هیوا ئەحمەد محەمەد
یەکێک لە کارەساتە گەورەکانی جیهان کە دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە، ئەو کۆکوژی و تاوانە گەورەیە بوو کە لەسەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی ئێراق و ئێران و لەسەردەستی حکومەتی بەعسی ئێراق و عەلی کیمیاوی لە #هەڵەبجە# ڕووی دا، کە زیاتر لە پێنج هەزار شەهید و هەزاران برینداری لێکەوتەوە، کە تا ئێستاش بەداخەوە گیانلەدەستدانی بەرکەوتووانی ئەو گازە ژەهرئاوییە بەردەوامە. ئەوە تاوانێکی گەورەی نێودەوڵەتی بوو کە مخابن بەشێکی زۆر لە وڵاتانی گەورەی دونیا لەو سەردەمەدا وسکوتیان لێ کرد!
وەک شایەدحاڵێکی ئەو تاوانە گەورەیەی کە دەرحەق بە گەلی کورد کراوە، لێرەدا باسی ئەو بیرەوەری و برینە کوشەندەیە دەکەم، کە تا ئەمڕۆش ئازارەکانی ساڕێژ نەبووە.
هێزەکانی ئێران لە ڕۆژانی 13-14-15/3ی 1988 لە ڕۆژهەڵات و باکوور و باشووری هەڵەبجەوە هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر شارەکەو بە سارۆخ و تۆپ و چەکی دوورهاوێژ بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ئێراقیان بە خەستی بوردومان کرد. ئەوەی بە چاوی خۆم بینیم شاخی شنروێ کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری هەڵەبجەوە، هەروەها بەرزاییەکانی پشتی هەر دوو گوندی (عەبابەیلێ و دەڵەمەر) غەرقی دووکەڵ بوون. سەرەڕای بوردۆمانکردنیان لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئێراقەوە، هێرشی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئێرانییەکان لە پێشڕەوەی بەردەوام بوو. ئەوان لە ڕۆژی 15/3/1988 گەیشتنە گوندی (گوڵان) کە تەنیا 2کم لە هەڵەبجەوە دوورە، دواتر بە تەواوی شارەکەیان گەمارۆ دا و دوای جەنگێکی سەخت سوپای ئێراقی بە تانک و دەبابە و زرێپۆشەوە بەرەو سڵێمانی هەڵهاتن. ئەوکات ماڵمان لە گەڕەکی (پاشا) نزیک شەقامی گشتی و ناوبازاڕی هەڵەبجە بوو، واتە لە بینای قایمقامیەت و دایرەی ئەمن ئیستخبارات هەر 200تا 300 دوور بووین و بە وردی چاودێری ڕەوشەکەمن دەکرد. لە کاتی هەڵهاتنی هێزەکانی ئێراقیدا چووینە نزیک شەقامی گشتی بینیمان یەکێک لەسەربازە ئێراقییەکان لەسەر زرێپۆشێک هاواری دەکرد: ئێرانییەکان هاتنە ناو هەڵەبجەو بە زمانی عەرەبی جنێوی دەدا. دواتر بۆمان دەرکەوت قایمقامی هەڵەبجە و بەرپرسانی ئەمنی و ئیستخباراتی و چەندین ئەفسەری پلەباڵای ئێراقی لە ناو هەڵهاتووەکاندا بوون، کە لەسەر پردی (زەڵم) بە دیل گیران. هاوکات ژمارەیەکی زۆری سەربازی ئێراقی کە بەجێمابوون، لە ناو شار و دەوروبەری شارەکە پەرتەوازە ببوون، کە هەموویان بەدیل گیران. هەڵەبجە بە تەواوی لە هێزەکانی ئێراق پاک کرایەوە و تەنانەت لەسەربازخانەکان خواردنی نێوەڕۆیان کردبوو، بە خیاڵیاندا نەدەهات تووشی ئەو شکستە بن، بەڵام خواردنەکەشیان بە گەرمی جێهێشت.
خەڵکی هەڵەبجە دەیانزانی کە ڕژێمی بەعس تۆڵەی شکستی سوپاکەی لە دانیشتووانی شارەکە دەکاتەوە، چونکە پێشتریش لە ساڵانی 1963، 1974و1987 هێرشی دڕندانەیان کردووەتە سەر شاری هەڵەبجە و سەدان قوربانی لێکەوتووەتەوە، بۆیە زۆربەیان خۆیان بۆ دەرچوون لە شارەکە و هەڵهاتن بۆ شوێنێکی ئەمنتر ئامادە دەکرد، بەڵام ئەو هێزانەی لەوێ بوون جەختیان لەوە دەکردەوە کە هیچ مەترسییەک نەماوە و هەڵەبجە بە تەواوی ئازاد کراوە.
لەو کاتە ئەگەرچی خەڵک خۆی بۆ ئەگەری هێرشی ئێراق ئامادە دەکرد، بەڵام بە خەیاڵی کەسدا نەدەهات کە حکومەتی ئێراقی بەو شێوە نامرۆڤانەیە و بەو پەڕی دڕندەییەوە دەست بداتە ئەو تاوانە گەورەیە و لە بەهاردا مەرگیان بۆ بکاتە دیاری و شارەکە کیمیاباران بکات.
گەڕەکی (پاشا) کە کۆنترین گەڕەکی شارەکەیە و شوێنێکی دێرینە و نزیکی ماڵی (وەسمان پاشای جاف)ە و بەو هۆیەوە ئەو ناوەی بۆ دەستنیشان کراوە، چەندین بنەماڵەی ناسراوی تێدا بوو، لەوانە خانەوادەی (حاجی ئەحمەدی ئامان، حەمە ڕەشید بانەیی، حاجی عێزەت، حاجی مەولوود، بورهانی عەبدولڕەحمانی خەلیفە، کاکە شێخ سازانی، عومەری ڕەسام، ساڵح شارەزووری، هیوای حاجی ئەحمەدی ئامان، جەمال دەرەشیشی و چەندین خانەوادەی دیکە) کە بەشێکی زۆریان لەکاتی هێرشەکەی هێزی ئاسمانی ئێراق چوونە ژێر زەمینەکەی ماڵی (عومەری ڕەسام) کە پێش ساڵێک درووستی کردبوو، نەیانزانی ئەو شوێنە دەبێتە ژوانی مەرگی هەموویان.
کاتی خۆراوا خوشکەزایەکم بە ناوی (ماکوان) کە بەداخەوە دواتر شەهید بوو، هات بە شوێنماندا، ماڵی ئێمە و ماڵی باوکم چووین بۆ ماڵی ئەوان کە لە گەڕەکی شەهیدان بوو. شەو داهات و هەموومان بە خەمباری و دڵەڕاوکێ باسی ڕەوشەکەمان دەکرد. شەو لەوێ ماینەوە، ڕۆژی دواتر کە دەکاتە 16-03-1988 وەک خەڵکی هەڵەبجە بە نییەتپاکی خۆمان ژمارەیەکی زۆری تەرمی کوژارەکانی سوپای ئێراقی کە لە دەوروبەری شارەکە کەوتبوو، کۆمان کردنەوە و لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاکمان سپاردن. نەمانزانی سوپاکەی سەدام حسێن لە بری دەست خۆشی مەرگبارانمان دەکات!
بەرە چاشتان سەردانێکی ماڵی خۆمان و دراوسێکانم کرد لە گەڕەکی پاشا، کە زۆربەیان هێشتا لەژێرزەمینییەکەی ماڵی عومەری ڕەسام بوون. بەداخێکی گرانەوە ئەوە دوادیارمان بوو، نەمزانی ئیتر بۆ هەتاهەتایە چاوم بەو ئازیزانە ناکەوێتەوە، کە هەموو ڕۆژێک یەکترمان دەبینی.
لە ماڵی خۆمان باڵندە و کەومان هەبوو، خورادن و ئاوم بۆ دانان و پاشان ئەوانیش بەر کیمیایی کەوتن و مردار بوونەوە.
چەند سەربازی بەجێماوی سوپای ئێراقی تاک و ترووک خۆیان لە شارەکەدا شاردبووەوە، ئەوانیش هەموویان بە دیل گیران. کاتژمێر10ی سەرلەبەیانی بوو، کۆپتەرەکانی ئێراقی هێزی تایبەتیان لە پشت گوندی جەلیلە دابەزاند، بەڵام ئەوانیش تێکشکان، یەکێک لەسەربازەکانی ئەو هێزە، لە گوندەوە بە ڕاکردن بەرەو شار دەهات، چەند پاسدارێک شوێنی کەوتبوون، ئێمەش هەموومان سەیری ئەو دیمەنەمان دەکرد، کاتێ سەربازەکە گەیشتە لامان، دوو ئافرەتی هەڵەبجەیی لە پاسدارەکان پاڕانەوە، وتیان ئەو سەربازە مەکوژن، بەڵام پاسدارەکان وتیان ئەوە دوو کەسی لە ئێمە کوشتووە، ئیتر لەگەڵ خۆیان بردیان. خەڵکی هەڵەبجە خەڵکێکی ئاشتیخواز و هونەرپەروەر و پڕ سۆز و بەزەیین، کەچی فەرماندەکانی ئەو سەربازەی ئافرەتی کورد پاڕایەوە تاوەکو نەیکوژن، شارەکەیان ژەهراوباران کرد و نەورۆزانەیان بۆ خەڵکی شارەکە مەرگ و کۆکوژی بوو.
هەرگیز دیمەنەکانی ئەو کارەساتە جەرگبڕە لە یاد ناکرێن، هەڵەبجە بوو بە قوربانیی ملمڵانێی ئێران و ئێراق و حکومتی بەعسی بەو پەڕی دڕندەییەوە تۆڵەی شکستەکەی لە خەڵکی سڤیل و بێتاوانی شارەکە کردەوە، تاوانبارانی کیمیابارانیش بە سزای گەل گەیشتن. لەوانەیە ئەوەش تەنیا بەشێک لە برینەکانی ئەم شارەی ساڕێژ کردبێ.
لە کۆتاییدا پێویستە بڵێم: وەک شایەدحاڵێک (مشتێک لە خەروارێک) تاوان و ئازارەکانی ئەو بیرەوەرییە تاڵەم خستووەتە ڕوو، تاوانەکە زۆر گەورەیە و هەزاران چیرۆکی دڵتەزێنی لە هەگبەی خۆیدا حەشار داوە.[1]