$دابەشکاریی ناپیرۆز$
#ئادەم بێدار#
یەکێک لەو بابەتانەى بە درێژایى هەفتەى ڕابردوو لە سۆشیاڵ میدیا و ناوەندە ئایینییەکان قسە و باسى زۆرى لەبارەوە کرا، بووە هۆکارى ئەوەى هێرشى وتار و جنێو و قسەى ناشیاویشى لێبکەوێتەوە، بابەتى (دار الإسلام و دار الکفر) بوو، لێرەوە بە پێویستى دەزانم تیشکى بخەمە سەر.
$یەکێک لەسەرچاوەکانى تووندئاژۆیى لەلاى موسڵمانان:$
ڕەنگە خەڵکانێک بڵێن ئەمە بابەتێکى کۆنە و چ پێویست دەکرێت ئێستا هەڵبدرێتەوە، بەبیر ئەوانە دێنمەوە ئەم بابەتە یەکێکە لە هەستیارترین بابەتەکانى ناو کەلەپوور (توراس) ى ئیسلامى، بەهۆیەوە هەزاران نا بەڵکوو ملیۆنان کەس لە مێژوودا بوونەتە قوربانى، نوێترین لێکەوتە ترسناکەکانى ئەو بابەتە ناوزەدکردنى کوردستان بوو لەلایەن داعش بە خانوو- وڵاتى کوفر، بەمەیش دەیانویست ڕەوایەتى بدەنە هێرشکردنیان بۆ سەر هەرێمى کوردستان، چونکە ئەوان تەنیا ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆیان بە خانوو-وڵاتى ئیسلام – خیلافەت هەژمار دەکرد، لە میدیا فەڕمییەکانیشیاندا هەمیشە گوتەبێژەکەیان ئەبو محەمەد عەدنانى و ئەوانى دیکەش دەیانویست ڕەوایەتى بەو جەنگە خوێناویە بدەن کە دژى موسڵمان و پەیڕەوانى ئایینەکانى دیکە هەڵیان گیرساندبوو، بانگەشەى ئەوەیان دەکرد موسڵمان لە هەموو دنیا دەبێ کۆچبکەن بۆ موسڵ و ناوچەکانى دیکەى ئەوکات لەژێر دەسەڵاتیان بوو، هەمیشەش بەڕەوایان دەزانى هێرشبکەنە سەر هەرناوچەیەکى دیکەى دەرەوەى دەسەڵاتیان کە پەیمان و بەیعەتیان نەدابێتە داعش و خەلیفەکەیان، لەبەر ئەوەشى بەبەهێزى لەناو ئەدەبیاتى ئیسلامیدا بوونى هەیە، گرنگە تیشکى بخرێتەسەر.
$بیرۆکەى دابەشکردنى جیهان بەسەر زیاد لە بەرەیەک:$
دابەشکردنى جیهان بەسەر بەرەى ئیسلام و کوفر یەکێکە لەو بابەتە هەستیارانەى لەمێژوو و ئەدەبیاتى موسڵماناندا قسە و باسى زۆرى لەسەرکراوە.
بەشێک لەوانەى باوەڕیان بەو پۆلینە هەیە بنەچەى دابەشکردنەکە بۆ قورئانى پیرۆز دەگەڕێننەوە، ئەوان ئایەتى 92ى سوورەتى (النساء) دەکەنە بەڵگە، لەو ئایەتەدا خواى گەورە باسى خوێنى کەسێکى کردووە بەهەڵە بکوژرێت، خوێنەکەش بەپێى (قوم) دەگۆڕێت، ئەو قەومانەشى وەک جیا باس کردوون بە (مؤمن-باوەڕدار) ، (عدو-دوژمن) ، (ميثاق-خاوەن بەڵێننامە) ئەژمارى کردوون. لە سوورەتى (الأنفال) یشدا ئایەتەکانى (72-73) باسى چەند چینێک دەکات بریتین لە: (باوەڕدار و کۆچکەر) ، (باوەڕدار و ناکۆچکەر) ، (خاوەن بەڵێننامە) ، زانایان بەتێگەیشتن لەو دەقانە هەستاون بە دابەشکردنى جیهان بەسەر خانوو- وڵاتى ئیسلام (دار الإسلام) و خانوو – وڵاتى بێباوەر (دار الکفر) .
هەرچى فەرموودەشە وەک سەرچاوەى دووەمى ئیسلام ئەوا زانایان فەرموودەیەک بە بەڵگە دەهێننەوە کە بە فەرموودەى (بوڕەیدە) ناوى دەرکردووە و لە (سنن الدارمی) بە ژمارە (2442) هاتووە، لەو فەرموودەیەدا پێغەمبەر (د.خ) وەسیەتى یەکێک لەفەرماندە سەربازیەکانى دەکات لەو کاتەى ڕەوانەى بەرەى جەنگى دەکات، لەو وەسیەتەدا باسى ئەوە دەکات ئەگەر کەسێک موسڵمان بوو بانگیان بکە بۆ ئەوەى خانوو-وڵاتى خۆیان بەجێبهێڵن و کۆچ بکەن بۆ وڵاتى موسڵمانان، کەواتە (خانوو-وڵاتى کۆچکەران) وەک چەمک بەکار هاتووە.
لە فەرموودەیەکی دیکەدا بوخارى هێناویەتى بە ژمارە (2828) ، پێغەمبەر (د.خ) قەدەخەى کردووە لە گەشتدا قورئان ببرێتە زەویى دوژمن، بەو پێیەش (زەویی دوژمن) لە بەرانبەر زەوى موسڵماندا بەکارهاتووە. لە فەرموودەیەکی دیکەدا لاى (نسائی) بە ژمارە (3515) هاتووە، چەمکى (زەویی هاوبەشدانەران) بەکار هاتووە.
$کۆى گشتى ئەو دەقانە واى لە زۆرێک لە زانایانانى فیقهى ئیسلامى کردووە، جیهان بە شێوازى جیاواز پۆلین بکەن، بەسەر: $
- دووانە: خانوو – وڵاتى ئیسلام و بێباوەر (دار الإسلام و دار الکفر) .
- دووانە: خانوو – وڵاتى ئیسلام و جەنگ (دار الإسلام ودار الحرب) .
- سێیانە: خانوو – وڵاتى ئیسلام، بێباوەڕ، جەنگ (دار الإسلام، دار الکفر، دار الحرب) .
- چوارینە: خانوو-وڵاتى ئیسلام، بێباوەڕ، بەڵێن، جەنگ (دار الإسلام، دار الکفر، دار الحرب، دار العهد) ،
$پێناسى ئەو خانوو-وڵات (دار) انە:$
لە ئەدەبیاتى کۆنى ئیسلامیدا، دەستەواژەى خانوو (دار) لەبرى (وڵات) ى سەردەم بەکارهاتووە، بۆ جیاکردنەوە و دەستنیشانکردنى خانوو - وڵاتى ئیسلامى لەگەڵ بێباوەڕ، زانا ئیسلامییەکان بۆچوونى جیاوازیان هەبووە، هەندێکیان دەسەڵاتیان وەک پێوەر داناوە، بەشێکى دیکە زۆرینەى دانیشتووانیان لەبەرچاو گرتووە، ئەوانى دیکە بەئاشکرا ئەنجامدانى ڕێوڕەسمە ئیسلامییەکانیان وەک پێوەر بینیوە، بەشێوەیەک هەرکاتێک وڵاتێک یان ناوچەیەکى جوگرافى دیاریکراو دەسەڵاتەکەى ئیسلامى بووبێت، یان خاوەنداریەتەکەى بۆ موسڵمان گەڕابێتەوە، یانیش بەئاشکرا و بێ کێشە ڕێوڕەسمە ئیسلامییەکانى تێدا سازکرا بێت، یان زۆرینەى دانیشتووانى موسڵمان بووبێت، ئەوا ناویان ناوە خانووى ئیسلامى و بەپێچەوانەشەوە بە خانووى بێباوەڕ ئەژماریان کردووە. ئەو جیاوازییە لەدیاریکردندا خۆی لەخۆیدا، بەڵگەیە لەسەر ناپیرۆزى بنەچەى دابەشکاریەکە.
$شوێنەوار و لێکەوتەکانى دابەشکارییەکە:$
بابەتى دابەشکردن و پۆڵێنکردنى جیهان بەسەر دوو بەرە یان زیاتر لەخۆیەوە نەهاتووە، بەڵکوو بۆ باسکردن و بنیاتنانى کۆمەڵێک ڕێکار بووە لەسەرى، لەوانە:
- پەیوەندى نێوان ئەو دوو خانوو – وڵاتە پەیوەندیەکى ئاشتیانەیە یان جەنگ؟
- حەڵاڵبوونى هێرشکردنە سەریان، تەنیا لەبەر ئەوەى خانوو-وڵاتەکەیان هى بێباوەڕەکانە.
- حەڵاڵبوونى سەر و ماڵ و منداڵ و ژنى دانیشتووانى خانوو-وڵاتى بێباوەڕان لەکاتى جەنگدا، بە (غەنیمە) بردنیان و بەسەبایاکردنیان، چونکە لەخانوو-وڵاتى کوفر یان جەنگن.
- بابەتى کۆچکردن لە خانوو - وڵاتى بێباوەڕ بۆ وڵاتى ئیسلام، بێبەریبوونى پێغەمبەر (د.خ) لەو کەسەى وڵاتى بێباوەڕان بۆ ژیانکردن هەڵدەبژێرێت و کۆچ ناکات بۆ ناو موسڵمانان.
لەسەر ئەو بابەتانەش زانایان ڕا و بۆچوونى جیاوازیان هەبووە، ئەمەیش هەمووى لە ئەنجامى ئەو دابەشکارییە کە جیهانى بەسەر زیاد لە خانوو-وڵاتێک دابەشکردووە.
$مێژووى سەرهەڵدانى دابەشکارییەکە:$
دابەشکردن و پۆڵێنکردنى وڵات و ناوچەکانى جیهان بەسەر بەرە-خانوو-وڵاتى ئیسلام و دژە ئیسلام مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانى سەدەى دووەمى کۆچى، کاتێک زانایان بە لەبەرچاوگرتنى واقیعەکەیان دنیایان دابەشکرد بۆ سەر خانوو-وڵاتى ئیسلام و کوفر، ئەمەیش بۆ خۆى وەڵامێکە بۆ ئەوانەى دابەشکارییەکە بە پیرۆز دەزانن.
$دابەشکارییەکى ناپیرۆز:$
ئێستاشى لەگەڵدا بێت، بەهۆى بوونى بەهێزى ئەو بابەتە لەپەڕتووکە ئیسلامییەکان بەگشتى و فیقهییەکان بەتایبەتى، بەشێکى زۆرى موسڵمانان ئەو دابەشکارییە بەپیرۆز دەزانن و وەک شەریعەت لێى دەڕوانن، بەپێویستیشى دەزانن وەک بەشێک لە پابەندییە ئیسلامییەکەیان، پابەندبن بەو دابەشکارییە، بەڵام لەراستیدا ئەو دابەشکارییە زادەى هزرى زانایانى موسڵمانان بووە لەکۆتاییەکانى سەدەى دووەمى کۆچى، ئەوانیش بە لەبەرچاوگرتنى ڕەوشى دنیاى ئەو کات و ڕێکخستنى ژیانیان، دابەشکارییەکەیان کردووە، کەواتە ئێستا 12 سەدە بەسەر سەرەتاى دەرکەوتنى ئەو دابەشکاریەدا تێپەڕیوە، لەبەرئەوە بەشێکى دیار لە زانایانى سەردەم دابەشکارییەکە بۆ ئێستا بەگونجاو نابینن، لەوانە: دکتۆر ڕاشید غەنووشى، د. ئەحمەد سایح، د. وەهبە زوحەیلى. هەر ئەوەش تێگەیشتنە درووستەکەیە بۆ ئیسلام و ژیار.
$دابەشکارى وەک هەمیشە:$
بیرۆکەى دابەشکردنى جیهان بەسەر دوو بەرەدا تەنیا لەلاى موسڵمانانەوە نەوەستاوە و بگرە پێشتریش هەبووە، بۆ نموونە:
- ڕۆمانییەکان دنیایان بەسەر هەردوو بەرەى ڕۆمان و بەڕبەڕ دابەشکردبوو.
- دابەشکراى دنیا بەسەر هەردوو بلۆکى ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا.
- دابەشکردنى جیهان بەسەر بەرەى یار و نەیار. دۆست و دوژمن.
- پۆلینکردنى گۆى زەوى لەسەر بنەماى جیهانى پێشکەوتوو، دواکەوتوو، یان زیندوو، خەوتوو.
- جۆرج دەبلیۆ بووش لەدواى ڕووداوەکانى 11 سێپتێمبەر لە بەردەم جیهان بەڕوونى دنیاى دابەشکردە سەر دوو بەرە: ئەوەى لەگەڵمان نەبێ دژمانە.
$جێبەجێکردنى دابەشکارییەکە لەئێستادا وەک هەڵەیەکى کوشندە:$
دواى دەرکەوتنى ناپیرۆزیى دابەشکارییەکە، بەو پێیەى سەرچاوەکەى خودى مرۆڤە، مرۆڤەکانیش بۆ سەردەمى خۆیان کردوویانە، دواى ئەو هەموو گۆڕانکارییە گەورانەى بەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هاتوون، پێم وایە جێبەجێکردنى ئەو فیقهەى لەئەنجامى ئەو دابەشکارییە مێژووییەوە بەرهەمهاتووە، لەسەر سەردەمى ئێستا هەڵەیەکى کوشندەیە، ئێستا دنیا گۆڕانکارى ڕیشەیى بەسەردا هاتووە بەبەراورد بەو سەردەمە کە دەکاتە 12 سەدە پێش ئێستا، زانایانیش وەک بنەمایەکى گرنگى ئوسولى فیقﮪ و شەریعەت بنەمایەکیان ڕەچاو کردووە کە چەسپاندوویەتى (حوکمە شەرعیەکان بەپێى سەردەم، شوێن، خەلک، ڕەوشەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت) .
بۆنموونە: ئێستا موسڵمانێکى تووندڕەو کە ناتوانێت لەناو وڵاتێکى ئیسلامیدا بژیت، چووەتە وڵاتێکى ئەوروپا و لەوێ بەو پەڕى ئازادییەوە ئاییندارى خۆى دەکات، تۆ پێى بڵێیت: خوا لەتۆ بەریە، چونکە تۆ لەناو کافراندا دەژیت!
دەبێ بزانین کە ئەو بنەمایانەش گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە کە زانایانى پێشوو لەسەریاندا پۆلێنەکەیان کردووە، بۆ نموونە: پێشتر بەشوێنێک گوتراوە خانوو-وڵاتى کوفر، چونکە موسڵمان کەمترین ئازادى باوەڕدارى و ئاییندارى نەبووە، کەچى ئێستا لەوێ زۆرترین ئازادى ئایینى بوونى هەیە، کەوایە ئێستا ڕەوایە هەمان حوکم و بڕیارى لەسەر بدەیت؟
لەبەرئەوە پێویستە زانایانى سەردەم و ناوەندەکانى فەتوادان و ناوەندە ئەکادیمییە ئیسلامییەکان ڕۆڵى خۆیان ببینن لەوەى پێداچوونەوە بەو فیقهە بکەن و شەن و کەوى بکەن و نوێسازى تێدا بکەن، بۆ ئەوەى نەبێتە بەڵا بەسەر خەڵک بەگشتى و موسڵمان بەتایبەتى. [1]