فوئاد محەمەد ئەمین سەراج
ئەوەی لەم پانۆرامایەدا دەبینرێت، خشتەی ئەو تاوان و کوشتن و بڕین و لەسێدارەدان و قەدەغەکردنی هاتوچۆ (منع التجول) و پلان و پیلانی دەسەڵاتی فاشیستەکانە کە لە دوای (9) ی حوزەیرانی ساڵی 1963 بە شێوەیەکی تۆتالیتاری و عەسکەرتاریتانە پەیڕەویان کرد بە درێژایی حوکمڕانییان تا گەیشتە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و ئەنفالکردنی گەلی کورد. ئەم ڕەگەزپەرستانە بەدەر بوون لە مرۆڤبوون، لە هەموو کەلتوورێکی مرۆڤایەتی و دادی کۆمەڵایەتی، کە بە هیچ جۆرێک لە فەرهەنگی سیاسی و نیشتمانی و مافە سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤ جێگایان نابێتەوە. ئەم نووسینە زۆبەی تاوانەکان دەنووسێتەوە، وێنەی ئەم مێژووییە پڕ لە دڕندەییە کە مرۆڤایەتی شەرمی لێدەکات و لە بەردەم ئەو هەموو کارەساتانەدا کە بەسەر کوردیان هێنا، ئەویش:
1- قەدەغەکردنی هاتوچۆ بەشێوەی (منع التجول) لە بەرەبەیانی 9/10/1963 لە شاری سلێمانی و کۆیەدا و خەڵکێکی زۆری تیا شەهید کرا، زۆریشیان گیران و بێسەروشوێن بوون.
2- گوللەبارانکردنی شاری سلێمانی لە ڕۆژی (4) نیسانی 1964 کە ناسراوە بە ڕۆژی شەهیدانی...
3- وێرانکردنی دوو گوندی (دەتان و سووریا) بە غازی خەردەل لە ساڵی 1966 و کوشتنی خەڵکە بێگوناهەکەی.
4- گرتن و ڕاوەدوونان و دوورخستنەوەی فەرمانبەران و دەزگای پۆلیس بۆ خوارووی ئێڕاق.
5- پیلانی لەناوبردنی بارزانی-ی نەمر لە شەوی 16/5/1972 دا.
6- پەشیمان بوونەوە لە پەیماننامەی (11) ی ئاداری پیرۆز.
7- ڕاگواستنی خەڵک و تەعریبکردنی کوردستان و دەست پێکردنی (تبعث) کردن و (تهجیر) کردن لە شارەکانی وەکوو کەرکووک، خانەقین، شنگال، زوممار و زۆر جێگای دیکەی کوردستان.
8- بۆردوومانکردنی شاری قەڵادزێی شەهید لە ڕۆژی 24/4/1974 کاتژمێر (10، 45) ی بەیانی کە بووە هۆی شەهیدکردنی زۆربەی قوتابیانی زانکۆی سلێمانی و چەندین کەسی بێگوناهی ئەم شارە شەهیدە.
9- بۆردوومانکردنی شاری هەڵەبجە بە فڕۆکە ڕۆژی 26/4/1974 و شەهیدکردنی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی.
10- بۆردوومانکردنی شارەکانی (چۆمان، گەڵاڵە، حاجی ئۆمەران، ڕەواندز) و چەند شوێنێکی دیکە کە بووە هۆی شەهیدکردن و دەربەدەرکردنی خەڵکی ئەم ناوچانە لە ترسی بۆمببارانکردن و ماڵوێرانییان.
11- شەهیدکردنی لەیلا قاسم و نەریمان فوئاد و حەسەن حەمە ڕەشید و جەواد و ئازاد لە یانەی (صید) ( کە فەرمانی لە سێدارەدانیان لە مانگی (5) ی 1974 دەرچوو.
12- ڕشتنی ماددەی فسفۆر لە شەڕی 1974 لە دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
13- ڕێککەوتننامەی جەزائیر لەگەڵ شای ئێراندا بۆ لێدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد.
14- قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە ساڵی 1985 کە تێیدا کەوتنە گیانی خەڵکی بەشەرەفی سلێمانی و دەستیان کرد بە گرتن و ڕاوەڕووت و ڕووخاندنی خانووی هاووڵاتیان و زیاتر لە 100 کەسیان بێسەروشوێن کرد، کە ئێستا لە گۆڕستانی بە کۆمەڵ دەدۆزرێنەوە.
15- قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە ڕۆژی 12/8/1987، هەروەها دەستیان کرد بە گرتن و کوشتن و ڕووخاندنی خانووی هاووڵاتیان بە شۆفڵ و گرتن و بێسەروشوێنکردنی خاوەنەکانیان.
16- ڕووخاندن و وێرانکردنی (4500) گوندی کوردستان و ڕاگواستنی خەڵکەکەی بۆ نێو ئۆردوگا زۆرەملێیەکان.
17- بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەسەر شاری هەڵەبجەی شەهید لە ڕۆژی 16/4/1988 کە بووە هۆی شەهید بوونی زیاتر لە (5000) هاووڵاتی و دەربەدەرکردنی سەرجەم دانیشتووانی ئەم شارە شەهید و خۆڕاگرە.
18- بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە بادینان و قەرەداغ و سێوسینان و زێوێ و هەڵەدن و سەرگەڵۆ و بەرگەڵۆ و چەندین شوێنی دیکە کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان و سووتان و کوێربوون و پەڕاگەندە بوونی ژمارەیەکی زۆری دیکەیان.
19- تواندنەوەی مرۆڤی کورد لە (وحدە المجازر البشریە) کە لەم بەڵگەنامانەی دواییدا ئاشکرا کرا.
20- بێسەروشوێنکردنی (182) هەزار کورد بە نێوی ئەنفال.
21- بێسەروشوێنکردنی (8000) هاووڵاتی لە بارزانییەکان.
22- گوللەبارانکردن و لە سێدارەدانی خەڵکی بێگوناهی کورد لە شەقام و گۆڕەپان و کۆچە و کۆڵانەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان.
23- ڕاوەڕووتکردن و تاڵانکردنی ماڵی هاووڵاتیان و دابەشکردنیان بەسەر پیاوانی ڕژێم و بەکرێگیراوانیان.
24- گرتنی ئەو منداڵانەی لە تەمەنی یاسایی و سرووشتیدا نەبوون و زیادکردنی تەمەنیان بۆ لە سێدارەدانیان لە قەسابخانەکانی ڕژێمدا.
25- وەستان دژی ڕاپەڕین و دەستپێکردنی کۆچە بە کۆمەڵەکەی سێ ملیۆن مرۆڤی کورد کە تا ئەندازەیەک ویژدانی گشت مرۆڤایەتیی جیهانی هەژاندو هیوای بۆ کورد هێنایە گۆڕێ و بڕیاری ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی ژمارە (688) ی بۆ کورد هێناکایەوە دژی دیکتاتۆری خۆێنڕێژی بەغدا.
ناردنی تەقەمەنی و دینامێت و ئۆتۆمبیلی مینڕێژکراو بۆ جەماوەری کوردستان، گەورەترین دیارییە کە ڕژێمی فاشی دەیناردە کوردستان لە باتی داودەرمان و خۆراک، چونکە خۆی بێبەری بوو لە هەموو شتێکی مرۆڤایەتی و تەبایی، تەنیا خوێنڕشتن و جەنگ و کوشتن و وێرانکردن و فەرتەنەی دۆڕاو نەبێ، هیچی دیکە لە فەرهەنگی دیکتاتۆری و بەعسی فاشیستدا نەبوو، وەک لەبەرچاومانە.[1]