د.محەمەد ساڵح جومعە
«پەندێک هەیە دەڵێت: (هیچ کەسێک ماسی لە ئاودا سەودا ناکات) ، بەڵام نەیارانی دژی سەربەخۆیی دەیانەوێت لە ئاودا ماسیی خۆیان بفرۆشن»
مافی گەلان بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان، مافێکی سرووشتییەو لە یاسای نێودەوڵەتیدا هاتووە و پشتگیریی لێدەکرێت، لە هەمانکاتیشدا دەستووری ساڵی 2005ی ئێراقیش پشتگیریی لەم مافە دەکات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەدوای ساڵی 2003 دەوڵەتی ئێراق لەسەر بنەمای یەکتێیەکی ئارەزوومەندانە لەنێوان کورد و عەرەب دووبارە بوونیادنراوەتەوە، بۆیە لەم حاڵەتەدا مانەوەی کورد بەشێوەیەکی زۆرەملێ لە چوارچێوەی ئێراقدا پێچەوانەی ئەو دەستوورەیە کە گەلانی ئێراق دەنگیان لەسەر داوە .
دەستنیشانکردنی ڕۆژی 25 ئەیلوولی 2017 بۆ ئەنجامدانی #ڕیفراندۆم# لە کوردستان، دەستنیشانکردنی ڕۆژێکی هەرە گرنگ و گرانە لە مێژووی کوردستاندا، ئەمە بۆ جاری یەکەمە لە سەرانسەری مێژووی ئێمەدا، نەتەوەی کوردیش وەک تەواوی گەلانی جیهان دەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان بەشێوەیەکی ئازاد و دیموکراتییانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات.
ئەنجامدانی ئەم ڕیفراندۆمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئەو کێشە چارەسەرنەکراوانەی لەسەرەتای درووستبوونی دەوڵەتی ئێراقەوە بوونیان هەیە چارەسەر بکرێن، هەروەها هەوڵەکان بۆ دژایەتیی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، تێگەیشتن و ڕەفتاری دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان بۆ هەموو جیهان ئاشکرا دەکات و دەبێتە هۆکاری ئەوەی کێشە کپکراوەکانی ڕابردوو هەموویان بتەقنەوە و سەرلەنوێ لە داڕشتنەوەی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبەر چاوبگیرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا حکومەتی ئێراق و دەوڵەتانی دراوسێ تاچەند دەتوانن ئاستەنگ لە بەردەم پڕۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دابنێن؟ بە بۆچوونی من پێویستە لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ڕاشکاوانە لەگەڵ میللەتی خۆمان قسەبکەین و بە ئاشکرا پێیان بڵێین، بەڵی ئێراق و دەوڵەتانی دراوسێ بەگشتی و ئێران بەتایبەتیی هەرچی پێیان بکرێت دەیکەن بۆ ئەوەی ئاستەنگ درووست بکەن و ئەم ڕیفراندۆمە ئەنجام نەدرێت، بەڵام پرسیاری دیکە ئەوەیە هەتا ئەگەر بشتوانن ئاستەنگ بۆ ڕیفراندۆم درووست بکەن، ئایا دەتوانن ئاستەنگ بۆ پڕۆسەی سەربەخۆیی دورست بکەن، یان ئەم پڕۆسەیە ڕابگرن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر گرنگە و دەبێت هەموو لایەک ئەوە بزانن کە پڕۆسەی سەربەخۆیی ڕاناگیرێت، گەلی کوردستان خوازیاری ئەوەیە بە ڕێگەیەکی شارستانییانە و دیموکراتییانە لە ڕێگەی دەنگدانی گەلی کوردستانەوە ڕاپرسی ئەنجام بدات و بەشێوەیەکی ئاشتییانە کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بەڵام کاتێک ئەو دەوڵەتانە خۆیان نەیانەوێت یان ئاستەنگ بۆ پڕۆسەکە درووستبکەن، ئەوا ڕاستەوخۆ سەربەخۆیی ڕادەگەیەنرێت و جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش تێگەیشتنی بۆ ئەو واقیعە دەبێت و دەگاتە قەناعەت کە ئێراق و دەوڵەتانی دراوسێ نایانەوێت بە ڕێگەی دیموکراتی و ئاشتیخوازانە کێشەکانی نێوان کوردستان و ئێراق چارەسەر بکرێن.
مخابن لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستانیش هەندێک دەنگ هەن کە هاندەری دەوڵەتی ئێرانن، ماکینەی درۆهەڵبەستن و چەواشەکاریی خۆیان خستۆتەگەڕ و دەیانەوێت بە ئاشکرا دژایەتیی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بکەن، یان لەمەش زیاتر دەیانەوێت وای پیشانبدەن پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی تایبەتە بە کەسی بەڕێز مەسعود بارزانی، یان پڕۆپاگەندەی ئەوە دەکەن گوایە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کارتێکە بۆ شاردنەوەی شکستەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو درۆ و چەواشەکارییانە، گرنگە بە زمانێکی لۆژیکانە وەڵامی ئەو دەنگانە بدەینەوە و پێیان بڵێین: گەلۆ پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان پرسێکی کەسیی مەسعود بارزانی-یە یان داخوازیی سەدان ساڵەی نەتەوەکەمانە؟ یان ئایا هیچ سەرۆکێک هەیە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش، هێندەی مەسعود بارزانی لەتێکشکاندنی تیرۆریستان و شەڕی دژی داعش سەرکەوتوو بێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە مێژووی نەتەوەکەمان و ڕای گشتی ئێستای جیهان دەیدەنەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە خواستی نەتەوەکەمان بۆ دامەزراندنی سەربەخۆیی لە ساڵی 1880 و لەسەردەستی شێخ عوبێدوڵای نەهری دەست پێدەکات و دوای ئەویش شێخ مەحمودی حەفید و دواتریش قازی محەمەد و لەدوای ئەوانیشەوە ئەم خەباتە لەسەر دەستی مستەفا بارزانی درێژەی هەبووە و ئێستا لەسایەی ڕێبازی بارزانییەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی دوایین هەنگاو بۆ ئەم ئامانجە نەتەوەییە هەڵدەگرێت.
سەبارەت بەوانەشی کە چاویان بەسەرکەوتنەکانی کوردستان هەڵنایەت، بە ڕاشکاوی پێیان دەڵێین: ئەو سەرکەوتنانەی بە ڕێبەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ماوەی 3-4 ساڵی ڕابردوودا بۆ کوردستان بەدیهاتوون، جیهانیان سەرسام کردووە و لەئێستاشدا کە بەشی هەرە زۆری دەوڵەتانی جیهان لە یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ و ئەمریکا و ڕووسیا، پشتگیریی لە کوردستان دەکەن، بەرهەمی ئەو سەرکەوتنانەیە کە بەرێبەرایەتیی مەسعود بارزانی بەدەستهاتوون.
بۆیە گرنگە گەلی کوردستان لەوە دڵنیا بێت کە دوژمنان و ناحەزانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، بۆ ڕێگرتن لەم ئامانجە ماکینەی درۆ و جنێو و چەواشەکارییان خستۆتە گەڕ و بە میتۆدی گۆبلزی (درۆ بکە. درۆبکە. هەتا باوەڕت پێدەکەن) درێژە بەم دژایەتییەی خۆیان دەدەن، بەڵام لەبەرانبەر درۆ و چەواشەکاریی ئەواندا، پرسی کوردستان هێندەی دیکە پێش دەکەوێت و زیاتر دەوڵەتان هاریکاریی کوردستان دەکەن و کەسایەتی و پێگەی سەرۆک مەسعود بارزانی-یش لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا گەورەتر دەبێت.
هەوڵەکانی بەرەی دژە سەربەخۆیی و دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان، هەوڵدانە بۆ ترساندن و بێئومێدکردنی خەڵکی کوردستان، پەنایان بۆ ئەوە بردووە گوایە هیچ دەوڵەتێک پشتگیریی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان ناکات، یان ئەگەر ڕیفراندۆم ئەنجامبدەین و سەربەخۆیی ڕابگەیەنین، ئەوا تورکیا و ئێران سنوورمان لێدادەخەن و گەمارۆ دەدرێین.
لەوەڵامی پووچەڵکردنەوەی ئەم درۆ و چەواشەکارییانە ڕاشکاوانە ڕوودەکەینە میللەتی خۆمان و پێیان دەڵێین، بە بەرەی دژە سەربەخۆیی بڵێن ئایا هیچ کام لەدەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا، ناتۆ، ئەمریکا، ڕووسیا، گوتوویانە ئێمە دژی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانین؟ بەڵێ ڕای خۆیان بەوجۆرە دەربڕیوە کە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم گونجاو نییە و زووە، بەڵام هیچ کام لەو دەوڵەتانە نەیگوتووە ئێمە دژی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانین، بە بۆچوونی من هەڵەی گەورەی ئێمە ئەوەیە کە هەوڵنادەین لە سیاسەتی نێودەوڵەتی تێبگەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هیچ دەوڵەتێک لەم جیهانەدا نایەت بەراشکاوی بڵێت: من پشتگیریی لە گەلێک یان نەتەوەیەکی دیکە دەکەم بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا هیچ دەوڵەتێک پشتگیریی خۆی بۆ ڕیفراندۆمی سکۆتلەندا دەربڕی بۆ ئەوەی لە بەڕیتانیا جیابێتەوە، یان ئێستا کە کەتەلۆنییەکان دەیانەوێت ڕاپرسی ئەنجامبدەن و لە ئیسپانیا جیاببنەوە، هیچ دەوڵەتێک پشتگیریی بۆ دەربریوە؟ بۆیە ئێمەش دەبێت لەم ڕاستیانە تێبگەین کە ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ وەرگرتنی ڕای گەلی خۆتە نەک وەرگرتنی ڕای دەوڵەتان و نەتەوەکانی دیکە، کەواتە تۆ هەتا ڕای گەلی خۆت نەزانی لەسەر ئەوەی ئایا دەیەوێت سەربەخۆ بێت یان لەگەڵ ئێراقدا بمێنێتەوە، چۆن دەکرێت ڕای دەوڵەت و نەتەوەی دیکە لەسەر ئەم پرسە چارەنووسسازە بزانیت، پەندێک هەیە دەڵێت: کەس ماسی لە ئاودا ناکڕێت، بەڵام کێشەی ئێمە لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ئەوەیە، کە دەمانەوێت لەناو ئاودا ماسی خۆمان بفرۆشین.
لەلایەکی دیکەوە لەوەڵامی ئەو درۆیانەی کە دەڵێن: ئەگەر ئێمە سەربەخۆیی ڕابگەیەنین، تورکیا سنوورمان لێ دادەخات، دەڵێین: ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی پەترۆل و گاز لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕووسیا بۆ ئەوەیە کە دەروازەیەکی دیکە بۆ فرۆشتنی نەوت و گازی ئێمە بۆ سەر دەریای سپی ناوەڕاست بکرێتەوە، لەم بازنەیەدا گرنگە ئەوە بە میللەتی خۆمان بڵێین، کاتێک ڕووسیا دێت ئەو ڕێککەوتنە گرنگە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا دەکات و ئامادەیە بۆ ماوەی 3 ساڵ نەوتی کوردستان بکڕێت، ئەمە مانای ئەوەیە هەتا ئەگەر تورکیا سنووری خۆیشی بە ڕووی کوردستاندا دابخات، ئەوا دەروازەیەکی دیکە بۆ فرۆشتنی نەوتی کوردستان هەبێت، سەبارەت بەم لایەنە من دڵنیام کە تورکیا و ئێران و سووریا و ئێراقیش ئەم ڕاستییانە دەزانن، بەڵام ئەوەی کە هەوڵی نەداوە لەم ڕاستییانە تێبگات، ئەو خەڵکانەن لەناو میللەتی خۆمان کە بوونەتە داردەستی دەوڵەتانی دراوسێ و دەیانەوێت ئەم واقیعە چەواشە بکەن.
لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هەڵوێستەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی کە ڕاشکاوانە ئەوەی دەربڕیوە و جەختی لەسەر کردۆتەوە، بەوەی ئەگەر ئەو دڵنیا نەبوایە کە پڕۆسەی سەربەخۆیی کوردستان سەردەکەوێت و پشتگیریی لێ دەکرێت، ئەو بارە گرانەی نەدەخستە سەر شانی میللەتەکەی، بەڕێز مەسعود بارزانی ڕاستە وەک پێشمەرگەیەک لەبەرەکانی جەنگ ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشی بۆ هەموو جیهان بەتاڵ کردەوە، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسەت و دیپلۆماتییەتیش، سەرکردەیەکی هێندە لێهاتووە و دەزانێت هاوکێشە سیاسییەکان بەرەو کوێ دەچن و پێگەی کوردستانیش لەو هاوکێشەیەدا چەندە و سەرۆک بارزانی لە ئاکامی خوێندنەوەی وردی بۆ ئەو واقیعە و ئەو تێکەڵییە فراوانەی لەگەڵ تەواوی سەرۆک و حکومەتەکانی جیهان هەیەتی گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی بۆ گەلەکەمان هاتۆتە پێشەوە و ناکرێت لەدەست بدرێت.
ئەگەر لەسەرینی ئەم خوێندنەوەیە و قەناعەتی سەرۆک مەسعود بارزانی کە ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کوردستان هاتۆتە پێشەوە، ئێمەش وەک شرۆڤەکار و چاودێری سیاسی خۆمان بندێڕی هاوکێشە سیاسییەکان بخوێنینەوە و ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین، ئایا بە ڕاستی دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ سەربەخۆیی کوردستان هاتۆتە پێشەوە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە ماندووبوونی زۆری ناوێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە، ئەو لایەنەی کە بەشێوەیەکی زۆر ئاشکرا دژایەتیی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دەکات، دەوڵەتی ئێرانە، بۆ ئەمەش نەیشاردۆتەوە و بەئاشکرا لە هەوڵەکانی خۆی هەر بۆ گرتنەوەی ئاو بۆ کوردستان و پاشانیش هاندانی وەکیلەکانی لە کوردستان و ئێراق درێخی نەکردووە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا پێگەی ئێران لە ئێستادا لەبەرانبەر ئەمریکا و ئیسڕائیل و عەرەبستانی سعودیە و تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش چۆن دەخوێنرێتەوە؟ بێگومان ئاشکرایە ئەمریکا و ناتۆ و ئیسڕائیل و سعودیە هەنگاوی جددییان بەرانبەر هەوڵی فراوانخوازیی ئێران گرتۆتەبەر، دەکرێت لە هەڵوێستی ئەم دواییەی سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی بەرانبەر قەتەر، وردەکاریی زیاتر بخوێنینەوە، کە پێمان دەڵێت: ئەگەر گەمارۆ خستنە سەر قەتەر بەشێکی پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەبێت بەشێکی دیکەی پەیوەندیی بە تورکیاوە هەیە، ڕاستە تورکیا هێزی سەربازی ڕەوانەی قەتەر کردووە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا تورکیا دەتوانێت بە هێزی سەربازی بەرگری لە قەتەر بکات؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پەیوەندیی بەوەوە نییە بەوەی ئایا تورکیا دەتوانێت یان نا؟ بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر تورکیا پەنای بۆ بژارەی سەربازی برد ڕووبەڕووی چی دەبێتەوە؟ بێگومان ڕووبەڕووی گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکا دەبێتەوە کە لە قەتەر بوونی هەیە، پاشانیش سوپای تورکیا قبوڵ ناکات کە سەرۆکی تورکیا وڵاتەکە دووچاری شەڕێکی وا نەخوازراو بکات، لەمەشدا سەرۆکی تورکیا زۆر باش پێگەی سوپای وڵاتەکەی دەزانێت و لەوەش ئاگادارە کە سوپای تورکیا بە هاوکاریی ناتۆ توانی کودەتاکەی تەمموزی 2016 دژی حکومەتی ئەردۆگان شکست پێبهێنێت.
ئەم خوێندنەوەیە پێمان دەڵێت: هاوکێشەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوکێشەیەکی فرەڕەهەند و تێکچڕژاوە و لەیەک ڕووەوە ناخوێندرێتەوە و پێویستی بە خوێندنەوەیەکی گشتگیرو هەمە لایەنە هەیە، ئەم خوێندنەوە گشتگیر و هەمەلایەنەیە مەترسییەکانی دوای کۆتاییهاتنی داعش بە جۆرێکی دیکە بەرجەستە دەکاتەوە، کە ئەویش لەلایەک مەترسیی فراوانخوازیی مەددی شیعەخوازیی ئێرانە لەسەر سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسڕائیل، لەلایەکی دیکەوە مەترسیی ڕادیکاڵییەتی ئیسلامی سیاسییە کە خۆی لە جیهادییەکان و ئیخوان موسلمین لەسەر دەوڵەتانی ناوچەکە بەرجەستەدەکاتەوە، هەر بۆیە لەناو ئەم بازنە فرەڕەهەندەدا، ئەگەر کوردستان لەشەڕی دژی داعشدا، یاریزانی سەرەکی تێکشکاندنی داعش و بردنەوەی شەڕی دژی داعش بووبێت، ئەوا لەدوای داعش یاریزانی سەرەکی دەبێت بۆ ڕێگرتن لە فیتنەی مەزهەبگەرایی نێوان شیعە و سوننە، کوردستانیش ئەو دەوڵەتە دەبێت کە لەسەر بنەمای دیموکراسی و فرەیی و لێبووردەیی و پێکەوەژیان بەردەوام دەبێت، بۆیە ئەو خەسڵەتانەی دەوڵەتی کوردستان لەناو ئەو هاوکێشە سیاسییە تازەیەدا، ڕاستەوخۆ دەبێتە هاوپەیمانی ئەو بەرەی دژی توندڕۆیی ڕادیکالییەتی ئیسلامییە بەهەردوو مەزهەبی شیعە وسوننەوە.
ئەمە بەرەو ئەوەمان دەبات کە ڕاشکاوانە بڵێین، عەرەبستانی سعودیە پاڵپشتێکی گەورە بێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، ئاشکراشە عەرەبستانی سعودی تەنیا نوێنەرایەتیی یەک دەوڵەت ناکات، بەڵکوو پشتگیریی عەرەبستانی سعودی بۆ دەوڵەتی کوردستان ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی گشتیی دەوڵەتانی عەرەبی دەبێت و لە بازنەیەکی فراوانتردا، ئەگەر لە ئێستا هەڵوێستی سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەردوو لایەنی هەڕەشەکە، جۆرێک لە هاوپەیمانی لەنێوان ئەوان ئیسڕائیلی درووست کردبێت، ئەوا بەدیوێکی دیکەدا لە هەڵوێست وەرگرتن بەرانبەر بە دەوڵەتی کوردستانیش، هەڵوێستێکی هاوبەش لەنێوان ئیسڕائیل و دەوڵەتانی عەرەبی درووست دەبێت، خۆ لە خۆڕا نییە حکومەتی ئیسڕائیل بە ئاشکرا پشتگیریی لە دەوڵەتی کوردستان دەکات و هەندێک لە بەرپرسەکانیان لەمەش زیاتر هەڵوێستیان دەربڕیوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵوێستی ئیسڕائیل تەنیا پشتگیریی نییە لە دەوڵەتی کوردستان و بەس، بەڵکوو پشتگیریی پاراستنی دەوڵەتی کوردستانیشە.
ئەوجا ئەگەر لەم بازنەیەوە هەڵوێستی ئەمریکا بە ڕاشکاوانە بخوێنینەوە، ئەوا بە ئاشکرا ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت، کە هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسڕائیل دەبێت بەرانبەر بە سەربەخۆیی کوردستان و هەڵوێستی ڕووسیاش هەر بەوجۆرە دەبێت، بەڵام بەدرێژایی مێژوو ڕەفتاری ڕووسیا بەوجۆرە بووە کە هەڵوێستی خۆی بە ئاشکرا پیشان نادات.
لەدوماهی ئەم دێڕانەدا دەخوازم، ئاماژەیەک بە کاردانەوەکانی مالیکی و حەشدی شەعبی بەرانبەر بە سەربەخۆیی کوردستان بکەم، پێش هەر شتێک دەمەوێت ئەوە بڵێم کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان عەرەبی شیعە و سوننەدا بەرانبەر مافەکانی گەلی کوردستان نییە، بەڵام هەڵوێستی مالیکی و حەشدی شەعبی هەڵوێستی ئێرانە و بە هاندانی ئێران ئەو دژایەتییە دەکەن، کێشەی عەرەبی ئێراق و تورک و عەجەم ئەوەیە کە بە چاوی ڕابردوو وەک کۆیلە و بەندە، سەیری کورد دەکەن، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە و کورد پێگەیەکی تایبەتیی هەیە. جارێکی دیکەش دووبارەی دەکەمەوە، ئەگەر دەوڵەتانی دراوسێ وەک ئێران و تورکیا نەتوانن ببنە هەڕەشەی سەربازی چۆن مالیکی و هاوشێوەکانی لە کوردستان دەتوانن هەڕەشە لەسەر کوردستان درووست بکەن و ئاستەنگ بۆ سەربەخۆیی دابنێن؟ لەمەش زیاتر مزگێنیی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وەڵامی هەموو ئەو درۆ و چەواشەکارییانە دەداتەوە.[1]