د. سامان شاڵى
جەنگی جیھانی یەکەم:
مێژووی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ کورد دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆکی ئەمەریکی (وودرۆو ویلسون) . لە 8ی کانونی یەکەم 1918 بۆ یەکەم جار حکومەتی ئەمەریکی پشتگیری کوردی کرد لە کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشی کۆنگرێس، و لە بەیاننامەیەکی 14 خاڵیدا ئاماژەی بە مافی ڕزگارکردنی میللەتی کورد و ئەرمەنی کرد لەژێر دەستی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی بەو پاساوەی کە دەوڵەت درووستبکرێت بۆ نەتەوە بێدەوڵەتەکان. ھەرچە ندە ئەم بەیاننامەیە بە خۆشحاڵیەوە وەرگیرا لە لایەن دیبلۆماتکارانەوە کە ئامادەبوون لە کۆنفرانسی ئاشتی پاریس لە فەرەنسا، بەڵام ھاوپەیمانەکان ھیچ بایەخێکیان بەم پشتگیریە نەدا لەبەرئەوەی ئەمەریکا ڕۆڵێکی گرنگی نەبوو لەناوچەکەدا و لەپێناوی ئاشتی ناوچەکە دەوڵەتە زلھێزەکان بە ئەمەریکاشەوە پێیاباشتر بوو کە تورکیا ڕازی بکەن و مەسەلەی کورد بچوککرایەوە بۆ مەسەلەیەک کە لە دواییدا بریاری لەسەر بدرێت لەلایەن دەوڵەتە نوێیەکانی ناوچەکە نەک بریاری دەوڵەتە زلھێزەکان.
داکوتانی دەسەڵات لە دەوڵەتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پابەندن بە پشتگیری دەرەکی و ئەوەش بە زۆری بەستراوە بەو ململانێیەی کە لە ناوچەکەدا سەریھەڵدابوو بەھۆی جەنگی سارد و دابەشبوونی ئایدیۆلۆژی و ئۆردوگاکانی ڕاست و چەپ.
سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا ھەمیشە خولیای ململانیە ئیقلیمیەکان و مەترسییەکانیان بووە، وە ھەروەھا ھەمووکاتێک توانیویەتی دەوڵەتەکانی ناوچەکە لاوازبکات لە ڕێی مەسەلەی کوردەوە و ئەمەش زیاتر نەھامەتی بۆ کورد درووست کردووە. ھەمیشە ئەمەریکا جەختی کردۆتەوە لەسەر سەقامگیری ناوچەکە لەسەر حیسابی مەسەلەی کورد. بە شێوەیەکی گشتی ئەم ھۆکارانە بوو بە ھۆی تەھمیشکردنی کورد.
ئەوەی ڕاستە شەش ھۆکاری سەرەکی ھەن بۆ دەستنیشانکردی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و کورد:
1- پەیوەندییەکانی ئەمەریکا بە دەوڵەتەکانی ناوچەکەوە
2- پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ ئەو حکومەتانەی کە لە ناو دەوڵەتەکانیاندا دەژیین
3- توانای دەوڵەتەکانی ناوچەکە
4- گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی ئەمەریکا
5- گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست
6- یەکگرتویی کورد لە ناو ئەو وڵاتانەی تیایدا دەژیین و کارکردنیان پێکەوە وەکوو یەک ھێزی بەتوانا و یەک دەنگ.
جەنگی جیھانی دووەم:
لەدوای جەنگی جیھانی دووەم ڕۆڵی ئەمەریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گەورەتر بوو، بەڵام بەپێی مێژوونووسان ئەمەریکا ھیچ قورسیەکی نەدا بە مەسەلەی کورد. بویە لە 1946دا ئەمەریکا پشتگیری حکومەتی ئێرانی کرد لەسەرکوتکردنی شۆڕشی قازی محەمەد لەبەرئەوەی کۆماری مەھاباد ھاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتدا ھەبوو. ئەمە سەرەتای جەنگی سارد بوو لەنێوان ئەمەریکا و سۆڤیەت ولەکاتێکدا کە ئەمەریکا بیروباوەڕی شیوعیەتی بە مەترسی دادەنا لەسەر بەرژەوەندیەکانی خۆی. ئەم ھەنگاوەش بۆ ئەمەریکا بە دژایەتی دادەنرا چونکە کۆماری مەھاباد بە بەرھەمێکی سۆڤیەتی ئەژمار دەکرا.
سیاسەتە لاوازەکانی ئەمەریکا بەرانبەر بە کورد لە سەدەی بیستەم دا
بە پێی وتەکانی د. مەحمود عوسمان مستەفا بارزانی باوەری وابوو کە ماف و ئامانجەکانی گەلی کورد نایەنەدی ئەگەر یەکێک یان ھەردوو دەوڵەتە زلھێزەکانی وەکوو ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت ئەوکات پشتگیری نەکەن. کاتێک کە لە سۆڤیەت دەژیا گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە مەسەلەی کورد لە ئەجیندای ڕوسەکاندا نییە، لەبەرئەوە کە ھاتەوە بۆ ئێراق لە 5 تشرینی یەکەم 1958دا ھەوڵەکانی خۆی خستەگەر بۆ دەستپێکی پەیوەندیەکی باش لەگەڵ ئەمەریکا. وە لەو کاتەدا کە بارزانی پەیوەندی دەکرد بە حکومەتی ئەمەریکیەوە. ئەمەریکا مەسەلەی کوردی ئیعتیبار دەکرد بە مەسەلەیەکی ناوخۆیی و نەیدەویست خۆی تێوەبگلێنێت بەڵام ئەو ڕاستیەی دەیزانی کە دەتوانێت کورد بەکاربھێنێت بۆ لاوازکردنی حکومەتە ناوەندەکانی ناوچەکە لەھەرکاتیکدا.
لە 1965دا بارزانی دوو نووسراوی بۆ سەفیری ئەمەریکی لە تاران نارد، کە تیایاندا داخوازی ھاریکاری ئەوانی کردبوو لە کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی ئێراق. یەکەم ھاریکاری ئەمەریکا بۆ کورد 14 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی بوو کە لە ئابی 1969دا لە پاش نامەیەکی مەلا مستەفای بارزانی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ولیام ڕوجرز لە 22ی نیسانی 1969دا ناردیان، ھۆکاری ئەم ھاریکاریە ھاندانی پەیوەندی کورد و شای ئێران بوو لەگەڵ پابەند بوونی ئەمەریکا بۆ ھاریکاری کوردی ئێراق لە ڕوخاندنی حکومەتی ئێراق بە مرجیک ھاریکاری سۆڤیەت ڕەتکەنەوەی.
ئەوەی شایەنی باسە شۆڕشەکانی کوردی ئێراق ڕێکخستنێکی بەھێزتریان بەخۆوە دەبینی بە بەراورد لەگەڵ شۆڕشی پارچەکانی تری کوردستان، وە نزیکبوونەوەی حکومەتی بەعسی ئێراق لە یەکێتی سۆڤیەت ئیشارەت بوو بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی سۆڤیەت لە ئێراق بە ناوچە کوردییەکانیشیەوە. ئەمانە دڵەڕاوکێیان بۆ ئەمەریکا درووستکردو ھەر ئەم دڵەڕاوکێیە بوو کە دەرگایەکی نوێی بۆ مەسەلەی کورد کردەوە و بوو بەھۆی پەیوەندیکردنی سەرەتایی ئەمەریکا بە کوردەوە لە ساڵی 1969 و بەتەنھاش لەگەڵ کوردی ئێراق بەدەر لە پارچەکانی دیکەی کوردستان. بەڵام ئەو ھاریکاریانە و پەیوەیوەندیەکانش ساردیان بەخۆیانەوە بینی پاش بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970.
بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 ئیعلانکردنی حوکمی زاتی بوو بۆ کورد لە چوارچێوەی ئێراق و ڕێکەوتنی حکومەتی ئێراق لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان. مەکتبی سیاسی پارتی دیموکرات لەوکاتەدا قەناعەتیان بە بارزانی کرد کە واژوو بکات لەسەر ئەم ڕێکەوتنە سەرپای نارەزایی بارزانی و بێ متمانەیی بە حکومەتی ئێراق کە بنەماکەی دەگەڕایەوە بۆ تەجروبەکانی لە 1963ەوە. ئەم بێمتمانەییەی بارزانی بە حکومەتی بەعس سەلمێنرا لەکاتێک ھەوڵی کوشتنی خۆیان دا لە 29ی ئەیلولی 1971و ھەروەھا ھەوڵی کوشتنی ئیدریس بارزانیش لە 6ی کانونی یەکەمی 1970دا. ئەمانە ھەمویان پاڵنەری زیاتر بوون بۆ کوردی ئێراق لە دەسپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا لەبەرئەوەی حکومەتی ئێراق لە نییەتیدا نەبوو پابەند بێت بەو ڕێکەوتنە بەڵکوو تەنھا کاتی دەویست بۆ کۆکردنەوەی ھێز و ڕێکخستنی ماڵی خۆی.
لە ئاداری 1972 نوێنەری مستەفا بارزانی (زەید ڕحمد عوسمان) نامەیەکی زمانی بارزانی گەیاندە حکومەتی ئەمەریکا کەتیایدا داوای کۆبوونەوەی دەکرد لەگەڵ ئەمەریکیەکان لە ڕێگای عێمت کەتانیەوە کە لەوکاتەدا یاریدەدەری ئەمینی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بوو، ئەویش نامەکەی گەیاندە جۆرج بوش (باوک) کە لەوکاتەدا نوێنەری ئەمەریکا بو لە نەتەوەیەکگرتوەکان.
لە 28ی ئاداری 1972 جۆرج بوش نامەکەی ھاوپێچی نامەی خۆی کرد بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاو تیایدا نووسیبوو ڕاوێژکاری بارزانی زەید عوسمان داوی کۆبوونەوە دەکات لەگەڵ وەزیر کێسنجەر و من لەرێگای عێمت کەتانیەوە، کەتانی ئەم کارە بەنھێنی دەکات وەکوو کوردێک و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد نەک وەکوو نوێنەرێکی نەتەوە یەکگرتوەکان. ھەروەھا لەتێبینیەکەشیدا نووسیبوی عێمت کەتانی کەسایەتیەکی خۆشەویستە لە نەتەوەیەگرتوەکان و گومان نییە کە ئەو زەید عوسمان وەکوو نوێنەری بارزانی پەسەند ئەکات. وەئێمە لەسەر ڕێنماییەکانی وەزارتی دەرەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەکەین. تکایە وەڵاممان بدەنەوە کە کۆبوونەوە بکەین لەگەڵ نوێنەری بارزانی یان نا؟
لە 29ی ئاداری 1972 وەزارەتی دەروەی ئەمەریکا وەڵامی دایەوە: ئەمە جەختکردنەوەیە لەسەر پەیوندیە تەلەفۆنیەکەی ئەمڕۆ بۆ کۆبوونەوەی باڵیۆز جۆرج بوش لەگەڵ زەید عوسمان نوێنەری سەرۆکی کورد مستەفا بارزانی. وەزارەتی دەرەوە ھیچ ڕێگرییەکی نییە تەئکید دەکەینەوە (نا) کە باڵیۆز بوش نوێنەری سەرۆک بارزانی ببینێت، و ئێمەش لە واشنتۆن ھەمان سیاسەت بەکار دەھێنین. ئێمە جەخت لەسەر سیاسەتێکی دوورو درێژ دەکەین بۆکوبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی کورد بە شێوەیەکی نھێنی و گوێبگرین لە وتەکانیان.
لە 3ی نیسانی 1972 کۆبوونەوە لەنێوان تی جەی سکۆتز و زەید عوسمان کرا لە واشنتۆن لە ئوتێل ھای ڕدمز لەسەر داوای زەید عوسمان بوو، تیایدا ئاماژەی بەم خاڵانەی کرد:
1. پاش دوا سەردانی ێدام حسێن بۆ مۆسکۆ نفوزی ڕوسیا لە ناو ئێراق زیادیکردووە.
2. ڕوسەکان فشاریان خستۆتە سەر بارزانی و شیوعیەکان و بەعسییەکان کە حکومەتێکی نیشتمانی درووستبکەن بۆ جەختکردنەوە لەسەر نفوزی ڕوسیا لە ئێراق.
3. بارزانی ئەوەی ڕەتکردۆتەوە کە ببێت بە بەشێک لەم بەرە نیشتمانیەدا چونکە دەترسێت کە حزبی بەعس حزبەکەی لەناوبەرێت (پارتی دیموکراسی کوردستان) .
4. بارزانی داوای یارمەتییی ئابووری و سەربازی ئەکات بو ئەوەی بتوانێت حوکومەتێک لە مەنفا درووست بکات لە کورد و عەرب، لە ناوچە کوردییەکان بۆ ئەوەی ئامادەبێت حوکم بگرێتە دەست کاتێک حکومەتی ێدام نەما.
5. یارمەتیییەکانی ئەمەریکا بۆ بارزانی ئەتوانرێت ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگای لایەنی سێھەمەوە بێت وەکوو مەلیک حسێن.
لە 9ی نیسانی1972دا، حکومەتی ئێراق ڕێکەوتنێکی تەواوی واژوو کرد لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکاتە و کۆمپانیای نەوتی ئێراق خۆماڵی (تاَمیم) کرد لە 1ی حوزەیرانی 1972دا. ئەمە دەخوێنرایەوە بە مەترسی لەسەر ئێران وە ھەروەھا لەسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاش چونکە سۆڤیەتی بە ھێزتر دەکرد لە ناوچەکەدا، ئەمە وای لە شای ئێران کرد کە بۆ بەرژەوەندی خۆی فشار بخاتە سەر حکومەتی ئەمەریکی بۆ دایەلۆگ زیاتر لەگەڵ کوردەکانی ئێراق.
ئەوەی شایەنی باسە ئێران ھەردەم بانگەشەی خاوەندارێتی دورگەکانی ابو موسا و گنبی گەورەو بچوک دەکرد و چاوی خستبوە سەر سەرچاوە نەوتییەکانی کەنداوی عەرەبی، وە دەشیویست سەروری لەسەر نیوەی شگ العرب بکات لەسەرو ئەمانەشەوە پەیوەندی ئێراق و سۆڤیەت و ڕوانگەی شای ئێران بۆ ڕژێمی ئێراقی نوێ (کە ناوی نا بوو بە ڕژێمێکی شێت) دوو ھۆکاری زیاتر بوون بۆ مەترسی لەسەر بەرژەوەندیەکانی خۆی و بەھێز کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا. لە تموزی 1972دا یەکەم وەفدی کوردی لە ئیدریس بارزانی و د. مەحمود عوسمان پێکھاتبوو بە نھێنی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سی ئای ئەی کردو لە ئەمەریکا، ئەمە بوو بە سەرەتای پەیوەندی ڕەسمی کوردی ئێراق لەگەڵ ئەمەریکا بەڵام بە نھینی مایەوە. وە لە ئابی 1972دا ئەمەریکا ھاوکاری کوردی ئێراقی کرد بە چەک و دارایی تا بڕی 16 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی و ئەم ھاوکاریە بەردەوام بوو تا ڕێکەوتنی جەزائیر 6ی ئاداری 1975. (لێرەدا کورد بەکارھێنرا وەک کارتێکی فشار لەسەر حکومەتی ئێراق بۆ بەدیھێنانی ئامانج و داواکاریەکانی شای ئێران و ئەو ھاوکاریەی ئەمەریکاش بۆ کوردی باشوور لە کاردانەوەی سیاسەتی دەرەوەی خۆی بوو، لەو ڕوانگەوە کە ناوچەکە بپارێزێت لە دەستەڵاتی سۆڤیەت و کۆنترۆڵکردنی تەماعەکانی شای ئێران و سەددام حسێن لە نەوتی کەنداو، نەک پێخۆشحاڵی بە ھاوکاری کورد.)
ئەم ھەنگاوەی ئەمەریکا بوو بە ھۆی سزادانێکی توند بۆ نەتەوەی کورد لەلایەن حکومەتی ئێراقەوە وەکوو لای خوارەوە:
1- ونبوونی 182ھەزار کورد لە ھەڵمەتی ئەنفالدا.
2- بەکارھێنانی گازی کیمیاوی لە ھەڵەبجەو کوشتنی 5 ھەزار منداڵ، ئافرەت و پیری کورد و بریندار بوونی زیاتر لە 10ھەزاری تر.
3- کوژران و ونبوونی 8 ھەزار بارزانی.
4- کوژران و ونبوونی زیاتر لە 12ھەزار کوردی فەیلی.
5- 4500 گوندیان وێرانکرد وەدانیشتووانەکەی ڕاگوێزرانەوە بۆ ناو موچەمەعاتی درووستکراو لە نزیک شارەکان.
لە 1975 تا 1991 ھیچ پەیوەندییەکی ڕەسمی نەبووە لەنێوان ئەمەریکا و کورد، کورد بە تەنھا بەرەنگاری چارەنووسی خۆی بوەوە لە ناوچەکەدا
لەپاش شکستھێنانی سیاسی شۆڕشی کوردی لە 6ی ئاداری 1975دا، ئەمەریکا مامەڵەی لەگەڵ کوردا بە حاڵەتێکی تایبەت دانا لە چوارچێوەی سیاسەتە ئیقلیمییەکانی خۆی کە دایرشتبوو بۆ ئەو لایەنانەی حکومی نین بەڵام چالاکن. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (ھینری کیسینجەر) لە ڕاگەیاندنێکیدا سارێژی برینی میللەتی کوردی کرد بەو وتەیەی کاری نھێنی نابێت تێکەڵ بکرێت بە کاری تەبشیری . ....
ڕۆڵی کورد لە ئێراقدا یەکلاکەرەوەبوو بۆ بەرژەوەندیە سیاسیە دەرەکیەکانی ئەمەریکا و شای ئێران لە حەفتاکان و کاریگەریەکی سەرەکی ھەبوو لەسەر ڕوداوەکانی شەری ئێران- ئێراق.
ڕێکەوتنی جەزائیر چەرخێکی نوێی ھێنایە پێش لە بزووتنەوەی کوردی باشووری کوردستان کە کۆمەڵێک حیزبی عیلمانی و ئیسلامی تری بەدوای خۆیدا درووست بوون.
لە پاش ڕوخاندنی شای ئێران لە 16ی کانونی دوەم 1979 و درووست بوونی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێران، کوردەکان لەبەر ململانێ ناوخۆیەکانیان نەیانتوانی کار بکەن لەسەر پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئەمەریکاو وڵاتانی تر. وە دابەشبوونی کوردی باشوور بەسەر ئێران و ئێراق لەگەڵ شەری ئێران- ئێراق بۆ ئەمەریکا جێی بایەخ بوو بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی لەو ناوچەیەدا. بۆ ھەشت ساڵ ئەمەریکا یاریدەدەری سەرەکی ھەردوو وڵات بوو، لەبەرئەوە چاوی خۆی پۆشی لەسەر تاوانەکانی حکومەتی ئێراق بەرانبەر بە کورد بەکارەساتەکانی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجەشەوە.
پشتگوێخستنی ئەمەریکا بۆ کورد لە دەرئەنجامی پابەندبوونی ھەڵبژاردەکانی بۆ حکومەتە ئیقلیمیەکان گەیشتە لوتکە لە ماوەی جەنگی ئێران – ئێراق (1980- 1988) . وە لەو ماوەیەدا پەیوەندیەکی بازرگانی بەھێزی درووستکردبوو لەگەڵ حکومەتی ئێراق و بری ھەناردەی نەوتی ئێراق ڕۆژانە دەگەیشتە 500 ھەزار بەرمیل لە ساڵەکانی 1988بۆ 1991.
لە جەنگی کەنداوی یەکەم لە شباتی 1991 ئەمەریکا داوای لە کورد و شیعەی ئێراق کرد کە ھەڵسن بەرووی حکومەتی ئێراق و ئەوانیش کردیان. بەڵام زوربەی سیاستمەدارەکانی واشنگتۆن دەیانگوت ئەو داواکاریە لەو ڕوانگەیەوە نەبووە کە ئەمەریکا سیاسەتی خۆی گۆریبێت بەرانبەر بە کورد بەڵکوو بۆ لاوازکردنی حکومەتی ئێراق بووە.
بەڵام لەپاش ڕاپەرین و سەرکەوتنی ھێزەکانی ئەمەریکا، کورد و شیعە لاوەنران و ئەمەریکا ڕێکەوت لەگەڵ سەددام. بەڵام پاش ڕەوە مێژوویەکەی گەلی کورد، وە لەژێر فشاری جیھانی و بڕیاری 688ی نەتەوە یەکگرتوەکان لە 8ی نیسانی 1991دا، ئەمەریکا ھەڵبژاردەی لەپێشدا نەما تەنھا پارێزگاری کردن نەبێت لە کورد. ئەمەریکا لەوکاتەشدا سیاسەتی خۆی نەگۆری بەڵام ئەو پارێزگاریکردنەی ئەمەریکاو ھاوپەیمانەکانی بوو بەھۆی درووستبوونی پەڕڵەمان و حکومەتی کوردی کە ئەمڕۆ ناودەبرێت بە ھەرێمی کوردستان. بەمە گورانکاریەکی گرنگ درووستبوو لە سیاسەتی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد.
شەری ناوخۆی کوردی باشوور لە حوزەیرانی 1994دا ھیچ بایەخێکی گرنکی پێنەدرا لەلایەن ئەمەریکاوە ھەرچندە ئەمەریکا بەشداری کرد لە بەشیک لە کوبوونەکانی پارتی ویەکیتی دا . بەڵام کاتێک کە ڕۆڵی ئێران بەھێز بوو لە ناوچەکە و لیژنەی پشکنینی چەکی بەکۆمەڵ کوژی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە لایەن سەددامەوە ڕەتکرایەوە لەسەردانی دامەزراوە ھەستیارەکانی ئێراق بکات، لە حوزیرانی 1997 دا ئەمەریکا ڕێگای دا بەکردنەوەی نوێنەرایەتی حوکومەتی ھەرێم لە واشنتۆن، ئەمەش پەیوەندییەکانی ئەمەریکای گەیاندە ئاستێکی باڵا و ڕەسمی لەگەڵ حوکومەتی ھەرێم. لە ئەیلولی 1998 ئەمەریکا کوردەکانی کۆکردەوە، بارزانی و تاڵەبانی ڕێکەوتنی واشنتۆنیان واژوو کرد بەرەزامەندی ئەمەریکا و لەژێر چاودێری وەزیری دەرەوە مادلێن ئۆڵبراید (ئەمەش دادەنرێت بە یەکەم بەڵگەنامەی کورد کە واژووی ئەمەریکی لەسەر بێت) ، ھەروەھا واژوکردنی بیل کلینتۆن لەسەر یاسای ئازاد کردنی ئێراق لە 31 تشرینی یەکەم 1998 ڕاگەیەنراوێکی ڕاشکاوانە بوو لە لایەن ئەمەریکاوە کە کورد یەکەم ھاوپەیمانە کە دەوڵەت نەبێت بەڵام ھاوسەنگیەک لە ناوچەکەدا درووست بکات، وە پاشان ئەمەریکا 97 ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بو یارمەتیییدانی موعارەزەی ئێراقی بۆ ڕوخاندنی ێدام.
لە 30ی تشرینی یەکەم 1999 موعارەزەی ئێراقی بەفرمی کۆبوەوە لەژێر چاودێری ئەمەریکا لە نیۆیۆرک بە نوێنەرایەتی جەلال تالەبانی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سامی عەبد الڕەحمان لە پارتی دیموکراتی کوردستان وە ھەندێک کەسایەتی تری کورد و ئیتر ئەم کۆبوونەوەیە بوو بە بناغەیەک بۆ ڕوخاندنی حکومەتی سەددام.
لە 2003دا ئاستێکی نوێی دیبلۆماسی لەنێوان کورد و ئەمەریکا ھاتە کایەوە وکورد ھاریکاری ئەمەریکای کرد بۆ لەناوبردنی حکومەتی سەددام. لە 12ی تەموزی 2003 مەجلسی حوکم لە ئێراقدا درووست کرا لە 25 کەسایەتی ئێراقی کە 6 کەسیان کورد بوون، لەو 25ە 12 کەسایەتیان ھەڵبژارد بۆ ئەوەی حکومی ئێراق بکەن بۆ یەک ساڵ یەکی یەک مانگ و بە ڕیزبەندی ئەلفابێتی ناوەکانیان حوکم بکەن، جەلال تالەبانی لە 1 بۆ 30 تشرینی یەکەم و مەسعود بارزانی 1 بۆ 30ی نیسانی 2003 . لە 6ی نیسانی 2005 ئەمەریکا ڕەزامەندی نیشاندا بۆ دانانی جەلال تالەبانی وەکوو یەکەم کورد لە مێژوی ئێراق کە ببێت بە سەرۆک کۆماری ئێراق و بۆ یەکەم جار بە فەڕمی بەخێرھاتن لە شاندی کوردی بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی کرا لە کۆشکی سپی لە تشرینی یەکەمی 2005. وە پاش ئەوەش جەلال تالەبانی چەند جارێکی ترسەردانی فەڕمی کردووە بۆ ئەمەریکا وەکوو سەرۆک کومَاری ئێراق.
پاش ئەوەی ئۆباما لە 2008 دا بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا، بایەخێکی زیاتر درا بە بەغدا. کورد و سوننە پشتگوێخران لەسەر حیسابی شیعە و ڕۆڵی ئێران لە ئێراق تا دەھات زیادی کرد، بەڵام لەھەمان کاتدا ئاستی دبلوماسی لەگەڵ کوردستان بەرزبوەوە بە کردنەوە کۆنسۆلیەتی ئەمەریکا لە ھەولێر لە 20ی حوزەیرانی 2010، بەڵام ئۆباما تا کۆتایی حوکمکردنی ھەر پێداگری لەسەر یەکگرتووی ئێراق دەکردەوە سەرپای بیرورای بەشێکی سیاسەتمەداران لە ئەمەریکا کە دژی ئەو ھەڵوێستەی ئۆباما بوون. ھەرچەندە شەری دژ بە داعش لە 2014ەدا جارێکی تر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاو کوردی نزیکتر کردەوە و ئەمجارەش پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی (سەربازی، سیاسی و ئابووری) و ڕێکدەخران و کورد بوو بە یاریزانێکی سەرەکی لە شەڕی دژ بەداعش بەڵام سیاسەتی ئۆباما ھەر مەیلی بەرەو حکومەتی ناوەند بوو، تەنانەت ئەو بریارەش کە لە کۆمیتەی چەک لە کۆنگرێسی ئەمریکی دەرچوو بۆ ھاریکاری ڕاستەوخۆی کورد و سوننە بێ گەرانەوە بۆ حکومەتی ناوەند کاری پێنەکرد تا کۆتایی کاتەکەی لەسەرۆکایەتیدا بەڵام ئەمانە بۆچونێکی نوێیان ھێنایە کایەوە لەلایەن سیاسەتمەدارە ئەمەریکیەکان سەبارەت بە مەسەلەی کورد و پاشەرۆژی ئێراق.
بە پێی پەیمانەکانی دوناڵد ترەمپ (سەرۆکی نوێی ئەمەریکا) لە وتارەکانی بانگێشە و بیروبۆچونەکانی لە چاوپێکەوتنە میدیاییەکانیدا، وا چاوەڕوان دەکرێت کە لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئەودا لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئەمەریکاو کورد ھەڵبدرێتەوە و پەیوەندییەکان بەھێز و ڕێچکەیەکی پۆزەتیڤانە بگرن بەتایبەتیی لەو لایەنەوە کە پەیوەستن بە شەری دژ بە داعش. وە بریاری وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە 19ی نیسان2017 بۆ فرۆشتنی چەک بە پێشمەرگە وەکوو سوپایەکی سەربازی لە ناو دەزگای بەرگری ئێراقدا گرنگیەکی خۆی ھەیە لە مێژوی کورد و ئەمە یەکەم بڕیاری فەڕمی وەزارەتێکی ئەمەریکایە کە تایبەت بێت بە کورد.
ئەوەی ڕون و ئاشکرایە ئەمەریکا ھێزێکی سەرەکیە لە جیھاندا و پشتگیری ئەو گەلێک گرنگە بۆ بەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، بەڵام خاڵە ھەستیارەکە ئەوەیە کە چۆن و لە کوێدا بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاو کورد یەکدەگرن تا کورد ئەو ئامانجانە بەدیبھێنێت کە سەدان ساڵە خەونیان پێوە دەبینێت. ئەوەی لۆجیکە کورد دەستەڵاتی بەسەر سیاسەت و کاروکاردانەوەی ئەمەریکادا نییە بەڵام دەستەڵاتی بەسەر سیاسەت و کار و کاردانەوەی خۆیدا ھەیە. وە ڕاستە کە جیوگرافیای نیشتمانی کورد ھۆکارێکی نەگەتیڤی بووە بەھۆی ھەوڵی دەستەڵات و دەستێوەردانی نەتەوە و وڵاتانی دەوروپشت بەڵام بەشێکی شکستەکان گەلی کورد دەگەرێتەوە بۆ کەمتەرخەمی خۆی لەروی نەبوونی یەکریزی نەتەوەیی و وانە وەرنەگرتن لە پێشوو و شینەکردنەوەی زانستی بۆ شکستەکان، ئەمانە ھەمویان نیشانەی لاوازی و ناتەبایی و بێمتمانەییە بەخۆ . ڕاستە بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانی گەلی کورد نابێت مساومەی لەسەر بکرێت بەڵام گەیاندنی ئەو مەسیجە بۆ وڵاتانی جیھان (بە تایبەتیی بۆ وڵاتێکی زلھێزی وەکوو ئەمەریکا) و تێگەیاندنیان لە ماف و بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد دەبێت بە پلانێکی ئیستراجی نیشتمانیەوە بکرێن، وە نەبوونی لۆبیەکی کوردی بەھێزو یەکگرتوو لە دەروەی وڵات بەھۆی ململانیە حزبیەکانەوە ھۆکاربوون بۆ نەخستنی فشار لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پشتگیرینەکردنیان لە دۆزی کورد لەپێناو درووستبوونی دەوڵەتی کوردی لە باشووری کوردستان.
ئەوەی پێویستە لەسەر کورد کە کار لەسەر ئەم لایەنانەی لای خوارەوەدا بکات و باش شیانبکاتەوە و ھەڵیانسەنگێنێت پێش ھەر ھەنگاوێک لە پەیوەندیە نێودەوڵتەکانی بەتایبەتیی لەگەڵ ئەمەریکادا:
1- لایەنی سیاسی: کورد دەبێت ببێت بە یاریزانێکی دبلوماسی گرنک و پشتگیری لە سیاسەتی ئەمەریکا بکات بۆ سەقامگیری لە دیموکراسیەت وئاشتی ناوچەکە.
2- لایەنی ئابووری: کورد دەبێت بەرژەوەندیە سیاسیە ئابووریەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بپارێزێت و لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکیەکان کاربکات بۆ گەشەپێدان بە ژێرخانی ئابووری کوردستان.
3- لایەنی سەربازی: کورد دەبێت ھاوکاربێت (نەک ھەر لە شەری دژ بە داعش) بەڵکوو ببێتە فاکتەرێکی سەرەکی و گرنگ لە سەقامگیری ناوچەکە.
4- لایەنی مرۆڤایەتی: ڕێزلێنان و پابەندبوون بە بر??[1]