عەبدولڕەحمان کەریم دەروێش
پێشەکی:
زۆر لە لێکۆڵەران و سیاسەتمەداران باس لە نەمانی داعش دەکەن، بەڵام کەس ناتوانێت باس لە کۆتایی تیرۆر بکات، هەموو لایەنێکیش دەزانێت داعش بریتی بوو لە حاڵەتێکی بەرجەستەکراوی تیرۆر، ئەوەی جیای دەکاتەوە لە لاینە تیرۆریستییەکانی دیکەی ئێراق تەنیا ئاست و پلەی هێز وتوانایەتی، کە بەدەستی هێنا بەهۆی چەندین هۆکاری بابەتی و خودی. تیرۆری جیهادی ئیسلامی یەکێک بوو لە کێشەکانی ئێراق و بەڵکوو دەتوانین بڵێین نوێترین کێشە بوو لەکێشەکانی ئێراق. چەندەها کێشەو گرفت لەئێراقدا هەن، هەمووشیان درێژخایەنن و لەگەڵ تەمەن و مێژووی ئێراقدا بەردەوام بووە و ئێراقییەکان بەدەستیەوە دەتلێنەوە، هەر ئەو کێشانەش بوونەتە هۆکاری سەرهەڵدانی چەندەها کێشەی دیکە، واتە قەیرانەکانی ئێراق قەیرانی نوێ دەخوڵقێنن.
لەناوەندە ئەکادیمییەکان پرسی ئێراق ئاماژەیە بە سەرجەم ئاڵۆزییەکانی ئێراق و ڕەهەندەکانی وەکوو زاراوە لە دەیەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە سەری هەڵداوە، تاوەکو ئێستا پرسی ئێراق چارەسەر نەبووە، بەڵکوو ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبێت، ئەم بابەتە تایبەتە بە دەرخستنی لایەنی ڕاستیی پرسی ئێراق و پەیوەندی بە هاتن و ڕۆیشتنی داعشەوە، بۆ ئەوەی کورد مەوقفی خۆی لەم پرسە بخاتەڕوو کە یان ببێتە بەشێک لەم پرسە، یاخود خۆی جیابکاتەوە و خەریکی چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی ونیشتمانیی خۆی بێت.
یەکەم: پرسی ئێراق:
پرسی ئێراق زاراوەیەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای داگیرکردنی ولایەتی بەسرە و بەغدا، دواتر مووسڵ لەلایەن بریتانیاوە، کە سەرهەڵدانی ململانێیەکی سەخت و دژوار بووە بۆ درووستکردنی ئەم وڵاتە لەناوخۆ و لەگەڵ دراوسێیەکانی وەکوو تورکیا و ئێران و ناوچە عەرەبییەکان، جگە لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا. بریتانییەکان زاراوەی پرسی ئێراقیان و هەندێک جار زاراوەی (حاڵەتی ئێراقی) یان بەکاردەهێنا وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو هەموو ئاڵۆزییە کە دەبوو چارەسەری بکەن بۆ ئەوەی ئەم دەوڵەتە بتوانێت بژیت، چەندین کۆنفرانسیشیان سازکرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم پرسە، بەڵام پرسی ئێراق چارەسەر نەبوو، بەڵکوو ئاڵۆزتر بوو. هیچ کام لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان سەربارەت بە ڕێکخستنی دۆخی ئەم ناوچەیە لەگەڵ ڕێککەوتنە هەرێمییەکان بۆ هەمان مەبەست نەیانتوانی ئەم پرسە چارەسەر بکەن. لەناوخۆدا لەماوەی سەدەی ڕابردوو چەندەها جۆر لە ڕژێمی سیاسی و ئایدلۆجیایی جیاجیا لە ئێراق فەرمانڕەواییان کردووەو نەیانتوانی ئەم پرسە چارەسەر بکەن بەڵکوو هەر ڕژێمێک لەو ڕژێمانە زیاتر ئەو پرسەیان ئاڵۆزتر کرد. چەندەها جەنگ لەئاستی ناوخۆی ئەم وڵاتە و لەئاستی هەرێمی بەهۆی گرفتەکانی ئەم پرسە هەڵگیرساون. هێشتا ئێراق وەکوو حاڵەتێکی ئاڵۆز بەرپرسە لە سەرهەڵدانی چەندەها کێشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جگە لەوەش ئێراق هیچ کاتێک ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە.
دووەم: سرووشتی پرسی ئێراق:
ئێراق وەکوو وڵات درووستکراوی چەند ئاڕاستەیەکی بریتانییەکان بووە کە بۆ مەبەست و بەرژەوەندیی خۆیان ئەم وڵاتەیان داڕشت و دواتر بوونیادیان نا. بریتانیا وەکوو دەوڵەتێکی کۆلۆنیالیستی هەستا بە جێبەجێکردنی سەرجەم وردەکارییەکانی لەدایک بوونی ئەم وڵاتە، خۆشیان تووشی چەندەها کێشە بوونەوە، بەڵام گرەویان دەکرد کە بە تێپەڕبوونی کات ئەم کێشانە کۆتاییان پێ دێت، کەچی ئەم کێشانە نەک هیچیان نەپووکانەوە، بەڵکوو زیاتر ئاڵۆز بوون.
کێشەی سەرەکیی ئێراق کێشەی یەکانگیری بووە، ئەو کێشەیە وایکردووە کە ئێراقییەکان بە ڕاوێژ لەگەڵ چەندەها دەوڵەتی هاوپەیمانی خۆیان چەندین ستراتیژی بەکاربهێنن بۆ ئەوەی یەکانگیری درووست بکەن، بەڵام هیچ لەو ستراتیژییانە سەریان نەگرت. گرنگترینی ئەو ستراتیژانەی ئێراق بریتی بوو لە ستراتیژیی توانەوە و لکاندن، لەمیانی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتەش دەیان تاوانی کۆمەڵکوژییان ئەنجام دا، وەک: ئەنفالەکان و بەعەرەبکردن وتەرحیل و چەندەها تاوانی دیکە لەژێر دروشمی یەکخستنی شوناسی ئێراقی بووە. دەیان هەزار کورد بەبێ گوناح شەهید کران و کرانە قوربانی بۆ ئەو سیاسەتانە، حکومەتەکانی ئێراق هەستاون بەجێبەجێکردنی چەمکی تیرۆری دەوڵەت بۆ تۆقاندنی ئەوانەی کە پێیان وەها بوو هەڕەشەن لەسەر یەک پارچەیی ئێراق.
سێیەم: ئیشکالیەتی تیرۆر لە ئێراق
جگە لە تیرۆری دەوڵەت کە بە فەڕمی وەکوو سیاسەتی ئاساییشی نیشتمانی دەناسێندرا، چەندەها جۆری دیکەی تیرۆر سەریان هەڵدا کە هەر هەموویان لەسەر هەمان ڕێچکەی تیرۆری دەوڵەت ئاڕاستەی هزری و ستراتیژیان داڕێژدراوە. بەشێوەیەکی گشتی ئێراق وەکوو وڵات چەندەها جۆر لە تیرۆری تیایدا هەیە، هەر لە تیرۆری نەتەوەیی توندڕەو کە وەکوو شەپۆل چەندەها شاڵاوی جینۆسایدی دڕندە وخوێناوی لەناو ئێراق ئەنجامیان داوە، دواتریش تیرۆری ئایینی بەهەمان شێوە چەندەها شاڵاوی ئەنفال و جینۆسایدیان ئەنجام داوە، هەروەها تیرۆری مەزهەبی کە بەهەمان شێوازی پێشوو تۆماری چەندەها تاوانی دڕندەی کردووە، واتە هەر سێ جۆرەکانی تیرۆر لەئێراق بەسێ ئاست جێبەجێ کراون کە بریتین لە:
1. دەوڵەت و دام و دەزگا فەڕمییەکانی وەکوو ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئایینی شاڵاوەکانی تیرۆریان ئەنجام داوە، چەندەها دەزگای فەڕمیی دەوڵەت بەشدارییان لەو شاڵاوانەدا کردووە، شایەنی باسە تاوەکو ئێستا لایەنی فەڕمی ئێراقی هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەم جۆرە تیرۆرە بڵاونەکردۆتەوە، ئەوەی زانراوە بەهۆی لایەنی ناحکوومی بووە لەگەڵ قوربانییەکان.
2. لایەنە سیاسییە نافەڕمییەکانی دەوڵەت کە لایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت، لە ڕێگای میلیشاکانیان، یان لە ڕێگای گردبوونەوەی پۆپۆلیستی چەندەها تاوانی گەوری تیرۆریستییان ئەنجام داوە، کە لەئاستی کۆمەڵکوژی و جینۆساید هەژمار دەکرێن.
3. لایەنە سیاسیە نهێنی و یاخیبووەکان لەسەر حکومەتی بەغدا، کە داعش و پێشتر قاعیدە و بزووتنەوە چەکدارییە نهێنییەکانی دیکە بەرجەستەیان دەکرد.
هەرگیز مێژووی ئێراقی هاوچەرخ ڕۆژێکی بەخۆیەوە نەبینیەوە بە بێ تیرۆر، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێبینییە ئەوەیە کە کورد لە هەموو جۆر و چەشنی تیرۆری ئێراقی بێبەش نەبووە و زیانی پێگەیشتووە، لەوەش خراپتر لەم ساتەوەختانە لەئێراقدا هەموو جۆرەکانی تیرۆر لەیەک کاتدا هەن، هەندێکی دەوڵەت ئەنجامی دەدات، هەندێکیشی ڕێکخراو و لایەنی سیاسی دیکە و هەمووشیان وەکوو پێشوو لایەنی سەرەکیی ئاڕاستەکانیان دژی کورد و کوردستانە، ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر کوردستان درووست دەکات.
چوارەم: تیرۆری شاراوەی ئێراق کوردستان دەکوژێت
سیستمی ژینگەی ئێراق لەدۆخێکی ترسناکدایە، لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ژینگەی ئێراق بەرەو ڕووخان ڕۆیشتووە. بەپێی پێوەرەکانی زانستی ئێراق بەرزترین ئاستی پیسبوونی ژینگەی تیادایە، ئەم پیسبوونەشی کاریگەری ڕاستەوخۆی کردۆتە سەر دۆخی تەندرووستیی مرۆڤەکانی. لەئێراق سەرچاوەکانی ئاو لە دۆخێکی خراپدایە، پانتایی سەوزایی زۆر کەمی کردووە و فرەچەشنیی تیایدا تێکچووە. کشتوکاڵ ڕووبەڕووی کێشەی بیابانبوون بۆتەوە. چەندەها جۆر ژەهر لەناو ئێراق بڵاوبۆتەوە، لەئێراق بارانی ترش پەیدا بووە، بەتایبەت لە باشووری ئێراق کە چەندەها گرفتی گەورەی سوێربوونی خاک سەریهەڵداوە و گەیشتۆتە 40% خاکی باشووری ئێراق. بە ڕێژەی 35% ئاوی باشوور تووشی سوێربوون بووە، ساڵانە لە ئێراق 100 هەزار دۆنم زەوی تووشی بیابانبوون دەبێت. ڕێژەی 39% خاکی کشتوکاڵی ئێراق بەپیتی لەدەست داوە. ڕێژەی 40% لە هەوای ئێراق پیس بووە، بەهۆی بۆمباران ناوچەیەکی بەرفراوانی ئێراق پیس بووە بە پۆرانیۆم و چەندەها مادەی کیمیاوی، چەندەها جۆری نەخۆشیی پیس سەریهەڵداوە، ئێراقیش زۆرترین وڵاتی جیهانە لە ڕێژەی نەخۆشی سەرەتان.
ئەم دۆخە وەهای کردووە سەدان هەزار کەس بێکار بکەون. هەزاران لادێ لە باشوور چۆڵ کراون و بەرەو شارەکان کۆچیان کردووە و دیموگرافیای بەغدا و باقوبە و چەندەها شاری دیکەیان گۆڕیوە، بە هەزارانش چاوەڕێی دەرفەتێک دەکەن تاوەکو لە کوردستان جێگیر ببن، کۆچی خەڵکی باشوور ناوچەکانی سوننەنشینی هەراسان کردووە، سامەرا و ناوچەکانی نزیک لە فەلوجەشی تەنیوەتەوە، تاوەکو سەعدیە، خانەقین، خورماتوو، کەرکووک و کوردستان هەستی پێدەکرێت.
چوارەم: ئیشکالیەتی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی ئێراق:
بێ سەروبەرییەکی بێ وێنە هەیە لەئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێراق جگە لەکێشەکانی دیکە. کەمیی خزمەتگوزارییەکان و بێکارییەکی زۆر لەناو وڵات هەیە، هەڵاوسانیش دۆخی هەژارانی ئێکجار قورس کردووە، سەدان هەزار کەس لە هەژاران تەنیا بۆ نەهێشتنی مەترسیی برسێتی، ڕوویان کردۆتە دەروروبەری ناوچە پیرۆزەکانی ئێراق و لە دەوروبەری مەرجەع و سیاسەتمەداران کۆبوونەتەوە، لەناو شارەکانیش سەدان کێشەی کۆمەڵایەتی سەریان هەڵداوە، لایەنە سیاسییەکان بە خەڵکی برسی چەندەها میلیشیایان دامەزراندووە و دیموگرافیایی ناوچەکان بەو کەسانە دەگۆڕن.ئەم هەنگاوەش چەندەهاکێشەی کۆمەڵایەتی گەورەی لەناو ئێراق درووست کردووە، بە ئاڕاستەیەک ململانێ و مەنگدانەوەیەکی بێ وێنە هەیە، چەندین شوێن دەتەقێتەوە، و هەوڵی سەرەکیی حکومەتی ئێراق گواستنەوەی تەقینەوەی سەرەکیی ئەو دۆخە بۆ ناوچەکانی دیکەیە، تاوەکو کۆتایی بە پڕۆسەی گۆڕینی دیموگرافی بهێنێت وسەرجەم ئێراق بکات بە ناوچەی داخراو بۆ شوناسێکی دیاریکراو.
پێنجەم: تەشەنەکردنی عەشیرەتگەری
ئەم دۆخە خراپەی ئێراق، باری عەشیرەتەکانی خستۆتە بەر ململانێیەکی زۆر سەخت، عەشیرەتەکان دەیانەوێت ڕۆڵی پارتە سیاسییەکان و میلیشیایەکان بگێڕن، بەمەش کاردەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانیان و چەندەها ململانێی خوێناوی سەری هەڵداوە. عەشیرەت لە ئێراق ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن و چەندەها یاسا و ڕێسا هەن پشتیوانی لە پێگەی عەشیرەت دەکات.
کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە ئێراق دەوڵەتێکی عەشایەرییە، عەشیرەتەکان لەئێراق خاوەن چەک و جبەخانەیەکی زۆرن و هەر عەشیرەتێک لەناو حەشدی شەعبی لیوایەکی هەیە، لەناو حزبەکانیش پشکی تایبەتیی خۆیان هەیە، لەناوچەکانی خۆشیان دەبێ هەموو پارتە سیاسی و دام ودەزگا فەڕمییەکان و مەرجەعی ئایینیش کەسانی ئەو عەشیرەتە دابنێ لەو ناوچەیە. هەموو پارتە سیاسییەکان و تەنانەت حکومەتیش لەسەر بنەمای پشکدانان بۆ عەشرەتەکان مامەڵە دەکەن، ئەم سیستەمەش کاتی خۆی سەدام ویستی لە کوردستان جێگیری بکات، مالیکی و لایەنی سیاسیی دیکەش لە ئێراق هەمان ڕێچکەیان گرتۆتەبەر.
شەشەم: ئیشکالیەتی ئاڵۆزیی بە میلیشیابوونی ئێراق
لە ئێراق نزیکەی 73 میلیشیا هەیە کە لەژێر چەتری حەشدی شەعبی موڵەتیان پێدراوە، هەموو ئەو میلیشیاتانە لایەنی سیاسی و عەشیرەتیان لە پشتە و پشتیوانییان دەکەن. مالیکی و سەرانی حەشدی شەعبی هەستاون بەدانانی ڕێکارێکی نوێ بۆ ئەوەی باڵیان بەسەر پەڕڵەماندا زاڵ بکەن. مافی دامەزراندنی فەوجێک، یان کەتیبەیەک بە پەڕڵەمانتاران و وەزیران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەرپرسە حزبییەکان دراوەو و ئەم مافە وەکوو سیستمی جاشایەتی جاران مووچە و دامەزراندن و دەرکردن و بەرزکرنەوەی پلە بەدەستی دامەزرێنەری ئەو فەوجەیە، ئەمەش وەهای لێدەکات ئەو جەماعەتە بەتەواوەتی سەربەخۆی بن، باس لەوەش دەکرێت کە چەندین ئەندام پەلەمانی کورد وەک ئامر فەوجی جاشایەتی جاران لە سەردەمی بەعس فەوجی هاوشێوەیان وەرگرتووە. ئەندام پەڕڵەمانی ئێراق خۆیان لەناو حەشدی شەعبی ناونووس کردووە، تاوەکو ئاستێک کە مشتومڕ درووست بووە. درکەوتووە چەندین ئەندام پەڕڵەمان کە مووچە لە حەشد وەردەگرن، کەچی لە ئەوروپا دانیشتوون، ئەمە بە تەنیا کێشەکە نییە، بەڵکوو ئەوە کێشەکەیە کە ئەندام پەڕڵەمانی زۆر هەن کە تەرخانکراوەییان بۆ کراوە، تاوەکو لەناو حەشدی شەعبی کار بکەن، ئەم تەرخانکراوەییەش تەنیا بۆ پەڕڵەمانتاران نەکراوە، بەڵکوو بۆ فەرمانبەرانی حکومەتیش کراوە لە سەرجەم وزارەتەکان کە مووچەیان لەسەر وزارەتەکانە. میلیشیاکانی حەشدی شەعبی خۆیان بە پارێزەری ئێراق هەژمار دەکەن و وەک خاوەنی ئێراق هەڵسوکەوت دەکەن، هەڕەشە لەکورد دەکەن، هەوڵی بێوچان دەدەن بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی کوردستان بکەن بە حەشدی شەعبی و پەیوەندی دەکەن بە هەموو کەسێک بۆ ئەوەی فەوجی حەشدی دامەزرێنێت، هەمان کاریان لەناو سوننەکانیش ئەنجام داوە، واتە سوننەکانیان پەرت کردووە و تووشی ململانێیەکی سەختی ناوخۆیی بوون.
دوای ئەوەی حەشدی شەعبی گەیشتنە سنووری سووریا- ئێراق و چەندین ناوچەیان لە دەڤەری شنگال داگیرکردووە، هەڵمەتێکی دڕندەیان دژی پێشمەرگە و کوردستان بەرپا کردووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەستکردنە بە هێز وسەرکەوتن دوای ئەوەی خۆیان وەکوو دەزگای بەرپرس لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی هەژمار دەکەن، وا هەست دەکەن چەندین وڵات پشتیوانییان دەکات. شایەنی باسە کە پێشڕەوییەکانی حەشدی شەعبی لە دوای کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی سووریا، ئێران، ئێراق و ڕووسیا لە شاری زافیدوفا دێت کە لە ئەنجامدا حەشدی شەعبی دەستی کرد بە پێشڕەوی بەرەو سنوورەکانی سووریا و ئێراق و لەو بەرەشەوە حکومەتی سووریا دەیەوێت لە ڕێگای هاوپەیمانەکانی تاوەکو سنوور پیشڕەوی بکات، تاوەکو لە ڕێگای وشکانی سووریا و ئێراق بەیەکەوە ببەستێتەوە.
چاودێران کیشەی سەرەکیی میلیشیاکان بە بوونیان لەناو شارەکانەوە گرێ دەدەن، کە بنکەی سەربازیی خۆیان لەناو شار و شارۆچکەکان داناوە. پایتەختی ئێراق (بەغدا) پڕە لە میلیشیات و هەر میلیشیایەک بنکەی سەربازیی خۆی و ناوچەی هەژموونی تایبەتیی هەیە، کە تیایدا فەرمانڕەوایی دەکەن و هەموو ئەندامەکانی دام ودەزگا ئەمنییەکان لەو شوێنە بەشێکن لەو میلیشیایە، لەناو گەڕەکەکانی بەغدا چەندەها جبەخانەی چەک دانراوە. ڕۆژانەش چەندەها کێشە وگرفتی ترسناک بەوهۆیەوە لە بەغدا سەرهەڵدەدەن، ئەمە لەکاتێکدایە بەغدا پایتەختە و شارەکانی دیکە حاڵیان زۆر خراپترە و کاریگەریی میلیشیاکان زۆر ترسناکترە.
حەوتەم: پڕۆژە سیاسییەکانی پارتە سیاسییە ئیسلامییەکانی شیعەگەرا
لایەنە سیاسییە ئیسلامییەکان کە دەستیان گرتووە بە سەر ئایینزای شیعە و خۆیان وەکوو نوێنەری شیعە دەردەخەن، چەند پڕۆژەیەکیان خستۆتەڕوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێراق ئەم پرۆژانەش بریتین لە چوار پڕۆژەی سەرەکی:
1. پڕۆژەی (زۆرینەی سیاسی) مالیکی بانگەشەی بۆ دەکات، دەڵێت ئەوەی زۆرینەی دەنگەکان بەدەست دێنێت، ئەوە ئێراق بەڕێوەدەبات و دەبێتە خاوەن مافی داڕشتنەوەی ئێراق. ئەم زۆرینەیەش سیاسی دەبێت لەکاتی هەڵبژاردن بەپێی دەنگدان دەردەکەوێت، بۆ ئەم مەبەستە مالیکی هەستاوە بە ڕاکێشانی بەشێک لە لایەنە کوردستانییەکان و سوننەکان و بەڵێنی پێدانی پشک لە پۆستەکان لەکاتی سەرکەوتنی پێداون. هیچ پڕۆژەیەکی چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەییشی بۆ کوردستان دانەناوە.
2. پڕۆژەی (زۆرینەی نیشتمانی) عەمار حەکیم بانگەشەی بۆ دەکات، پڕۆژەکەشی جەخت دەکاتەوە لەسەر بەشداریکردنی هێزە سەرەکی و کاریگەرەکان لە پڕۆسەی سیاسی لە شیعە و سوننە و کورد، بەمەش ئێراق بەیەکەوە گرێدەدرێتەوە و حکومەتێکی بەهێز درووست دەبێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئاماژی بەچارەسەرکردنی پرسی کوردستانی تیادا نییە.
3. پڕۆژەی (پڕۆژەی نیشتمانی) موقتەدا سەدر بانگەشەی بۆ دەکات، ئەو باسی بەمەدەنی کردنی دەسەڵات دەکات و دانانی پێوەری هاووڵاتی، ئەمەش هەڕەشەیەکی سەرەکی لەسەر تایبەتمەندی نیشتمانی کوردستانی درووست دەکات.
4. پڕۆژەی (پڕۆژەی حەشدەکەمان) میلیشیاکانی حەشدی شەعبی پشتیوانی لێدەکەن. پڕۆژەی حەشد داوادەکات حکومەتێکی حەشدی درووست ببێت، هەستێت بە درووستکرنی سیستمێکی سەنتڕاڵ بەپشتوانی هێزی حەشد کە دەستتێوەرانی ڕاستەوخۆ دەکات لەسیاسەت وسیستمی ولایەتی فەقیە دابمەزرێنێت.
هەشتەم: کۆسپەکانی دیموکراسی لە ئێراق
لەم بابەتە باس لە زۆر کێشەی سەرەکی و بنچینەیی ئێراقمان نەکرد، نە لەلایەنی ئابووری و نە لەلاینەکانی دیکەی سیاسی، ستراتیژی، کۆمەڵایەتی، یاسایی، دەستووری، کەلتووری و...هتد، ئەوەی جەخت کراوە لەسەری لەخاڵەکانی سەرەوە و لەمیانی شیکردنەوەکەی ئەو پرۆژانەی پێشکەش کراوە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئێراق، دەردەکەوێت کە ئەگەری چارەسەرکردنی پرسی ئێراق مەحاڵە، بەڵکوو ئاڵۆزییەکی قورستر چاوەڕێی ئێراق دەکات، بۆیە بە هەژمارکردنی هۆکاری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دەبێ بە وریاییەوە ئاگامان لە پڕۆژە دەرەکییەکان بێت کە ڕەنگە داڕشتنەوەیەکی نوێ بکەن بۆ ئێراق و کێشەکانی بە چەشنێکی نوێ ڕیزبەندی بکەن، (هەرچەندە ئەو پرۆژانەی سەرەوە خۆی لەخۆیدا دوورنین لە ئەجیندای دەرەکی) ، بەمەش دەردەکەوێت کە کۆسپەکانی دیموکراسی و ئاشتی لەئێراق ئێجگار زۆرن و نەخۆشییەکانی کوشندەن و چەندەها قەیرانی خوڵقاندووە، ئەم ڕاستیەش هەموو لایەنەکان درکیان پێکردووە و هەر لایەک چارەسەری تایبەتیی بۆی هەیە. چارەسەری تەوافقی کە پێشتر دانرا، بە چەندین هۆی ئەنقەست فەشلی هێنا و نەیتوانی مەرامەکانی جێبەجێ ببێت. ئەم چوار پڕۆژەیەی سەرەوە جێگرەوەی تەوافقی دەگرێتەوە، ئەمەش هەنگاوێک پرسی ئێراق دوادەخات و ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات.
نۆیەم: کورد و پرسی ئێراق
کورد خرایە ناو پرسی ئێراق بۆ ئەوەی ئاڵۆزیەکانی چارەسەر بکات و وەکوو بڵانسگیرێک تەرازووی مەزهەبی هاوسەنگ بکات، بەڵام بە کوشتن و ئەنفالکردنی کورد وتەرحیلکردن ولەتلەتکردنیان و...هتد بە تاوانی قێزەونی دژی کورد، ڕێژەکەیان کەمی کرد و هەرگیز تازە ناتوانێت تەرازووی مەزهەبی هاوسەنگ بکات. دواتر بانگەشەی کورد کرا بۆ ئەوەی ببێتە هۆکارێکی ئەرێنی بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و ئاشتی لەئێراق، بەڵام بوو بە بەشێک لە ململانێیەکانی سەر دەسەڵات لەئێراق، ئەمەش تووشی چەندین گرفتی گەورەی کرد، کاتێک هێزی دەنگدەری کورد بوو بە پلەی سێیەم و چوارەم، بۆیە توانا و هێزی بەشداریکردنی لە دەسەڵات دابەزی بۆ ئاستێک لە پەراوێزی هاوکێشەی سیاسی بمێنێتەوە، ئەگەر کوردیش فریای خۆی نەکەوتبایە، ئەوە وەکوو سوننەکان پەرت دەکران و وڵاتەکەشیان کاول دەبوو. بۆیە مانەوەی کورد لەناو پرسی ئێراق هیچ یارمەتیدەر نابێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردستان، بەڵکوو پرسی کوردستان لەناو پرسی ئێراق ون (گوم) دەبێت.
دەیەم:بەرگریکردن لە کوردستان بە قوتاربوونە لەئێراق
ئەو خاڵانەی سەرەوە کە باس کران، چەندین هەڕەشە لەسەر کوردستان دەخاتەڕوو، بەوەی کە ئەگەر کوردستان لەژێر ڕکێفی ئێراق بمێنێتەوە، ئەوا تووشی تەشەنەسەندنی میلیشیاتی سەربازی و زیندووکردنەوەی عەشیرەتگەری و توندڕەوی ئایینی و مەزهەبی دەبێتەوە، ئەمانەش شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و شوناسی کوردستان تێکدەدەن و کوردستانیش دەکەوێتە بەر شاڵاوی گۆڕانکارییەکی ترسناکی دیموگرافی، کاتێک ملیۆنەها ئێراقی ناوچەکانی خۆیان بەجێدەهێڵن و کۆچ دەکەن بەرەو کوردستان بۆ دۆزینەوەی خاکێکی بەپیتتر و پاکتر، لێرەوە کوردستان تووشی گەورەترین و مەترسیدارترین هەڕەشە دەبێتەوە لە مێژووی خوێدا.
دەبێ بۆ مێژوو ئەوە بوترێت کە ئەو هەموو ئاڵۆزییەی ئێراق لەدوای داعش دەتەقنەوە و میلیشیاتەکان بەدوای جەنگی نوێدا دەگەڕێن و عەشیرەتەکان بۆ خاکی نوێ و حزبەکان بۆ دەسەڵاتی زیاتر هەوڵ دەدەن، سەدان ملیار دۆلار قەرز و جبەخانەیەکی زەبەلاحی تەقەمەنی و چەکیش دۆخەکە ئیکجار ئاڵۆزتر دەکەن. پڕۆسەی داڕشتنەوەی دابەشبوونی دیموگرافی لە ئێراق دەستی پێکردووەو نەخشەکانی هێزی سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبی لە گۆڕانکاریدایە، تەنیا بە جیاکردنەوەی سنووری کوردستان دەتوانین ئەوەی ماوە لە کوردستان بپارێزین.
ئەنجام:
هیچ هیوایەک نەماوە بەوەی ئێراق چارەسەری پرسی نەتەوەیی کوردستان بکات، بە درێژایی مێژوو خاک و میللەتی کوردستان بەکارهێنراون بۆ ئەوەی کێشەوگرفتەکانی خۆیان چارەسەر بکەن، چەندین جار کوردستان بە ئاگری پرسی ئێراق سووتاوە، هیچ پڕۆژەیەکی ئێراقی بۆ چەرەسەرکردنی پرسی کوردستان دانەنراوە، هەر کاتێک لاوازبن، دێن بۆ کوردستان داوای یارمەتی دەکەن و هەر کاتێک بەهێزبن، دێن بۆ کوردستان تاوەکو داگیری بکەن، بۆیە ئەوەی پێویستە لەسەر کوردستانییەکان تەنیا ئەوەیە کە خۆیان لە ئێراق و نۆرمی ئێراقی بپارێزن بە جەختکردنەوە لەسەر ڕزگاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان و دوورخستنەوەی کوردستان لەئاگری کێشمەکێشی ئێراقی و خۆ تەرخانکردنی تواناکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، نەوەک ئالوودەبوون بە کێشەکانی ئێراق.
1. ڕێژەکان لە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی ژینگەی ئێراقی وەرگیراوە.
2. ماوەی دووو مانگە لە بەسرە جەنگ لەنێوان عەشیرەتەکان بۆ دانانی سنووری نێوان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا دەیان کەس کوژراون.
3. لە چەندین ڕووداوی جیاجیادا جبەخانەکان، یان دەتەقێندرانەوە لەلایەن لایەنەکانی دیکە، یان بەهۆیەکی تەکنیکی دەتەقانەوە، دەیان کوژراو و برینداری سڤیلی لێدەکەوتەوە وەک تەقینەوەکانی جبەخانەکانی عەسائب لە جسر دیالی و زەعفەرانیە و تەقینەوەی جبەخانەکانی جەیشی مەهدی لە حسێنیە و سوورە.[1]