$چوار ڕووداوی گەورە لە چوار هەفتەی ڕابردوودا$
#ئیدریس مستەفا#
لە ناوەڕاستی کۆتایی مانگی پێشووەوە تاکو ئێستا چوار ڕووداوی گەورە ڕوویاندا کە سیمای ناوچەکە و جیهان بەرەو گۆڕان دەبەن.
$یەکەمیان$ لەدایکبوونی سیستەمێکی نوێی جیهانی بە ڕابەرێتی چین و ئەمریکا. بە دیاریکراوی لە هەفتەی یەکەمی مانگی ڕابردوودا ئەم سیستەمە دوو هەنگاوی گرنگی نا لە ئاستە جوگرافیەکەیدا. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانیی هەر یەک لە یابان و کۆریای باشووری کرد و لەوێوە وڵاتانی سەر باشووری دەریای چین سەروسیمایان کێشرا وەک بەرەی ڕەسمی ئەمریکا دژ بە چین. چەند ڕۆژێ دوای ئەوە، وەزیری دەرەوەی چین لەگەڵ هەر یەک لە ئێران و تورکیا گرێبەستی ئابووری و سیاسی مێژووی واژۆکرد لەگەڵیاندا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بە بەرەیەکی چین دژ بە ئەمریکا. ئەو دوو سەردانە لە لایەن وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتەوە گرنگیەکەی لەوەدابوو کە هەندی ڕێکەوتنی سەربازی و ئابووری تێدا ئیمزاکرا کە تەواو نەخشەکێشێ دوونیای دوو قوتبی نوێیان ڕەنگڕێژ کرد. هنری کیسنجەری ستراتیج داڕێژەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا چەندان جار هۆشداری داوە کە چین و ئەمریکا دەبێ کێشەکانیان چارەسەر بکەن ئەگەرنا دونیا بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەچێ و ئەوەی هەشە لەدەست دەچێ.
$دووەم$ دانیشتنە نهێنیەکانی تورکیا و میسر کە لەم ڕۆژانەدا گەیشتە ئاستی وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاشکرا لێدوانی لەسەر بدەن بە تایبەت چاوش ئۆغڵۆ. ئیخوان موسلمین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێ بووە بە قەیسەری و وا خەریکە شوێنێک نامێنێ لێی بحەوێتەوە. تورکیا مەئوای سەرەکی هەموو ئیخوانەکانی ناوچەکە و جیهانیش بوو ئینقلابێکی گەورەی بەسەر ئیخوانەکاندا کرد و بە ئاشکرا پێی وتن تورکیا بە جێ بهێڵن ئەمە لە کاتێکدا بە نهێنی هەندێ لەسەرکردەکانی ڕادەست بە میسر دەکاتەوە بە پێی ڕێکەوتننامەیەک کە وا لەگەڵاڵەکردندایە لەنێوان هەردوو وڵاتدا و بڕیارە لە مانگی داهاتوودا ئیمزا بکرێ بە ئاشکرا. ئەم ڕووداوە گرنگیەکەی لەوەدایە ئەو ئیخوانەی بۆ حەفتا ساڵ دەچێ بووە بە سەرەتانێک و ببووە خۆرەی هەرچی سیما و ڕەنگی مەدەنیەت و شارستانیەت لە میسر و وڵاتانی تری عەرەبی و ئیسلامیدا و حوکمی چەند وڵاتێکی بەدەستەوە بوو تێکشکا و وا خەریکە بەرەو کەوتنی تەواوی دەچێ. بگرە، ئەو خاسیەتە دەسکەلاییەی کە هەموو وڵاتێک و حزبێکی سیاسی دەیتوانی بۆ خۆی بەکاری بهێنێ چیتر بە کەڵک نایات چونکە هاوکێشە سیاسی و جوگرافی و ئابووریەکان وا دەخوازێ ئیخوانە توڕ هەڵبدرێتە دەرەوەی دونیای حکومی و دەوڵەتی ناوچەکە و کیشوەرەکە.
$سێهەم$ کەشفبوونی دەستی مەستوری بەڕیتانیا و هەندێ وڵاتانی تری ڕۆژاوا بەوەی لەوەتەی هەن بوونەتە مەئوا و پشتیوانی هێز و بزووتنەوە و کەسانی کۆنەپەرستی و خوێنڕێژیەکانی ناوچەکەی ئێمە و جیهانیش. لەمەش واوەتر غەرب درووستکەری ئیخوانیزم و ئیسلامیەکانی تری ناوچەکە و جیهانن. زۆربەی ئەو سەرکردە و خەڵکە ئیخوانیانەی تورکیا ئیزنی داون وڵاتەکەیان بە جێبهێڵن یاخود لە ترسی میسر ڕایان کردووە هەموویان ڕوویان لە غەرب بە تایبەت بەڕیتانیا کردووە و دەکەن، چونکە لە منداڵدانی سیاسی ئەوێوە لە دایکبوون و بۆ ئەوێش دەگەڕێنەوە.
$چوارەم$ ئەنجامی بڕیاری دادوەری شاری مینیاپۆڵیسی ئەمریکا سەبارەت بە کوشتنی ڕەشپێستێکی ئەمریکایی بە ناوی جۆرج فلۆیدا لەلایەن پۆلیسێکی سپی پێستی ئەمریکایی بە ناوی دەرەک شۆڤن. بۆ یەکەم جارە لە مێژووی ئەمریکادا و لە مێژووی حوکمی ڕاسیزمی سپی پێستدا عەدالەت ببینرێ و بڕیاری عەدالەتخوازیانە بە قازانجی خەڵکی بەشخوراو و ڕەشپێست و چینەکانی خوارەوە بێت. مێژووی داد و دادەوەری لە ئەمریکا، هەروەها جیهانیش، هەردەم پشت و پەنای سپی پێست و خەڵکانی دەوڵەمەند و دەسترۆیشتوو بووە و ئەمە یەکەمجارە دادگا بڕیاری عادیلانەی خۆی بە قازانجی هەقخوازی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا بدات. کەناڵی میدیای فۆکس نیوزی ئەمریکی کە کەناڵی ڕاستڕەوە سپی پێستەکانی ئەمریکا دادەنرێت، لە ڕۆژی دووشەممەوە تووشی شێتگیریەکی بێ ئەندازە بووە و بە ئاکشرا قسە و توڕەیی خۆیان دژ بە دادگای مینیاپۆڵس دەردەبڕن.
ئەم ڕووداوانە لەگەڵ ئەوەی لەوانەبێ هەندێکیان هەر گوێبیستی نەبووبین یاخود بەڵامانەوە گرنگ نەبووبێ بەڵام سەروسیمای ناوچەکە و جیهان دەگۆڕن لەگەڵ خۆیدا. تێکشکانی ئیخوانیزم و مەسەلەی جۆرج فلۆید دوو ڕووداوی گەورەی قازانجبەخشی ناوچەکەی ئێمە و جیهانن.
[1]