#ڤالا فەرید#
پرسیارگەلێکی زۆر لەسەردەمی لەناوبردنی کۆڵۆنیالیزم هاتنەئاراوە سەبارەت بە پەیوەندیی لەنێوان ماددەی (2/4) ی ڕێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەنێوان بەکارهێنانی هێز لەکاتی نکۆڵیکردن لە #مافی چارەی خۆنووسین#ی گەلان، بەوەی کە ئایا ماددەی ناوبراو ڕێگەدەدات هێز لە چوارچێوەی بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسیندا بەکاربهێنرێت؟
لەئێستادا بۆچوونێکی نەگۆڕی نێودەوڵەتی لەئارادایە دەربارەی ئەم پرسیارە، شتێکی بەدیهییە کە بەکارهێنانی هێز بۆ مەرامگەلی مافی چارەی خۆنووسین لە یاسای سەردەمییانەی نێودەوڵەتیدا ڕێگەپێدراوە، بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی مافی خەباتی چەکداریان هەبووەو هەیە دژی کۆڵۆنیالیزم یان داگیرکار یان ڕژێمەکانی جیاوازکاری، ئەم ڕێسایە نێودەوڵەتییەش پیادەکردنی گشتییە وهەڵاوێرکردنیش لەخۆدەگرێت لەوحوکمەی لە ماددەی (2/4) ی ڕێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە، بەڵام پرسیارێکی دیکە دێتە پێشەوە دەربارەی ئەوەی کە ئەو بزووتنەوانە مافیان هەیە یارمەتیی سەربازی لە دەوڵەتانی سێیەم وەربگرن کە بەشێک نەبن لەو ململانێیە؟ بە گەڕانەوە بۆ بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانین بڵێین کە ڕاسپاردەکانی کۆمەڵەی گشتی جەختیان کردۆتەوە لەسەر مافی پێشکەشکردنی هاریکاریی پێویست بۆ ئەو بزووتنەوە ڕزگاریخوازانە کە نوێنەرایەتیی گەلانی خەباتگێڕ دەکەن لەپێناو سەربەخۆییدا، ئەمەش لەم بڕگانەی خوارەوەدا باسی دەکەین:
1- مافی باشووری کوردستان لە خەباتی چەکداریدا:
ئەو مافە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازیی میللی لەپێناو وەدستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین و ڕزگاربوون لە کۆڵۆنیالیزم و چەوسانەوە ڕۆڵی گەورەی بینی لەسەربەخۆبوونی چەندین دەوڵەت، کە بەرەبەرە ژمارەیان زیادی کرد، هەر ئەو مافە ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە ژیانی نێودەوڵەتیدا، کاتێ بووە فشار بۆ دەرکردنی ڕێساگەلێکی تازە کە پارێزگاریی لە مافی گەلان بکات بۆ دیاریکردنی چارەنووس و ڕزگاربوون لە کۆڵۆنیالیزم، کە دواتر لە جاڕنامەی کۆمەڵەی گشتیدا ژمارە (1514) ی 14ی کانونی یەکەمی 1960 جێگیرکرا، بە هەڵوەشانەوەی کۆڵۆنیالیزم و پێدانی مافی سەربەخۆیی بە گەلان، بەم شێوەیە سەیری خەباتی چەکداریی گەلان دەکرا لەپێناو سەربەخۆیی و ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین، کە جۆرێکە لە مافی بەکۆمەڵ کە بۆ گەلانی ژێردەستەوە چەوساوە بڕیاری لێدراوە.
هەروەها کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چەند بەڵگەنامەیەکی دیکەی نێودەوڵەتیدا تایبەت بە پاکتاوکردنی کۆڵۆنیالیزم و ڕزگارکردنی گەلانی چەوساوە دانی بەو مافەدا ناوە، یەکەم دانپێدانانی فەڕمیش لەمیانی ڕاسپاردەی ژمارە ( 2015) دا هات کە لە ساڵی 1964 دەریکرد، لەم ڕاسپاردەدا کۆمەڵەی گشتی ڕوونی کردەوە کە داندەنێت بە ڕەوایەتیی خەباتی گەلانی ژێردەستەی کۆڵۆنیالیزم لەپێناو مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆییدا. کۆمەڵەی گشتی داوای لە دەوڵەتان کرد کە کۆمەکی ماددی و مانەوی پێشکەش بە بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی نیشتمانی بکەن لە هەرێمە کۆنۆڵیالییەکاندا. هەروەها بڕیاری کۆمەڵەکە کە لە 20/12/1965 دەرچووە تایبەت بە داننان بە ڕەوایەتیی خەباتی گەلان لەپێناو مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆییدا. هاوکات ئەو بڕیارەی لە 30/11/1966 دەرچوو، کە تەئکید لە مافی گەلان دەکاتەوە بۆ دیاریکردنی چارەنووس، هەروەها بڕیاری ژمارە (2189 A) کە لە 13/12/1966 دەرچوو کە ڕوونی کردۆتەوە بەوەی کە بەردەوامبوونی حوکمی کۆڵۆنیالیزم هەڕەشەیە بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی. دیسان بڕیاری ژمارە ( (2625 (25) ) ) ی کۆمەڵەی گشتی لە 25/12/1970 کە هەموو کارێکی زۆرەملێیی دژ بە گەلانی خەباتگێڕ لەپێناو سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین یاساخکرد، بە مەبەستی بێ بەشبوونیان لەو مافانەوەئەو مافەی کە لە پرەنسیپی یەکسانیبوونی گەلاندا سەرچاوەدەگرێت، هەروەها بڕیاری کۆمەڵەی گشتی ژمارە ( (2936 (27) ) ) لە 29/12/1972 ڕوونی دەکاتەوە کە شێوازگەلی ڕەوا بۆ بەکارهێنانی هێز بریتین لە بەرگریکردنی شەرعیی لەخۆ، گەڕاندنەوەی هەرێمە زەوتکراوەکان، خەباتی گەلانی چەوساوە لەپێناو ئازادیدا. کۆمەڵەی گشتی لە جاڕنامەکەیدا تایبەت بە ( پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان دەوڵەتان بەپێی ڕێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان) ی ساڵی 1970، جەختی کردۆتەوە لەسەر بەکارنەهێنانی هێز دژی گەلان بەشێوەیەک بێ بەشیان بکات لە مافی چارەی خۆنووسین و ئازادی و سەربەخۆیی.
لەبەر ئەوە پەنابردنی ڕژێمی ئێراق بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی هەرێمی کوردستان لەو کاتەی هەرێم مافی خۆی پیادەبکات بۆ سەربەخۆیی بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی دەژمێردرێت تایبەت بە پێدانی ماف بە گەلان تاکو چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. هاوکات پێشێلکردنی دەقی ماددە (8) ی دەستووری هەمیشەیی ئێراق و پابەندبوونی دەوڵەتانە بەو واقیعەی لە ئەستۆیاندایە بە بەرنەگرتن لە گەلی کوردستان دژی بەدیهێنانی سەربەخۆیی.
جاڕنامەکە لەم بارەوە ئەم دەقەی تێدا هاتووە: ( لەسەر هەموو دەوڵەتێک پێویستە پەنا بۆ ڕێکاری ڕێگرتن نەبەن کە ببێتە مایەی بێ بەشبوونی گەلان لە مافی چارەی خۆنووسین و ئازادی و سەربەخۆییان، کاتێکیش بەرانبەر ئەو ڕێکارانە دەوەستنەوە یان بەرهەڵستی دەکەن لەبەر مافی خۆیان لە دیاریکردنی چارەنووسیان، ئەو کاتە مافی خۆیانە کە هەوڵبدەن کۆمەک وەربگرن بەپێی ئامانج و پرەنسیپەکانی ئەو ڕێکەوتننامەیە) .
جاڕنامەی پرەنسیپەکانی پەیوەندیی دۆستایەتی ئاماژەیەکی ڕاشکاوانەی تێدایە تایبەت بە مافی گەلان کە ( بەرهەڵستی هەموو ڕێکارێکی ڕێگەگرتن دەکەن یان بەرگری دەکەن) لەبەر ئەوەی مافی خۆیان پیادەکەن بۆ دیاریکردنی چارەنووس، بۆ خەبات لەپێناو ئەو ئامانجەو داواکردن و وەرگرتنی هاوکاری، بەپێی پرەنسیپەکانی ڕێکەوتننامەکە و جاڕنامەی ناوبراو، هەروەها ڕاسپاردەی تایبەت بە پێناسەکردنی دوژمنایەتی لە ماددەی حەوتەمیدا باس لەوە دەکات کە لەم پێناسەدا هیچ شتێک ناکۆک نییە لەگەڵ مافی گەلان لە دیاریکردنی چارەنووس و سەربەخۆیی و ئازادی کە بەزەبری هێز ئەو مافەی لێ زەوت کراوە، بە تایبەتیش گەلانی ژێردەستەی ڕژێمە کۆنۆڵۆنیالیزم و ڕەگەزپەرستەکان، یان هەر شێوەیەکی هەژموونی بیانی، هەروەها ناکۆک نییە لەگەڵ مافی ئەو گەلانە لە خەباتکردن لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، هاوکات بۆ گەڕان بەدوای وەرگرتنی هاوکاری لە هێزە دەرەکییەکان.
لە کۆتاییدا، کۆمەڵەی گشتیی لەوەتەی ساڵی 1973 وە بڕگەی دووەمی ڕاسپاردەی ساڵانەی خۆی تەرخانکردووە تایبەت بە (گرنگیی بەدیهێنانی جیهانیی بۆ مافی چارەی خۆنووسینی گەلان و خێراکردنی ڕێزگرتن لە مرۆڤ) بۆ دووپاتکردنەوەی خەباتی چەکداری وەک ئامرازێکی ڕەوا لەپێناو بەدیهێنانی سەربەخۆیی و ئازادیدا، ئەم شێوازەی بە یەکجاریی لە ساڵی 1991 گۆڕی بەم دەستەواژەیە: ( بەکارهێنانی گشت ئامرازگەلی بەردەست بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی و ئازادی) .
بۆیە، لەوەتەی دەرچوونی بڕیاری کۆمەڵەی گشتی ژمارە ( 1514) بە پێدانی سەربەخۆیی بە وڵاتان و گەلانی کۆڵۆنیال و دواتر دەرچوونی بڕیارگەلێکی دیکە لە کۆمەڵەکەوە کە تەئکید لە مافی ئەو گەلانە دەکاتەوە لە بەدیهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین و شەرعییەتدان بە خەباتی ئەو گەلانە بە هەموو ئامرازێکی بەردەست، لەوانەش پەنابردن بۆ هێزو خەباتی چەکداری، هەروەها وەرگرتنی هاوکاریی ماددی و مانەوی بە مەبەستی گەیشتن بە پیادەکردنی مافی چارەی خۆنووسین، لەو کاتەوە پەنابردن بۆ خەباتی چەکداری بۆتە ئامرازێک بۆ پاراستنی مافی گەلانی چەوساوە تا ئەو کاتەی سەربەخۆیی بەدەست دێنن.
2- مافی باشووری کوردستان لە بەدەستهێنانی کۆمەکی پێویست لە دەوڵەتانی سێیەم:
بە گەڕانەوە بۆ بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەست بە بە مافی بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی نیشتمانی لە وەرگرتنی یارمەتیی لە دەوڵەتانی سێیەمەوە کە لایەنێکی ململانێیەکە نەبن، دەکرێ بڵێین کە ئەو ڕاسپاردانەی لە کۆمەڵەی گشتییەوە دەرچوون - بە سازان و ڕازیبوون- تەئکید دەکەنەوە لە مافی پێشکەشکردنی کۆمەکی پێویست بۆ گەلانی خەباتگێڕ لەپێناو بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و ئازادیدا، جاڕنامەی کۆمەڵەی گشتی کە بەپێی ڕاسپاردەی کۆمەڵەی گشتی ژمارە (36/103) 1981دەرچووە، تایبەت بە ڕێگەنەدان بە دەستتێوەردان دەرحەق بە دەوڵەتان و ئەرکیان لە پشتیوانیکردنی مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان، لەوانەش مافیان لە خەباتی چەکداری و سیاسی لەپێناو بەدیهێنانی ئازادیدا، هەروەها ڕاسپاردەکە تایبەت بە پێناسەکردنی ئەو دوژمنکارییەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماددەی حەوتەمدا جەختی لێکردۆتەوە ڕوونی دەکاتەوە کە هیچ شتێک لەو پێناسەدا نییە کە ناکۆک بێت لەگەڵ مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووس و سەربەخۆیی و ئازادی کە بەزۆر لێیان زەوت کرابێت، بەتایبەتیش گەلانی ژێردەستەی ڕژێمە کۆڵۆنیالیزم و ڕەگەزپەرستەکان، هەروەها ناکۆک نییە لەگەڵ مافی ئەو گەلانە کە خەبات بکەن لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە و گەڕان بەدوای کۆمەک و یارمەتیی لەم بوارەدا.
بۆیە گەلانی کۆلۆنیال یان ژێردەستەی ڕژێمێکی ستەمکار مافی ئەوەیان هەیە هێز بەکاربهێنن دژی ئەو دەوڵەتەی کە ڕێگە لە پیادەکردنی مافیان دەگرێت بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان، ئەو گەلانە دەتوانن لەمیانی خەباتکردنیان بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاری کەڵک لە کۆمەکی مرۆیی و دارایی و سیاسی وەربگرن.
بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە هاوکاریی سەربازییەوە، ئەوا یاسای نێودەوڵەتی بێلایەنە لەهەمبەر پێشکەشکردنی کۆمەکی سەربازی بە بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی نیشتمانی لەلایەن دەوڵەتێکی سێیەمەوە، چونکە ئەو دەوڵەتە سێیەمە لە ڕووی یاسایەوە مافی نییە کۆمەکی سەربازیی بداتە ئەو بزووتنەوانە، بەڵام ئەو کۆمەکە سەربازییەکە - هەروەک فیقهی نێودەوڵەتی دووپاتی دەکاتەوە- لە هەموو حاڵەتێکدا نابێ بگاتە ئەو ئاستەی کە هێزی سەربازی ڕەوانەبکرێت، دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی بۆ پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی نیشتمانی لە چوارچێوەی کۆمەکی سەربازی دەردەچێت، جاڕنامەی پرەنسیپەکانی پەیوەندیی دۆستایەتی کە لە ساڵی 1970 دەرچووە، جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی نیشتمانی مافیان هەیە هەوڵبدەن پشتیوانیی بەدەست بهێنن و ئەو پشتیوانییەش بەپێی ئامانج و پرەنسیپەکانی ڕێکەوتننامەکە وەربگرن، هەروەها زانراوە کە گرنگترین ئامانجی نەتەوە یەکگرتووەکان پاراستنی ئاشتی و بەردەوامبوونیەتی، ئەو ئاشتییەش لە ئەنجامی دەستتێوەردانی فراوانی سەربازی لە بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی نیشتمانی ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەو دەستتێوەردانە سەربازییە سنووردار بوو ئەو کاتە نابێتە هەڕەشە بۆ ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی.
ئەگەر ئەمە ئاڕاستە گشتییەکە بێت لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتیی دەکات، کەواتە پێویستە جەختبکرێتەوە لەسەر ئەوەی کە مافی بەکارهێنانی هێزو وەرگرتنی یارمەتیی لەوانەش یارمەتیی سەربازی لە چوارچێوەی مافی چارەی خۆنووسین لە سیستەمی یاسای نێودەوڵەتیی سەردەم، تەنیا بۆ گەلەژێردەستەو چەوساوەکانە کە نۆڕم و پێوانەی نێودەوڵەتییان هەیە کە دەتوانن مافی چارەی خۆنووسین پیادەبکەن. لێرەدا پەیوەندییەکی ئۆرگانی هەیە لەنێوان گەل وەک کەسێک لە کەسەکانی مافی چارەی خۆنووسین و لەنێوان ئەو مافەدا.
ڕاپۆرتی (کریتسکو) (Critescu Report) کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1981 بڵاوی کردەوە باس لەو نۆڕمە دەکات کە دەبێت لەو گەلەدا هەبێت تاکو بتوانێت مافی چارەی خۆنووسینی پیادەبکات، ئەو نۆڕمەش ئەم توخمانە لەخۆدەگرێت:1- دەبێ ئەو کۆمەڵە زمان و کەلتوورێک و ئایینێکی جودای هەبێت.2- دەبێ مێژوویەکی هاوبەش لەنێوان تاکەکانی ئەو کۆمەڵەیە هەبێت.3- پێویستە پەیمانێک هەبێت لەنێوان تاکەکانی ئەو کۆمەڵەیە بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆیان.4- دەبێ ئەو کۆمەڵەیە سەر بە هەرێمێک بن.
هەموو ئەو توخمانە لە گەلی کورددا هەن، ڕووبەڕێکی هاوبەشی جوگرافیی هەیە کە (هەرێمی باشووری کوردستانە) ، هەروەها زمانێکی هاوبەش و داب و نەریت و خەباتی هاوبەش لەپێناو بەرگریکردن پارێزگاریکردن لە ناسنامەی خۆی کە (ناسنامەی کوردستانییە) .
دەگەڕێینەوەو دەپرسین: هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتی چییە لە پێشێلکردنی ڕێسای مافی گەلان لە چارەی خۆنووسین وەک ڕێسایەکی نێو یاسای نێودەوڵەتی؟ ئایا پێشێلکردنی لەلایەن ئێراقەوە سەرپێچییە لە پابەندبوونێکی بێگومان کە بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتیی دەکەوێتە ئەستۆ؟
ئێمە لێرەدا دوودڵ نین لە ورووژاندنی بابەتی بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی، کاتێ یاسای نێودەوڵەتی دەڵێت لەسەر دەوڵەتان پێویستە بەپێی توانا شوێنەواری هەر کردارێک لابەرێت کە پێشێلی ڕێسایەکی نێو یاسا گشتییەکانی نێودەوڵەتی دەکات و دەبێ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو ڕێسایە ڕێکبخەن. لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی کە پێشتر باسمان لێکرد، دەڵێین کە نکۆڵیکردنی هێزە زەوتکارەکانی دەسەڵات لە ئێراق لەهەمبەر مافی چارەی خۆنووسینی هەرێمی کوردستان، بۆیان ئاسان نییە نکوڵی لە مافی ئەو گەلە بکەن ئەگەر پەنا بباتەبەر هێزو بەرگریی چەکداری بە مەبەستی گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین، چونکە دیارە ئەو بڕیارانەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچوون، بەتایبەتیش لە کۆمەڵەی گشتی، تەنیا بە ڕاپۆرتێک نەوەستاوە بۆ ڕەوایەتیدان بە پەنابردنی گەلان بۆ هێزی چەکداری لەپێناو سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین، بەڵکوو داوای لە دەوڵەتانی دیکە کردووە کە هەموو جۆرە یارمەتییەکی ماددی و مانەوی پێشکەش بەو گەلانە بکەن.
ئەوەی پاساو دەداتە هەرێمی کوردستان کە پەنا بباتە بەر هێزی چەکداری بۆ بەرگریکردن لە مافی چارەی خۆنووسین، لەوەدایە کە ئەو مافە مۆرکی ئەو ڕێسایانەی پێدراوە کە بەردەست بێت، واتا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە وەک نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانە ببێتە لایەنی بەرپرسیار لە بەدیهێنان و پاراستنی ئەو مافە، ئەگەر هاتوو هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە ڕەگەزپەرست و دەسەڵاتدارەکانی ئێراق ڕووبەڕووی نکۆڵیکردن بێتەوە لەو مافەداو ئەمەش ببێتە دوژمنکارییەک و پێشێلکردنێکی پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی، ئەوا لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەتیش ئەنجوومەنی ئاساییش پێویستە بەپێی سیستەمی تازەی نێودەوڵەتی کە لە ڕێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەو دوژمنکارییە، بەڵام ئەگەر سستی نواند یان دەستەوەسان بوو بەهۆی ئەوەی کە دەستدرێژیکار ڕێز لە ڕێسای مافی گەلان ناگرێت بۆ دیاریکردنی چارەنووس، ئەو کاتە هەرێم پاساوی دەبێت کە پەنا بۆ هێز بەرێت، بۆ بەرپەچدانەوەی دوژمنکارییەکە بەپێی ڕێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی.[1]