$فرەژنی، سونەتی ئارەزوو$
#ئادەم بێدار#
ئەم ڕۆژانە هەبوونی چەند ژنی و هاوژینیی پێغەمبەرى ئیسلام (د.خ) لەگەڵ ژمارەیەک ژن دا جێى بایەخە بۆ پیاوان، ڕایەکى بەهێزى ناو شەقامى موسڵمانانی کوردستان ئەمڕۆ ئەوەیە کە فرەژنى سوننەتى پێغەمبەرە (د.خ) .
ئەوەى بۆ من جێگەى هەڵوەستەیە ساخکردنەوەى ئەو ڕستەیەیە: فرەژنى سوننەتى پێغەمبەرە (د.خ) ، ئەم ڕستەیە بووەتە بەهانە و چەکى هەرە بەهێزى بەشێکى دیارى موسڵمانان، نەک تەنیا ئەو موسڵمانانەى تێگەیشتنێکى ڕووکەش، سادە، تەقلیدى، کەم زانیارییان بۆ ئیسلام هەیە، بەڵکوو قسەى هەندێک مەلا، خاوەن بڕوانامەى دکتۆرایە لە شەریعەت، ڕۆشنبیرى ئیسلامى و ..هتد. بەڕاددەیەک واى لێهاتووە هەر پیاوێک چوار ژنى لە یەک کاتدا نەبێت ناڕاستەوخۆ وەکوو لادەر لە سوننەتى پێغەمبەر (د.خ) وێنا دەکرێت، لەبەرئەوە جێگەى خۆیەتى هەڵوەستەیەکى کورت و خێرا لەسەر ئەم بابەتە گرنگە بکەین.
$حوکمى فرەژنى لە ئیسلامدا:$
حوکمى فرەژنى لە ئیسلامدا (مباح) درووستە، موباح وەکوو ئەوەى زانایانى (أصول الفقه) پێناسەیان کردووە: ڕێگەپێدراوە، دەتوانیت ئەو کارە بکەیت یان نا، ئەگەر کارەکە بکەیت یان نەیکەیت، نە پاداشتت بۆ دەنووسرێت و نە سزا، بەو پێیە کردن و نەکردنى وەکوو یەکە.
$بەڵگەکانى درووستیى فرەژنى لە ئیسلامدا$
زانایانى ئیسلام بۆ ئەم حوکمە شەرعییەیان، بەڵگەی قورئان و فەرموودە دەهێننەوە، سەبارەت بە بەڵگەکانیان لە قورئان، لە سوورەتى (النساء: 3) دا هاتووە: (وإن خفتم ألا تقسطوا في الیتامى فانکحوا ما طاب لکم من النساء مثنى وثلاث ورباع فإن خفتم ألا تعدلوا فواحدة) ، وشەى (فانکحوا) لەو ئایەتەدا بە شێوەى فەرمان هاتووە، بەڵام ماناى (واجب) پێویستى نابەخشێت، بەڵکوو ماناى (مباح) دەدات (بڕوانە: تفسیر الطبري: 3/508) . لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت هەر موسڵمانێک فرەژنى بە واجب، یان سوننەت بزانێت و بۆ ئەمەیش پشت بەو ئایەتە ببەستێت ئەوە هەڵە تێگەیشتووە و نەیپێکاوە، ڕاستیى بابەتەکە لە بنەمادا فرەژنى لە ئیسلامدا ڕێگەپێدراو (موباح) ە نەک سوننەت.
بەڵگەیەکى دیکەى ئەم حوکمەش بەلاى زانایان ئەو ئایەتەى سوورەتى (النساء: 23) ە، کە هاوسەرگیریى ئەو کەسانە ڕووندەکاتەوە قەدەخەکراون لە ئیسلامدا و دەفەرمووێت: (حرمت علیکم.. وأن تجمعوا بین الأختین) ، بەو پێیەش قەدەخەکراوە دوو خوشک بەیەکەوە ببنە هاوژینی کەسێک، کەواتە ئەگەر دووەکە خوشک نەبن، ئاساییە.
لە فەرموودەشدا: ڕووداوەکەى موسڵمانبوونى (غەیلانى سەقەفى) وەکوو بەڵگە دەهێندرێتەوە کاتێک کە موسڵمان دەبێت 10 هاوژینی هەبووە و هەر هەمووشیان لەگەڵى موسڵمان بوون، پێغەمبەریش (د.خ) فەرمانى پێکردووە کە تەنیا چواریان لاى خۆى بهێڵێتەوە و ئەوانی دیکە تەڵاق بدات، (بڕوانە: الترمذي 3/435، والموطأ، ژمارە: 76، عبدالرزاق، ژمارە: 12621، ابن ماجة، ژمارە: 1589) .
هەر یەک لە زانایانى فەرموودەناس (حاکم، ابن حبان، ألبانی) یش بە فەرموودەیەکى درووستیان داناوە، بەگوێرەى ئەو فەرموودەیەش ئاساییە پیاو چوار هاوژینی هەبێت، چونکە پێغەمبەر (د.خ) فەرمانى پێکردووە لەو 10 ئافرەتە چواریان بهێڵێتەوە. لەگەڵ ئەم فەرموودەیەشدا زانایان فەرموودەى دیکەشیان وەکوو بەڵگەى ڕەوایى فرەژنى لە ئیسلامدا باس کردووە.
$سوننەت یەکە نەک چوار$
لە فیقهى ئیسلامیدا بەگشتى و شافیعى و حەنبەلییەکان بەتایبەتی، بە ڕوونى ئەوە گوتراوە کە سوننەت ئەوەیە پیاو یەک هاوژینی هەبێت، مەگەر لەکاتی پێویستیدا بێت حوکمەکە دەگۆڕێت. (بڕوانە بۆ شافعییەکان بگەڕێوە بۆ: مغنی المحتاج: 3/127، المجموع: 16/137) ، (بۆ ڕاى حەنبەلییەکانیش بگەڕێوە بۆ: الإنصاف: 8/16، وکشاف القناع: 5/9) ، بەمەش هەژارى و کەمزانى و ناشارەزایى ئەو مەلا و خاوەن دکتۆرایانەمان بۆ دەردەکەوێت کە بانگەشەى شافیعیبوون دەکەن و بێئاگاشن لەوەى لە مەزهەبى شافیعیدا فرەژنى لە بنەمادا نەک هەر سوننەت نییە، بەڵکوو پێچەوانەکەى سوننەتە کە یەک ژنییە!
$حوکمە شەرعییە جیاوازەکانى فرەژنى$
زانایان بە ڕوونى باسیان لە فرەژنى کردووە و جەختیان کردووەتەوە کە لە ئیسلامدا سوننەت یەک ژنییە، بەڵام ئەو حوکمە دەگۆڕێت بەگوێرەى گۆڕانى کەس و ئەو ڕەوشانەى تێیدەکەون، وردەکارییەکەشى بەم شێوەیە:
فرەژنى واجبە لەکاتێکدا ئەگەر کەسەکە پێویستییە سێکسییەکانى بە هاوسەرەکەى پڕنەبێتەوە، بترسێت لەوەى تووشى بەدڕەوشتى ببێت، تواناى دادگەریشى هەبێت، لەو کاتەدا پێویست و واجبە لەسەرى ژنێکى دیکە بهێنێت.
ئەگەر کەسەکە تواناى دارایى و جەستەیى تەواو نەبوو بۆ ئەو پڕۆسەیە، ئەنجامدانی مەکرووهە.
بەڵام حەرامە ئەگەر بترسێت لەوەى دادگەرى نەکات لەنێوانیاندا و هیچ پێویستییەکى نەبێت.
$مەرجەکانى فرەژنى$
$فرەژنى لە ئیسلامدا مەرجدارە بەم مەرجانە:$
$یەکەم:$ دادگەرى، لە فەراهەمکردنى پێداویستییە ماددی، مەعنەوی و سێکسییەکانى ژیان، لێرە خۆشویستنى دڵ ناگرێتەوە ئەگەر لەسەر کردەوەکانى ڕەنگنەداتەوە.
$دووەم:$ نەفەقە و پێداویستییەکانى ژیان.
$سێیەم:$ کۆنەکردنەوەى مەحرەمەکان بەیەکەوە، وەکوو ئەوەى دوو خوشک لە یەک کاتدا هاوژینی بن.
$چوارەم:$ لە یەک کاتدا نابێت لە چوار ژن زیاتری هەبێت.
$بە سوننەتکردنى ئارەزوو$
لەڕاستیدا بانگەشەکردن بەوەى فرەژنى لە ئیسلامدا سوننەتى پێغەمبەرە (د.خ) ، جگە لە تۆمەتێک زیاتر بۆ پێگەی هەرە گرنگى ئیسلام شتێکى دیکە نییە، ڕاستە پێغەمبەر محەمەد (د.خ) چەند ژنێکی هەبووە، بەڵام هەرگیز ب ەهاوەڵ و هاوڕێ و هاوڕێبازەکانى نەفەرمووە پێویستە ئێوەش بیکەن و ئەگەر کردتان خێر و پاداشتى ئەوەندە زۆرتان پێدەگات.
سوننەت لە ئیسلامدا بەو کردار و ڕەفتارانە دەگوترێت کە لە پێغەمبەرەوە (د.خ) و وەکوو بەڵگە دەهێندرێنەوە بۆ حوکمە شەرعییەکان. (بڕوانە: فواتح الرحموت بشرح مسلم الثبوت 2/ 96، على هامش المستصفى للغزالي، والإحکام في أصول الأحکام؛ للآمدي 1/ 127، وإرشاد الفحول؛ للشوکاني ص: 33.) ، بەو پێیە هەر قسە، کردەوە یان (تەقریر) واتە شتێک ڕووبدات لە حزوورى ئەو، بێدەنگى لێبکات، بەو شێوەیە داننانە بە ڕاستى و درووستیى ئەو شتە، ئەوانە بە سوننەت ئەژمار دەکرێن.
تاوەکو ئێرە موسڵمانان بەگشتى وەریان گرتووە، ئەوان هەر شتێک لە سوننەتەوە (وتار، کردار، تەقریر) بۆیان بێت، پێیانوایە دەکرێت حوکمێکى شەرعى لەسەر بینا بکرێت، ئەمەش هەڵە گەورەکەیە؛ بۆ؟
سوننەت و هەڵسوکەوتەکانى پێغەمبەر محەمەد (د.خ) هەر هەموویان ڕەهەندى تەشریعییان نییە، چونکە سوننەتەکانى پێغەمبەر (د.خ) جۆراوجۆرن و ڕەهەندى جیاوازیان هەیە:
سوننەتى تەشریعى: ئەوانەن کە وەکوو پێغەمبەر (د.خ) خاوەن پەیام کردوویەتى، مەبەستى بووە بۆ ئوممەتەکەى ڕوونى بکاتەوە، نموونە: وەکوو نوێژکردن.
سوننەتى جیبیللى: ئەو شتانەن کە پێغەمبەر (د.خ) وەکوو مرۆڤێکى ئاسایى کردوونى، ئەو جۆرە نابێتە تەشریع، بەو مانایەى پێویست بێت موسڵمانان پەیڕەوى بکەن؛ چونکە ئاساییە ئەو کەسایەتییە حەزى لە خواردن، ڕەنگ، شێوازێکى ژیان بووە و مرۆڤێکى دیکە بەهۆى جیاوازیى سرووشت حەزى لێنەبێت، هەر لەبەر ئەوەشە ئەم جۆرە سوننەتە تەنیا بۆ خۆیەتى و پێویست نییە لەسەر موسڵمانان پەیڕەوى بکەن.
سوننەتى سیاسى: پێغەمبەر (د.خ) هەندێک شتى وەکوو سەرکردەیەکى سیاسى، حاکمى مەدینە، سەرکردەى سەربازى کردووە، لەوەشیاندا پێویست نییە موسڵمانان پەیڕەوى لێبکەن، بابەتى کەزاختنى (موتربە) دارخورما و پلانى جەنگى بەدر دوو نموونەى زیندوون کە خۆى موسڵمانانى سەرپشک کردووە لەوەى پابەند نەبن بە سوننەتەکانى ئەو (أنتم أعلم بأمور دنیاکم) . لەگەڵ تێبینى ئەوەى ئەگەر کارە سیاسییەکەى بە پابەندى بە سرووش کردبێت ئەوەیان ئەگەر بە بەڵگە جێگیر بوو، ئەوکات لە سوننەتى سیاسییەوە دەبێتە تەشریعى و موسڵمانان پەیڕەوى دەکەن.
ئەو دابەشکارییە لە سوننەت و ڕەهەندە جیاوازەکانى زانایانى دیارى وەکوو قەڕافى، ئیبن عاشوور، شەنقیتى و ..هتدیش ڕوونیان کردووەتەوە (بۆ زانیارى بگەڕێوە بۆ: الإحکام في تمييز الفتاوى عن الأحکام وتصرفات القاضي والإمام 45-49، والفرق السادس والثلاثين من کتابه الفروق 1/357-36، زاد المعاد لابن القيم 3/429-430، حجة الله البالغة للدهلوي 1/223-224، مقاصد الشرعية الإسلامية لابن عاشور 207-230، والسياسة الشرعية في تصرفات الرسول صلى الله عليه وسلم المالية والاقتصادية لمحمد محمود أبو ليل 30-49.)
دواى ئەم ڕوونکردنەوەیە لەسەر جۆرەکانى سوننەت و ڕەهەندەکانى ئێستا، پێویستە لە خۆمان بپرسین: پێغەمبەر (د.خ) فرەژنیی وەکوو تەشریع، مرۆڤ یان سەرکردەى سیاسى و سەربازى کردووە؟ کە وەڵامەکەمان وەرگرت ئەوکات دەتوانین بزانین بۆ ئێمەش دەبێتە سوننەت یان نا؟
بە بۆچوونى من، ئەو پێغەمبەرە (د.خ) ئەو کارەى وەکوو مرۆڤێکى ئاسایى کردووە، نەک وەکوو پێغەمبەر و بیەوێت ئوممەتەکەشى لەسەرى بڕۆن، هاوکات ئەو بەهۆى ئەرکە قورسەکەى لە گەیاندنى پەیامى خودا هەندێک شتى کردووە، سەردەمەکەشى بە جیاواز و (استثنائي) دادەندرێت، چونکە سرووش (وحی) بۆ هاتووە، لەبەرئەوە دەکرێت کارەکانى ئەو بۆ خودى خۆى بە سرووش بووبن و حەتمەن ئامانجێکى باشى هەبووە لە فرەژنى، بەڵام کێ لەوانەى ئەمڕۆ فرەژنى دەکەن وەکوو ئەو سرووشیان بۆ دێت و باشى و خراپیى کارەکانیان بۆ ڕوون دەکرێتەوە لەلایەن خوداوە؟ هاوکات مرۆڤەکانیش توانا، هەست، ئارەزوو، سرووشت و ..هتد یان جیاوازە، لەبەرئەوە فرەژنى بۆ ئێمە سوننەتێکى دینى نییە، نابێتە سوننەتى دینى بەوەى ئەگەر ئەو کارە بکەین خێر و پاداشتمان بۆ بنووسرێت لەبەرئەوەى لەسەر ڕێبازى ئەوین، وەکوو ئەوەى بۆشمان نییە زیاد لە چوار کۆبکەینەوە بەیەکەوە بە هیچ بیانووێک، هەر ئەمەشە وایکردووە بە ڕوونى زانایانى شافیعیى و حەنبەلى دیاریبکەن کە فرەژنى لە بنەمادا سوننەت نییە و بە پێچەوانەوە یەک ژنى سوننەتە. [1]