$کوشتنی دۆسکی شەرعی نەبوو$
#ئادەم بێدار#
ئەم ڕۆژانە بابەتى کوشتنى گەنجێک لە شارى دهۆک بەناوى (دۆسکى ئازاد) بووەتە بابەتێکى گەرم و گرنگ، کاردانەوەکان جیاوازن، هەندێکیان سەرکۆنە، هەندێکى دیکەش بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
ڕەواجدان بەو کارە لە بەرژەوەندیى کەس نییە:
بەداخەوە کە هەندێک میدیا و ڕێکخراو و کۆنسوڵخانەى وڵاتان بەشێوەیەکى ناتەندرووست کار لەسەر بابەتى دووڕەگەز و هاوڕەگەز و ڕەگەزە پەیوەندیدارەکان دەکەن بە ڕادەیەک وەک ڕەواج دێتە بەرچاو بۆ بابەتەکە، ناڵێم ئەوان بە مەبەستێکى خراپ ئەو کارە دەکەن، بەڵام دەمەوێ بڵێم کە شێوازى کارکردنیان لەسەر ئەو بابەتە لێرە هەڵەیە، خەریکە بڵێم حەزدەکەن ئەو بابەتە لە کۆمەڵگە بەربڵاوبێت، نازانم لە بەربڵاوبوونی ئەو بابەتە لە کوردستان ئەوانە چ سوودیان پێدەگات؟
ئەو بابەتە خۆى لەخۆیدا کێشە و بەشێکیشى نەخۆشییە و دۆخێکى نائاساییە و پێویستى بە چارەسەرە بۆ نەهێشتنى، نەک بۆ گەورەکردن و پەرەپێدانى.
لەڕووى کۆمەڵایەتیشەوە بابەتەکە ڕەتکراوە و نامۆیە بە کۆمەڵگەى کوردستانى پارێزگار و دنیایەک کێشە و عەیبە بەدوای خۆیدا دێنێت، ئەرێ ڕەواج پێدان و کارکردن لەسەرى بەسەقەتى چ سوودێک بە لایەنى کۆمەڵایەتىی کوردستان دەگەیێنێت؟
$سزاى هاوڕەگەزخوازى لە ئیسلامدا کوشتن نییە$
هەڵوێستى تووندى زانایانى ئایینى بەرانبەر ئەو دیاردەیە بەبێ هیچ وردەکارییەک ڕەوایى داوەتە کوشتنى دۆسکى و خەڵکانى دیکە، هەڵبەت تەنیا ئایین ڕەوایى پێنەداوە، بەڵکوو عەیبەى کۆمەڵایەتیش بەهەمان شێوە ڕۆڵى بەرچاوى هەیە لە ڕەوایى دان بەو کوشتنانە یان دەربەدەرکردنیان!
بەر لە هەر شتێک من وەک بنەما هاوڕەگەزخوازیم قبووڵ نییە و بە کارێکى نەشیاوى دەزانم، پێشم وایە ئیسلام ئەو (هاوڕەگەزخوازى) یەى ڕەتکردووەتەوە و بە قەدەخەکراو (حرام) ى داناوە، خوا لە قورئانى پیرۆزدا ئەو کردەوەیەى گەلى پێغەمبەر (لوط) ى پێ لەناوبرد بە (الفاحشة) ناوبردووە و دەفەرموێت: (أتأتون الفاحشة ما سبقکم بها أحد من العالمین) ، سورەتى الأعراف: 80، (ولوطا إذ قال لقومه أتأتون الفاحشة وأنتم تبصرون) النمل: 54، بەڵام هیچ سزایەکى دیاریکراو لە قورئاندا بۆ ئەو کەسە دانەندراوە کە ئەو کارە دەکات.
هەرچى فەرموودەشە کە بە سەرچاوەى دووەمى شەریعەتى ئیسلام دادەندرێت ئەوە بە ڕوونى سزاى هاوڕەگەزخوازى بە کوشتن و ڕەجم دیاریکردووە، لەوانە:
- عن ابن عباس، قال: قال ڕسول الله صلى الله علیه وسلم: من وجدتموه یعمل عمل قوم لوط، فاقتلوا الفاعل والمفعول به پێشەوایان ئەحمەد بە ژمارە (2732) ، و ئەبو داوود بە ژمارە (4462) ، و ئیبن ماجە بە ژمارە (2561) ، و (الترمذی) بە ژمارە (1456) ، ئەبو یەعلى بە ژمارە (2463) ، و بەغەوى بە ژمارە (2593) ئەو فەرموودەیەیان گێڕاوەتەوە.
- عن أبی هریرة عن النبی صلى الله علیه وسلم فی الذی یعمل عمل قوم لوط، قال: ارجموا الأعلى والأسفل، ارجموهما جمیعا. هەر یەک لە (ابن ماجه) بە ژمارە (2562) ، و (البزار) بە ژمارە (9079) ، و (الحاکم) بە ژماره (8048) هێناویانە.
- عن جابر بن عبدالله أن ڕسول الله صلى الله علیه وسلم قال: من عمل عمل قوم لوط فاقتلوه. پێشەوا (الخرائطی) لە (مساوئ الأخلاق) بە ژمارە (416) هێناویەتى.
کۆى گشتى ئەو فەرموودانە ڕەوایى بە کوشتنى ئەو کەسانە دەدەن کە هاوڕەگەخوازى و سێکس لەگەڵ ڕەگەزى خۆیان دەکەن، بەڵام زانایانى فەرموودەناس ڕاى جیاوازیان هەیە لەسەر ڕاستى و درووستى ئەو فەرموودانە، زاناى وا هەیە تەواوى فەرموودەکان ڕەتدەکەنەوە کە ڕاست بن، لەوانە ئیبن حەزم لە کۆندا و شوعەیب ئەرنائۆت لە زانایانى سەردەم، سەرجەمى ئەو فەرموودانە بە لاواز (ضعیف) لە قەڵەم دەدەن، زاناى واش هەن کۆى گشتیی فەرموودەکان بە ڕاست دەزانن وەک شەوکانى و ئەحمەد شاکر و ئەلبانیش کە بەشێکى ئەو فەرموودانەى بە ڕاست داناوە.
لێرەوە پێویستە ئەوە بزانین کە بەپێى پرەنسیپەکانى شەریعەت (حدود) دەبێ بە بەڵگەى بەهێز و ڕوون و بڕاوە چەسپابێت، لەبەرئەوە بەهیچ شێوەیەک بەگوێرەى ئەو بنەما شەرعیانە ڕەوا نییە بەگشتى کەسێک بکوژرێت لەسەر ئەو کارە.
هەرچى زانا و فەقیهەکانن ئەوە سەرەڕاى ئەوەى هەندێکیان وەک (ئیبن تەیمیە، ئیبن قەیم، ماوردى) کۆدەنگى زانایان (اجماع) دەگوازنەوە لەسەر کوشتنى ئەو کەسە، بەڵام لە ڕاستیدا زایان بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر سزاى بکەرى ئەو کارە، بۆ نموونە ئەبوحەنیفە، پێشەوای ئایینزای حەنەفى، ئیبن حەزم و زاهیرییەکان دەڵێن، ئەو کەسە سزاکەى تەمێکردنە نەک کوشتن.
$کەوایە بەپێى شەرع بێت کوشتنى هاوڕەگەزخواز:$
- پێچەوانەى قورئانە، چونکە قورئان قەدەخەى کردووە و بە کارێکى قێزەونى داناوە، بەڵام هیچ سزایەکى دیاریکراوى بۆ بکەرەکەى دانەناوە.
- زانانى ئیسلام کۆک نین لەسەر ئەوەى سزاى کۆتایى هێنانى ژیانى مرۆڤ لەسەر بنەماى فەرموودەى (ئاحاد) بنیات بنرێت، بەگەڕانەوەش بۆ قورئان دەبینین هەرچى ئەو سزایانەن کە کۆتایى بە ژیانى تاوانکار دەهێنن بە بەڵگەى بڕاوە (قطعی) جێگیربوون، کەوایە ناکرێ تۆ ژیانى کەسێک کۆتایى پێبێنیت لەسەر بنەماى فەرموودەیەکى (ئاحاد) کە هێشتا ئەگەرى گومانى تێدا هەیە و زانیاریی بڕاوە نابەخشێت، سزاى هاوڕەگەزخوازیش دەکەوێتە هەمان خانەوە.
- یەکێک لە بنەماکانى سزا و (حدود) لە ئیسلامدا ئەوەیە کە سزاکان بە بوونى گومان و (شبهە) دەکەون، بەو واتایەى هەر کاتێک گومانێک پەیدابێ ئەوە وادەکات سزاکە بکەوێت و جێبەجێنەکرێت، ئەرێ بوونى گومان لە درووستى و بەهێزى فەرموودە بە گومان ئەژمار ناکرێت؟ ئەى چۆن سزاى کۆتاییهێنان بە ژیانى مرۆڤێکى پێناکەوێت؟
سەرەنجام دەگەینە ئەوە: سەرەڕاى قەدەخەبوون (حرام) ێتى هاوڕەگەزخوازى لە ئیسلامدا، بەڵام سزاکەى کوشتن نییە، بەڵکوو قازى بەپێى سەردەمەکە سزاى تەمێکرد (تعزیر) ى بۆ دەدات.
$کوشتنى دۆسکى ناشەرعییە؟$
ئەگەر بەتایبەتتر قسە لەسەر دۆسیەى دۆسکى ئازاد بکەین و کوشتنەکەى بخەینە پێوانى شەرع دەتوانم بڵێم کە ئەو کوشتنە لەڕووى شەرعییەوە ڕەوایەتى نییە، لەبەر ئەو هۆکارانە:
1- لە بنەمادا سزاى ئەو کەسەى هاوڕەگەزخوازە کوشتن نییە، کەوایە چۆن دەکرێت بکوژرێت؟
2- ئیسلام وەک بنەمایەکى گشتى بە ڕەحمەت هاتووە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتى، ئەرێ ئەو ڕەحمەتە بۆ دۆسکى و هاوشێوەکانى نییە؟ بە تایبەتتر ئەگەر ئەو کەسە بەوشێوەیە لەدایکبووبێت؟ ئەرێ ڕەحمەت ئەوەیە کەسێک بکوژرێت لەسەر شتێک کە خۆى دەستى تێدا نەبووە؟
3- ئەو گەنجە خۆى لە خۆیدا وەک هاوڕێیەکانی دۆسکى بۆ (رووداو) باسیان لە ڕەفتارەکانی کردووە و دەڵێن، دۆسکی بە هەڵسوکەوت، بیرکردنەوە و هەست و لەشولاریش کچ بووە. هەرچەندە هاوڕێیەکانی دەڵێن ڕەگەزی خۆی نەگۆڕیوە و ئەندامی نێرینەی هەبووە، تەنیا ڕووخساری خۆی گۆریوە و لە وێنە و ڤیدیۆکانیدا کچێکی تەواوە و هیچ کات هەست ناکەی کوڕ بووە. بەگوێرەى ئەوەبێ کەسەکە وابووە، کەوایە لە بنەمادا بەشێوەیەک هاتووەتە دنیا کە خۆى دەستى تێدا نەبووە، باشە لەو حاڵەتەدا خوا سزاى کەسێک دەدات لەسەر شتێک کە خۆى دەستى تێدا نییە؟
4- ئینجا وەک هاوڕێیەکانى دووپاتى دەکەنەوە ڕەگەزى خۆیشى تەواو نەگۆڕیوە، بەڵکوو ڕووخسارى گۆڕیوە، لە ڕاستیدا جیاوازى هەیە لەنێوان گۆڕینى ڕەگەز و ڕووخسار، هەرچەندە بە گشتى گۆڕین ڕەتکراوەیە، بەڵام لە کوێى شەرعدا هاتووە سزاى گۆڕینى ڕووخسار، کوشتنە؟
5- هیچ شایەت و ئیسپاتیش نییە کە سێکسى کردبێت لەگەڵ ڕەگەزى خۆى، ئەگەر سێکسیشى کردبێت لەگەڵ ڕەگەزى خۆى ئەوە بە (لواط) دادەندرێت، ئەوەشمان بڕاندەوە کە سزاکەى کوشتن نییە، کەواتە چۆن لە خۆڕا دەکرێت ژیانى مرۆڤێک کۆتایى پێبهێندرێت؟
$چارەسەر$
واى دەبینم هەرێمى کوردستان لەو دۆسیەیە بە ئاڕاستەیەکى هەڵەدا دەڕوات، لەبەر ئەوە پێویستە:
- هەموو لایەک لێپرسراوانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا بکەن، هیچ کەس و لایەنێک بۆ بەرژەوەندیی تەسکى خۆى هەوڵ نەدات ئەو بابەتە بقۆزێتەوە و خراپ بەکارى بێنێت، یان بەهەڵە کارى لەسەر نەکەن بەتایبەتتر وڵاتانى ڕۆژاوایی و میدیا.
- پێویستە هەموو ئەوانەى کار لەسەر مافى مرۆڤ دەکەن هاوکاریی یەکدی بکەن بۆ ئەوەى کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە لەوەى چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانەدا بکات؟
- ناوەندە ئایینییەکان بەگشتى و ئەنجوومەنى باڵاى فەتوا بەتایبەت پێویستە بە وردى لێکۆڵینەوەى هەمەلایەن لەو بابەتە بکات، سوود وەربگرێت لە پزیشکانى پسپۆڕ و دەروونزانان و کۆمەڵناسان، ئینجا بەڕوونى بڕیارێکى درووست لەسەر ئەو بابەتە بدات، جیاوازى بکات لەنێوان کەسێک کە هەر بۆ هەوەس ئەو کارە دەکات لەگەڵ کەسێکى دیکە کە لە زگماکدا وا هاتووە، ڕوونیشى بکاتەوە حوکمە گشتییەکە لە ئیسلامدا چییە، سزاى ئەوانەش چییە کە کەسانێک دەکوژن بەبێ ئەوەى ئیسلام ڕێگەى پێدابن ئەو کارە بکەن.
- ناوەندە فەڕمییەکانى حکومەت پێویستە هاوئاهەنگى بکەن لە دانانى ستراتیژیەتێکى درووست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو دیاردەیە، ئەگەرنا ئاکامى خراپى لێدەکەوێتەوە. [1]