$کۆتای زۆرینە$
#ئادەم بێدار#
یەکێک لەو پێوەرە نێودەوڵەتییانەى کە دانراوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئاستى پێکەوەژیان و پاراستنى کەمینەکان، بەشداریی کارایانە لە بوارەکانى ژیان، هەڵبەت بوارى سیاسیش یەکێکە لە گرنگترین ئەو بوارانە، لەبەرئەوە هەر وڵات و هەرێمێک بانگەشەى ئەوە بکات کە پێکەوەژیان تێیدا لە ئاستێکى بەرزە، پێویستە دەرفەتى تەواوى ڕەخساندبێت بۆ بەشداریی کاراى ئەو کەمینانە لە کایەى سیاسیدا.
لە ئێڕاق دواى ڕووخانى دەسەڵاتى پێشوو و سەر لەنوێ بنیاتنانەوەى لە 2005، هەوڵدراوە دەرفەتى بەشداریى سیاسی بۆ کەمینە - پێکهاتەکان برەخسێندرێت، لەو چوارچێوەیەشدا سیستمى کۆتا دانرا بۆ پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا بە ئامانجى گەیاندنیان بە ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئێڕاق.
لە مادەى دوو لە یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئێڕاق ژمارە 9ی ساڵى 2020، ئامانجەکانى یاساکە بەوشێوەیە ڕوونکراونەتەوە، ئامانجى ئەم یاسایە بریتییە لە: بەشداریى دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنى نوێنەرانیان لە ئەنجوومەنى نوێنەران. یەکسانى لە بەشداریى هەڵبژاردن. زامنکردنى مافى دەنگدەر و بەربژێر لە بەشدارى هەڵبژاردن. زامنکردنى دادگەریی هەڵبژاردن و ئازادییەکەى و پاکییەکەى.
لە مادەى سێزدەى یاساى ناوبراودا بابەتى کۆتا ڕوونکراوەتەوە، بەگوێرەى یاساکە لە کۆى 329 کورسى تەنیا نۆ کورسى کۆتا دانراوە بۆ کەمینە - پێکهاتەکان و بەوشێوەیە کورسییەکانى کۆتاى دابەشکردووە، پێنج کورسى بۆ کریستیانەکان دابەشکراون بەسەر: بەغدا، نەینەوا، هەولێر، دهۆک، کەرکووک، کورسییەک بۆ ئێزدى لە پارێزگاى نەینەوا، کورسییەک بۆ سابیئەى مەندائى لە بەغدا. کورسییەک بۆ شەبەک لە نەینەوا. کورسییەک بۆ کوردى فەیلى لە واست.
کاتێک لە ئامانجەکانى یاساکە و ئەو نۆ کورسییە ورد دەبینەوە کە بۆ کۆتاى کەمینە - پێکهاتە دانراوە دەبینین کە بەشێوەیەکى دادگەرى دانەنراوە، بۆ نموونە تەنیا یەک کورسى بۆ کەمینە - پێکهاتەى کوردانى ئێزدى دانراوە ئەمەش بە هیچ شێوەیەک ڕەوا نییەو گونجاویش نییە بەرانبەر بە قەبارە و ڕۆڵى گرنگى ئەم پێکهاتەیە، یاساکە پێنج کورسى داوەتە کریستیانەکان کە شایستەن، بەڵام ئەو یاسادانەرە ئێڕاقیانە پرسیاریان لە خۆیان نەکردووە لەسەر چ بنەمایەک ئەو کورسیانەیان دابەشکردووە: ژمارەى دانیشتووان، بەشدارى پێکهاتەکان لە شۆڕشەکان و قوربانییەکانیان؟ یان چی؟ خۆ ژمارەى کوردانى ئێزدى ئێستا لە ئێڕاق لە ژمارەى کریستیانەکان کەمتر نییە، ئەى بۆچى ئەو نادادگەریە؟ لەبەرئەوەشە دادگاى فیدرالى پێشتر بڕیارى دابوو کە ژمارەى کورسییەکانى کۆتاى کوردانى ئێزدیش بکرێتە پێنج کورسى، بەڵام بە قودرەتى قادر و لە سیناریۆیەکى سەیردا ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئێڕاق لە دەرکردنى ئەو یاسایەش بریارەکەى دادگاى فیدرالى جێبەجێنەکرد، بەوشێوەیە نادادگەرى بەرانبەر کوردانى ئێزدى لەلایەن ئێڕاقەوە بەردەوامە.
هەرچى کاکەییشن ئەوە لە هیچ شوێنێکى یاساکە باسیان نەکراوە و هیچ کورسی کۆتایان پێ ڕەوا نەبینیون، لەکاتێکدا پێکهاتەیەکى گرنگن و ناوچەیەکى فراوان و هەستیاریان هەیە و بەردەوام لەلایەن تووندئاژۆکانەوە دەکرێنە ئامانج، لەبەرئەوە پێویستبوو یاساکە ئەگەر بەدواى دادگەرییەوەیە چەند کورسییەکیان پێڕەوا ببینێت.
لەپاڵ نادادگەرى یاساکە جیاکاریشى تێدا هەیە، جیاکارییەکەش بە ڕوونى لە دانانى بازنەى هەڵبژاردندا دیارە، یاساکە کاتێک بازنەى هەڵبژاردنى ئەو پێکهاتانە ڕووندەکاتەوە کە کورسی پێداون بە دوو شێوازى جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، هەموو ئێڕاق دەکاتە یەک بازنەى هەڵبژاردن بۆ کریستیان و سابیئەى مەندایى، بەڵام بۆ ئێزدى و شەبەک و کوردانى فەیلى جیاواز مامەڵە دەکات و بازنەکانیان دیاری دەکات کە هەر یەکەو تەنیا لەو بازنەیە دەتوانێت دەنگى پێبدرێت کە کورسییەکەى بۆ تەرخان کردووە، ئەمەش وەک دەڵێن (لغاية في نفس يعقوب) واتە بۆ ئامانجێک کە لە پشتەوە هەیان بووە، ئامانجەکەش ئەوەبووە کە ئەوان بتوانن لە هەر کوێیەک بێت خەڵکى خۆیان ڕابسپێرن دەنگ بداتە کریستیانەکان بەوهیوایەى کورسییەکان لە چنگ ئەوان دەربێنن، بەڵام کوردستانیان نەتوانن دەنگ بدەنە کوردانى فەیلى و ئێزدی.
سەرەنجام جگە لەوەى کە چەند کەمینە - پێکهاتەیەکى بێبەشکرد لە کورسیی کۆتا، جیاکاریشی کرد لە دانانى بازنەى هەڵبژاردن بۆیان، ئەوەش بووە هۆى ئەوەى کە لە کۆى پێنج کورسیى کریستیانەکان چواریان بۆ بزووتنەوەى بابلیونى حەشدى شەعبى بروات، تەنیا یەکێکیان نەبێت کە وەک دەگوترێت حیزبى شیوعى لە پشت دەرچوونەکەى بووە. بەمەش وەک قەشەیەکى هاورێم گوتى ئەو کریستیانەى لە ژیانیدا مەگەر تەنیا بە گەشت چووبێتە دهۆک توانى بەدەنگى ناوچەکانى دیکەى ئێڕاق کورسییەکەى دهۆک ببات، سەرئەنجام بەلاى کەمى چوار کورسى کۆتای کریستیانەکان کە بە حیساب بۆ ئەوە دانراون تاوەکو دەنگى کریستیانەکان بگەیێنێتە ناو پەڕڵەمانى ئێڕاق دەبنە کورسیی حەشدى شەعبى کە هێزێکى چەکدارى شیعە مەزهەبەکانە، هەرچى کورسییەکانى شەبەک و کوردانى فەیلیشن ئەوە هەر بۆ هێزە شیعیەکان ڕۆیشتوون، کەواتە لە ئەنجامدا کورسى کۆتا لەجیاتى ئەوەى گوزراشت بێت لە پێکهاتەکان، بوونە کورسى زۆرینە لەسەر حیسابى کەمینە، سەرئەنجام سەیر و سەمەرەیەکى دیکەش هاتە نێو تۆمارى ئێڕاق و لەجیاتى کەمینە کورسى کۆتاش بۆ زۆرینە دانراون، ئەمەش پرسیارى گەورە لەسەر ڕاستى و جدیەتى دەسەڵاتدارانى ئێڕاق درووستدەکات کە تاوەکە چەند ڕاستگۆن لەو بانگەشەى دەیکەن بەوەى مەبەستیانە پێکهاتەکان بپارێزن و دادگەرى بەدیبێنن!
ئەوەى بۆ من جێگەى سەرنجە بۆچى هێز و لایەنەکانى کەمینە - پێکهاتەکان زووتر دەنگیان هەڵنەبڕى و تاوەکو کار لە کات نەترازاو دەست بەتاڵ نەبوون نوقەیان لێوە نەهات، ئاخر جیاکارى لە دانانى بازنەى هەڵبژاردن بۆ خۆى دیاربوو کە ئەم بابەتە شتێکى شاراوەى لە پشتە.
دواجار دەبێت بڵێم کە تاوەکو سیستمى هەڵبژاردن بەوشێوەیە بێت کورسى کۆتا لەجیاتى کەمینە بۆ زۆرینە دەچێت و نرخێکى ئەوتۆی نابێت. [1]