$زیندانیکردنى زمان دژایەتیکردنى نیشانەیەکی خودایە$
#ئادەم بێدار#
زمان یەکێکە لە گرنگترین دیارییە خوداییەکان بۆ مرۆڤ، هۆکارێکى سەرەکیی لێکتێگەیشتنە، هەمیشە بەشێکى گرنگى ناسنامەیە، لەبەرئەوە هەمیشە جێگەى بایەخ بووە.
خودا کە مرۆڤى درووستکرد، بەر لەوەى نیشانى فریشتەکانى بدات فێرى زمانى کرد، بۆ ئەوەى یەکێک لە دیارترین نیشانەکانى خۆى نمایش بکات، خودا دەفەرموێت: (وعلم آدم الأسماء کلها ثم عرضهم على الملائکة) ، وەک لە گێڕانەوەکاندا هاتووە خودا باوکە ئادەمى -د.خ- فێرى 700 زمان کردووە، ئەمەش بۆ ئەوەی مرۆڤ و فریشتەکانیش فێرى گرنگى زمان بکات.
لە ئیسلامدا زمان وەک نیشانەى خودا لێکدراوەتەوە: (ومن آیاته خلق السموات والأرض اختلاف ألسنتکم وألوانکم إن فی ذلک لآیات للعالمین) ، واتە: لە نیشانەکانى خودایە ئەفراندنى ئاسمان و زەوى و جیاوازى زمان و ڕەنگەکانتان، ئەوانە نیشانەن بۆ زانایان.
بەپێى ئەو ئایەتەى سەرەوە زمان نیشانە و ئایەتى خودایە بۆ بەندەکانى، بەخششێکى خوداییە و پێویستە ئەوانەى شتێک لە دنیا تێدەگەن بیپارێزن.
قورئانى پیرۆز خۆى سەرەتا بە حەوت زمان دابەزیوە، بۆ ئەوەى عەرەبى ناوچە جیاوازەکان بتوانن بە زمانەکانى خۆیان تێیبگەن، هاوکات چەندین وشەى ناعەرەبى تێدایە کە لە بنەڕەتدا وشەی زمانەکانى دیکەى وەک کوردى، فارسى، سریانى، عیبرى، یۆنانى و حەبەشى ..هتد، نموونەى ئەمەش لەو وشانە ڕەنگیداوەتەوە: أباریق، إبراهیم، استبرق، إنجیل، توراة، زنجبیل، سجیل، طاغوت، عدن، فرعون، فردوس، ماعون، مشکاة و.. هتد.
پەیامى سەرەکیش لەو بابەتە نیشاندانى گرنگى زمانەکانى دیکەیە، بۆ ئەوەی مرۆڤە موسڵمانەکان هەرگیز دژایەتیی زمان نەکەن، چونکە دژایەتیکردنى زمانە جیاوازەکان:
$یەک:$ دژایەتى خودا و نیشانەکانیەتى، خوداى گەورە کە زمانى ئافراندووە و وەک نیشانەى خۆى ئەژمارى کردووە، نابێت موسڵمان هەوڵى سڕینەوەى هیچ زمانێک بدات، چونکە سڕینەوەى زمان بریتییە لە سڕینەوەى نیشانەکانى خودا و سەرەنجامیش دژایەتیکردنى خودایە، ئەرێ دەکرێ تۆ موسڵمان بیت و دژایەتى خوداش بکەیە ناوى خودا؟
$دوو:$ سڕینەوەى زمان هەوڵدانە بۆ سڕینەوەى سونەتى خودا: مرۆڤ بە ڕەگەز و زمان و نەتەوەى جیاواز درووستکراوە، ئەمەش وەک سونەتى خودا لێکدراوەتەوە، خودا دەفەرموێت: (ولو شاء الله لجعل الناس أمة واحدة) ، ئینجا کە خودا نەیویستووە خەڵکى دنیا هەمووى یەک گەل بن، کەوایە ویستى خودا ئەوەیە مرۆڤەکان گەل و نەتەوەى جیاوازبن، هەر کەسێکیش هەوڵى سڕینەوەى ئەو هەمەچەشنییە بدات، ئەوا هەوڵى سڕینەوەى سونەتى خوداى داوە و دژایەتى ویستى خودایشى کردووە، ئایا دەکرێ تۆ خۆت بە موسڵمان و ڕێبەرى موسڵمانان بزانی و دژایەتى ویستى خوداکەشت بکەیت؟
$سێ:$ دژایەتیکردنى زمان، دژایەتیکردنى سونەتى پێغەمبەرە (د.خ) : لە گێڕانەوە ئیسلامییەکاندا هاتووە پێغەمبەر محەمەد (د.خ) بە زمانى فارسى لەگەڵ سەلمانى فارسى قسەى کردووە، فەرمانیشى بە زەیدى کوڕى سابیت کردووە فێرى زمانەکانى سریانى و عیبرى بێت، هەرگیز یەک فەرموودەى درووستیش نییە لەو پێغەمبەرە گێڕدرابێتەوە کە دژایەتیی زمانێکى کردبێت، کەواتە دژایەتیکردنى زمان یەکسانە بە دژایەتیکردنى سونەتى پێغەمبەر (د.خ) کە فرەزمانى قبووڵ کردووە و ڕێزى لێگرتووە، نازانم چ ڕەوایەتییەکیان هەیە ئەوانەى خۆیان بە هەڵگرى میراتى ئەو کەسایەتییە گرنگە دەزانن و پێچەوانەى سونەتەکەشى مامەڵە دەکەن و هەوڵى سڕینەوەى زمانەکانى دیکە دەدەن؟
$چوارەم:$ پێشەوایانى شیعە هەموو زمانەکانیان زانیوە: بەپێى گێڕانەوەکانى شیعە، پێشەواکانیان کە 12 کەسن هەموو زمانەکانیان زانیوە، لەوبارەوە شێخى موفید 34 فەرموودەى گێڕاوەتەوە کە گشتیان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە پێشەواکانى شیعە زمانە جیاوازەکانیان زانیوە، ئەمەش گرنگى زمانەکان لاى ئەو پێشەوایانە نیشاندەدات، لەسەرووى هەموویانەوە عەلى کورى ئەبو تالیب کە دەڵێت: مرۆڤەکان دوو جۆرن، یان براتن لە ئایین، یانیش هاوشێوەتن لە درووستبوون، کەواتە هەر هەوڵێکى سڕینەوەى زمانى جیاواز پێچەوانەى ئاکار و ڕێباز و بیروباوەڕى ئەو پێشەوا بەڕێزانەیە.
هەرچى ئەو کەلەپوورە ئیسلامیەش کە هەیە و باس لە پیرۆزى زمانى عەرەبى دەکات ئەوە هیچى لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانى ئیسلامدا ناگونجێت، ئەمەیش بۆ خۆى پێویستى بە نووسینى وتارى تایبەتە لەسەرى.
سەرەنجام بۆمان دەردەکەوێت لە ڕووى ئایینییەوە برەودان بە زمان و پاراستنى لەگەڵ ئایین دەگونجێت، بەپێچەوانەوە هەموو هەوڵێک بۆ سڕینەوە و لاوازکردن و نەهێشتنى زمان بە هەوڵێکى دژە ئایین لێکدەدرێتەوە جا بە هەر ئامراز و ڕێگەیەک بێت.
لەسەر ئاستی کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش زمان بایەخێکى یەکجار زۆرى هەیە، یونسکۆ کە ئاژانسى نەتەوە یەکگرتووەکانى تایبەت بە پەروەردە و زانست و ڕۆشنبیرییە، زۆر جەخت لەسەر پاراستنى زمانە جیاوازەکان دەکاتەوە، بەو ئاڕاستەیە بەدواداچوونى بەردەوامى هەیە بۆ زمانەکانى جیهان، بەپێى ئەتلەسى ئەو زمانانەى هەڕەشەى لەنێوچوونیان لەسەرە کە لەلایەن یونسکۆوە ئامادەکراوە 2500 زمان مەترسیی گەورەی لەنێوچوونیان لەسەرە، بەگوێرەى زانیارییەکانیان هەموو دوو هەفتەیەک، زمانێک ماڵئاوایى لە دنیا دەکات و بارگەى بۆ یەکجارى دەپێچێتەوە و ئیدى هیچ کەسێک گوێى لە قسەکەرەکانى نابێت. بەگوێرەى ئەو ئامارەش ساڵانە 25 زمان لەنێو دەچێت.
بەپێى بەدواداچوونەکان، زمانى ڕیسیجارۆ یەکێکە لەو زمانانەى کە مەترسیى زۆرى لەنێوچوونى لەسەرە، دواى کوژرانى خوشکى ڕۆزا ئەندرادێ ئۆکاجان، پابلۆ تاکە کەسە بەو زمانە ئەمازۆنییە زۆر دەگمەنە بئاخڤیت، لەبەرئەوە حکومەتى پیرۆ هەوڵى کۆکردنەوەى وشەکانى زمانەکە و دانانى ڕێزمان بۆ ئەو زمانە دەدات.
مەترسیى لەنێوچوونەکان تەنیا زمانەکانى ئاسیا و ئەفریقیاى نەگرتووەتەوە، بەڵکوو ئەو هەڕەشەیە دەستى گەیشتووەتە زۆربەى وڵاتانى دنیا، تەنانەت وڵاتانى وەک نەرویج و سویدیش ئەم مەترسیەیان لەسەرە.
لە کۆى 6000 زمانى زیندووى دنیا، تەنیا لەو سێ نەوەیەى دواییدا نزیکەى 200 زمان لەنێوچوون.
جەنگ، کۆچى بە ناچارى، کارەساتەکان و جیهانگیرى هۆکارى سەرەکیى پشتەوەى لەنێوچوونى زمانەکانن.
لەکاتێکدا کە ئیسلام لەلایەک و یونسکۆش لەلایەکەى دیکە جەخت لەسەر پاراستنى زمانەکان دەکەنەوە، یونسکۆ بانگەواز دەکات ئەو زمانانە بەکاربهێندرێن و لە مەرگ ڕزگاربکرێن، چونکە تەنیا زمانى ناوچەیەک یان کۆمەڵە خەڵکێکى دیاریکراو نین، بەڵکوو کەلەپوورێکى مرۆیى بەهادارن، کەچى هێشتا لە کۆمەڵگەکانى ئێمە زمانى جیاواز قەدەخە دەکرێن، مامۆستاکانیان دەخرێنە کونجى زیندانەوە، بە جۆرەها شێواز پیلانى لەنێوبردنیان دەدرێت، ئەمەیش پێمان دەڵێت کە هەموو هەوڵێکى سڕینەوەى زمانى جیاواز نامۆیە بە ئایین و شارستانی و پێشکەوتن. [1]