$بۆ ئەنفال$
#ئیدریس مستەفا#
شتێک کە لە باس و خواسی ئەنفالدا من گوێم لێ نابێ!
هەموو ئەو باس و خواسانەی دەربارەی ئەنفال و هەڵەبجە کراون لە شتێکدا کورتیان هێناوە، ئەویش دیاری نەکردن یاخود ئاماژە نەکردن بە هەموو ئەو هێزانەی بەشدار بوون لەو کارەساتەدا. هێزی کوردی شان بە شانی هێزی بەعس بەشدارە یاخود بڵێم تاوانبارە لەو کارەساتەدا. گەر بەعس هێزی ئەنجامدەر بێ، ئەوا هێزی کوردیش خولقێنەر یاخود ڕێخۆشکەری بوو تاکو بەعس ئەو جینۆسایدە زووتر و لە دەرفەتێکی گونجاوی خۆیدا ئەنجام بدات. ئەو دۆکیۆمێنتانەی لەم دواییانەدا کە باس دەکرێن و دەتوانم بڵێم پێویست بە بەڵگەش ناکات، ئەوە نیشان دەدەدن کە هێزی کوردی پێشتر زانیویانە و بگرە پێشیان ڕاگەێنراوە کە ئەنفال بەڕێوەیە، کەچی نەک هەر گوێیان پێ نەداوە بەڵکوو ڕاستیەکەیان لە خەڵک و تەنانەت هێزی خۆشیان شاردۆتەوە و لەمەش قەباعەتتر وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون. حوکمی دەیان ساڵەیان و هەڵوێستیان لە ئاست ئەنفالدا ئەوە دووپات دەکەنەوە هێزی کوردی هێزێکی بەشداری کەر و چالاکی خولقێنەری ئەنفال بووە. ئێمە گەر شایەدحاڵی هەزاران ئەنفالکراوی ژێرخاک نەبووبین ئەوا شایەدحاڵی بینینی ئەنفالکردنی ڕوح و جەستە و خەون و فەرهەنگ و کلتوور و کەرامەتی میللەتێکین بەهۆی سیاسەتی هێزی کوردییەوە لە ماوەی سی و پێنچ ساڵی ڕابردووەوە. دوو هێز، هێزی بەعس و هێزی کوردی، لەگەڵیدا هێزی ئایینی بەرپرسی کارەساتی ئەنفالن وەک یەک. هەر قسەوباس و هەنگاوێک یەکێک لەم ڕەگەزانە فەرمۆش بکات ئەوا باسەکەی بابەتیانە نابێت. گرفتی سەرەکی لە بەتەنگەوەهاتنی دەسەڵاتی کوردی و بەغدا و گەلۆی نێودەوڵەتیدا نییە بەڵکوو لەوەدایە چۆن بابەتیانە باس و خواسی ئەنفال ساغ بکرێتەوە.
لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانەی سەرقاڵی بابەتی ئەنفال و هەڵەبجەن و جێگەی ڕێزن لە لای من. [1]