$تیرۆری عەقڵ و ڕۆح$
#ئادەم بێدار#
پەڕتووکە ئیسلامییەکان پڕ فرۆشترینن، تایتلێک لەگەڵ هەموو پێشانگایەکى پەڕتووک زۆرترین قسەو باسى لەبارەوە دەکرێت، ئەو فاکتە خەڵکى بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە، بەرەیەک بەتەواوى دڵى پێىخۆشە، سوپاسگوزارى خواى لەسەر دەکات و ئومێدى زۆرى لەسەر هەڵچنیوە، بەرەیەکیش تەواو دژایەتى دەکات و بە مەترسى ڕاستەقینە دایدەنێت. هەردوو بەرەکە بەدرێژایی پێشانگاکەو بگرە دواى پێشانگاکەش لە دژایەتی یەکتر ناوەستن.
ئەوان کە دژایەتی یەکتر دەکەن زۆربەى جار هۆکارەکەى بۆ ئەو بیر و ئایدۆلۆژیانە دەگێڕنەوە کە هەڵیان گرتووەو باوەڕیان پێیەتى، زۆربەى جاریش هەموو شتێکى خۆیان بە باش دەبینن و ئەوەى بەرانبەریشیان بە خراپ، ئەو شێوازى دیتنی هەموو شتەکە بەڕەش یان سپی واى لێکردوون کەسیان دیوەکەى دیکە نەبینن، منیش کە سەیرى ئەو دوو بەرەیەو هەڤرکییەکەیان دەکەم ئەو تێبینیانە تۆمار دەکەم:
یەکەم: بەرەى سێیەم بزرەو لەسەر شانۆکەدا دیار نییە، بەرەیەک کە ئینسافى هەبێت، هەموو شتێک بەخراپە نەبینێت و بە هەمووشى نەڵێت باش، بتوانێ سەرنجەکانى وردبێت و لایەنە باش و خراپەکانى ئەو بابەتە ببینێ و بتوانێت هاوکارى خوێنەران بکات لەوەى ڕێگەیان لێ بزر نەکات.
دووەم: بوونى ئەو دژایەتییە لەنێوان ئەم هەردوو بەرەیەدا کاریگەرى خراپى هەیە بەوەى ئەو دژایەتییە شۆڕبووەتەوە نێو کۆمەڵگە، دژایەتییەک لە سنوورى دەستەبژێرى کۆمەڵگە نەماوەتەوەو خەڵکانى ئاساییشى خستووەتە نێو یاریگەکە، ئەوان خاوەن پاشخانێکى هزرى و مەعریفى قووڵیش نین کەچى خۆیان لێ بووەتە فس فس پاڵەوان و چۆنى بیانەوێت شەق لە تۆپەکە دەدەن بەبێ ئەوەى بزانن بۆ کوێى ئاڕاستە دەکەن و شوێنەوارى چى بەجێدێڵیت؟! سۆشیالمیدیاش ئێستا کە یاریگە دڵخوازەکەیە پڕە لە هێرشى هەردوو بەرە بۆ سەر یەکتر، ئەمەیش مەترسییە بۆ سەر ئاساییشى کۆمەڵایەتى.
سێیەم: ئایین خۆى پیرۆزە لاى خەڵک بەگشتى و پەیڕەوکارانى بە تایبەت، لەبەرئەوە بابەتەکە هەستیارەو قسەکردن بەوشێوەیە لەسەر پرسگەلێکى وەها دژایەتییەکە دەباتە قۆناخێکى مەترسیدار و سەر دەکێشێت بۆ بەبێباوەڕکردن (تەکفیر) و لێکدانەوە بەوەى بەرەى نەیار دژى ئیسلامە وەک ئایین، ئەمەیش حوکمەکەى لە شەریعەتى ئیسلامدا دەرچوونە لە بازنەى ئایین و هەڵگەڕانەوەیە، هەر بەپێى ئەو پەڕتووکانەش کە بەرەى یار باوەڕیان پێیەتى حوکمى ئەو کەسانە کوشتنە، ئەمەیش مەترسییەکى جدییەو دەبێ بەهەند وەربگیرێت.
چوارەم: ڕەنگە ئەمە ببێتە هاندانێک بۆ ئەوانەى کە بڕیاریان نەداوە بچن ئەو پەڕتووکانە بکڕن، برۆن بۆ پێشانگاکەو (سەواد) ى ئەو بەرەیە زۆر بکەن کە خۆیان وەک بەرگریکار لە ئیسلام وێنا دەکەن، بەبێ هیچ پێشینەیەکى ڕۆشنبیرى پەڕتووکانێک هەڵبژێرن کە دواتر بکەونە ژێر کاریگەرى ئەو پەڕتووکانەو بەشێکى پەڕتووکەکانیش بۆ چەقبەستوویى و تووندرۆیى ئاڕاستەیان بکەن و هزرو عەقل و ڕۆحیان تیرۆر بکەن، ئەمەیش پێویستى بە هەڵوەستە لەسەر کردنە کە من دواتر دێمەوە سەرى، بەڵام جارێ پێویستە قسەیەک لەسەر هەردوو بەرەکە بکەم.
دەمەوێ بڵێم هەردووکیان بەشێک لە ڕاستى و بەشێکیش لە ن%