$سەربازگەی تووندڕۆیی کوردستان$
#ئادەم بێدار#
تێکشکاندنى سەربازگەکانى داعش لەڕووى سەربازییەوە لەلایەن پێشمەرگە و هێزە ئێڕاقییەکان بە هاوکاریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لەسەر زەوی مەترسییەکانى داعشى زۆر کەمکردەوە، ئەمەش جێگەى دڵخۆشیى هەموو دنیا بوو، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا هێزە کوردستانى و ئێڕاقى و نێودەوڵەتییەکان سەربازگە گریمانەییەکانى داعش و گرووپە تووندئاژۆکانیان پشتگوێخستووە.
لە کوردستاندا ناوەندەکانى پاراستنى ئاساییش بە سەرجەم دامەزراوەکانیانەوە کارى زۆر ڕژد و دڵخۆشکەریان کردووە بۆ ڕێگریکردن لە چالاکیى ئەو گرووپانە و بگرە زۆرجار چالاکییەکانیان پێشوەختەش ئاشکرا دەکەن و تۆڕەکانیان دەستگیر دەکەن، بەڵام ئەوەى جێگەى نیگەرانییە سەربازگە گریمانەییەکانیانە کە کارکردن لەسەرى تاوەکو بڵێى لاوازە.
سەرەراى ئەوەى تاوەکو دێت ژمارەى بەکارهێنەرانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر و زیاتر دەبێت، بەپێى زانیارییەکانی سەنتەرى میدیاى ژمارەیى ئێڕاقى لەسەرەتاى ئەمساڵ ژمارەى بەکارهێنەرانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێڕاق گەیشتووەتە 25 ملیۆن بەکارهێنەر، لە کاتێکدا ساڵى ڕابردوو 21 ملیۆن کەس بووە، لەگەڵ ئەمەشدا زیاتر لە پێنج ملیۆنى دیکەش ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، سەرەنجام زیاتر لە 30 ملیۆن کەس لە ئێڕاق و لەناویشیان هەرێمى کوردستان کەرەستەى خاون بۆ ڕێکخراوە تووندئاژۆکان.
ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە سەربازگەى گریمانەیى گرووپە تووندڕۆکان، ئەوان کە بە ئاشکرا ناتوانن لە هەرێمى کوردستان چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن، سەربازگەى گریمانەیى بەکاردەهێنن بۆ زۆربەى چالاکییەکانیان.
لەڕووى وتارى ئایینییەوە کاتێک ناتوانن مینبەرى مزگەوتەکان وەکوو جاران بکەنە سەکۆى ڕشتنى ژەهرى ڕق و دژە مرۆڤ و دژە ژیان، ڕوویان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، ئەگەر سەرێکى ئەو تۆڕانە بدەیت دەبینی تژین لە وتارى بەشێکى زۆر لەوانەى لەسەر تووندئاژۆیى وتاربێژى لادراون، لە یاسا ڕایانکردووە، دامەزرێنەرى گرووپى تووندئاژۆیین، یان کوردستانیان جێهێشتووە و لە سایەى وڵاتانى ڕۆژاوا شاهانە دەژین و لەوێوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پڕکردووە لە هزرێکى ژەهراوى و سەرقاڵى لەخشتەبردنى گەنج و لاوەکانمانن، وتار و ئامۆژگارى و فەتوا و وانەى ئایینى هەر یەکێکت دەوێت لەو تووندئاژۆیانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەردەستە و بە ئاسانى دەتوانن بگەنە هەموو کەسێک.
ئەو گرووپە تووندئاژۆیانە ئێستا سەربازگەى مەشق و ڕاهێنانیان نییە لە کوردستان، بەڵام تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە جێگرەوەى ئەو سەربازگانە، ئەوان لە قۆناخى یەکەمدا لەژێر پەردەى بڵاوکردنەوەى ئایینى پیرۆزى ئیسلام، بەرگریکردن لە موسڵمانە چەوسێندراوەکانى دنیا وەکوو فەڵەستین و بۆرما و ئیگۆر، بابەتەکانیان دادەڕێژن و پۆستى دەکەن، دواتر کە ئەندام و لایەنگرانیان زیادبوون، دەستدەکەن بە بڵاوکردنەوەى هزرە تووندەکانیان ڕاستەوخۆ، بەمەیش دەتوانن فێڵ لە کارگێڕانى ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە بکەن و خۆیان لە داخستنى یەکسەریى پێگە و پەیج و ئەکاونتەکانیان بدزنەوە.
دواتر لە قۆناخى دووەم دەیانکەنە قوتابى لەو قوتابخانە شەرعییە گریمانەییانە و بە ڕێکخراوى بەناوى وانەى شەرعى ئەو بەشەى توراسى ئیسلامییان پێدەڵێنەوە کە لەسەر بەکافرکردنى ئەوى دیکە و ڕشتنى ڕق بەسەرى و کوشت و بڕینى بنیاتنراوە، بەمەیش هزریان کۆنترۆڵ دەکەن و ئامادەیان دەکەن بۆ قۆناخى دواتر.
لە قۆناخى سێیەمدا ئەوانە دەبەنە ئەو سەربازگە گریمانەییانەى لەسەر ئینتەرنێت درووستیانکردوون و لەوێوە فێرى شێوازى بەکارهێنانى چەک و تەقەمەنییان دەکەن، بەمەیش زۆر بە سانایى کەسێکى تووندئاژۆ ئامادە دەکەن بۆ ئەنجامدانى کارى تیرۆریستى!
$هۆکارەکانى بەکارهێنانى بەرفراوانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن تووندئاژۆکان: ڕێکخراوە تووندئاژۆکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکى بەرفراوان بەکاردەهێنن لەبەر ئەم هۆکارانەى خوارەوە:$
1) تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هیچ جۆرە کۆنترۆڵێکى لەلایەن دەسەڵاتداران لەسەر نییە و بەمەیش دەرفەتێکى زێڕینیان بۆ هەڵکەوتووە تاوەکو بە کەیفى خۆیان بەکاریبهێنن.
2)تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەستن بۆ هەموو چین و توێژێک و بەکارهێنەریان یەکجار زۆرە، لەم ڕێگەیەوە دەتوانن بگەنە زۆرترین کەس.
3) زۆربەى بەکارهێنەرانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توێژى گەنج و لاون، بەمەیش ئەو ڕێکخراوە تووندئاژۆیانە ئەو چینەیان دەستکەوتووە کە خواستى دڵیانە، لەبەرئەوەى هەمیشە گەنج و لاو باشترین کەرەستە بوون بۆ ئەو ڕێکخراوانە کە کارى لەسەر بکەن.
4) ئەو تۆڕانە شوێنێکن بۆ پەیوەندیى ڕاستەوخۆ و خێراى نێوان ئەندامەکانیان بە ئاسانى و بەبێ ئەوەى بخرێنە ژێر چاودێرى، ئەوان کە ناتوانن سنوورەکان ببڕن بۆئەوەى بگەنە یەک لە ڕێگەی ئەو تۆڕانەوە بە سانایى بەیەکەوە کۆدەبنەوە.
5) کاریگەریى گەورەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر تاکى کوردستانى، ئەوان ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە وەکوو چەکێکى کاریگەرى جەنگى دەروونى بەکاردەهێنن و داعشیش زیندووترین نموونەیە بۆ ئەمە.
6) ئەو تۆڕانە شوێنى باشن بۆ دەستکەوتنى زانیارى لەسەر ئەو کەسانەى بە ئامانجیان دەگرن، لە کوێن و چۆن دەژین و جووڵەیان چۆنە و کێ هاوڕێیانە و ..هتد.
7)بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کۆکردنەوەى پشتیوانیی دارایى و حەواڵەکردن.
8)ئەوان کە ناتوانن بە جەستە بگەنە خەلیفە و ئەمیر و سەرکردەکانیان، لەڕێگەى ئەو تۆڕانەوە بەیعەتى گریمانەییان پێدەدەن.
$سەنگەرى بەرانبەر:$
ئەگەر سەیرێکى سەنگەرى بەرانبەر و دژە تووندئاژۆکان بکەین، دەبینین کە سەنگەرەکان لەو تۆڕانە لاواز و بێهێزن، ئەوەش بە ڕوونى لەو خاڵانەدا دەخەمەڕوو:
1)نەبوونى پلانى ستراتیژى، لە هەرێمى کوردستاندا هیچ کارێکى ڕێکخراو و ستراتیژى نابیندرێت لە دژى ئەو گرووپە تووندئاژۆیانە بکرێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
2)پەرش و بڵاویى ئەوانەى لە سەنگەرى دژە تووندڕۆیى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کار دەکەن، بەمەش کاریگەرییان کەم دەبێت و ناتوانن ئەو ئەرکە قورسە جێبەجێ بکەن.
3)چالاکڤانانى هزرى ئیسلامى زۆربەى جار توانایەکى باشى بەکارهێنانى سۆشیاڵ میدیایان نییە لەڕووى دارایی و تەکنیکییەوە لە کاتێکدا سەربازگەى بەرانبەریان توانایەکى بەهێزیان هەیە لەو بوارەدا.
4)پارتە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان زیاتر تواناى خۆیان لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە خستووەتە خزمەتى یەکتر سڕینەوە و هەڵڕشتنى ڕق بەسەر یەکترى و هەوڵدان بۆ شکاندنى ملى یەکتر نەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هزرى تووندڕۆیی، لە کاتێکدا بە سەدان پەیج و ئەکاونت پشتیوانیی دارایى دەکرێن و گەنجیان بۆ دادەمەزرێندرێت و ماددى و مەعنەوى پشتیوانی دەکرێن، کەچى چارەگى ئەوە پشتیوانیی ئەو خەڵکانە ناکەن کە خەمى دژە تووندڕۆیى بووەتە ئەرکیان.
$چارەسەر:$
1)بەهێزکردنى سەنگەرى دژە تووندڕۆیى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
2)ڕاسپاردنى زانکۆ و ناوەندەکانى توێژینەوە بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى لەسەر ئەو بابەتە.
3)تایبەتکردنى بەرنامەى میدیایى تایبەت بە دژە تووندڕۆیی و بڵاوکردنەوەى لە سۆشیاڵ میدیا.
4)بەکارهێنانى ئەو چەمکانەى کە گرووپە تووندئاژۆکان بەکاریدەهێنن و ئەو چەمکانەش کە نەیارەکانیان بەکارىدەهێنن بۆ گەیشتنە هەردوو سەربازگە.
5)بۆردێکى لێزان و لێهاتوو کە پێکهاتبێت لە کەسانى شارەزا لە بوارى تەکنەلۆژیای زانیارى و هزرى تووندڕۆیى گرووپە تووندئاژۆکان بۆ بەدواداچوون و فلتەرکردنى ئەو پێگە و ئەکاونت و پەیجانەى بەکاریدەهێنن.[1]