکانی مەستوورە هەمان خەمن چ ڕۆژگاری سەرۆکمان زێڕە بێت و چ ڕۆژگاری کوردایەتی بێت. گەر لەسەر دەستی دەورانی پێشوو کچەکانی و مێردەکەی بە جەستە ئەنفال کرابن ئەوا ئەم لە هەر دەورەیەکدا بێت ڕوحی ئەنفال دەکرێ و ئەم پڕۆسەیەش یەکبینە، ڕۆژ و شەوە دووبارە دەبێتەوە. ڕزگارکردنی وڵات نەک هەر خێزانەکەی بۆ ناگەڕێننەوە بەڵکوو خەمەکەی زۆرتر دەکەن. ئەو حاڵەتە دەروونی و تەنیاییەی مەستوورە هەیەتی هەر ڕۆژەی ئەنفالێکە بۆخۆی، ئەنفالێکی هێمنانە، ژیانێک کە هەر ڕۆژە و هەرشەوە دەیخەنەک ژێر گڵ و بەر دەستڕێژی گولە دەدرێت و زیندوو دەبێتەوە. ئەمە ژیانی ژنێکی ئەنفال بەجێماوە.
توانایی میران ئەبراهام لە نووسینەوە و پیشاندانی ئەم ورد و درشتە خەمانەدایە کە کەم نووسەر دەتوانێ گوزارشتیان لێبکات. ئێڵی ویزەڵ خۆی لەو شەوەدا بووە بەڵام هێندەی میران ئەبراهام قوڵ نەبۆتەوە لە نووسینەوەی ئەو ماتەمینی و خەم و حەسرەتەی خۆی و خێزانەکەی، بۆیە لێرەدا دەڵێم خۆزگە ئێڵی ویزەڵ خەمی مەستوورەی دەخوێندەوە و خۆزگەش دەگەیشتە بەردەم خوێنەرانی زوبانەکانی تر. نووسینەوەی کارەساتێک بە باسکردنی دیوەکانی دەرەوە نین بە تەنیا وەک دیمەن و ڕووداوە جەرگبڕەکان بەڵکوو بە نووسینەوەی ئەو دیوانەی ناوەوەیە کە کەس نایانبینێ جگە لە خەمهەڵگرەکانی ئەو کارەساتانە خۆیان نەبێ. پیشاندانی ئەو دیوانەی ناوەوە کە ڕۆژانە بورکانێکی نەکوژاوە دڵ و دەروونیان هەڵدەقرچێنێ و گەر بچێتە ناویەوە ئەوا بۆنی سۆ وێرانت دەکات، بەڵام نازانم میران ئەبراهام چۆن دزەی کردۆتە ناو ئەو دیوە نەدیوانەی ناوەوە چونکە ئەو دیوانە زۆر پەنهانین و جگە لە جەرگسووتاوەکان نەبێ کەس نایان بینێت. [1]