$کۆمیتەی دیپلۆماسی پەژاک: مەراسیمی یادی سلێمانی تێروریست لە باشووری کوردستان شەرمەزار دەکەین$
بۆ ڕای گشتی و گەلی ئازادیخوازی کورد!
بەو پەڕی داخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو شاهێدی بەڕێوەچوونی مەراسمی یادی #قاسم سلێمانی# لە باشووری کوردستان بووین. سلێمانی هۆکاری کوشتن و ئاسمیلەکردن و داگیرکردنی بەشێکی گرنگی باشووری کوردستانە. بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمە لە شارەکانی #سلێمانی# و #هەولێر#، سووکایەتیکردنە بە هەبوونی گەلی کورد و گەلانی ستەملێکراوی ئێران. ئەویش هاوکات لەگەڵ ڕۆژانی ئەمڕۆ کە شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەدەچێت و ڕژێمی فاشیستی و داگیرکەری ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوە لە شەقامەکاندا بە کوشتن و ئەشکەنجە و لە زیندانەکانیش بە لە سێدارەدان دەستی لە خوێنی هاووڵاتیان دایە. بەڕێوەچوونی ئەو جۆرە ڕێوڕەسمە شتێکی ڕوونە و نموونەی دژایەتی کردنی شۆڕشی گەلەکەمانە. هەروەها ئەمە بۆ خۆی نیشان دەری پشتیوانیکردنە لە ڕژیمی ئێران و لە پشتەوە چەقۆکێشانە بۆ سەرهەڵدێر و شۆڕشگێڕانی سەر شەقامەکان.
بێگومان هەموو کوردێکی ئازادیخواز و لایەنگری دیموکراسی دەزانێت هەڵوێست نەگرتن بەرانبەر بەو جۆرە کردار و ڕێوڕەسمە لە باشووری کوردستان هیچ ڕوویەکی ئەخلاقی - سیاسی نییە و سووکایەتییە بە کۆمەڵگە و گەلەکەمان. دوژمنانی ئازادی و دیموکراسی و کۆمەڵکوژکەرەکانی گەلی کورد بە ئاسانی لە #زاخۆ#وە دەچنە #کەرکووک# و لە شارەکانی هەلێر و سلێمانی مەراسیمی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبەن. بە هەموو شێوازێک لە داگیرکاری سەربازییەوە خەریکی دژایەتی گەلی کورد دەبن بۆ لەناوبردنی بوونی عەقڵی گەلی کورد. لە ئێستادا لە باشووری کوردستان ئازادیخوازان زیندانی کراون و ڕۆژنامەنووسان لە زیندانەکاندان، دۆخی ڕێوەبەریش گێژاوە و ڕژێمی تورکیا بەشێکی گرنگی کوردستانی داگیرکردووە، هەروەها ڕژێمی ئێرانیش هەرکاتێک بیەوێت هێرشی ئاشکرا ئەنجام دەدات. ئازادیخوازان لە بەشەکانی تری #کوردستان# لەسەر شەقام بە ئاشکرایی تیرۆر دەکرێن و لە ئاسمانەوە هێرش دەکرێتە سەریان. لە لایەکی ترەوە دەور و بەرەکانی قاسم سولەیمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیان ئاوێتەی خوێنە و خەریکی کوشتنی ئازادیخوازانی ستەملێکراون. لە وەها بارودۆخێکدا، ئەنجامدانی مەراسیمێک بۆ یادکردنەوەی کەسێکی لەو جۆرە مانای (خۆشەویستی بۆ جەلادەکەی) هەیە. ئامانجی ئەم کردەوەیشە ئەوەیە کە ڕۆحی نیشتمانپەروەری گەلی کورد لاواز بکەن و کۆمەڵگەی ئازادیخواز بکوژن. ئەم کارە بێ سنوورانە، بەبێ بیستنی بارودۆخی گەلەکەمان، کە لە ناوەڕاستی ڕاپەڕینێکی گەورە لە دژی ڕژێمی قاسم سولەیمانی دایە جێگای شەرمەزارییە. بایەخدان بەم جۆرە کردارە دژەکۆمەڵایەتیانە بە واتای بەربەست خستنە سەر ڕێگا و پڕۆسەی ئازادی بۆ مافی گەلی کوردە و بە ئامانجی لەناو بردنیەتی. هەروەها ئاماژە نەکردن بە دەنگی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان دوورە لە پرەنسیپەکانی ئازادیخوازی و پێوەرەکانی دیموکراسی.
کۆمیتەی دیپلۆماسی #پارتی ژیانی ئازادی کوردستان# (پژاک) ئەنجامدانی مەراسیمێک بۆ سولەیمانی تیرۆریست لە سلێمانی و هەولێر بە بابەتێکی ئەخلاقی - سیاسی و ئەرکێکی دیموکراتی و نەتەوەیی بەرانبەر بە گەلەکەمان دەزانین. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە دژی یەکڕیزی نەتەوەیی چوار پارچەی کوردستانە و بۆشایی لە هێڵی پاڵپشتی و خەباتی هەر چوار پارچەدا درووست دەکەن. لە هەمان کاتدا ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی هەڵوێستی گەلەکەمان بەرانبەر بە سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دەبێت ناچار بکرێت لەژێر فشاری خەڵکدا ڕێز لە حەساسیەت و گرینگیەکانی گەلی کوردستان بگرێت. بۆیە بانگهێشتی هەموو ئازادیخوازان، حزب و ڕێکخراوەکان دەکەین کە لەبەرانبەر ئەو جۆرە سووکایەتییانە بەئازادی گەلەکەمان و شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) بێدەنگ نەبن. هەڵوێست وەرگرتن لەبەرانبەر ئەم جۆرە پیلانانە پێویستە کە بە ئامانجی لاواز کردنی کۆمەڵگەی ئازادیخوازی کوردستان بەڕێوە دەچێت و هەروەها هەڵوێست لەبەرانبەر ئەم پیلانانە کە وەکوو پەیمانە لۆزانە سەردەمیەکان بەڕێوە دەچێت گرینگە. بۆ هەموو تاکی وریا، ئاگادار و ئازادیخوازی کورد واجبە کە ئەرکی ئەخلاقی، سیاسی و نەتەوەیی - دیموکراتیکەکانی لەم بوارەدا جێبەجێ بکات و هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت، بە جۆرێک کە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسم بۆ کەسێک کە لە ئێستادا پەیکەرەکانی لە ئێران دەسوتێنرێن، ببێتە شتێکی مەحاڵ بۆ ئەو ڕژیمە و جێگەو پێگەی ئەوان لە کوردستان کەمتر و کەمتر ببێتەوە.
کۆمیتەی دیپلۆماسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)
16ی بەفرانباری 1401 یەکسان لەگەڵ 6ی ژانویەی 2023 زاینی. [1]